محەمەد حەمە ڕەزا: لەچەندخوولەکێکدا هەزاران مرۆڤ وگیانلەبەرو دارودرەخت خنکێنران، بەڵام هێندەی ئازاری ئەو بەناو فەرماندە و پێشمەرگانە بەسۆ نەبوو کە لەبری بەهاناوەهاتن ویارمەتی دانی بریندارو ژن و منداڵی شارەکەم… کەوتنەپەلاماردانی موڵکوماڵی خەڵک، هەڵسوکەوت و کارە نەشیاوەکانیان گەیشتە ئاستێک کەسوپای داگیرکەری ئێران بازگەو خاڵی پشکنینی بۆدادەنان!! و کەلوپەلەدزراوەکانی لێدەسەندنەوە….بەداخەوە ئەو دزو گەندەڵانە تائەم چرکەساتەش حاکم و بڕیاربەدەستی هەرێمی کوردستانن! و یاسا و دادگا بەدەست خۆیانەوەیە، بۆیە کەس ناتوانێ لێپێچینەوەیان لەگەڵ بکات!

0
محەمەد حەمە ڕەزا: لەچەندخوولەکێکدا هەزاران مرۆڤ وگیانلەبەرو دارودرەخت خنکێنران، بەڵام هێندەی ئازاری ئەو بەناو فەرماندە و پێشمەرگانە بەسۆ نەبوو کە لەبری بەهاناوەهاتن ویارمەتی دانی بریندارو ژن و منداڵی شارەکەم… کەوتنەپەلاماردانی موڵکوماڵی خەڵک، هەڵسوکەوت و کارە نەشیاوەکانیان گەیشتە ئاستێک کەسوپای داگیرکەری ئێران بازگەو خاڵی پشکنینی بۆدادەنان!! و کەلوپەلەدزراوەکانی لێدەسەندنەوە….بەداخەوە ئەو دزو گەندەڵانە تائەم چرکەساتەش حاکم و بڕیاربەدەستی هەرێمی کوردستانن! و یاسا و دادگا بەدەست خۆیانەوەیە، بۆیە کەس ناتوانێ لێپێچینەوەیان لەگەڵ بکات!
 
دیمانەی بۆپێشەوە لەگەڵ محمد حەمە ڕەزا پێشمەرگەی دێرین و دانیشتووی شاری هەڵەبجە سەبارەت بە تاوانی کۆمەڵکوژی دانیشتوانی هەڵەبجە بەچەکی کیمیایی
 
بۆپێشەوە: ١٦ سێ ٣٢ ساڵ بەسەر تاوانی کۆمەڵکوژی کیمیابارانی هەڵەبجەدا تێدەپەڕێت، دوای ٣٢ ساڵ بەسەر ئەو تاوانە، چۆن دەڕواننە ئەو ڕووداوە کۆمەڵکوژیە؟
محمد حەمە ڕەزا: سەرەتا وێڕای سوپاس ودەستخۆشیم بۆ ئێوەی بەڕێز، سەری ڕێز بۆ شەهیدانی ئەو ڕووداوە کارەساتبارە نەوی دەکەم و هاوخەمی و هاودەردی خۆم لەگەڵ کەسوکاری ئەوشەهیدانە و بریندارو بەرکەوتەکان وتەواوی خەڵکی هەڵەبجە نوێ دەکەمەوە…
کاریگەری ئەوتاوانەو قوڵی برینەکانی نەک پاش ۳۲ساڵ، بەڵکو تا دوا هەناسە دێوەزمەیەکە نە لەبیردەچێتەوە و نەلەبەرچاوان ون دەبێت… تاوانێک تێیدا نەک هەر مرۆڤ بەڵکو ئاژەڵ، پەلەوەر، زیندەوەر و دارو درەخت و گژوگیا لەچەند خولەکێکدا بەکوشندەترین و یاساغترین جۆرەکانی چەکی کیمیایی بوونە قوربانی و سەرەتای بەهارێکی سەوزو پاراوی لێکردینە سەرەتای زستانێکی شوم. بۆیە لەو باوەڕەدام کەهەر مرۆڤێکی خاوەن هەست و ویژدان، بەبیستنیش ئەو ڕووداوەی بیستبێت ئەستەمە بەئاسانی لەبیری بچێتەوە..
