وەستا مەهدی: بۆپێشەوە لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردودا تەنها منبەرێك بووە کە قسەی جیاواز وە هەڵویستی جیاوازی هەبووە سەبارەت بە کێشە و موشکیلاتی چینی کرێکار ،هاوکات تاکە ڕۆژنامە بووە کە توانیویەتی کێشەو مەعاناتی چینی کرێکار بگەێنێتە ڕای گشتی…

0
وەستا مەهدی: بۆپێشەوە لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردودا تەنها منبەرێك بووە کە قسەی جیاواز وە هەڵویستی جیاوازی هەبووە سەبارەت بە کێشە و موشکیلاتی چینی کرێکار ،هاوکات تاکە ڕۆژنامە بووە کە توانیویەتی کێشەو مەعاناتی چینی کرێکار بگەێنێتە ڕای گشتی…
 
دیمانە لەگەڵ وەستا مەهدی ئەندامی دەستەی کارگێری رێکخراوی کرێکارانی بیناسازی سەبارەت بە چوارەمین ساڵیادی دەرچوونی بۆپێشەوە…
 
بۆپێشەوە: وەستا مەهدی ئێوە وەك هەڵسوراوێکی کرێکاری و وە یەکێك لە ئەندامانی دەستەی کارگێری رێکخراوی کرێکارانی بیناسازی لە کوردستان چۆن دەڕواننە ڕۆژنامەی بۆپێشەوە ؟
ئایا بۆپێشەوە تاچەند توانییویەتی لە ئامانجە سەرەکیەکەی کە چینی کرێکارە نزیك بێتەوە؟ ئایا دەکرێ پێمان بڵێت لە مەیدانی هۆشیارکردنەوەی چینی کرێکاردا لە کوێ وەستاوە؟.
وەستا مەهدی: سەرەتا سوپاستان دەکەم کە منتان بەسەر کردەوە، سەبارەتبە بەشی ئەوەڵی پرسیارەکەتان ئەمەوێ ئەوەبڵێم ڕۆژنامەی بۆپێشەوە لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردودا تەنها منبەرێك بووە کە قسەی جیاواز وە هەڵویستی جیاوازی هەبووە سەبارەت بە کێشە و موشکیلاتی چینی کرێکار. هاوکات تاکە ڕۆژنامە بووە کە توانیویەتی کێشەو مەعاناتی چینی کرێکار بگەێنێتە ڕای گشتی. هەروها لە هەر برگەیەکی مێژوویی و هەر ئالوگۆرێکدا نەخشی بەرچاوی هەبووە. سەبارەت بەوەی تاچەندە ئەم ڕۆژنامەیە نزیك بوەتەوە لە چینی کرێکار، من دڵنیام لە دڵسۆزی سەرنوسەرو ستافی دەستەی نوسەران و گشت هاوکارانی ڕۆژنامەی بۆپێشەوە بۆکارەکەیان، وە لە هەوڵ و ماندووبوونیان بۆگەشە پێدان و بردنە سەرەوەی ئاستی هۆشیاری چینایەتی، بەڵام ڕاستیەك هەیە کە دەبێ بیزانین ئەویش ئەوەیە پێش ئەوەی ئەوحوکمە بدەین کە ئایا بۆپێشەوە لە مەیدانی هۆشیارکردنەوەی چینی کرێکار لە کوێدا وەستاوە، یان ڕوونتر بڵێم چ کاریگەریەکی هەبووە، ئەبێ بزانین کە چینی کرێکار لە چ بارودۆخیکدایە وە ئاستی هۆشیاریان چۆنە؟ هەڵبەتە ئەگەر بمانەوێت لەسەر تاك بەتاكی ناوەندەکانی کارو پرۆژە پیشەسازیەکان لەسەر بێکاران لەسەر توێژە جۆراوجۆرەکان لەناو چینی کرێکار قسەبکەین، لە ئاستی رێکخراوبونی کرێکاران و..