ئیبراهیم محەمەد: پەرلەمان کاریکاتۆرێكە کە لای هەموو خەڵك ئاشکرایە، کە بڕیارە ئەسڵییەکان و ڕێککەوتنەکان لە پشتەوە و لە ژووری تاریکدا ڕێکدەخرێن و ئەندامانی پەرلەمانیش بێجگە لە لێبووکێك و مفتەخۆرانێك هیچی تر نین، بە دەسەڵات و بەناو ئۆپۆزسیۆنەوە …

0

ئیبراهیم محەمەد: پەرلەمان کاریکاتۆرێكە کە لای هەموو خەڵك ئاشکرایە، کە بڕیارە ئەسڵییەکان و ڕێککەوتنەکان لە پشتەوە و لە ژووری تاریکدا ڕێکدەخرێن و ئەندامانی پەرلەمانیش بێجگە لە لێبووکێك و مفتەخۆرانێك هیچی تر نین، بە دەسەڵات و بەناو ئۆپۆزسیۆنەوە …

 

گفتوگۆی بۆپێشەوە لەگەڵ ئیبراهیم محەمەد یەکێک لە هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەی شورایی سەبارەت بە ٢٩ ساڵ تێپەڕین بەسەر ڕاپەرینی خەڵکی کوردستاندا…

بۆپێشەوە: چۆن دەڕواننە کورستانی دوای ٢٩ ساڵ ڕاپەڕین، لەدژی ڕژێمی فاشیستی بەعس؟

 ئیبراهیم محمد: کوردستان لەدوای ٢٩ ساڵ بەسەر ڕاپەڕیندا، لەژێر سایەی دەسەڵاتی میلیشیایی ئەحزابی ناسیونالیستی کوردیدا، وەك هەموو سیستەمێکی بۆرژوازی تر، دابەش بووە بەسەر دوو بەشی ئەسڵی کۆمەڵگەدا. بەشێك کە دەستی بەسەر هەموو سەروەت و سامانی سەرزەوی و ژێر زەویدا گرتووە و بەشێوەیەکی هەمەجی خەریکی کەڵەکەی سەرمایە و توندکردنی ملیۆنەها و بگرە ملیارەها دۆلارە لە بانکە نێودەوڵەتیەکاندا. ئەم چینە لە کەمینەیەکی کۆمەڵگە پێکهاتوون کە بە جۆرەها دەزگای سەرکوت و چەکدار دەستی بەسەر بەشەکەی تری کۆمەڵگەدا گرتووە.

لەولاشەوە بەشەکەی تری کۆمەڵگە کە لە زۆرینە پێکهاتووە و شەو و ڕۆژ دەنێتە سەریەك بۆ دابینکردنی پارووە نانێك و هەمیشە لە هەوڵی سەخت و دژواردایە بۆ بە زیندوو مانەوە. ئەم دوو بەشە، ئەم دوو چینە، هەمیشە لە پێکداداندان و ململانێدان کە هەر کاتەی بە شێوەی بەرز یان نزم خۆی نمایش دەکات.

لەم نێوەدا شتێك کە ناوی نراوە پەرلەمان و نوێنەرایەتی خەڵك، شتێك نییە جگە لە کاریکاتۆرێك کە لای هەموو خەڵك ئاشکرایە کە بڕیارە ئەسڵییەکان و ڕێککەوتنەکان لە پشتەوە و لە ژووری تاریکدا ڕێکدەخرێن و ئەندامانی پەرلەمانیش بێجگە لە لێبووکێك و مفتەخۆرانێك هیچی تر نین (جا بە دەسەڵات و بەناو ئۆپۆزسیۆنەوە)

 

بۆپێشەوە: خەڵکی کوردستان ٢٩ ساڵ بەر لەئێستا بە ئومێدی ئازادی و ڕزگاربوون لەستەم و چەوساندنەوە و بێمافی لەدژی ڕژێمی بەعس ڕاپەرین، بەداخەوە خەونەکانیان وەدی نەهات، هۆکاری ئەوە بۆچی دەگەڕێتەوە؟

