ئەردەلان هەڵەبجەیی: بە بۆچونی من دەوڵەتێکی عەلمانی دابمەزرێت کە لەسەر بنەمای هاوڵاتی بوون مامەڵە لەگەڵ گەلانی ئێراقدا بکات، نەک لەسەر بنەمای ئاین و نەتەوە، ئەو دەوڵەتە دەتوانێت هەنگاو بنێت وکار بۆ ئەوە بکات، کە هەڵەبجەیەکی دیکە دووبارە نەبێتەوە…

0
ئەردەلان هەڵەبجەیی: بە بۆچونی من دەوڵەتێکی عەلمانی دابمەزرێت کە لەسەر بنەمای هاوڵاتی بوون مامەڵە لەگەڵ گەلانی ئێراقدا بکات، نەک لەسەر بنەمای ئاین و نەتەوە، ئەو دەوڵەتە دەتوانێت هەنگاو بنێت وکار بۆ ئەوە بکات، کە هەڵەبجەیەکی دیکە دووبارە نەبێتەوە…
 
دیمانەی بۆپێشەوە لەگەڵ بەڕێز ئەردەلان هەڵەبجەیی سەبارەت بە کۆمەڵکوژی دانیشتوانی هەڵەبجە بەچەکی کیمیایی…
 
بۆپێشەوە: ١٦ سێ ٣٢ ساڵ بەسەر تاوانی کۆمەڵکوژی کیمیابارانی هەڵەبجەدا تێدەپەڕێت، دوای ٣٢ ساڵ بەسەر ئەو تاوانە، چۆن دەڕواننە ئەو رووداوە کۆمەڵکوژیە؟
ئەردەلان هەڵەبجەیی: لەوە تێدەگەین کە ئەو تاوانە گەورە دەرئەنجامی جەنگی نامڕۆڤانەی ئێراق/ ئێران بوو، جەنگێکی نامرۆڤانەی نێوان دوو زلهێزی ناوچەکە بوو، کە کێشەی سەرەکییان پاراستنی بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان و بەهێزترکردنی پێگەیان بوو لە ناوچەکەدا، کە دواجار ئەوکۆمەڵکوژییەی بەرهەمهێنا، ئێستاش پاش سی و دوو ساڵ هەڵەبجە برینێکە و بەردەوام خوێنی لێدەچۆڕێت، ئەوەی ئەنجامدراوە و کراوە، هەرگیز لە ئاست گەورەیی ئەو کارەساتە و ئەوەدا نییە کە لە هەڵەبجەدا ڕوویدا.
بۆپێشەوە: تاوانی کۆمەڵکوژی هەڵەبجە لە چوارچێوەی جەنگی کۆنەپەرستانەی عێراق و ئێراندا ڕوویدا، بۆچی هەڵەبجە کرا بە نیشانەی چەکی کیمیایی؟ ڕۆڵی حزبەکانی ئەوکاتەی بزووتنەوەی کوردایەتی لەو ڕووداوەدا چی بوو؟
ئەردەلان هەڵەبجەیی: دەسەڵاتی ئەوکاتەی ئێراق هەموو شتێکی دەکرد لە پێناو مانەوەی خۆیدا، حیزبە کوردییەکان لەو ڕۆژگارەدا خراپترین نەخش و ڕۆڵیان هەبوو بۆ ڕوودانی ئەو کارەساتە، بەوەی پێش لەشکری ئێران کەوتن بۆ داگیرکردنی هەڵەبجە لەلایەن ئیرانەوە، ئەمەش بیانوویەکی گەورە بوو کەوتە دەست حکومەتی ئێراق بۆ ئەوەی هەڵەبجە کیمایاباران بکات، هەرچەندە من وای دەبینم ئەو بیانوەش نەبوایە ئەوە هەر ڕوویدەدا، بەڵام ڕەنگە لە کاتێکی دیکەدا بە جۆریکی دیکە، هەڵەبجە کرا بە نیشانەی چەکی کیمیاوی و بە ئەو چەکە قەدەغەکراوە بۆردومان کرا، لەبەر ئەو هۆکارەی لە سەرەوە باس کرا.
