با هێزی بێکاران بکرێتە هێزی گۆڕانکاری

0

با هێزی بێکاران بکرێتە هێزی گۆڕانکاری

عبدالرحمن رسول

پێویستە ڕۆژێک بێت لە کوردستان  دژی دەسەڵاتی چەوسێنەرو دز و کۆنەخوازی و مافیاکان خەڵکی ناڕازی یەکگرتوو بێت لە تێکۆشانێکی هاوبەشدا بۆ گۆڕانکاری لە دەسەڵات و کۆمەڵگەدا، هەتا دەگەینە ئەو ئاستە لە وشیاری لەجۆری تێکۆشان دەبێت بەردەوام تاکی کۆمەڵگە بەتایبەت کرێکاران و بێکاران وهەژارانی کوردستان باجی قوربانیدان دەدەن، کرێکار بەردەوام ژیانێکی کۆیلەئاسا بەسەر دەبات، بەبێ بوون وجێبەجێکردنی یاسایەکی پێشکەوتنخوازانە کە لەکاتی کارکردندا ژیانی پارێزراو بێت و لەکاتی بێکاری دا بیمەی بێکاری وتەندروستی بۆ دابین بکرێت، لەکاتی خانەنشینی و چوونەسەرەوەی تەمەنی دا ژیانێکی سەردەمی هەبێت.. پێویستە خەڵکی ناڕازی هەرچی زووترە خۆیان ڕێکخراو بکەن و لەتێکۆشانێکی هاوبەشی یەکگرتووانەدا بێنە مەیدان بڵێن ئیتر بەسە چەوسانەوە و نابەرابەری و دزی و گەندەڵی و گەشەدانی بێکاری و هەژاری، بڵێن ئەوجا نۆرەی خۆبەڕێوەبەری خەڵکە لەڕێگەی شوراکانی گەرەک و ناوەندەکانی کار و ژیانەوە. بەشێک لەکۆمەڵگەکان ڕۆژ لەدوایی ڕۆژ بەرەو هەژاری وبێکاری زیاتر دەچن لەجیهاندا، هەر ئێستا بە هۆکاری بێکاری و خراپتربوونی دۆخی ئابووریی ئێران، بەشێک لە ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان وباشووری کوردستان بۆ بژێوی ژیانیان ڕوویان لە کاری پڕ مەترسیی کۆڵبەریی کردووە، لە ئێستادا بووە بە دیاردە و چەندین نمونەی زیندوو بەردەستن. بەپێی زانیارییەکانی ناوچە سنوورییەکانی عێراق و ئێران، کاری کۆڵبەری لەناو ژناندا بەتایبەت لە ناوچەکانی پیرانشار، پاوە و سەلاس و باوەجانی پەرەی سەندووە. هەروەها لەچەند ناوچەیەکی باشووری کوردستان بەتایبەتی ناوچە سنوورییەکان کاری کۆڵبەری بەردەوامی هەیە بۆ ژنان وپیاوان. تەمەنی هەندێک لەو ژنانەی کاری کۆڵبەری دەکەن، لەسەرووی پەنجا ساڵەوەیە و هەندێکیشیان گەنج و تەنانەت خوێندکار یان دەرچووی زانکۆکانن. کاتێک دەسەڵات دەیەوێت بەرزبوونەوەی هەژاری وبێکاری چەواشە بکات خۆی لەڕێگەی دەستەو گروپ وڕێکخراوە سێبەرەکانییەوە بەدواداچوون وتوێژینەوە دەکات، دواتر خۆی چۆنی پێ باش بێت ئاستی توێژینەوەکە بڵاودەکاتەوە. ئەمەش بۆئەوەیە کە سەرنجی خەڵک بۆئەوە ڕابکێشێت کەدەسەڵات وحکومەت بەرنامەی چارەسەرو ڕیفۆرم جێبەجێ دەکات و چارەسەری بێکاری دەکات. لەئێران ساڵانە ڕێژەی بێکاری بەدواداچوونی بۆدەکەن وئاماری درۆ و چەواشەکار بڵاودەکەنەوە، بەڵام بەردەوام ڕێژەی هەژاری وبێکاری هەر لەبەرزبوونەوە وزیادبوون دایە.