ئیبراهیم محەمەد: خەڵکی کوردستان، هاوکات لەگەڵ هەموو خەڵکی عێراق، ٣٥ ساڵ لەژێرسایەی دیکتاتۆرییەتی بێ پەردەی ڕژێمی بەعسی سەرکوتگەردا ناڵاندی، بە سەدان و هەزاران قوربانیدا و جۆرەها ماڵوێرانی بینی. لە فرسەتێکدا کە لەململانێی ئەمریکا و حکومەتی عێراقی ئەو کاتە، و بەسوودوەرگرتن لە لاوازیی ڕژێمی بەعس و بەدوای ڕاپەڕینی شارەکانی خوارووی عێراق بەتایبەتی بەسرە و بەغداد، خەڵکی کوردستانیش فرسەتی هێنا و هەموو دەزگا سەرکوتگەرەکانی ئەم ڕژێمەی لەناوبرد. لە قارەمانێتییەکی بێوێنەدا و لەماوەیەکی کورتی چەند ڕۆژەدا شارەکانی کوردستان لە ڕژێمی بەعس پاککرانەوە. خەڵك بە سنگی ڕووتەوە توانی یەکێك لە ڕژێمە هەرە هارو سەرکوتگەرەکانی ناوچەکە و دەزگاکانی لە شارەکان وەدەرنێت. بەڵام بەداخەوە، لەلایەك بەهۆی بەندوبەستی هەمیشەیی ئەحزابی ناسیونالیستی یەکێتی و پارتی، هەم لەگەڵ وڵاتانی جیاجیای جیهان و ناوچەکە و هەم لەگەڵ خودی ڕژێمی بەعس، وە لەلایەکی ترەوە بەهۆی خۆشخەیاڵی بە ناسیونالیزمی کوردەوە نەیتوانی ڕاپەڕینەکەی بەدوامەنزڵی شۆڕش بگەیەنێت و جارێکی تر هیوا و ئومێدی ئازادی تەسلیم بەم ئەحزابانە کردەوە و خەونەکانیان وەدی نەهات.

جیا نەکردنەوەی ڕیزی سەربەخۆی کرێکاران و زەحمەتکێشان بە ئاسۆی ئینسانی و ڕزگاری خۆی و لە دەوری سیاسەتی سۆسیالیستی، لە ئاسۆ و بەرنامەی ناسیونالیستیی کورد وای کرد کە هیوا و ئامانجەکانی ڕاپەڕین هەر زوو بکەونە زەوی و ناڕەزایەتییەکان لێرە و لەوێ و بە شێوەی جیاجیا دەستی پێکردەوە. تەوەهومی گشتی خەڵك بە ئەحزابی ناسیۆنالیستی بەوەی کە ئازادی بۆ دابین دەکات و ژیانێکی ئاسوودەی بێ چەوسانەوەی بۆ بەدیدەهێنێت تەنها بوو بە سەرابێك و بە ئاسماندا ڕۆشت. بەداخەوە تا ئەمڕۆش، هەرچەندە باوەڕ بەوەی حزبەکانی بزووتنەوەی کوردایەتی دەتوانێت داخوازییەکانی خەڵك دەستەبەر بکات ڕەویوەتەوە و خەڵك بڕوای بە بەرنامەی حزبەکان نەماوە، بەڵام هێشتا تەوەهوم بە ناسیۆنالیزم وەك بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی سایەی قورسی لەسەر بیر و زهنی ئینسانەکانی ئەم کۆمەڵگەیە زۆرە و هێشتا شوێنی خۆی نەداوە بە بیری جیاکردنەوەی ڕیزی سەربەخۆ، و ئاسۆی ناڕەزایەتییەکان هێشتا نەیتوانیوە شکافێکی قووڵ لە نێوان خەڵك و ئاسۆی بۆرژوازیی ناسیۆنالیزمدا دروست بکات و لێکی داببڕێت.

