نوری بەشیر: قسەکردن لەمێژووی سێ دەیەی رابردوو لەکوردستاندا بەبێ قسەکردن لە ڕاپەرین و شوراکان لە دەوری بەرجەستەی کۆمۆنیستەکان و جەماوەری ناڕازی و دژی رژێمی بەعس و بۆ دەسەڵاتداریتی خەڵک هاتنە مەیدان، مێژوویەکی ناتەواو شێوێنراوە.

0

 

گفتوگۆی بۆپێشەوە لەگەڵ نوری بەشیر یەکێک لە هەڵسوراوانی بزوتنەوەی شورایی سەبارەت بە ٢٩ ساڵ تێپەڕین بەسەر ڕاپەڕینی خەڵکی کوردستاندا…

بۆپێشەوە: دوای نزیک بە٣٠ ساڵ لە وەدەرنانی بەعس لە کوردستان، جیاوازی سەرەکی نێوان دەسەڵاتی بەعس و دوای بەعس چییە؟ حزبە بۆرژوازییەکانی کوردستان، بەدوای ڕاپەرینی خەڵکی کوردستاندا، بەڵێنی کردنی کوردستان بە بەهەشتیان دەدا، بنەمای ئەو بەڵێنانە چی بوو؟ بۆچی نەیانتوانی ویستەکانی خەڵکی کوردستان وەدی بێنن؟

نوری بەشیر: لەبەرئەوەی نەوەیەکی تازە پێگەیشتووە لەکوردستان کەمتر بە مێژووی دەسەڵاتی حزبی بەعس و دەسەڵاتی حزبەکانی کوردایەتی ئەوکاتە ئاشنان، ئەم گەنجانە تەمەنیان لەنێوان ١٨ بۆ ٢٥ ساڵ دەبێت، لەبەرئەوەی خۆیان لەناو هەلومەرجەکەدا نەبوون کەم تا زۆر ئەگەر مێژووی ئەو دەورەیەیان بیستبێت دەماودەم یان لەزمانی حزبە دەسەڵاتدارەکانی کوردستان و میدیاکانی ئەوانەوە قسەی لێکراوە یان مێژوویان نوسیوەتەوە و ئەوەش بەئارەزووی خۆیان و لەبەرژەوەندی دەسەڵاتی خۆیانەوە باسیان کردووە، هەربۆیە سەرەتا کەمێک لەسەر ئەو دەورانە قسە دەکەم.

ئێستا کە  نزیکەی سێ دەیە بەسەر دەسەڵاتدارێتی حزبە ناسیونالیستەکانی کوردستاندا تێدەپەڕێت، کە لەئەنجامی ڕاپەڕینی خەڵک لە دژی دەسەڵاتدارێتی دیکتاتۆری حزبی بەعس لەکوردستان هاتنە سەر دەسەڵات، هەر ئەو کات کە کۆمۆنیستەکان و ژنان و پیاوانی ئازادیخوازو داخ لەدڵ لە سیاسەت و کردەوەکانی حزبی بەعس ڕاپەڕین هەر دوای پاککردنەوەی شارەکانی کوردستان لە هێزە سەرکوتگەرەکانی بەعس، شوراکان لەکوردستان وەک دەسەڵاتدارێتی خەڵک دەستیان بۆ براو بزووتتەوەی شورایی وەک بزوتنەوەیەکی سەرتاسەری لەکوردستاندا خەڵک پێی ئاشناو نزیک بوو، وە ترسی خستە دڵی حزبەکانی کوردایەتی پارتی و یەکێتی تا دەگاتە ئیسلامیەکان، لەبەرئەوەی سیاسەتی ئەوانی خستبووە ژێر پرسیارەوە، بۆیە تا ئێستاشی لەسەربێت قسە لەسەر ئەم مێژووە ناکەن، وە هەتا زۆر ڕۆناچن بۆ دەسەڵاتدارێتی حزبی بەعس، لەبەرئەوەی هەریەکەیان لەگۆشەیەکەوە پەیوەندیەکی بەجۆرێک لەگەڵ حزبی بەعس و دەزگاکانی هەبووە.