لەعێراق بەهەمان شێوەی ئێران دەیانەوێت خەڵک چەواشە بکەن خۆیان ئامار بڵاودەکەنەوە. بەپێی ئامارێكی وەزارەتی پلاندانی عێراق  ئامارێكی سەبارەت بە رێژەی هەژاری لە پارێزگاكانی عێراق تا كۆتایی ساڵی ٢٠١٨ بڵاوكردۆتەوە، بەپێی ئامارەكەش رێژەی هەژاری لە ساڵی ٢٠١٤، ٢٢% و پۆینت ٥ بووە، بەڵام لە ساڵی ٢٠١٨ ئەو رێژەیە بۆ ٢٠% كەمبۆتەوە. لە ئامارەكەی وەزارەتی پلاندانانی عێراقدا هاتووە، رێژەی هەژاری لە پارێزگاكانی هەرێم بەراورد بە پارێزگاكانی تری عێراق كەمترە، لە هەرێمی كوردستان رێژەی هەژاری لە پارێزگای سلێمانی ٢% بەوەش كەمترین رێژەی هەژاری لە سلێمانیدا هەیە، لە پارێزگای هەولێر ٦% و پۆینت ٣یە و لە دهۆك ٨% و پۆینت ٥و لە كەركوكیش٧% و پۆینت شەشە. لە پارێزگاكانی عێراقیش بەرزترین رێژە لە پارێزگای موسەننایە كە ٥٢% و پۆینت ٥، لە پارێزگای دیوانیە زیاتر ٤٤% و لە میسان ٤٢% و لە نەینەوا ٣٤% و لە ناسرییە ٤٠% و لە بەغداد ١٠% و كەربەلا و نەجەفیش ١٢%یە. لە بەشێكی تری ئامارەكەدا ئاماژە بۆ ئەوەكراوە، بەپێی ئەو پلانەی لەلایەن وەزارەتی پلاندانانەوە دارێژراوە، لە ساڵی ٢٠١٨ تا ٢٠٢٢ رێژەی هەژاری كەمدەبێتەوە بۆ ١٦%  کارەسات ئەوەیە حکومەتی عێراق و باشووری کوردستان بەپێی پێوەرو یاسا نێودەوڵەتییەکان باس لەڕێژەی هەژاری وبێکاری ناکەن، خوێندکارانی زانکۆ و ژنانی ماڵەوە و مرۆڤە بەتەمەنەکان لەڕیزی بێکاری ئەژمار ناکرێت. بەڕاستی کارەساتەکە ئەوەیە لەئێستا لەھەرێمی کوردستان زیاتر لە(١٨٠ )ھەزار دەرچوویی زانکۆ و پەیمانگاکان ھەن و تائێستا دانەمەزراون و حکومەتیش ھیچ ھەڵێکی کاری بۆ نەدۆزیونەتەوە. کەھەندێکیان زیاتر لەدە (١٠) ساڵە خوێندیان تەواوکردوەو بەبێ کاری لەماڵەوە دانیشتوون. هەروەها دەستفرۆشان وخاوەن عەرەبانەکان کەڕۆژانە ناتوانن پارەی سێ ژەمی خۆراکی خانەوادەکەیان پەیدابکەن یان کرێ خانووەکانیان بەبێ کێشەبدەن، لەبەر هەژاریان بەشێکیان لەلایەن خاوەن خانووەکانەوە بۆکرێ مانگانە لەکاتی خۆیدا کەناتوانن بیدەن لەبەر هەژاری تووشی کێشەو ناخۆشی دەبن، یاخود بەشکیان لەخانووەکان دەردەکرێن و ئەوانیش دەچنە سەرجادە وشەقامەکان کەلوپەلی ماڵەوەو خانەوادەکەیان دادەنێن، دواتر لەلایەن کەناڵەکانی ڕاگەیاندنەوە بانگەوازی خێرپێکردنیان بۆدەکەن. هەفتانە و ڕۆژانە لەکانەڵەکانی ڕاگەیاندنەوە ئەوجۆرە خەڵکە هەژارو بێکارو هەژارە دەبیندرێن. مرۆڤە بەتەمەنەکان بەبێ ئەوەی ژیانیان لەلایەن حکومەتەوە دابین بکرێت و یان خانەنشینبکرێن یاخود بیمەی تەندروستی و دابینکردنی ژیان بۆدابین بکەن. ئەم بەشەی کۆمەڵگە کەمترین قسەی لەسەر دەکرێت، کەپێویستە هەروەک وڵاتانی پێشکەوتوو مرۆڤە بەساڵاچووەکان بەبێمەرج شوێنی ژیان و ژیانێکی شایستە بەمرۆڤی سەردەمیان بۆ دابین بکرێت، هەموو مانگێک مووچەیەکی تایبەتیان پێبدرێت کەبتوانن بەئاسوودەیی بژین. لەم بەدواداچوونەی حکومەتی عێراق مرۆڤە بەساڵاچووەکانی نەگرتۆتەوە. بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتی پێشکەوتووەکان  بەم جۆرەیە کە هەر مرۆڤێک تەمەنی لەنێوان ساڵانی ١٧بۆ ٦٥بێت ئەوە ماوەی کارکردنێتی لەهەر دەوڵەتێک و وڵاتێکدابێت. بێکاری گەورەترین وکوشندەترین دەردی کۆمەڵگەیەو ئەگەر چارەسەری بۆ نەدۆزرێتەوەو دوور نییە کۆمەڵگە بەرەو ھەڵدێڕ بڕوات. لەھەموو دونیا ئەرکی حکومەتە کە دەرچوانی زانکۆ پەیمانگاکان دابمەزرێنێت یان ھەلی کاریان بۆ بڕەخسێنێ. لەھەرێمی کوردستان حکومەت ھیچ پلانێکی نییە بۆ ئەم بەشەی کۆمەڵگە کە گەنج ولاوەکانن، کەلە ترۆپکی ھێزو تاقەتدان و دەتوانن سودێکی زۆر بەکۆمەڵگە بگەیەنن. هەرزیادبوونێکی ڕێژەی بێکاری وهەژاری بەهۆی بەرزبوونەوەی گرانی و گەندەڵی ودزینی سەروەت وسامانی گشتی کۆمەڵگەوەیە کەدەبێتە هۆی بە دەوڵەمەندبوونێکی بێئەندازەی دەسەڵاتداران و دروستکردنی هێزێکی سەرکوتکاریش بۆ هێشتنەوەی هەژاری لە هەولێرو سلێمانیەوە تا بەغداو بەسرەو شارەکانی تری عێراق.