 

بۆپێشەوە: خەڵکی کوردستان لە ساڵی ١٩٩١ دا، بەدژی بەعس ڕاپەرین و لە پێناو دەست ڕاگەیشتن بە ئازادیدا، بەعسیان وەدەرنا، خەڵکی کوردستان تاچەندە ئازادییان وەدەست هێنا؟

ئیبراهیم محەمەد: ئەوەی خەڵکی تا چەندە ئازادییان بەدەست هێناوە، بە بڕوای من کەمێك ئاڵۆز و هەمەگیرە؛ بێگومان سەرەتا و دوای تێکشکانی هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕژێم لەلایەن جەماوەری ڕاپەڕیوەوە، فەزایەکی ئازاد و کراوە بەدیهات، بەڵام دوای ئاوارەیی و زنجیرەی ڕاپەڕینەکانی دواتر و دوای کشانەوەی ڕژێم لە کوردستان و دیاریکردنی “ناوچەی ئارام” وردە وردە دەسەڵاتی کوردی بەناوی “بەرەی کوردستانی” و دواتر هەڵبژاردن و “حکومەتی هەرێم” و دابەشکردنی پەنجا پەنجای پارتی و یەکێتی…هتد، هێرش بۆسەر ئازادییەکان دەستی پێکرد و ئەم دەسەڵاتە لە هیچ شت سڵی نەکردۆتەوەو تا بۆی کرابێت، پێشێلی ئەم ئازادییەی کردووە و تاهاتووە بەرتەسکی کردۆتەوە. لەبەرامبەریشدا هەمیشە ناڕەزایەتییەکانی خەڵك بەربەست بووە لەبەردەمیدا و ئەم ململانێیە بە جۆرەها هەڵبەزو دابەزدا تێپەڕیوە، بۆیە جۆری ئەو ئازادییە و ڕادەی ئەو ئازادییەی کە خەڵکی کوردستان بەدەستی هێناوە، جیاوازییەکی زۆری هەیە لەو سەردەمەی کە خەڵك لەژێر دیکتاتۆرییەتی ڕژێمی بەعسدا دەیناڵاند، هاوکات جیاوازیشی زۆرە لەگەڵ مانای فراوانی ئازادی. لەیاد دەرچوونی سەرکوت و پێشێلکردنی سەرەتاییترین مانای ئازادی لەسەردەمی بەعسداو خنکاندنی هەر نووزەیەك کە لە گەروو دەربچوایە زۆر ئاستەمە، من هەرگیز لەگەڵ ئەو عیبارەیەدا نیم کە هەندێ جار دەوترێت “سەردەمی حکومەتی بەعس باشتر بوو”، خەڵکی هەموو عێراق بە کوردستانیشەوە لەژێر سایەی دێوەزمەی بەعسدا تەنانەت هەناسەدانێکی ئارامیش بۆی سەخت بوو. ئەمە لە هەمانکاتدا ناتوانێت لەوە کەم بکاتەوە کە دەسەڵاتی ناسیۆنالیزمی کوردیش هەتا بۆی کرابێت و بکرێت درێغی نەکردووە و نایکات لە پێشێلی ئازادییەکان، بەڵام هەروەك وتم زۆر جیاوازن. ئەوەش لەولاوە بوەستێت کە بەسترانەوەی دنیا بەیەکەوە و بوونی دنیا بە شارێکی گەورە دەوری زۆری دیوە لە چاوکرانەوەی جەماوەری خەڵك و جۆشدانی خەباتیان و وەستانەوەیان لە بەرامبەر پێشێلکارییەکان. 

