هەڵەبجە….. H2+02
هەڵەبجە….. H2+02
جمال نوری
لەڤیستڤاڵی یەکەمی هەڵەبجەی شەهید لەساڵی 1992 ، ئەوکات سەرگەرمی کاری ڕۆژنامەگەری بووم، بەنیازی ئەنجامدانی ڕیپۆرتاژێکی رۆژنامەنووسی بووم بۆ ئەو یادە .
لەوێندەرێ سەرکردەی هەموو حزبەکانی بەرەی کوردستانی هاتبوون، ڤیستڤاڵ دەستی پێکردو بۆ یەکەمجار هونەرمەندی گۆرانیبێژ (ناسری ڕەزازی) لەسویدەوە، گەڕابووە کوردستان و بەشداری ڤیستیڤاڵەکەی کرد، سروودی (هەڵەبجە هێرۆشیمایە)ی لەوێ چڕی.
دوای تەواوبوونی لەگۆرانیەکەی بە هەلێکی باشم زانی دیدارێک لەگەڵ ناسری رەزازی ئەنجام بدەم، دوایی وتوێژکردن پێی وتم وەرە بۆ ئوتێل (ابو سەناء) ی سلێمانی، چاوپێکەوتنەکە ئەنجام بدە،
پاشان لەناو ئاپۆرەی خەڵکیدا، چاوم کەوت بە کەسێکی بیانی بەناوی (جیمی),خەڵکی (نیقۆسیا)بوو، پێم وت;-
+هەڵەبجە چۆن دەبینی؟
_ وتی مەبستت چییە؟
+وتم :- واتە کارەساتی کیمیابارانی هەڵەبجە چۆن دەبینی؟
“چەند لاپەڕەیەکی سپیم بەدەستەوەبوو،
وەرەقەیەکی سپی لێوەرگرتم و بەقەڵەمەکەی دەستی نووسی” .
H2+o2————>H2O
_وتی لەم هاوکێشەیە تێ دەگەی ؟
+وتم:-
بەڵێ لە وانەی کیمیا لەبەشی زانسستی خوێندومانە .
_وتی:-
ئەو هاوکێشەیە، هاوسەنگە؟
+وتم:- نەخێر .
_وتی کەواتە جارێ ئاوت دەست نەکەوتوە؟
+وتم :-بەڵێ جارێ ماددەکان تەفاعلیان نەکردوە؟ وتی دەی چۆن تەفاعل دەکا؟
+وتم 2 بۆلای چەپی هاوکێشەکەو 4 بۆ لای ڕاستی هاوکێشەکە دائەنرێ و دواتر ئاو دێتە بەرهەم .
_وتی هەموو جیهان دەیانزانی عێراق چەکی کیمیایی هەیە، بەڵام ئەوەی ڕێگای بۆ خۆشکرد عێراق چەکی کیمیایی بڕێژێ ئەوە سەرانی کورد خۆی بوو، چونکە لەودەمەدا بوونە پاڵپشت و هەماهەنگی بۆ ڕژێمی ئێران و هاتنە ناوەوەی سوپای پاسداران بۆ ناو سەنتەری شاری هەڵەبجە، کە لەودەمەدا عێراق دۆستی ئەوروپاو ڕوسیاو ئەمریکاش بوو هەموویان دژ بە کۆماری ئیسلامی ئێران بوون، بۆیە هیچ کاردانەوەیەکیان لەودەمەدا نەنوناندو گوێی خویان لەئاست ئەو تاوانکارییە بێ وێنەیە لێ خەواند؟ بەڵام:
+پێم وت :- ئەی ویژدانی مرۆڤایەتی لەکوێی ئەم معادەلەدایە؟
وتی:- لەهیچ کات و سەردەمێک پرسی ئینسانی لەمعادلە سیاسی و ئابوریەکاندا خۆیان نابیننەوە، تا بەرژەوەندییە ستراتیژیەکان وەستابن پرسی ئینسانی محەلی لە ئیعرابدا نییە؟
+وتم:- ئەی قوربانیدانی خنکاندنی ٥ هەزار لە منداڵ و ژن و جوان و باڵندەو ئاژەڵ و کانیاو ڕەزو باخ و چوزانم …لەئەستۆی کێ دایە؟
-وتی تەواوی قوربانیەکان لەئەستۆی وڵاتانی ئەندام لەئەنجومەنی ئاسایش و وڵاتانی جیهانی و عالەمی عەرەبی و تەواوی ئەو کۆمپانیایانەی چەکی کۆکوژیان بەعێراق فرۆشتوەو بەرهەمیان هێناوە لەگەڵ بکەرانی هەڵگیرسانی جەنگی (عێراق -ئێران), لەگەڵ سەرانی کورد خۆی تاوانبارن لە بەکارهێنانی کیمیایی هەڵەبجە!
بەڵام ڕیپۆرتاژەکەم هەر ئەوکات لەلایەن بەرەی کوردستانی و ئاسایشیەوە کاسێتەکەیان لێ سەندم و نەیانهێشت بیبەمەوە، بەڵام لەڕۆژنامەکەش هیچ هاوکارم نەبوون بۆ بڵاو کردنەوەی ڕاستیەکان!