بۆپێشەوە: لەناو جەرگەی تاوانی کۆمەڵکوژی هەڵەبجەدا، ژمارەیەک بەرپرسی حزبی، خەریکی تاڵانی و دزی بوون، تەنانەت پەنجەی ژن و گەردنی ژنانی کیمیایی لێدراو، بردراو زامدار کرا، بۆ بازنی دەست و ملوانکەی ملیان… ڕەفتاری ئەو بەرپرسانە چۆن تەماشا دەکەن؟
ئەردەلان هەڵەبجەیی: کارێکی قیزەونانە و شەرم هێنەرە، ئێستاش کە بیر لەوە دەکەمەوە هێڵنجم دێت بەرامبەر ئەو دەستەڵاتە و ئەو بەرپرسە بێ ڕەوشتانەی کە دەستی شەهێدێک دەبڕن بۆ بازنەکەی کە بە کیمیاوی گیانی لە دەستداوە، ئەوە کارێکی زۆر دڕندانە و نامرۆڤانەیە، گەر دەسەڵات و دادگایەکی عادیلانە هەبێت، دەبێت ئەوانە دادگایی بکرێن و بەسزای خۆیان بگەیەنرێن.
بۆپێشەوە: لە تاوانی کۆمەڵکوژی هەڵەبجەدا، بە جیا لە دڕندەیی بەعس و دەوری جمهوری ئیسلامی ئێراان، حزبە کوردییەکان و بەشێک لە بەرپرسەکانیان، ڕۆڵیان هەبووە، بۆچی تا ئێستا کەس لەو بەرپرسانە توشی لێپێچینەوەی یاسایی نەکراونەتەوە؟
ئەردەلان هەڵەبجەیی: لەبەر ئەوەی دەسەڵاتێکی عادیلانە حوکمڕانی ئەم هەرێمە ناکات، دەسەڵات دەسەڵاتی حیزبە ئەو بەرپرسانەش بەرپرسی ئەو حیزبانەن کە دەسەڵاتییان لە دەستدایە و ئەم هەرێمە بەڕیوەدەبەن، ئیدی کێ لێپیچینەوەی یاساییان لەگەڵدا بکات و بە سزای خۆیان بگەیەنێت.
بۆپێشەوە: تاوانی کۆمەڵکوژی هەڵەبجە، بەرگی کەمپەین و ئاکسیۆنی بەبەردا کراوە و هەموو ساڵێک لەو یادەدا حزبەکانی دەسەڵات، دێنە سەر خەت و باقی ساڵەکە و ساڵەکان، کەمترین ئاوڕ لەو کۆمەڵکوژیەی هەڵەبجە دەدەنەوە، لەو بارەیەوە دەڵێن چی؟
ئەردەلان هەڵەبجەیی: هەڵەبجە هەر وەک خۆیان دەڵێن کێشەی کوردی بە دونیا ناساند، بەڵام دەسەڵاتێک کە لە خەمی میللەتەکەیدا نەبێت و بەدوی بەرژەوەندی تەسکی حیزبیدا بگەڕێت لەوە باشتری لێ چاوەڕی ناکرێت، ئەوان کێشەی هەڵەبجە بۆ بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان بەکاردەهێنن، ئیدی جارێک دەیکەنە تورەکەی سواڵ، جارێکی دیکە دەیکەنە بەرماڵ. چۆنیان بوێت ئاوا بەکاری دەهێنن هەڵەبجە وەک پێویست ئاوەدان ناکرێتەوە، خەڵکی هەڵەبجە چۆن دەژین ئەوە کیشەی ئەو دەسەڵاتە بێباکە نییە!
بۆپیشەوە: حزبەکانی کوردستان هەموو ساڵیک لە یادی تاوانی کۆمەڵکوژی هەڵەبجەدا، دەیان بەڵێن دەدەن، تا ئێستا چی کراوە بۆ قوربانیانی هەڵەبجە و بریندارانی؟ بۆ پاککردنەوەی ژینگەی هەڵەبجە؟
ئەردەلان هەڵەبجەیی: دەسەڵات و حیزبەکانی فێرن ساڵانە بە بەڵێنی درۆ، زۆر شەرمنانە یادەکە بەڕێبکەن، تەنانەت تا ساڵێکیان توڕەیی خەڵک لە درۆکانیان بە ئەو ئاستە گەشت، کە خەڵک مۆنۆمێنتی قوربانییەکانی خۆی بسوتێنێت. ئەمەش توڕەیی و بێزاری خەڵکە بەرامبەر بە بەڵێن و پەیمانە درۆکان کە پاش چەند کاتژمێرێک دوای یادەکە لەبیردەچنەوە، بێ ویژدانییە گەر من بڵیم هیچ نەکراوە بۆ هەڵەبجە، بەڵێ کراوە، بەڵام زۆر کەمە و هەرگیز لە ئاست گەورەیی کارەساتەکە و وێرانبوونی ئەو شارەدا نییە، کە دەڵێم وێران بوون مەبەستم هەموو ڕەهەندەکانی وێران بوونە( ئابوری، کۆمەڵایەتی، ڕۆشنبیری، دەرونی، ژینگەیی … هتد).