هەنگاوەکانی چارەسەر :

هەموو لایەک باش دەزانن گەندەڵی ودزی وبێکاری وهەژاری بەهۆی هەبوونی سیستەمێکی چەوسێنەری بێ ڕوحمەوەیە، کەجگە لەپاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆی وەک کەمینەی دەسەڵات هیچی تری ناوێت، هەتا ئەوجۆرە دەسەڵاتەش بمێنێت لەچەوسانەوەو دزی بەردەوام دەبن. تاکە ڕێگای چارەسەر بەدەست خەڵکی ناڕازی وبێکارو هەژار خۆیەتی، کەپێویست دەکات هێزی خۆیان ڕێکخراو بکەن بەپێی پاراستنی بەرژەوەندی خۆیان نەک پاراستنی هێزی دەسەڵات. لەئێستادا بێکاران وهەژاران وکرێکاران و زەحمەتکێشان زۆرینەی کۆمەڵگە پێکدەهێنن. دەتوانن بەڕێکخراوبوونیان باشترین کاریگەریان هەبێت بۆ هێنانەدی نان، کار، ئازادی بۆهەمووان بەبێ جیاوازی. کەسەیری بڕیارو یاساکانی پەرلەمانی کوردستان بکەین بۆمان دەردەکەوێت کەتەنها بۆ پاراستن وسوودی هەیە و بۆ بەگ و نەجیب زادەو سەرمایەدارو بەرپرسەکان دامەزراوە. خراپترین نموونەی دیار ئەوە بوو هەموو بەشەکانی پەرلەمان وحکومەت و سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لەبەرژەوەندی خۆیان و پلەی باڵاکان قەرارو بڕیاریاندا و جێبەجێیان کرد. بەرژەوەندی پلە باڵاکان و پلە تایبەت و خاوەن ئیمتیازاتەکان پەسەند کرد. ناوەرۆکی ئەم یاسایە هێشتنەوەی مووچەی بەرزو ئیمتیازاتەکانی مووچەخۆرە پلە باڵاو پلە تایبەتەکان و ئەندام پەرلەمان و وەزیرەکانە بە کەمکردنەوەی رێژەیەکی زۆر کەمی مووچەی خانەنشینی ئەم پلە باڵاو پلە تایبەتانەیە، کە ئەویش تەنها بۆ خۆڵکردنە چاوی هاوڵاتیان و مووچەخۆران و خانەنشینان ئەنجام دراوە. بەپێی ئەم یاسایە ئەوانەی کە ئەندام پەرلەمان و کارمەندی پلە باڵای حکومەت و پلە تایبەتن دەتوانن دوای تەواوبوونی ماوەی کارکردنیان بە مووچەیەکی بەرز بۆ هەتا هەتایە خانەشین بن بەبێ ئەوەی تەمەنی خانەشینی تەواوبکەن، لەکاتێکدا بەشی هەرەزۆری مووچەخۆران دوای نزیکەی ٣٠ ساڵ و زیاتر لە خزمەتکردن نزیکەی ٢٢٠ هەزار دینار وەردەگرن.

