جەمال نوری: لەم خولەی سێهەمیدا بۆپێشەوە باش توانیویەتی بکرێتەوە و خۆی بناسێنێ بە قەڵەمی جیاواز وەک قەڵەمە ڕادیکاڵ و چەپ و کۆمۆنیستەکان…

0
جەمال نوری: لەم خولەی سێهەمیدا بۆپێشەوە باش توانیویەتی بکرێتەوە و خۆی بناسێنێ بە قەڵەمی جیاواز وەک قەڵەمە ڕادیکاڵ و چەپ و کۆمۆنیستەکان…
 
دیمانەی بۆپێشەوە لەگەڵ جەمال نوری نووسەر و لێکۆڵەر سەبارەت بە چوارەمین ساڵیادی دەرچوونی بۆپێشەوە
 
 
.بۆپێشەوە: بۆپێشەوە تاچەندە پابەندی مەوازین و بەڵینە ڕاگەیەندراوەکانی خۆی بووە؟
جمال نوری: سەبارەت بە پرسیارەکەتان لەمەڕ پابەندبوونی تەواوی ستافی ڕۆژنامەی بۆپێشەوە بە ئیلتزامکردنی بە هێڵە گشتیەکانی ئایدیای ڕۆژنامەی بۆپێشەوە
دەبێ سەرەتا بگەڕێینەوە بۆ ئەو ڕاستییە بەڵگە نەویستەی کە لەسەر چ بنەمایەک ڕۆژنامەی بۆپێشەوەی لەسەر بونیادنراوە. هەڵبەتە لەناو کۆمەڵگە جیاوازەکانی دنیادا کاتێک ئاستی هۆیەکانی بەرهەمهێنان دەگاتە ئاستێک کە بەهای مرۆڤ و مرۆڤایەتی بخاتە ژێر مەترسیەوە لێرەوە هۆشمەندی تاکەکان لەناو کۆمەڵگە فرە چین و توێژەکاندا لەڕێگای گەشەکردنی هۆیەکانی بەرهەم هێنانەوە گەشەدەکات، ئەم گەشەکردنە عەقڵی یە دەبێتە هۆیەک بۆ جوڵاندنی عەقڵی لەناو کارخانە و فابریقە و ناوەندەکانی بەرهەمهێنان بەهۆی جێگرتنەوەی ئامێرەکانی بەرهەمهێنان لەشوێنی هێزی کاری دەستی کرێکاران، بەم هۆیەش کرێکاران لەبەرامبەر ماف و داخوازیەکانی خۆیان هەر لەبیمەی بێکاری و تەندروستی و خانەنشینی وماوەی کارکردنیان دووچاری غوبن دەبن، لێرەوە ئیدی حەرەکەتێک بۆ دەرچونی کرێکاران لەو بازنە داخراوە پێویستە بەئاڕاستەی هوشیارکردنەوەی کرێکاران و جوڵاندنی وەک هێزێکی داینەمۆ بۆ هەڵخڕاندنی بەشێوەیەکی تەندروست لەناو سێکتەرە جیاوازەکانی کۆمەڵگەدا بەمەبەستی نەمانی چەوسانەوەی چینایەتی و یەکسانی و ئازادی بەرابەری لەناو کۆمەڵگای مرۆڤایەتیدا بەهەردوو ڕەگەزەکەیەوە.
ڕۆژنامەی بۆپێشەوە، وەک ڕۆژنامەیەکی کرێکاری لەو پێناوەدا هاتۆتە بوون کە بتوانێ هوشیاری لەبوارە جۆراو جۆرەکانی ژیاندا لەناو چین و توێژەکانی کۆمەڵگادا دروست بکات کە مرۆڤ لەسەروو هەموو بەهاکانەوە تەماشا بکرێ. ئاڕاستەی کارکردنی بۆپێشەوە لەم پێناوەدا کەمتەرخەم نەبووە، بەڵکو بە شێوەیەکی ئاسۆیی و ستونی کاری کروووە لەناو پێگە جیاوازەکانی کۆمەڵگادا، کە لەپنتێکدا یەکیانگرتۆتەوە ئەویش خزمەت کردنە بە مرۆڤ و مرۆڤایەتی.