بۆپێشەوە: کۆمەڵەی قوربانیانی هەڵەبجە ڕایان گەیاند، کە لیستی بریندارانی هەڵەبجە شێوێندراوە، و کەسانێک خراونەتە لیستەکەوە کە بەرکەوتەی کیمیایی نین و لە ی١٦ سێ دا لە هەڵەبجە نەبوون، بۆچی ئەو لیستانە دەشێوینرێت؟ تەنها لەبەر بەشێک لە منحەیە؟ بە دەقیقی ژمارەی گیانلەدەستدان و برینداری ئەو کۆمەڵکوژیەی هەڵەبجەتان لایە؟
ئەردەلان هەڵەبجەیی: دەسەڵات و حیزب دەیانەوێت لایەنگران و ئەندامانیان ڕازی بکەن، ئیدی بیر لەوە ناکەنەوە، بەوە چ مێژوویەک دەشێوێنن، یان ئەو مێژووە بۆ ئەوان هەر گرنگ نییە، گرنگ ئەوەیە هەواداران و ئەندامانیان لێیان ڕازی بن و لە هەڵبژاردنەکاندا دەنگیان پێبدەن. لەبەر ئەوە زۆر ئاسایی دەبێت بەلایانەوە لیستی بەرکەوتەی کیمیاوی و تەنانەت شەهیدەکانیش بشێوێنن، بە داخەوە من ئاماری ورد و دەقیقی برندار و شەهیدانی کیمیابارانی هەڵەبجەم لەلا نییە.
بۆپێشەوە: دوای تێپەڕبوونی٣٢ ساڵ بەسەر کۆمەڵکوژی هەڵەبجە، تەنها دەوترێت ٥ هەزار کەس بوونە قوربانی، بەڵام هێشتا ئامارێکی فەرمی نییە، کە نیشانی بدات بە دەقیقی قوربانییەکان چەند کەسن؟ چەندیان گیانیان لەدەستداوە؟ چەندیان بریندارن؟ چەندیان پیاو یان ژنن، چەندیان مناڵ و بەتەمەنن؟ هۆی ئەمە بۆچی دەگەڕێتەوە؟
ئەردەلان هەڵەبجەیی: ئەوەی تۆ دەیڵێیت بە دەسەڵاتێکی سیستەماتیک دەکرێت کە لە خەمی میللەتەکەی و مێژوو وە ڕابردوو داهاتوویدا بێت، کە ئەوانەش پێویستی بە چەندین ئۆرگان و لێکۆڵینەوەی ورد و کەسانی پسپۆڕ هەیە، بێگومان ئەوانیش لە خەمی ئەو خەمە گەورەدا نین!
بۆپێشەوە: دوای ٣٢ ساڵ بەسەر تاوانی کۆمەڵکوژی هەڵەبجەدا، دەسەڵاتی سیاسی لە کوردستان، ئەو کەیسە وەکو سەرمایەی سیاسی بەدەستەوە گرتووە، کەچی بۆ قەرەبووکردنەوەی هەڵەبجە کەمترین هەنگاو نانێت، چۆن دەڕواننە ئەو مامەڵەیەی دەسەڵاتی سیاسی
ئەردەلان هەڵەبجەیی: مامەڵەیەکی زۆر نابەرپرسانەیە بەرامبەر هەڵەبجە و کەیسی هەڵەبجە، لەلای دەسەڵات پرسێکی سیاسییە چۆنیان بوێت بۆ بەرژەوەندی خۆیان، ئاوا بەکاریدێنن، هەر وەک گوتم ئاوەدانکردنەوەی هەڵەبجە بە هەموو ڕەهەندەکانییەوە، خەمی گەورەی ئەو دەسەڵاتە نییە.