قسەکردن لەمێژووی سێ دەیەی ڕابردوو لەکوردستاندا بەبێ قسەکردن لە ڕاپەرین و شوراکان کە دەوری بەرجەستەی کۆمۆنیستەکان و جەماوەری ناڕازی و دژی رژێمی بەعس و بۆ دەسەڵاتداریتی خەڵک هاتنە مەیدان، مێژوویەکی ناتەواو و  شێوێنراوە. هەر بۆیە هەر مێژوونوسێک ئەو مێژوو بنوسێتەوە و باسی دەوری شوراکان نەکات، ئەوە دەیەوێت مێژوو بەدڵی خۆی و دەسەڵاتی ناسیونالیزمی کورد بنوسێتەوە. بۆیە لێرەوەیە ئەگەر بێمەسەر پرسیارەکەتان لە جیاوازی سەرەکی نێوان دەسەڵاتی بەعس و دوای بەعس چییە، ئەوا دەتوانین بڵیین:

ئەو دوو دەورەیە هەم جیاوازی هەیە و هەم خاڵی لەیەکچونیش، سەرەتا ئەوەبڵێم ئەوەی گۆڕاوە لە عێراق و کوردستاندا تەنها دەموچاوەکانە، لە دەسەڵاتدارێتی بۆرژوازی قەومی عەرەبی حزبی بەعسەوە بۆ دەسەڵاتدارێتی بۆرژوا قەومی ئیسلامی میلیشیایی عەرەبی لەعێراق و دەسەڵاتدارێتی بۆرژوا ناسیونالیستی کوردی لەکوردستان، هەردوولایان دۆستی نزیکن و لە ئێستادا دەسەڵاتدارن، لەیەکچوون ئەوەیە کە هەردوو دەسەڵاتی ئەوکات و ئێستاش دەسەڵاتی بۆرژوا قەومی و نوێنەرانی چینی بۆرژوازی و سەرمایەدارن و کەلێنی نێوان چینەکان لەهەردوو دەورەکەدا ئاشکرایە، واتا دەورەی سەردەمی دەسەڵاتی بەعس و دەورەی دەسەڵاتی حزبەکانی کوردایەتی، کۆمەڵگە وەک کۆمەڵگەی سەرمایەداری و کەلێنی چینایەتی نێوان دەوڵەمەندو هەژاران زۆر ڕوون و دیارە، ئەوەیش خەڵکانێکی کەم سەروەت و سامانی کۆمەڵگەیان لەبەردەستدایە و زۆربەری زۆری کۆمەڵگەش برسی و هەژار. دەسەڵاتی ئەوکات دەسەڵاتی بۆرژوا ناسیونالیستی دیکتاتۆری بێپەردەی عەرەبی بوو کە راستەوخۆ سەرکوت و کوشتار و برسیکردن و جەنگی هەڵدەگیرسان لەدژی هەموو خەڵکی عێراق بە عەرەب و کوردەوە، بەڵام ئێستا لە کوردستان دەسەڵاتی بۆرژوا ناسیونالیستی کورد بەهەموو باڵەکانیەوە سەرکوت و برسیکردنی خەڵکی کوردستانی کردووەتە بەشێکی سەرەکی لەکارنامەی خۆی و هەروەها شەریکە بەشی بۆرژوا ناسیونالستی ئیسلامی و میلیشیایی عەرەبیە لە تاڵانکردنی سەروەت و سامانی کۆمەڵگەی عێراقدا. واتا ئەم دەسەڵاتەی ئێستا هەم لەسەروەت و سامانی خەڵکی عێراق دەخوات و هەم لەهی خەڵکی کوردستان.