ئەم یاسایە لەلایەکەوە هەژاریی ڕەها بەسەر ئەو بەشەی کۆمەڵگەدا دەسەپێنێ کە وەکو کرێکارو کارمەندی حکومەت کاردەکەن یان هاوکاری چاودێری کۆمەڵایەتی وەردەگرن یان خاوەن پێداویستی تایبەتن، لەلایەکی ترەوە مووچەو ئیمتیازێکی خەیاڵیش بۆ بەرپرسانی مشەخۆری حزبە دەسەڵاتدارەکان و ئەندام پەرلەمانەکان و پلە باڵاو پلە تایبەتەکان و بندیوار وکاسەلێس وماستاوچییەکانی خۆیانن کە بەدرێژایی ژیانیان ژیانێکی شاهانەیان بۆ دابین دەکات. هەروەک لەتەلەفیزیۆنەکانیانەوە دەرکەوت کە هەیە کراوەتە ڕاوێژکاری وەزیر ئالیک دەدات بەئەسپەکانیان یان بەچەندەها کەریشیان خانەنشینکردوون بەکورتی و بەکوردی بەئارەزوویی خۆیان تەخشان وپەخشانی بەسامان و پارەی زۆری کوردستانەوە دەکەن، پێویست دەکات خەڵکی ناڕازی سەری ئەوزێرابە دابخات چیتر خۆی زەلیل وکۆیلە نەکات، بەڕێکخراوبوونی خۆیان وەک دامەزراندنی یەکێتی بێکاران و ڕێکخراوی بێکاران بێنەمەیدانی تێکۆشان بۆ  گۆڕانکاری لەسیستەمی چەوسێنەرو مافیائاسا کوردستان وعێراق. هیزی بێکاران بەشێکی فراوانە لەکۆمەڵگەی کوردستان وعێراقدا هاوشان لەگەڵ چینی کرێکار و زەحمەتکێشدا گوشارێکی بەهێزدەبێت بۆ شۆڕش وگۆڕانکاری، بائیتر بەس بێت لە واقعیەتی سەخت و تاڵی ژیانی ژێر سایەی سیستەمی چەوسێنەری سەرمایەداری قەومی ودینی. هەر ئەمڕۆی خوێندکارانی زانکۆ ئەگەری زۆرە ئەوانیش وەک هاوڕێ وخزم وکەسوکاری خۆیان کە وەک وان قوتابی وخوێندکار بوون، بەڵام ئەمڕۆ بێکارن، لەدوایی دەرچوونیان دیارە ئەم خوێندکارانەش دەچنە ناو سوپایی بێکارانەوە. بەڵام بۆچی لەئێستاوە جیاواز لەهاوڕێیانی پێشترتان بیرناکەنەوە، دەست لەناودەست دەست بۆ ڕێکخراوکردنی خۆتان نابەن وەک قوتابیان و خوێندکارانی زانکۆ دوور لە بەرژەوەندی حیزبەکان، شان بەشانی هێزی بێکاران وکرێکاران و دستفرۆشان، وەک خوێندکاران خۆتان ڕێکخراوبکەن بۆ گۆڕانکاری لەسیستەمی چەوسێنەر تێکۆشان بکەن. دەتواندرێت جۆری ڕێکخراوبوون لەجۆری کلاسیکی کۆنەخوازی بگۆڕن بەجۆری خۆبەڕیوەبەری یان شورایی یان هەرەوەزکاری بڕیارو ڕاسپاردەکانتان