کۆرۆنا ڤایرۆس جیهان ڕاپێچ دەکات بەرەو جەنگێکی چینایەتی

0
کۆرۆنا ڤایرۆس جیهان ڕاپێچ دەکات بەرەو جەنگێکی چینایەتی
مەحمود حەلاق
کۆرۆنا ڤایرۆس لە ڕواڵەتدا وادەرئەکەوێت  کە تەنها بەڵایەکی گەورەی تەندروستی بێت کە ئەمڕۆ سەرتاپای جیهانی خستۆتە ناو خەتەرو  ئامادە باشیەوە و هەزاران کەس دەکوژێت و سەرتاپای کۆمەڵگاش لەترسدا  گەرەنتینەو زیندانی ئەکات .. بەڵکو ئەبعادە ماددی ـ ئابوری و کۆمەڵایەتیەکانی فراوانترو هەمەلایەنەترن  ….
 نا سەقامگیری بەهۆی ناکۆکیە بنچینەییەکانی ناو مۆدێلی بەرهەم هێنانی سەرمایەداری لەپێناوی قازانجدا و ، بەو پێیەی کە وویستی قازانجی سەرمایە لەئاستێکی نزمدایە و تێکڕای قازانجە جیهانیەکان بەگشتی تاڕادەیەک وەستاوون کە چەندین ساڵە پێش کۆرۆنا ڤایرۆس دەستی پێکردبوو ، یەعنی ئەو سەردەمەی کە دەکرێ بە قۆناغی دووبارە ژیانەوەی سیستەمی سەرمایەداری جیهانی دەست نیشان بکرێت کە بەهۆی جەڵتەی دەماغی ئەزمەی  مالیەوە لە ناوەڕاستی ساڵی 2008  و لێی دراو بووە هۆی  داغان بوون و داڕمانی بازاڕی خانووبەرەو بۆرسەو بانکەکانی ئامریکاو جیهان …
لە چارەکی یەکەمی ساڵی 2010 وە ، بەپشتیوانی سەرمایەی دەوڵەت بۆ کەرتە تایبەتەکان و بەتایبەت تر لەبواری تەکنۆلۆژیادا توانرا لەو بوارەدا قەفزەیەکی گەورەتر بەخۆوە ببینێت ببێتە هۆی قەڵەو کردنی کۆمپانیا زەبەللاحەکانی لەچەشنی مایکرۆسۆفت ، هواوی ، ئەپڵ و سامسۆنگ و لەم ڕاستایەشەوە  مایەپووچی دەیان ڕکابەری تری بچووک تۆمار بکات  و لەماوەی چەند ساڵێکدا توانی بە ملیۆن  بەرهەمی تەکنۆلۆژیای تازەو پێشکەتوو بەرهەم بهێنێ و بخاتە بازاڕەوە ، لەئەنجامی کەڵەکەی زۆری ئەم کاڵا یانەو بەهۆی نالەباری وەزعی نالەبارو لەخوارەوەتری  ماددی خەڵک لەئاستی نێونەتەوەییدا و ساغ نەکردنەوەی پێکڕای هەموو ئەو بەرهەمانەش ، خود بەخود هاوکێشەی عرض و طلب تێک ئەچێت و بەم چەشنە پرۆسەی بەرهەم هێنان کزترو لاوازتر دەکاتەوە … کە ئەوەش بۆخۆی دەبێتە فاکتەرێکی دیکە لە تێکچوونی  پرۆسەی سەرمایە ـ کاڵا ـ سەرمایە  و بەو هۆیەشەوە  ڕاستەوخۆ دەبێتە هۆی دابەزینی قازانج و دواتریش زێدەبایی … لەلایەکی دیکەوە  ڕوو لە نشێوی بەردەوامی بازرگانی و سەرمایە گوزاری جیهانی و  دابەزینی بەردەوامی نرخی نەوت وەک یەکێک لە سیما دیارەکانی بازرگانی … هەموو ئەوانەی کە ئاماژەمان پێدان بەشێکی سەرەکی مبررەکانی جەنگی سەرمایەداری جیهانیە بەناوی کۆڤید کۆرۆناوە …