ئەوەی بەجیاوازیەکان دەگەڕێتەوە لە ئێستای کوردستاندا هەلومەرجێکی ئاوەڵای سیاسی هەیە، ئەوەیە لەسەر ئاستی ناوچەکە هەلومەرجەکە گۆڕاوە و لە ساڵی ٢٠١١وە چەندین جار خەڵکی ناڕازای ڕاپەڕین و هاتنەمەیدان. لەباکوری ئەفریقا دەسەڵاتەکانی میسرو تونسی هێنایە خوارەوە و لە سودان بەهەمان شێوە و ڕژێمی بەعسیش ڕووخا لەلایەن ئەمریکاوە، لە کوردستان چەندان ناڕەزایەتی ئەنجامداوە و بە دروشمی نەخێر بۆ دەسەڵاتی کوردایەتیش هاتنەمەیدان. لەچەند مانگی رابردوودا لە لوبنان و عێراق و ئێرانیش دەسەڵاتەکانیان خستۆتە ژێر فشارێکی گەورەوە و عومەر حەسەن بەشیریان هێنایە خوارەوەو ئێستا بەناچاری بۆرژوازی خۆی دادگایی دەکات، حەریری لەلوبنان و عادل عبدولمەهدیان ناچار بە وازهێنان کرد. وە کوردستان نە دەوڵەتی سەربەخۆیە و نەبەشێکە لە وڵاتێکی جێگیری سیاسی، کوردستان لەلایەن ئەم نوێنەرانەی کوردایەتیەوە بە دوو زۆنی زەرد و سەوز دابەشکراوە، وە هەریەکە هێزی میلیشیای خۆی هەیە و حزبەکانی تر لەو بەینەدا یاری دەکەن، بۆیە دەسەڵاتەکەیان ناجێگیرە و خەڵکیش زۆر لێیان توڕەو خۆشخەیاڵیان بەدەسەڵاتی کوردایەتی لاواز بووە، هەر بۆیە ئەم حزبانەی کوردایەتی ئێستا ناتوانن بەئارەزوی خۆیان بەردەوام سەرکوتی بێپەردە بکەن.

تا بە بەڵێنی حزبەکانی کوردایەتی دەگەڕێتەوە بەوەی کە کوردستان دەکەنە بەهەشت، ئەوە سەرەتای دەسەڵات و لەکاتی هەڵبژاردنەکاندا وەعدە و بەڵینێکە وەک باقی حزبە بۆرژوازیەکانی دنیا خۆڵ دەکەنە چاوی خەڵک تا دەستیان لەدەسەڵات گیردەبێت. بەڵام لەباری واقعیەوە کوردستان بۆ دەسەڵاتی یەکێتی و پارتی و گۆڕان و ئیسلامیەکان و سەرۆک و لێپرسراوان و ئەندام پەرلەمان و وەزیرەکان و سەرمایەداران و مەلاو شێخەکانی دەوریان بەهەشتە و هەرچی سەروەت و سامانی کۆمەڵگە هەیە لەچنگیاندایە و بەئارەزووی خۆیان سەرف دەکەن و سەفەرو سیاحەتی پێوە دەکەن بۆخۆیان و خێزانەکانیان.

بەڵام  لەولاوە کوردستان بۆ خەڵکی کرێکارو کەمدەرامەتی کۆمەڵگە لە مامۆستا وکارمەند و کاسبکارو بێکارو لاوان و ژنان جەهەنەمە. هەرلەبەر ئەمەیشە نەک نەیانتوانی ویستەکانی خەڵکی کوردستان وەدی بێنن، بەڵکو نایانەوێت و لە بەرنامەیان نییە، لەبەرژەوەندی دەسەڵات و میلیشیاکانیان نییە، لەبەرئەوەی دەسەڵات و ماهیەتی سیاسەت و کارنامەیان نوێنەرایەتی خەڵك ناکەن تاکو داواو خواستەکانی خەڵک بەدیبهێنن.

ئەم حزبانەی بزوتنەوەی کوردایەتی وەک هەموو حزبە بۆرژوازیەکانی ناوچەکە، وەک حکومەتی میلیشیاکانی عێراق، جمهوری ئیسلامی ئێران، ئۆردوگان، بەشار ئەسەد، نوێنەری خەڵک نین بەڵکو لەسەر ژیان و خوێنی خەڵك دەژین.

 بۆپێشەوە: لەدڵی ڕاپەڕینی خەڵکی کوردستان، چەپ و کۆمۆنیستەکان هاتنە مەیدانی بەکردەوە، و بزوتنەوەی شوراییان وەڕێخست، ئەمە چۆن بوو؟

نوری بەشیر: هاتنەمەیدانی کۆمۆنیستەکان و چەپەکان و خەڵکی کرێکارو ئازادیخوازی کوردستان لەڕاپەڕین و دوایی وەرێخستنی بزوتنەوەی شورایی هەر لەخۆوە و دیاردەیەکی کوتوپڕی ئەوکاتە نەبوو، بەڵکو بەرئەنجامی هەلومەرجێکی کۆمەڵایەتی، سیاسی و ئابووری کۆمەڵگای کوردستان و عێراق بوو، کە کەلێنی چینایەتی کۆمەڵگەی کوردستان وەک کۆمەڵگەکی شاری و فراوان بووبووەوە و لەدڵی ئەو هەلومەرجە سیاسی و ئابووریەدا کۆمۆنیستەکان لەدەرەوەی سیاسەت و قەڵەمڕەوی بزووتنەوەی ناسیونالیزمی کورد و دەسەڵاتی حزبی بەعس بەدەیان گروپ و رێکخراوی مارکسی هەبوون  کارو چالاکیان دەکرد و بەرچاو بوون.