شورایانە بێت و کاری لەسەربکەن. ئێوەی گەنجان و لاوانی بێکارو خوێندکاران دەتوانن خۆتان و تەواوی کۆمەڵگەش لەو زەلکاوە ڕزگاربکەن کەبەهۆی دەسەڵاتی چەوسێنەرەوە ڕۆژانە باجی قورس دەدات. باشترین نەخشەڕێگا تەنها تێکۆشانی هاوبەشی یەکگرتووانەی بێکاران و کرێکاران وچەوساوەکان و ئازادیخوازانە کە بتوانێ ئازادی بێ قەیدوشەرتی سیاسی و عەدالەتی کۆمەڵایەتی بەدی بێنێت. بۆیە ئەگەر دەتانەوێ کۆمەڵگەیەکی ئازاد و بەرابەر بەدی بهێندرێت تێکۆشانی هاوبەشی یەکگرتووانە گەشە پێبدەن. بەجێبەجێ کردنی نەخشە ڕێگایەک کە جیاوازبێت لە سوونەتی خێڵایەتی و حیزبایەتی کلاسیکییەکان، هەمووجۆرە کۆیلایەتییەک ڕەت بکاتەوە، ئەویش بە تێکۆشانی شورایی کە خەڵک خۆی ڕابەر و سەرکردەبێت لە دانانی یاسا و سیستەمی ژیانی کۆمەڵگەی دا. ئەگەر هەر کەمتەرخەمێک لەئازادیخوازو چەپ وکۆمونیستەکان هەبێت ئەوا جارێکتر خۆیان بەئاسانی کۆمەڵگە ڕاپێچ دەکەن بۆ دەستی هێزێکی تری بۆرژوازی و سەرمایەداری کەلەئەنجامی هەبوونی سیستەمی چەوسێنەرو دزو گەندەڵەوە بۆتە خاوەن سەرمایەو پرۆژەی بازرگانی، بەڵام ئەمجارە بەهۆی تەمبەڵی وکەم کاری لەبواری کاری هاوبەش و تێکۆشانی هاوبەش ویەکگرتووانەی چەپ وکۆمۆنیست و ئازادیخوازو یەکسانیخوازانەوە ئەوە ڕوودەدات کە دەرگا بۆ هێزە کۆنەپارێزو بۆرژوازییەکان بخەنە سەرپشت کە کاریگەریان زیاتر هەبێت لەسەرئایندەی کۆمەڵگە. بۆیە ئەگەر هەڵسوڕاوانی چەپ وکۆمونیست و ئازادیخوازو یەکسانیخوازان نایانەوێت جارێکی تر لەداهاتوو کۆمەڵگە بکەوێتە دەست هێزێکی بۆرژوازی و دینی کە لەداهاتوو بازرگانی بەگیان وچارەنووسی مرۆڤاکانەوە بکات دەبێت ڕاشکاوانە دەست بۆکارو تێکۆشانی هاوبەشی یەکگرتووانەی هەڵسوڕاوانی کۆمۆنیست وچەپ وئازادیخوازو یەکسانیخوازان ببرێت، شان بەشانی خوێندکاران وکرێکاران وبێکاران وهەژاران وچەوساوەو خەڵکی ناڕازی کوردستان هەنگاو بۆ گۆڕانی سیستەمی چەوسێنەر بنێن ، دەسەڵات وئیدارەدانی کۆمەڵگە لەلایەن شوراکانی خەڵکەوە بەڕێوەببرێت.

Leave A Reply

Your email address will not be published.