کۆرۆنا ڤایرۆس بۆ سەرمایەی جیهانی  هەمان لۆژیکی پەتای تاعون ” مەرگی ڕەش ” ی ناوەڕاستی سەدەی چواردەی هەیە کەلەگەڵ بازرگانی و بەتایبەت بازرگانی ئاوریشم لەئەوروپا پەرەی سەندو ملیۆنان ئینسانی تیرۆرکرد ،  کۆرۆنا ڤایرۆسیش لەئەنجامی پاڵنەری سەرمایەیە بۆ بەرهەم هێنانی قازانج لەبواری بازرگانی و پیشەسازی لە خۆراک و  لەکشتوکاڵدا و پاڵنەری سەرمایەیە بۆ بەرهەم هێنانی قازانج لەم دۆخە نزم و لاوازەی سەرمایەداری لە ئێستادا …. بۆیە کۆرۆنا ڤایرۆس هەموو ئەو درزو کەلێنە ناوخۆییانە پێک دەهێنێت  کە مۆدێلی بەرهەم هێنانی سەرمایەداری بەرەو ڕووی بۆتەوە و پەتاکە ناچێتە خانەی قەیرانی دەرەکیەوە  هەروەک چۆن ناوەندە ئاکادیمیەکان ،  زوڕناژەنانی سەرمایەداری و ژورنالیزمی نۆکەری  ئیدیعاید بۆ دەکەن …
ئەگەر دەستبەداری ئەوە ببین کە چۆنیەتی سەرهەڵدان  بڵاوبوونەوەی ئەو ڤایرۆسە وەک چەکێکی بایۆلۆژی و سایکۆلۆژی لەدژی ئینسان گیراوەتەبەر لەلایەن کاپیتالیزمی جیهانیەوە ، ئەوا بێگومان ئاکامەکانی لەئاستی جیهاندا بۆ بەشەریەت و چینی کرێکار کارەسات بارترو دڕندەتر خۆی نمایش دەکات …ملیۆنەها کۆگاو مۆڵ مارکێتەکان  ، سەدەها  هەزار هۆتێل و سەنتەرەکانی خزمەت گوزاری ،  تۆریزم و لەکارخستنی ملیۆنان سەفەرو کۆمپانیاکانی بلیت فرۆشی  فڕۆکەو  ، کارگۆ ،  هێڵی گواستەوەی ئاوی و ووشکانی ..و تاد … لەکارخران .. بەم هۆیەوە دەیان ملیۆن  لە چینی کرێکار و کارمەندو خەڵک بێکارکران و ، هەروا ئاسان نێردرانە ماڵەوە…. کۆرۆنا ڤایرۆس ئەوروپای لوولداوە بۆناو قەیرانێکی گەورەی ماددی و کۆمەڵایەتی کە ئەگەر سەریان نەخوات ، زنجیری ئەسارەت  تووند تر ، وە دڕندانەتر ئەخاتەوە گەردنی هاو ووڵاتیان …
ووڵاتانی پشت بەستوو بە نەوت لەچەشنی عێراق ، ئێران ، سعودیە ، لیبیا ، کە سەرچاوەی سەرەکیان نەوتە بۆ پڕکردنەوەی پێداوویستیەکانی ناوخۆو هاوردە کردنی شمەک ، هەربەهۆی کۆرۆناوە ، بەهای هێندەی تر بەجۆرێک هاتۆتە خواری ، کە تێچوونی بەرهەمەکەی دەرناهێنێتەوە … تمەنی ئێرانی هێندەی تر هاڕەی کردۆتەخوارەوە و بەهای ئاڵوگۆڕی تمەن هێندە دابەزیوە کە خەڵکی ئێران دووچاری ناڕەحەترین و ناهەموارترین شێوە لەژیانکردنی کردۆتەوەو هێندەی تر بێکاری  لەئاستێکی فراوانتری کۆمەڵایەتیدا پەرەی سەندووە …. لەم ووڵاتانەدا ، چونکە پشت بەستوون بە  بەرهەم هێنانی نەوت  ، بەم مەعنا داهاتی سەرەکی خۆیان لەدەست ئەدەن و خەڵکی ئەم ووڵاتانە تووشی قەیرانێکی گەورەتر دەکاتەوە ..