بۆیە کاتێک فرسەتێک هەڵکەوت بەرئەنجامی هەلومەرجێکی جیهانی و ناوچەیی، ڕاپەڕین لە جنوب و کوردستان دروستبوو کۆمۆنیستەکان لەژێر کاریگەری کۆمۆنیزم و مارکسیزمی شۆڕشگێڕی ئێراندا بەدوای شۆڕشی ساڵی ١٩٧٩ی ئێراندا، توانیان بەئامادەییەکی زیاترەوە بێنەمەیدان و لەدڵی ئەو هەلومەرجەدا دەستبەرن بۆ شوراکان.

شوراکان وەک دەسەڵاتدارێتی جەماوەری کرێکارو کەمدەرامەتی کۆمەڵگە کە کۆمۆنیستەکان لەپێشەوەی بوون، وەک هێزێکی جەماوەری بەرفراوان کە رێزێکی… فراوان لەژنان و پیاوانی توڕە لەرژێمی فاشیستی بەعس و لاوانێکی زۆر لە کچان و کوڕان لەشوێنی کارو ژیاندا لەگەڕەکەکان بە بانگەوازی کۆمۆنیستەکان کۆبوونەوە لەدەوری یەک، و لەرێگای کۆبوونەوە گشتیەکانەوە شوراکانیان سازدا.

ئەم شورایانە بۆیەکەمین جاربوو لەمێژووی کوردستاندا و لەدەرەوەی قەڵەمڕەوی ناسیونالیزمی کوردا هێزێکی وا بێتە مەیدانەوە بە پێچەوانەی کارنامە و بەدیلی حزبەکانی کوردایەتیەوە کە تا ئەوکات ساحەی سیاسی کوردستانیان داگیرکردبوو. بۆیە شوراکان هەموو ئەو حزبانە و لەسەرو هەموویانەوە یەکێتی و پارتی ترساند و توڕەی کردن و هاوپەیمانیان دژی شوراکان دروستکرد و کەوتنە پڕوپاگەندە بە دژی شوراکان و پاشەکشە پێکردنی.

ڕاستە ماوەی  شوراکان کورت و کەمبوو وە لەلایەن ناسیونالیزمی کوردەوە پاشەکشەی پێکرا، بەڵام مۆری خۆی دا لەکۆمەڵگەی کوردستان وەک بزوتنەوەیەک لە تەرح و پێشنیاری کۆمۆنیستی و کرێکاریی بۆ بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە.

بۆپێشەوە: ئەوانەی مێژوو دەگێڕنەوەو دەنووسن، بە دەگمەنیش باسی بزوتنەوەی شورایی ناکەن، هۆکاری ئەمە چییە؟

نوری بەشیر: ئەمەوێت تاکیدێک لەوە بکەمەوە نوسینەوەی مێژووی سێ دەیە و چواردەیەی کوردستان بەبێ باسکردن لە دەوری کۆمۆنیستەکان و ڕاپەڕین و بزوتنەوەی شورایی کارێکی ناتەواوە و تەنها دەبێتە مێژووی هەڵگێڕاوە و چەواشەکاری کە ناسیونالیزمی کوردو حزبەکانی کوردایەتی و ڕۆشنبیرە ناسیونالیستەکانی نان بەنرخی ڕۆژ فرۆشەکان دەستی بۆ دەبەن، کە ئەو مێژووە ناتەواو و لەبەرژەوەندی خەڵک نییە.

بەڵام ڕاستیەک بۆخەڵکی کوردستان ڕۆشنە کە ئەو مێژووەی ئەوان دەینوسنەوە و قسەی لەسەر دەکەن،  ناتوانێت کارنامەی ڕۆژانەیان لە ژیانی دوو نەوەی کوردستاندا یان ئەگەر ٢٠ ساڵی ڕابردوو لەبەرچاو بگرین بشارێتەوە و بیشێوێنن، کە هەمووی لەبەردەستی خەڵکی و بەتایبەت لاوانی کوردستاندایە، کە رۆژانە نەفرەتیان لێدەکەن لەبەرئەوەی بە خوێن و گۆشتی خۆیان تەجروبەی دزی، گەندەڵی، تاڵانکاری، فەساد، نایەکسانی، سەرکوت، تیرۆرو نۆکەریان بۆ وڵاتانی ناوچەکە و ئەمریکا بەچاوی خۆیان بینێوە و تاقیکردووەتەوە.

