کۆڕۆناو مافی هاوڵاتیان!

0

کۆڕۆناو مافی هاوڵاتیان!

بێگومان خۆپاراستن لە نەخۆشی کۆرۆنا و رێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەو تەشەنەسەندی، هەنگاوێکی ئیجابی و هاوکات زۆر پێویستە… دیارە لەهەر وڵات و دەوڵەت و شوینیکیشدا چەند زوو پلان و ئامادەکاری کراوە، نەخشەی پارێزگاری لە هاوڵاتیان دەستی بۆبراوە، بەهەمان ئەندازەش کاریگەری داناوە لەسەر ڕیگەگرتن و بڵاوبوونەوەی. لەهەر جێگاو شوێنکیش خەمساردانە مامەڵە لەگەڵ نەخۆشییەکە و ڤایرۆسەکە کراوە، بۆتە مایەی تەشەنەسەندن و بڵاوبوونەوەو زۆربوونی قوربانیەکانی.

وەکو پسپۆران و شارەزایانی بوارەکە دەڵێن خۆپارێزی و مانەوە لەماڵەوەو نەچوون بۆ شوێنە گشتی و قەرەباڵغەکان، هەنگاوێکی کاراو کاریگەرە بۆ خۆپاریزی و رێگەگرتن لە بلاوبوونەوەو تەشەسەندنی.

بۆ ئەو مەبەستەش لەهەموو جیهاندا کە ئەم ڤایرۆسە هەرەشەی لێدەکات، ئەو رێگایە دەستی بۆبراوە، بەڵام نابێ بیرمان بچێت، کە خۆپاریزی و لەماڵەوە مانەوەی هاوڵاتیان، کریکاران و کارمەندان، دوکاندار و دەستفرۆشەکان،.. تاد، ژیانیان و موچەکانیان یان قەرەبووکردنەوەیان لەبەرچاو گیراوە.

ئەم هەنگاوی خۆ پارێزییە، بەهیچ جۆرێک نابێت ببێتە مایەی خاڵی بوونەوەی سفرەی کریكاران و کارمەندان و کاسبکاران، بەتایبەتیش لە کەرتی تایبەتیدا. نەچوون بۆسەرکار، داخستنی کارخانەکان، قوتابخانەو شوێنە گشتییەکان، دوکان و بازار و ساڵۆن و چیشتخانەو گازینۆ و هۆڵە وەرزشییەکان، راگرتنی کاری دەستفرۆشان و راگرتنی هاتوچۆۆی تەکسی و پاسەکان…تاد… بۆ بەشێکی زۆری هاوڵاتیان بەمانای لەدەستچوونی کارەکانیان دێت… بژیوی ژیانیان دەخاتە مەترسییەوە، دەوڵەت و حکومەت و دەسەڵات بەپرسن لەوەی کە موچە یان قەرەبووی ئەو هاوڵاتیانە بکەنەوە کە بەهۆی خۆپارێزی لە نەخۆشی و ڤایرۆسی کۆرۆنا بەناچار لەکارو کاسبی دەکەون. ئەگەر نا هیچ حکیمەتێک بۆ ئەو دەسەڵاتە نامێنێتەوە کە بەهۆی فایرۆسی کۆڕۆناوە ڤایرۆسی برسێتی و خاڵی کردنەوەی سفرەکانیان لەبەرچاو نەگرێت.