کۆرۆنا ڤایرۆس بازاڕی کارو کارکردنی بەیەکجاری و بەجۆرێک هەڵتەکاندووە وبازاڕی سەهم و قەواڵەکانی لەماوەی ئەم چەند هەفتەیەدا بەرەو ئیفلاس و شکستی زیاتر بردووە بە نسبەی 30%  ، بەتەنها لە ووڵاتی فەرەنسا نزیک بە دوو ملیۆن کەس بێکار دەبن و بەپێ ی ئاماری ڕێکخراوی نێونەتەوەیی کار ، نزیک بە 25 ملیۆن کەس لەئاستی جیهاندا بێکار دەکرێن و ئەڕژێنە ناو سوپای بێکارانەوە  .. پیشەسازی ووڵاتی صین بۆ 13,5% دابەزیوە و بەم هۆیەوە زیاتر لە 5 ملیۆن کارمەندو کرێکار لەم ماوە کورتەدا ڕەوانەی ماڵەوە کراونەتەوە … لە ئەڵمانیا زۆربەی پیشەسازی ئۆتۆمۆبیل ڕاگیراوەو بەم هۆیەوە پێ ئەچێت چەندین ملیۆن کرێکارو کارمەند لەسەراسەری ووڵاتدا  لەکار دوور بخرێنەوە … لە نەرویج زیاتر لە30 تا  40 هەزار کەس بێکار ئەکرێت … لە ئامریکا ملیۆنان کارمەند لە فەرمانگەکاندا بێکار دەکرێن ..  زەرەری لەسەریەکی بەردەوامی نەوتی خاوی ئەمریکا بەڕێژەی 9% دابەزیوە .. لە ووڵاتی نەمسا لەماوەی چەند ڕۆژی پێشتر نزیک بە بیست هەزار کەس بێکار کران … کۆرۆنا ڤایرۆس  و ڕووداوەکانی پێمان ئەڵێن کە  لەمەودوا  بەبەردەوامی ڕۆژانە هەواڵی بێکارکردنی هەزاران کەسی تر  دەبین لەئاستی جیهاندا …
قەیرانی کۆرۆنا ڤایرۆس کە ڕاستەوخۆ سەدان هەزار خەڵک بێکار دەکات و ملیۆنان کرێکار دەنێرێتە ماڵەوە ، خود بەخود وە ڕاستەوخۆ کاریگەری سەلبی دەخاتە سەر ژیان و گوزەرانی هەمووان لەئاستی جیهاندا … بێکاری و بەتاڵی ، نەبونی بیمەی بێکاری ، برسێتی و هەژاری ملیۆنی … چەتەیی کۆمپانیاو  بازاڕو بانکەکان ،  کەلەلایەن حکومەتە هەوسار پچڕاوەکانی  سەرمایەداری جیهانیەوە خەڵکی تووشی سەدان کارەسات کردۆتەوە ،  ئەخاتە بەرامبەر یەکترەوە و شەڕێکی مەزنی چینایەتی لەئاستی جیهاندا دەهێنێتە پێشەوە ،، کە بەبڕوای من سەرەتای فازو قۆناغێکی نوێ ی کۆمەڵایەتی گەورە دەبێت لەئاستی جیهانیدا و سەرەتاکانی وەکو خونچە خەریکە خۆی دەرئەخات …
 ئەگەر  چینی کرێکار لەجیهاندا خۆی ئامادەو تەیار بکات لە ئاستی نێونەتەوەییدا بۆ ئەم  جەنگە چینایەتیە ، ئەوا  دەتوانێت بەشەریەت لەکارەساتە مەرگهێنەرەکانی سیستەمی سەرمایەداری  جیهانی و حکومەتەکانی بپارێزێت کە هەر چەند ساڵ جارێک و بەجۆرەها ئامراز بەشەریەت ئەخاتەوە سەر لێواری مەرگ .. ئەو ئەتوانێت دنیای هەڵەوگێڕاوی سەرمایەداری بخاتەوە سەرقاچەکانی خۆی ، یەعنی سۆسیالیزم ..
Leave A Reply

Your email address will not be published.