ناڕەزایەتیەکانی ڕۆژانەی خەڵک و لاوان لەکوردستان زۆر بەرچاوە، تا دەگاتە ئەوەی کە لاوان لەداخی دەسەڵاتی ئەو حزبانەی کوردایەتی کوردستان بە گرتنەبەری رێگای هاتوو نەهات جێدەهێلن، هەتا میدیا چەواشەکارەکانی خۆیان ناتوانن ناڕەزایەتییەکان پەردەپۆش بکەن. ئەگەر کەسێک و مێژوونوسێک ڕاستگۆیانە مێژووی ئەم دەسەڵاتە بۆرژوازیەی کوردایەتی بنوسێتەوە، ئەوا دەبێت مێژوو و ئاماری تاڵانکاری، تیرۆری رۆژنامەنوسان، ئازادیخوازن، کۆمۆنیستەکان، تیرۆی ژنان، وازهێنانی منداڵان لەقوتابخانە و ڕەوانەی بازاڕی کارو عەلاگە فرۆشی، خۆشخزمەتی بۆ دەوڵەتانی ناوچەکە و پێشلەشکری بۆ هێزە دڕندەکانی عێراق، تورکیا و ئێران ئاماژە پێبدەن، نموونەکانی بۆ هەموو خەڵکی کوردستان لە ٣١ی ئابی ١٩٩٦ و پێشلەشکری بۆ هێزەکانی حکومەتی بەعس، پێشکەوتنی دەبابەکانی تورکیا لە ئیبراهیم خەلیلەوە بۆ کوردستان، ١٦ی ئۆکتۆبەر و پێشلەشکری بۆ حەشدی شەعبی و سوپای پاسدارانی جمهوری ئیسلامی ئێران و تەسلیم کردنەوەی نیوەی خاکی کوردستان بە دەوڵەتی مەرکەزی و میلیشیاکانی حەشدی شەعبی نەک بۆ خەڵکی کوردستان بۆ دنیا شاراوە نییە.

کۆتا قسەم لەسەر ئەوانەی مێژوویان بەوشێوەیە نوسیوەتەوە کەباسی شوراکان و ڕۆڵێ کۆمۆنیستەکان و خەڵکی کرێکارو کەمدەرامەتیان نەکردووە ئەوەیە، ئەوە میژوویان شێواندووە و لەبەرژەوەندی ئەو هێزانە نووسیویانەتەوە کە ئێستا خەڵک  نەفرەتیان لێدەکەن. ئەو مێژووە نوسراوەیە مێژووی دژی خەڵکیە، هەر وەک دەسەڵاتی ئێستا دەسەڵاتی دژی خەڵکیە.

بۆپێشەوە: بزوتنەوەی شورایی تەمەنی کورت بوو، بەڵام دیاردەیەکی نوێ و جێگای پێشوازی خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێش بوو. هۆکانی ڕو‌هێنانی خەڵکی بەشمەینەت بۆ شوراکان چی بوو؟!!

نوری بەشیر: هۆکاری ڕو‌هێنانی خەڵکی بەشمەینەت لە خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێش بۆ شوراکان دەکرێت لەچەند لایەنەوە قسەی لەسەر بکەین. سەرەتا ڕاپەڕین دەوری بەرچاوی کۆمۆنیستەکان و خەڵکی ناڕازی و لاوانی تووڕە لەدەسەڵاتی بەعس لەشارەکانەوە دەستی پێکردو خەڵک ئەو هێزەی بینی کە ڕاپەرینی شاریی بوو، بەپێچەوانەی ناسیونالیزمی کورد کە خەباتی شاخ و دابڕان لەناڕەزایەتی جەماوەری کردبووە بەرنامەی خۆی بۆ ئەوەی دەسەڵات لە قەڵەمڕەوی خۆیدا بێت. خاڵێک کە دەورو کارکردی پارتی و یەکێتی کە تا ئەوکات لە مەرزەکان و لەئێران توند بووبوون دەورێکی وایان نەبوو تا ئەوکاتەی ڕاپەڕین روویدا و شارەکان لەحزبی بەعس پاکرانەوە ئەوسا ئەوان هاتنە ناوەوە، ئەمە تەنها قسەی من و خەڵکیش نییە، بەڵکو قسەی زۆرێک لەسەرانی یەکێتی و پارتی بوو کە وتیان کاتێک ئێمە لە مەرزەکانەوە هاتینەوە، شارەکان لە هێزەکانی بەعس پاککرابوونەوە.