بۆپێشەوە: دوای ٢٩ ساڵ لە وەدەرنانی بەعس لە کوردستان، جیاوازیی سەرەکی نێوان دەسەڵاتی بەعس و دوای بەعس چییە؟ حزبە بۆرژوازییەکانی کوردستان، بەدوای ڕاپەرینی خەڵکی کوردستاندا، بەڵێنی کردنی کوردستان بە بەهەشتیان دەدا، بنەمای ئەو بەڵێنانە چی بوو؟ بۆچی نەیانتوانی ویستەکانی خەڵکی کوردستان وەدی بێنن؟

ئیبراهیم محەمەد: ئەگەر لە یەك وشەدا بڵێم جیاوازی سەرەکی نێوان دەسەڵاتی بەعس و دوای بەعس، تەنها نەمانی دیکتاتۆرییەتی ڕەهایە، کە لەلایەن ڕژێمی دڕندەی بەعسەوە پیادە دەکرا. بەڵام ئەمەش مانای ئەوە نییە کە دەسەڵاتی کوردی نەیویستووە و نایەوێ وابکات، بەڵکو لەزۆر توندپێچدا هەوڵی جدیشی داوە کە لاسایی بەعس بکاتەوە، کە هەندێجار توانیویەتی بەشێکی پیادە بکات و زۆرجاریش بەهۆی ناڕەزایەتی و قبوڵ نەکردنی لەلایەن جەماوەرەوە پاشەکشەی پێکراوە.

حزبە بۆرژوازییەکانی کوردستان بەدوای ڕاپەڕینی خەڵکی کوردستاندا، بۆ کۆنترۆڵکردنی جۆش و خرۆشی خەڵك هەمیشە بەڵێنی بەبەهەشتکردنی داوەتە خەڵك تابتوانێ بەر بە چوونە پێشەوەی خەباتیان بگرێت، بەڵام لە کرداردا تاکە شتێك کە بیری لێ دەکردەوە، هەڵلوشینی بەرهەم و خێراتی ئەم کۆمەڵگەیە بوو. ژیانی خەڵك و خۆشگوزەرانی و خزمەتگوزاری و ئازادی و ئاسوودەیی لە فەرهەنگی ئەم هێزە کۆنەپەرستەدا بوونی نەبووە و نییە، بۆیە بنەمای ئەو بەڵێنانە تەنها سەرمایەگوزاری و پارێزگاریی چینی باڵادەست و دەسەڵاتی خۆی بوو و هیچی تر.

بەدیهێنانی ویستەکانی خەڵکی کوردستان دوورو نزیك پەیوەندیی بە ئامانجەکانی ئەحزابی بۆرژوا ناسیۆنالیستی کوردەوە نەبووە و نییە. پارێزگاری لە کۆنە بەعسی و مستەشارەکان و هاندان و پەرەپێدانی کۆنەپەرستی و دواکەوتوویی و وەستانەوە بەرامبەر بە مافەکانی ژنان و پەرەدان بە کوشتن و تیرۆری وەحشیانەیان لەژێر ناوی کۆنە بەعسی و بەبیانووی پیس و پیاوسالارانەی ناموسپەرستییەوە جینۆسایدێك بوو دەرهەق بە ژنان کە تائێستاش درێژەی هەیە، ئەمانەو خەرمانێك لە تاوان و پێشێلکاری تر کە لەدژی ژیان و گوزەرانی کرێکاران و زەحمەتکێشانی ئەم جوگرافیایەی کەوتە دەست ئەم دەسەڵاتە تاسەر مۆخ دواکەوتوو و شۆراوە لە ئینسانییەت، تەنها گۆشەیەکی ئامانج و سیاسەتی ئەحزابی ناسیۆنالیسیتی دەسەڵاتدار بووە لە کوردستاندا کە بێجگە لە لەگۆڕنانی خواست و ئارەزووەکانی تاك و کۆی خەڵك هیچی تر نەبووە.

Leave A Reply

Your email address will not be published.