لایەنێکی تر ئەوەیە هەنگاوەکانی پاراستنی هاوڵاتیان و شوینی کارو ژیانی خەڵکی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا، لەلایەن دەسەڵات و دام ودەزگا پەیوەندیدارەکان، هەرگیز بەمانای بەپیرۆزراگرتنی ئەم دەزگاو لایەنە پەیوەندیدارانە نییەو ئەوە ئەرکی… حکومەت و دەزگا پەیوەندیدارەکانە بە ئەرکی خۆیان هەڵبستن و هاوڵاتیان بپاریزن.. لەوەش واوەتر نابێت ئەم هەنگاوانە دەنرێن، ببێتە هۆی ئەوەی کە سلکی وێڕانەیی تەندروستی و بازرگانانی ئەو بوارە، لە نوکی رەخنەو نارەزایەتی خەڵکی بپارێزیت کە نزیکەی ٣٠ ساڵە، کایە بەژیان و گوزەرانی خەڵکی کوردستان و تەندورستیانەوە دەکەن. دەرمانی ئیکسپایەر، کۆن و بێ کوالیتی، نرخی زۆری دەرمان و عیادەکان، هاتنەخوارەوەی خزمەتگوازری گشتی و خزمەتی خەستەخانە حکومیەکان و دەست ئاوەڵاکردنی کەرتی تەندروستی تایبەتی بۆ خاڵیکردنەوەی گیرفانی هاوڵاتیان. ئەو راپۆرتانەی لە میدیاکان و دەزگا راگەیاندنەکانەوە بڵاوبوونەتەوە، لەسەر سلکی تەندروستی، هەموویان جێگای رەخنەو نارەزایەتی جەماوەری بێبەشی کوردستان و ئۆردی برسییەکانی کۆمەڵگەن… نابێ رێگە بدرێت هەوڵەکانی ئیستای دەسەڵاتداران کە ئەرکی خۆیانە، وەکو رووسپیکردنەوەی ئەو سلکە تەماشابکرێت. هەروەکو چۆن بەرگری پیشمەرگەو هێزی چەکدار لەچەند شوێنێک لەبەرامبەر بەداعشدا نەیتوانی رووی ئابڕوبەرانەی دەسەڵات و هیزە چەکدارەکانی لە جینوسایدی خەڵکی شەنگالدا، سپی بکاتەوە  و بەرگی پیرۆزی بۆ مەبەستی تر بکەن بە شان و باڵی هیزەکانیاندا.

حکومەت و دەسەڵاتی کوردی بەخستنەگەری میدیاکانیان و نیشاندانی کادرە دەم گەرمەکانیان، سەبارەت بە هەوڵەکانیان” کە دیار نییە بەکردەوە چییە و بە کوێ دەگات” دەیانەوێت، خۆیان لە رەخنەی جەماوەری سەبارەت بەدەسەڵاتیان بپارێزن و هاوکاتیش شانی خۆیان لە دزی و تاڵانی وێرانەیی سلکی تەندروستیدا خاڵی بکەنەوە… سلکی تەندروستی لایەنێکی هەرە گرنگی هەر کۆمەڵگەیەکە، ئەو بوارە دەبێت زۆرترین گرنگی پێبدرێت و بودجەی تایبەتی بۆ تەرخان بکرێت و توانایی دکتۆر و کارمەندکانی، ببرێتە سەرەوە و پێداویستی خەستەخانەکان و بنکە تەندروستیەکانی بۆ زامن بکریت و ژمارەی خەستەخانەو بنکە تەندروستیەکان زۆر بکرێن… وە بەهیچ جۆرێک نابێ ریگە بدرێت حکومەت شانی خۆی لەبەرامبەر بەو سلکەدا خاڵی  کاتەوە، لەبەر خاتری کەرتی تایبەتی، یان ڕیگەبدرێت ئەو کەرتە بە کەرتی تایبەتی بفرۆشرێت. زەمانی تەندروستی پیویستە بۆ هەموو هاوڵاتیان بەبێ جیاوازی فەراهەم بکرێت و بەخۆرایی بکرێت… ئەوە مافی سەرەتایی هەر هاوڵاتییەکە.

پوختەی کەلام…. خۆپاریزی هاوڵاتیان نابێ ببێتە هۆکار بۆ بێموچەیی و هەژارکردنی زیاتریان و شانخاڵی کردنەوەی دەسەڵات لە قەرەبووکردنەوەیان، هەروەها دەسەڵات ئەرکی خۆیەتی هەنگاوی پێویست بگرێتە بەر بێ ئەوەی فەزڵ فرۆشی بەسەر هاوڵاتیاندا بکات… لەهەموو ئەوانەش واوەتر سلکی داروخاوی تەندروستی بەو هەنگاوانەی لەبەرامبەر بە کۆرۆنادا دەینێت، ناتوانێت خۆی لەو رەخنە قوڵە جەماوەرییە دەرباز بکات، کە نزیکەی ٣٠ ساڵی رەبەقە، لە پێناو سودی چەند بازرگان و چاوچنۆکێک بەرەو داروخان دەبرێت. دیارە لە کۆتاییدا دەبێ سوپاس و رێز ئاراستەی ئەو پسپۆر و دکتۆر و کارمەندانە بکرێت کە خۆبەخشانەو لیبڕاونە، و بەو پەڕی دڵسۆزییەوە رێنمایی و هوشیاری بڵاودەکەنەوەو ماندو نەناسانە، بۆ بەرگری لە تەندروستی هاوڵاتیان تێدەکۆشن.

    عەبدوڵا مەحمود

Leave A Reply

Your email address will not be published.