خاڵێکی تر دەوری سلبی ئەوان لەشاخدا و لەشەڕی ناوخۆیی و کوشتاری یەکتری و کارنامەی ” شەڕ، مفاوەزات، شەڕ” یان لەگەڵ ڕژێمی بەعس و خۆخزانە باوەشی وڵاتانی ناوچەکە و  بینینی ئەوەی کە ئەوان هەموو شتێکن و خەڵک لەشارەکان هیچ نین، ڕاپەڕین ئەوەی پێچەوانە کردەوە و کۆمۆنیستەکان و چەپەکان لەکوردستان بەجیا لەوەی کەوتبوونە بەر هێرشی ڕژێمی بەعس و زۆرێکیان لەزینداندا بوون، بەڵام لە شارەکاندا چالاک بوون و لە پێش ڕاپەڕین کۆمیتەکانی ڕاپەڕینیان دروستکرد و لەپێشەوەی هێرشەکاندا بوون کە ڕژێمی بەعسیان لە کوردستان وەدەرنا.

 بانگەوازی شواراکان و داواکاری خواستی سەرەکی “نان، کار، ئازادی و حکومەتی شورایی” و هەروەها ئەنجامدانی کۆبوونەوەی گشتی لەگەڕەکەکان و کارگەکاندا بۆ بەشداری خەڵک لەچارەنوسی خۆیاندا، ئەوانە وایان کرد زۆربەری خەڵکی لەدەوری شوراکان کۆببنەوە.

بۆپێشەوە: کۆتاییهینان بەدەسەڵاتی سەکوتگەرانەو تاڵانچی نزیک بە سێ دەهەی بزوتنەوەی کوردایەتی لە گرەی چیدایە؟

نوری بەشیر: ئەم پرسیارە زۆر هەڵدەگرێت، بەڵام دەکرێت بڵێین کۆتایهێنان بە دەسەڵاتەکانی حکومەتەکانی ناوچەکە لەگرەوی چیدایە، بۆ دەسەڵاتدارێی کوردستانیش هەمان شتە، ئەگەرچی تا ١٧ی شوباتی ٢٠١١ لەکوردستاندا سەختربوو وەک لەوڵاتانی ناوچەکە بەهۆی کۆمەڵێک هۆکارەوە، کە یەکێک لەوانە خۆشخەیاڵی خەڵک بەدەسەڵاتی ناسیونالیزمی کورد و چەواشەکاریەکانی، بەڵام خۆشبەختانە ئێستا خەڵكی کرێکارو کەمدەرامەتی کۆمەڵگە و لاوان، نەک تەنیا تەجروبەی ٣٠ ساڵ لە دەسەڵاتدارێتی حزبە ناسیونالیستەکانی کوردایەتی لەبەردەمدایە، وەک ئێوە دەڵێن لەسەرکوت و تاڵانچێتی، کە خەڵک بەکردەوە بۆی دەرکەوت کە کاتێک برسی بکرێت، سەرکوت بکرێت، لەبەردەم زیندان و لێدان و کوشتن و تیرۆردا بێت، سەروەت و سامانی کۆمەڵگە بەتاڵان ببرێت و خەڵک خۆی خێزان بەهاوسەرو منداڵەکانیەوە برسی بێت، چ دەسەڵاتدارێتی بۆرژوازی عەرەبی و ئێرانی و تورکی ئەنجامی بدات، یان  دەسەڵاتدارێتی بۆرژوازی کوردی ئەنجامی بدات وەک ئەوەی ئێستا دەیبینین، بۆخەڵک هیچ جیاوازی نییەو یەک چارەنوسە. واتە خەڵک کەمێک لە خۆشخەیاڵیەکانی نەماوە، واتە باشترە لە ساڵی ١٩٩١ لەدەورەی شوراکان و هەڵبژاردنەکانی ئەوکات، کە ئێمە بانگەوازمان دەکرد و دەمانوت حزبەکانی کوردایەتی و لەسەرویانەوە پارتی و یەکێتی نوێنەری سەرمایەداران، شێخ و مەلاو مشەخۆرانن، بەڵام ئێستا زۆربەی خەڵکی کوردستان قسەکانی ئێمە دەکەن.