بۆپێشەوە: لەئاستی فەرمی و نێو دەوڵەتیدا، چ هەنگاوێکی بەرجەستە نراوە، بۆ قەرەبووکردنەوەی قوربانیانی هەڵەبجە؟ بۆ بەسزا گەیاندنی تۆمەتبارانی ئەو تاوانە؟ بۆ بە جینۆساید ناساندنی؟
ئەردەلان هەڵەبجەیی: هەنگاو بۆ ئەو کارە نراوە، بەڵام دیسان خەمساردییەکی پێوە دیارە و دەکرا کاری شیلگیرانەتر بکرێت و ئەنجام بدرێت.
بۆپێشەوە: لاتان وایە دەبێ چ بکرێت، بۆ ئەوەی تاوانی کۆمەڵکوژی لەشیوەی هەڵەبجە، دووبارە نەبێتەوە؟ دەوڵەتی عێراق لەوبارەیەوە چی دەکەوێتە ئەستۆ؟
ئەردەلان هەڵەبجەیی: دەبێت لە ئاستی نێودەوڵەتیدا شێلگێرانەتر کار بۆ ئەو دۆسییە بکرێت، هەروەها دەبێت میللەت و گەلانی ئێراق هێندە هۆشیار بن، کە ڕێگانەدەن دیکتاتۆرێک لەشێوەی دیکتاتۆری پێشوو دروست بێت و حوکمڕانییان بکات، دەوڵەتی عێراق لە ئێستادا دەوڵەتێک نییە لەسەر پێکانی خۆی وەستابێت و حوکمی گەلانی ئێراق بکات، دەوڵەتێکە زلهێزەکان و دەسەڵاتە ناوچەییەکان بەڕێوەی دەبەن کاریگەری ڕاستەوخۆیان هەیە لەسەر هەموو بڕیارەکانی. ئەم بە ناو دەوڵەتە خاوەنی هیچ بڕیارێکی خۆی نییە تا بتوانێت بڕیارێکی لەو جۆرەبدات، یان کار بۆ ئەوە بکات کە جینۆسایدێکی دیکە لە مێژووی ئێراقدا دووبارە نەبێتەوە، کە دووبارە بویەوە و هەر وەک لە شەڕی تیرۆریستانی داعشدا بینیمان، چی کرا بە یەزیدییەکان و چییان بەسەرهات.؟!
بە بۆچونی من دەوڵەتێکی عەلمانی دابمەزرێت کە لەسەر بنەمای هاوڵاتی بوون مامەڵە لەگەڵ گەلانی ئێراقدا بکات، نەک لەسەر بنەمای ئاین و نەتەوە، ئەو دەوڵەتە دەتوانێت هەنگاو بنێت وکار بۆ ئەوە بکات، کە هەڵەبجەیەکی دیکە دووبارە نەبێتەوە.
بۆپێشەوە: خەڵکی هەڵەبجە، دەبێ چۆن مامەڵە لەگەڵ کەیسی هەڵەبجە و قوربانیەکانی بکەن؟
ئەردەلان هەڵەبجەیی: هەڵەبجە لە ناخی هەڵەبجەییەکاندا برینێکە بەردەوام خوێنی لێ دەچۆڕێت، برینێکە لە ناخی خۆماندا هەڵمانگرتووە و خۆشماندەوێت، ئێمە زۆر تەنها بووین لەبەردەم تۆفانی گازی کیمیاوی و بێ ڕەوشتی ئەم چەرخەدا، ئێستاش هەر تەنهاین، ئێستاش هەر قوربانین، قوربانی ناعەدالەتی و نا بەرابەرییەک کە لەم کۆمەڵگەیەدا بوونی هەیە!
ئەردەلان هەڵەبجەیی: خەڵکی هەڵەبجە دەبێت فشارێکی شێلگیرانە لەسەر دەسەڵات دروست بکەن بۆ ئەوەی دۆسییەی هەڵەبجە ڕاستگۆیانە و زانستییانە مامەڵەی لەگەڵ بکرێت و لە هەموو ڕەهەندەکانەوە هەوڵی ئاوەدانکردنەوەی بدرێت.
 
Leave A Reply

Your email address will not be published.