تاچەند پابەند بووە؛ بۆپێشەوە لەمەڕ بەڵێنە ڕاگەیەنراوەکانی، بۆئەم بەشەی پرسیارەکەتان دەتوانم بڵێم ئەو بەڵێنە ڕاگەیەنراوانەی بۆپێشەوە ویستویەتی لەسەر ئەرزی واقیع پابەند بووبێ پێوەی، ئەمەیان وابەستە بە چۆنێتی هەزمکردنی بەرنامەی کاری ڕۆژنامەکە لەناو جەماوەر بەگشتی و خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێش و ڕۆشنفکر تا چەنێک توانیویەتی بۆپێشەوە بووبێتە پەنجەرەیەک بۆ دیدو بۆچوونی ئەوان کەلەڕێگای ڕۆژنامەکەوە توانیویانە بۆچوون و خواست و مافەکانیان تەرح بکەن. هێندەی بەئاگابم لەڕۆژنامەکە لەم خولەی سێهەمیدا باش توانیویەتی بکرێتەوە و خۆی بناسێنێ بە قەڵەمی جیاواز وەک قەڵەمە ڕادیکاڵ و چەپ و کۆمۆنیستەکان. تەنانەت بۆ ئەوانەشی ویستبێتیان لەڕێگای ئەدەب و هونەرەوە بناغەی ئەدەب و هونەرێکی ڕەسەن و مۆدێرن بونیات بنێن لەناو کۆمەڵگاکەماندا. ئەم کرانەوەیەی ڕۆژنامەی بۆپێشەوە خزمەت بە چۆنێتی نزیک بونەوەی دەکات لەتەواوی چین و توێژەکانی تر تا لەنزیکەوە جۆرێک لە هەم ئاهەنگی و تێگەیشتنێک دروست ببێ لەپێناو بونیادی کۆمەڵگەیەکی واعی و تەندروست، نەک کۆمەڵگایەکی داخراوو دیماگۆجی .
هەڵبەتە ڕۆژنامەی بۆپێشەوە گەرچی ڕۆژنامەیەکی ئەلکترونییە، کۆمەڵێک کەسانی تێگەیشتوو و شارەزا لەبوارەجیاجیاکانی ژیاندا، هەریەکە و به پێی شارەزایی و ئاستی ڕۆشنگەریی خۆی لەم ڕۆژنامەیەدا خزمەت دەکات بە چۆنێتی ئاڕاستەکردنی هۆشیاریەکی تەندروست لەکۆمەڵگەدا، لەبەرامبەریشدا چینێک یا توێژێک لەخەڵکی وابەستن به ئاڕاستەی فکری بۆپێشەوە کە کاری بۆدەکرێ، بۆیە لێرەوە نابێت ڕۆژنامەی بۆپێشەوە و ستافەکەی لەڕووی چەندێتیەوە، توشی جۆرێک لە غوبن ببێ لەمەڕ ژمارەی خوێنەر یا بەشدار لەڕۆژنامەکەدا، بەپێچەوانەوە، ئەو ژمارە لە نوخبەی ڕۆشنبیرو خەڵکی هۆشیار لەناوکایەی ئیشکردنی بۆپێشەوە، دەتوانێ ببێتە کارێک بۆ چەندێتی خوێنەر و بەشدار لەڕۆژنامەکەدا واتە لەڕووی چۆنایەتیەوە دەتوانێ کاربکاتە سەر چەندێتییەکەی؟