بۆپێشەوە: تاوانی کۆمەڵکوژی هەڵەبجە لەچوارچێوەی جەنگی کۆنەپەرستانەی عێراق و ئێراندا ڕوویدا، بۆچی هەڵەبجە کرا بە نیشانەی چەکی کیمیایی؟ ڕۆڵی حزبەکانی ئەوکاتەی بزوتنەوەی کوردایەتی لەو ڕووداوەدا چی بوو؟
محمد حەمە ڕەزا: ئەوتاوانە کۆمەڵێک فاکتەری جوگرافی و مێژوویی وسیاسی و جیۆپۆلەتیکی لەپشت بوون. لەڕووی جوگرافیەوە هەڵەبجە هاوسنووری ئێرانە و لەزۆربەی سنوورە هاوبەشەکەشدا ناوچە شاخاوی وستراتیژییەکان کەبەسەر هەڵەبجەدا دەڕوانن خاکی ئێرانە، ئەمە جگە لەوەی کەهەڵەبجە وەک گیرفانێک چۆتە ناوخاکی ئێرانەوە و لەباکورو ڕۆژهەڵات و باشورەوە ئێران دەورەی داوە. لەڕووی جیۆپۆلەتیکیشەوە کۆنترۆڵکردنی هەڵەبجە لەلایەن ئێرانەوە، واتەگەیشتنی ئێران بەدەریاچە و بەنداوی دەربەندیخان، کە لەوکاتەدا جگەلەوەی سەرچاوەی بەشێکی بەرچاو لەبەرهەمهێنانی وزەی کارەبا بوو، لەڕووی ئەمنی وسەربازیشەوە مەترسیەکی گەورەبوو لەسەر بەغدا لەئەگەری بەردانەوەی ئاوی دەریاچەکەدا. لەڕووی مێژویی وسیاسیشەوە جگەلەوەی هەڵەبجە لەزۆرێک لەڕۆژگارە مێژووییەکاندا بەجۆرێک لەجۆرەکان باکگراوندێکی لەگەڵ ئێراندا هەبووە. لەو ڕۆژگارەشدا زۆربەی حزبە کوردستانیەکانی باشور هاوکارو هەماهەنگ بوون لەگەڵ ڕژێمی ئێران و بەدرێژایی شەڕی هەشت ساڵەی ئێران-عێراق شان بەشانی ئەرتەش وسوپای پاسدارانی ئێران شەڕی ڕژێمی بەعسیان دەکرد. ڕژێمی بەعسیش کەڕق وتووڕەییەکی زۆری بەرامبەر بەهەڵەبجە و خەڵکەکەی هەبوو، لەهەلێک دەگەڕا کەجامی تووڕەیی خۆی بەسەرئەم شارەدا بڕژێنێت. کەبەڕای من بەعسیش بەشێوەی ناڕاستەوخۆ هاوکاری ئێران بوو بۆڕەخساندنی ئەو زەمینەیە، چونکە ماوەی زیاتر لەدوو مانگ کۆماری ئیسلامی ئێران بەئاشکرا سەرقاڵی ئامادەسازی بوو بۆ هێرش کردنە سەرهەڵەبجە، بەڵام حکومەتی بەعس؛ کورد گووتەنی خۆی لێکردبوو بەکەڕەی شەربەت. ئیتر ئەوەبوو سەرەنجام هەڵەبجە بەبێ بەرگریکردنێکی ئەوتۆ کەوتە دەست ئێران، و ڕژێمی بەعسیش پاش کەمترلە ٢٤ کاتژمێر و پاش بۆمبابارانێکی خەستی ئاسمانی کە زیاتر لەنیوەی شارەکەی خاپورکرد، کیمیابارانێکی خەست وچڕی کرد!
بۆپێشەوە: لەناو جەرگەی تاوانی کۆمەڵکوژی هەڵەبجەدا، ژمارەیەک بەرپرسی حزبی، خەریکی تاڵانی و دزی بوون، تەنانەت پەنجەی ژن و گەردنی ژنانی کیمیایی لێدراو، بردراو زامدار کرا، بۆ بازنی دەست و ملوانکەی ملیان… ڕەفتاری ئەو بەرپرسانە چۆن تەماشا دەکەن؟
محمد حەمە ڕەزا: وەک لەخاڵی یەکەمدا ئاماژەم پێکردوە کە مەگەر مردن وێنە و دیمەنەکانی ئەوکارەساتەم لەبیربەرێتەوە! بەڵێ هەردوو ڕژێمی ئێران وعێراق گەورەترین تاوانیان بەرامبەرخەڵکی شارەکەم کرد و بەبەرچاوی خۆمەوە سوپای داگیرکەری پاسداران زۆر بێبەزەییانە لەهەموو قۆڵێکەوە پەلاماری هەڵەبجەی داو داگیری کرد و دەرگای تۆڵەسەندنەوەی بۆڕژێمی بەعس خستەسەرگازی پشت، و گەورەترین تاوانی بەرامبەرخەڵکی هەژارو بێدیفاع ئەنجامدا و لەچەند خوولەکێکدا هەزاران مرۆڤ وگیان لەبەرو دارو درەخت خنکێنران. بەڵام هەرگیز ئازاری ئەمانە هێندەی ئازاری ئەو بەناو فەرماندە و پێشمەرگانە بەسۆ نەبوو کە لەبری بەهاناوە هاتن ویارمەتی دانی بریندار و ژن و منداڵی شارەکەم… کەوتنە پەلاماردانی موڵکوماڵی خەڵک، و هەڵسوکەوت وکارە نەشیاوەکانیان گەیشتە ئاستێک کەسوپای داگیرکەری ئێران بازگەو خاڵی پشکنینی بۆ دادەنان!! و کەلوپەلە دزراوەکانی لێدەسەندنەوە….بەداخەوە ئەو دز و گەندەڵانە تا ئەم چرکەساتەش حاکم وبڕیاربەدەستی هەرێمی کوردستانن! و یاسا ودادگا بەدەست خۆیانەوەیە، بۆیە کەس ناتوانێ لێپێچینەوەیان لەگەڵ بکات!!