هتد قسەبکەین ئەوە ناتوانین لەم چەند دێرەدا بەتەواوی گشت لایەنەکانی بزووتنەوەی کرێکاری شیبکەینەوەز من سەرەتا وتم کە بۆپێشەوە هەوڵی خۆی داوە بۆئەوەی کە کرێکاران ئەم ڕۆژنامەیە بگرنە دەست، بەڵام هێشتا زۆری ماوە هەوڵی زۆرتری دەوێت. دەتوانم بڵێم بۆپێشەوە لای بەشێك لە کرێکارانی پێشڕەو، هیوادارم کرێکاران ئەم قسەیەی من بەوە نەشوبهێنن کە ئەوانەی هێشتا حەوسەڵەی خوێندنەوە یان مەیلی رێکخراوبونیان نییە ئیتر ئەوان نائاگان، نا من وتم کە کرێکارانی کوردستان بارودۆخێکی تایبەتی خۆیان هەیە وە سەرجەمیان ناڕازین لە حەقدەستەکانیان لە سەعات کاری درێژ لە نەبوونی هیچ جۆرە زەمانەتێکی سەلامەتی لە شوێنی کار، کرێکار درك بەهەموو ئەمانە دەکا وە هەرلێرەشەوە لەسەر بەشێك یان چەند دانە لەم کێشانە خۆی رێکخراو دەکا. من کرێکارانی پێشڕەو بەوانە دەڵێم کە لەناو کارگە و لەشوێنی کار کرێکاران گوێیان لێدەگرن متمانەیان پێدەکەن و ڕێنماییەکانیان قەبوڵدەکەن و ئەمانە بڕبڕەپشتی بزووتنەوەی کرێکارین. بۆیە کێشەکان تاوتوێ دەکەن و فۆرمۆلەشیان دەکەن و سیاسەتی بردنە پێشەوە و رێگەچارەش لەگەڵ هاوچینەکانیان دادەرێژن. ئەم بەشە لەکرێکاران دەتوانم بڵێم نزیکایەتیان هەیە لەگەڵ بۆپێشەوە و هەر بڵاوکراوەیەکی هاوشێوەی بۆپێشەوە. بێگومان کرێکاران لەئێستادا کەمێك ئاستی هۆشیاری چینایەتیان لە پێشتر بە بەراورد لەگەڵ ١٠بۆ١٥ساڵ پێش ئێستە، خۆی بەئەندازەی چوونە سەرەوەی ئاستی هۆشیاری کرێکاران دەتوانرێ بزانرێت بۆپێشەوە چەندە نزیکە لە ئامانجەکەی. من بەش بەحاڵی خۆم هەرچەندە خەبات ئەکەم لەپێناوی گەیشتن بەئامانج لە چوارچێوەی خەباتی ئابوریدا تا ئەوپەری خۆشگوزەرانیش بەدەست بێت هێشتا لای من ماویەتی و دواشت کاتێك دەبێ کۆتایی بە سیستەمی سەرمایەداری بێت. ئەوکاتە چیتر پرسیارێك لەم بابەتەی ئێستە کەمن خەریکم بۆ وەڵامەکەی بیر دەکەمەوە نامێنێت.
بۆپێشەوە: وەستا چ سەرنج و پێشنیارێکتان هەیە بۆ بۆپێشەوە؟
وەستامەهدی: سەرەتا ئەبێ ئەوە بڵێم من بەدرێژایی مێژووی ئەم ڕۆژنامەیە ئەمە یەکەم جارە کە شانسم کەوتەکارو نازانم چۆن بوو کە منتان هەڵبژارد بەم بۆنەیەوە ئەم دوو پرسیارەم لێکرا؟ لەوانەیە کەسیتریش هاوشێوەی من هەبن ئەمە هیچ گلەیی نییە کەمن دەیکەم ئەگەر ڕەخنەش بێت دەمەوێ بەسەراحەت، بەڵام پێویستە بۆپێشەوە تەواوی کارگەکان شوێنی کارەکان ناوبێکاران گەرەکە هەژارنشینەکان بزانن و کە شوێنێك هەیە دەتوانن قسەی تیدابکەن وە بە منبەری خۆیانی بزانن، ئەمە غایبە نەتان کردووە، کەپێموایە لەوە زیاتر هیچی ترم نییە. هیوادارم بەردەوام بن و هەر بژین بەدوور لە پەتای کۆرۆنا.
هاورێتان وەستامەهدی /ئەندامی دەستەی کارگێری رێکخراوی کرێکارانی بیناسازی لە کوردستان /سەرنوسەری رۆژنامەی دەنگی کرێکار .
٢٢مارس٢٠٢٠
 
 
 
Leave A Reply

Your email address will not be published.