بەشی چوارەم لە قەسیدەی (ئاهێکی سارد)

0

بەشی چوارەم لە قەسیدەی (ئاهێکی سارد)

 

بەیانیەكم پێ بڵێ

پڕ بەخۆت خۆشەویستیم

نەكردبێ  بە بەرتاو

ماچم  لەگوڵە  وەنەوشە بۆ نەدروبیت

 

بەیانیەكم  پێ بڵێ

لەتەماشاكانما نەمڕواندبی و

لەخۆشما ئاو پرژێنم.  نەكردبێتی

لەخۆشما  دامنەگیرساندبی

 

بەیانیەكم  پێ بڵئ

لەخۆما گرێم  نەدابی و

لە خۆما  وەك شیعرەكانم

بەپەنجەرەی

ڕۆحما  هەڵمنەواسیبی

بەیانیەكم  پێ بڵێ

 

ئەتانبینم

لە بەر ئاوێنەیەكی بەساڵا چودا دەتانبینم

ئەو بەدرۆوە  پرچی تۆ شانە دەكات

تۆش  بەلای

فێڵێكی كورتە باڵاوە دانیشتویت

نامەیەك بۆ ڕۆحی لەبارچوی من دەخوێنیتەوە

نامەیەك  كە بۆنی پەنجەكانی  باوكمی لێ دەتكێ و

لێدانی دڵی دایكمی  پیا شۆڕبۆتەوە

 

ئەتانبینم

چاوێكتان لەگیرفانی كراسەكانتانایەو

چاوەكەی تریشتان لەسەر قەراغی

دیواری قومارخانەیەك  داناوە

 

ئێوە درۆیەكی تەڵخ بوون

لە ئەزەلەوە ئولفەتان بە خوێنەوە گرتبو

دژی  یاسای ماچوو باوەشی عاشقانە بوون

ئولفەتان بەسوتاندنی گەڵای دار ئەرخەوان و

زەردە خەنەی  دار بەڕوو گرتبوو

 

ئەتانبینم

لەئاوێنەیەكی تەڵخا دەتانبینم

ئێوە مامەڵەی لە سێدارەدانی

كۆترە شینكەكانتان لەگەڵ ئیبلیسدا  دەكرد

كووژەكەیەكی شینتان

بەناوچەوانی كاك هەڵۆداهەڵدەواسی

میلی تفەنگتان  لەسەر كەروێشكە سپیەكان

دەهێنایەوە

سەر پۆشەكەی سەری مریەمتان لەمەزاتخانە

هەڕاج كرد

 

ئێوە  لە ئەزەلەوە

ئولفەتتان  بەخوێنەوە گرتبوو

دژی یاسای

كچی عازەب و

گۆزە و كانی بوون

فڕینی ئاوتان بەئاسمانەوە  بەر فیشەك دەدا

بارانتان زیندە بەچاڵ دەكرد

تەڵەو  داوتان بۆ كچە چاوشینەكانی

ئاسمان دەنایەوە…

 

حەکیم میرزا

سوید: کۆنگێڵف

Leave A Reply

Your email address will not be published.