بۆپێشەوە: تاوانی کۆمەڵکوژی هەڵەبجە، بەرگی کەمپەین و ئاکسیۆنی بەبەردا کراوە و هەموو ساڵێک لەو یادەدا حزبەکانی دەسەڵات، دێنە سەر خەت و باقی ساڵەکە و ساڵەکان، کەمترین ئاوڕ لەو کۆمەڵکوژیەی هەڵەبجە دەدەنەوە، لەو بارەیەوە دەڵێن چی؟ حزبەکانی کوردستان هەموو ساڵیک لە یادی تاوانی کۆمەڵکوژی هەڵەبجەدا، دەیان بەڵین دەدەن، تا ئێستا چی کراوە بۆ قوربانیانی هەڵەبجەو بریندارانی؟ بۆ پاککردنەوەی ژینگەی هەڵەبجە؟
محمد حەمە ڕەزا: نەک هەر هەڵەبجە حزب و بنەماڵەکانی کوردستان سەوداو بازرگانی بەمێژوو و خەبات و قوربانیەکانی گەلەکەمانەوە دەکەن و وەک کاڵایەکی بازرگانی لەخەبات وخوێنی خەڵک دەڕوانن، وحەزئەکەن نەزیفی خوێنی ئەم خەڵکە هەژارە هەرگیز ڕانەوەستێت! هەر بۆنموونە سەرکردەی یەکێک لەحزبەکان لەدانیشتنێکدا گوتبوی ” خۆزگە سێ چوارهەڵەبجەمان هەبایە”! هەربۆیە سەران و بڕیار بەدەستانی حزب ساڵانە ڕۆژێک بیر لە ئازارو ژانەکانی هەڵەبجە دەکەنەوە، ئەویش بۆ دوپاتکردنەوەی بەڵێنە بریقەدار و بێکردارەکانیان، کەبەداخەوە تا ئێستاش بەشێک لەم خەڵکە لەخشتە براوە باوەڕ بە گفت و بەڵێنەکانیان دەکات! ئەوەی بۆ هەڵەبجە کراوە هەرچەند زۆر کەمە بەبارتەقای خەبات وخوێن و قوربانیەکانی ئەم شارە، بەشێکی زۆری لەلایەن دۆستانی کورد و ڕێکخراوە خێرخوازەکانەوە کراوە. کەبەڕای من ئەگەر دەسەڵاتی کوردی ڕێگرنەبوایە و لەمپەری دروست نەکردایە زۆر زیاتریان لەئێستا بۆ دەکردین…
بۆپێشەوە: کۆمەڵەی قوربانیانی هەڵەبجە ڕایان گەیاند، کە لیستی بریندارانی هەڵەبجە شێوێندراوە، و کەسانێک خراونەتە لیستەکەوە کە بەرکەوتەی کیمیایی نین و لە ١٦ سێ دا لە هەڵەبجە نەبوون، بۆچی ئەو لیستانە دەشێوینرێت؟ تەنها لەبەر بەشێک لە منحەیە؟ بە دەقیقی ژمارەی گیان لەدەستدان و برینداری ئەو کۆمەڵکوژیەی هەڵەبجەتان لایە؟
محمد حەمە ڕەزا: بەداخەوە تائێستاش ژمارەی دروستی شەهیدان وبریندارانی کیمیابارانی هەڵەبجە نەزانراوە… چونکە هەلومەرجی ئەوکاتە زۆر نالەباربوو، پاش ڕاپەڕینیش حزبەکان بۆڕازیکردن و ڕاکێشانی خەڵک بۆناوڕیزەکانی خۆیان، نەک هەرشەهید و برینداری کیمیاوی، بەڵکو شیرازەی تەواوی کۆمەڵگەی کوردستانیان شێواند، و جاش وباش وخەباتکار و خیانەتکار و دار و بەردیان تێکەڵ کرد، و هیچ بەها و پیرۆزیەکیان بۆشەهیدان وبرینداران وتێکۆشەران وزیندانیانی سیاسی نەهێشتەوە.. بۆیە بێگومان لیستی شەهید و بریندار و قوربانیانی کیمیابارانی هەڵەبجەش وەک تەواوی لیستەکانی تر شێوێندراوە، و خەڵکی ناشایستەی تێهەڵکێش کراوە کەبەشێکی هەڵە و تاوانەکە بەرخودی کۆمەڵەی قوربانیان دەکەوێت، چونکە ئەوانیش وەک سەرجەم کۆمەڵە و ڕێکخراوەکانی تر لەژێرهەژموونی حزبە باڵا دەستەکاندان. بەداخەوە کە هەرگیز نەدەبوو وابێت.
Leave A Reply

Your email address will not be published.