هەربۆیە خەڵکی کوردستان بەتایبەتی کرێکاران و کەمدەرامەتی کۆمەڵگە لەم سی ساڵەدا و بەتایبەت لە ١٧ی شوباتی ٢٠١١ وە پێی ناوەتە قۆناغێکی تازەوە کە نەفرەت لەدەسەڵاتی پارتی و یەکێتی و ئیسلامیەکان بە حکومەتی بنکە فراوانەکەیان و ئێستای حکومەتە سێ کوچکەکەی پارتی و یەکێتی و گۆڕان دەکەن.

بەڵام هێشتا ئەم نەفرەتە کافی نییە، بۆ ئەوەی خەڵکی کوردستان بە کرێکارو کەمدەرامەت لە مامۆستا، کارمەند، کاسبکار و بێکار و ژنان و لاوانی کوردستان لەم دەسەڵاتە تاڵانچی و مافیا و گەندەڵکارانە رزگاریان ببێت، دەبێت وشیارانەتر بێنە مەیدانەوە، واتە لە خۆشخەیاڵی بە ناسیونالیزمی کورد، بەهەموو حزبە رەنگاوڕەنگەکانی بە سیاسەت و کارنامەی، بە شیعار و دروشم و بەڵینەکانی، بە مقەدەسات و پیرۆزی و سەوابتەکانی ئەوان خۆیان ڕزگار بکەن.

 واتە خەڵك دەبێت لەدەرەوەی حزبەکانی کوردایەتی و سیاسەتی ناسیونالێزمی کورد بێتەمەیدان، هەروەک ئێمە کۆمۆنیستەکان چۆن لەپێش ڕاپەرینەوە لەهەموو سیاسەت و سونەت و کارنامەی ناسیونالیزمی کورد خۆمان جیاکردەوە و لەبەرژەوەندی خەڵکی کرێکارو کەمدەرامەتەوە راپەڕینمان ئەنجامدا و دەستمان بۆ شوراکان برد، خەڵک دەبێت ئەم کارە بکات، ئەمە لایەنێکە.

لەلایەکی ترەوە خەڵک دەبێت وشیارانە خۆی ڕێکخراو بکات، خۆی لە حزبی سیاسی بەئاسۆی کرێکاریی و کۆمۆنیستی بێتەمەیدان و خۆیان ئامادە بکەن. خەڵک زەرورە رێکخراوبن لە شوراکانی گەڕەک و کارگەکان و قوتابخانەکاندا خۆیان ڕێکخراو بکەن و نوێنەرانی ئەمان لە شوراکانی شار دامەزرێنن و نوێنەرانی شارەکان شورای وڵات دامەزرێنن بۆ بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە.

دەرسەکانی چەند مانگی ڕابردووی سودان، لوبنان، عێراق، ئێران و تا دەگاتە دەرسەکانی میسر و تونس و ١٧ شوباتی کوردستان، ئەوەیە کە خەڵک دەبێ بە ئاسۆی کۆمۆنیستی و کرێکارییەوە بێنەمەیدان بۆ داواکاری و خواستەکانیان، هەر بەم ئاسۆیەوە خۆیان ڕێکخراو بکەن لە حزبی سیاسی و لەدەوری شوراکان. بەبێ ئەو ڕێکخراوبوونە ئەوە بۆرژوازی دەسەڵات، چەک، سەروەت و سامانی کۆمەڵگەی لەبەردەستدایە و سواری شەپۆلی ناڕەزایەتییەکان دەبێتەوە و حزبی سیاسی تر بۆ ڕزگاربوونی دەسەڵاتەکەیان دروست دەکەن، بەتایبەت خەڵک دەبێت لە خۆشخەیاڵی باڵە رەنگاوڕەنگەکانی بۆرژوازی ڕزگاری ببێت و بەریزی سەربەخۆی خۆیەوە بێتەمەیدانی ناڕەزایەتی بۆ خواست و داواکاریەکانی بۆ ئەوەی ئایندەیەکی باشتر لە بەرژەوەندی خەڵکی کرێکارو کەمدەرامەت بەدەست بهێنێت.

Leave A Reply

Your email address will not be published.