هاوکات چەندین پرسیار گەلی دیکەش، دەرحەق بەو ئاڵوگۆڕە خێراو کتوپڕانەی دنیای میدیا و تەکنۆلۆژیی و ئیکۆنۆمی و پۆلەتیکی و سەرجەم ئاڵوگۆڕە ناسەقامگیرەکانی دنیای بخرێتە سەر. بۆرخیس” تەڕحێکی زۆر جوان و کاریگەر و سەرنجڕاکێشی هەیە.. وەختهایەک یەکێک لەکتێبەکانی بەژمارە دوو هێندە و قسوور لەپەنجەکانی دەستی بنیادەم زیاتری لێ دەفرۆشرێت و ئیتر سەیر و سەمەرەیی ئەم کەم فرۆشتنەی کتێبەکەشی، هەرچەند سەرەتا بێتاقەتی دەکات.. بەڵام دواجار بۆخۆی لەچاوپێکەوتنێکدا ئاماژە بەوە دەکات کە تەسەوورکردنی ژمارەیەکی زۆر و بێ شوماری خوێنەرانی موعجیب و سەراسیمە کارەساتە و وا باشترە ژمارەیەکی کەم بتخوێننەوە و بەمەش تەسەوورێکی دیاریکراو و خەیاڵکردنەوەیەکی سنووردارت دەبێت، دەرحەق بەوانەی دەتخوێننەوە؟!
هەربۆیە ستاڤی بۆ پێشەوەش دەبێ گرنگی بدات بە چۆنێتی ئاڕاستەکردنی خزمەتکردنی بە تاکەکانی ناوکۆمەڵگا لەڕووی ڕۆشنبیری و سیاسی و هونەری و کۆمەڵایەتی و کڵتوری و هتد.
بۆپێشەوە: چۆن دەڕواننە گۆشەو تەوەرە و دۆسیەکانی بۆپێشەوە؟
جەمال نوری: بۆ تێڕامانمان لە چۆنێتی دیزاین و گۆشە و تەوەرەکانی ناو ڕۆژنامەی بۆپێشەوە،
بەگشتی؛ وەک خوێنەرێک و نوسەرێک، تەوەرە و گۆشەکان جێگای ستایشە، بەڵام ئەوەی هەستی پێدەکەم قەڵەمی ژن کەمتر تیایدا دەنوسن یا دەبینرێ.
بۆیە گرنگە گۆشەیەکی تایبەت بێ بە قەڵەمێک کەژن بۆی بنوسێ لە دوو هەفەتەیەدا و زیاتر پێ داگرێ لەسەر واقیعەتی ژن لەکوردستان حەرەکەت کردنی بزووتنەوەی ژنان لەکوردستاندا.
پاشان، لاپەڕەی ئەدەب و هونەر بەگشتی جێگای خۆی کردۆتەوە، حەزم کرد ئەدەب ۆ هونەر گشتگیر بکرێ لەڕووی گرنگی دانی بە سینەما و شانۆ و چیرۆک و ڕەخنەی ئەدەبی و شیعر و کتێبی نوێ و خوێندنەوەی.
بۆپێشەوە: چ سەرنج و پیشنیارێکتان هەیە بۆ بۆپێشەوە؟
جەمال نوری: سەرنج و پێشنیارم بۆ ڕۆژنامەی بۆپێشەوە، ئەوەیە
ئەوەی دەمەوێ لەسەری بوەستم، ئەویش ئەوەیە کە لەڕووی دیزایینی ڕۆژنامەی بۆپێشەوە لەخولی چوارەمییدا دەکرێت گۆڕانکاری تێدا ئەنجام بدرێت. ئەویش بە گرنگی دان بە مانشێتی سەرەکی و فەرعی، کورتە هەواڵ و هەواڵی گرنگ و چارەنوس ساز،
وە گرنگی بدرێت بە چالاکییە کرێکاری و ڕۆشنبیری و ئابوری و سیاسیەکان .
پاشان دەرخستنی ئەو هەموو گەندەڵی و دزی و فەسادیەی لەناوخۆی وڵات دا لەلایەن ئەحزابی ناسیونالیست لە کوردستان لەژێر تایتڵی حوکمەتی هەرێم بەڕێوە دەبرێ. خستنە ژێر باری ڕەخنە و هەڵوەشانەوەی بە زانیاری دروست و پرۆڤیشناڵانە ڕووبەڕووی ئەو فەساد و بەڕەڵایی و پاوانخوازییە بچێتەوە… .
 
 
 
Leave A Reply

Your email address will not be published.