ڕاپەرین و شۆڕش بە خەڵکی زەحمەتکیش ئەنجام دەدرێت نەک سەرمایەدار
ڕاپەرین و شۆڕش بە خەڵکی زەحمەتکیش ئەنجام دەدرێت نەک سەرمایەدار
نووسینی: رۆژ عەزیز
شاسوار عەبدولواحید خەریکە هەمان سیناریۆی بزوتنەوەی گۆڕان ئەنجام دەدات و دەیەوێت سواری شەپۆلی نارەزایەتی خەڵک بێت و وانیشان بدات کە خۆی نوێنەری خەڵکی بەشمەینەتە، ئەمە لەکاتێکدایە خۆی، پارەیەکی زۆری خەڵک قەرزارە کە چەندین ساڵە دەستی بەسەردا گرتووە بەبیانوی ئەوەی خانویان بۆ دروست دەکات. ئێستا نە پارەکەیان دەداتەوە نە خانوەکەشیان بۆ دروست دەکات. بێجگە لەمانە دەنگۆی ئەوە هەیە ئەم کابرایە پارەیەکی زۆری حکومەت قەرزارە دەیەوێت لە رێگەی نارەزایەتی جەماوەریەوە فشار بخاتە سەر دەسەڵاتدارانی کوردستان کە لەو قەرزانەی خۆش بن. شاسوار عەبدولواحید چ پرۆژەو سەرمایەکەی و چ میدیا زەبەلاحەکەی، بەرهەمی کەشی گەندەڵی و تاڵانی ژێر سایەی دەسەڵاتی بزوتنەوەی کوردایەتییە و دەیەوێت هەمان سیناریۆی بزوتنەوەی گۆران دوبارە دەکاتەوە تا بەمەرامەکانی خۆی بگات. شاسوار دەزانێت لەئێستادا گٶران بێدەنگەو ئامادە نییە بۆ یەک سات بێتە سەر شەقامەکان، چونکە بەئامانجەکەی خۆی گەیشتووە و بگرە نیگەرانیشە ئەگەر ئەم دوو دەسەڵاتە بڕۆن، چونکە هیچ کات وەک ئێستا بزوتنەوەی گۆران و پۆست و پلەو پایەی پێ نەدراوە لەلایەن پارتیەوە.
بزوتنەوەی گۆران بۆیە لە ١٧ ی شوباتی ساڵی ٢٠١١ سواری شەپۆلی نارەزایەتی بوو پێی وابوو خرۆشانەکان پارتی ویەکێتی لادەبەن، چونکە تەجروبەیان نەبوو لەوەها خۆپیشاندانێکی گەورەدا کە ئەستەم بوو دەسەلات بروات، چونکە نە خەڵک بەریزی سەراسەری خۆیانەوە پەیوەست بوون وە نە خرۆشانەکان ڕێکخراو بوون، هەر بۆیە زوو بزوتنەوەی گۆران پاشکەز بوونەوە زانیانیان دەسەڵات ناروات ئیتر کەوتنە بادانەوە بەلای دەسەڵاتدا تا شتێکیان زیاتر پێ بدات. کاتێک بەمەرامی خۆیان گەیشتن ئیتر وازیان لە شەقام هێناو وتیان نارەزایەتیەکانمان دەبەینە پەرلەمان، لەوێش دیسان کەوتنە بەشان و باڵ هەڵدانی پەرلەمان و حکومەت و دەسەڵاتی تاڵانچی مافیان شەرعیەت پێدایەوە و دەسەڵاتیان بەهێز کردەوە و شەقامیشیان ئارام کردەوە .
ئەوکاتە ئێمەو کۆمۆنیستەکان ماهیەتی درۆزنانەی بزوتنەوەی گۆرانمان بە خەڵکی ناساند کەچی کۆمەڵێک بەناو رۆشنبیرو بەناو وردە چەپ لێمان هاتنە دەنگ و وتیان بزوتنەوە دەیەوێت ئاڵوگۆر دروست بکات، بەڵام ئێوە رقتان لەم بزونتەوەیە. خۆشبەختانە زۆری نەخایاند ئەوانەی سەرمەست بوون بە بزوتنەوەی گۆران خۆشیان کەوتنە پرتەو بۆڵە لە بزوتنەوەی گۆران و ماهیەتی درۆزنانەی بزوتنەوەکەیان ناساند .
ئێستا شاسوارو بزوتنەوەکەی هەمان ڕۆڵ دەبینن و دەزانن نارەزایەتی قوڵپ دەدات لەسەر نەبوونی ئاو کارەبا غاز نەوت بێموچەی وبێکاری تاڵانچێتی دزی دەسەڵاتی ئەحزابی ناسیونالیستی کورد، بۆیە دەیەوێت بەم هۆیەوە دەستکەوتێک بەدەست بهێنێت. قسەکانی ئەمرۆی شاسوار عەبدولواحید سەلمێنەری ئەوەن ئەو نایەوێت دەسەلاتی تالانچێتی پارتی ویەکێتی لابچێت، چونکە ئەگەر دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی لابەرن شاسوار سەرمایەکەی دەکەوێتە خەتەرەوە. بۆیە ئەو خوازیاری ئەوەیە ختوکەی دەسەڵات بدات بەم خۆپیشاندانانە تا شتێک بەدەست بهێنێت، ئەگینا کاری لابردن یاخود ئاڵوگۆر نییە لە کوردستاندا، چونکە ئەگەر پارتی و یەکێتی لابەرن شاسوار کێ بیپاریزێت؟ دڵنیام نەک سەرمایەکەی پاریزراو نابێ، بەڵکو دادگایشی دەکەن لەسەر کەڵەکەکردنی سەرمایەکەی .
هەر بۆیە شاسوار عەبدولواحید هیچ کات خوازیاری لابردنی دەسەڵاتی نییە، چونکە ئەو هەموو قسەکانی لەوەدا دەردەکەون کە ئەو زیاتر فشار دەهێنێت و خۆپیشاندانی هێمنانە ئەنجام دەدات نەک مەبەستی لابردن بێت. دەبێت بپرسین لەکوێی دنیادا هەیە سەرمایەدارێکی وەک شاسوار پشت وپەنای خەڵکی کرێکارو زەحمەتکیشی کوردستان بێت. شاسوار سەرمایەدارێکی خوێن مژە لەسەر گیرفانی خەڵکی زەحمەتکیش سەرمایەی کەڵەکە کردوە، ئەو نوێنەرایەتی باڵێکی بورژوازی کورد دەکات. شۆرش وراپەرین یاخود ئاڵوگۆر بە کەسێکی سەرمایەداری وەک شاسوار عەبدولواحید ناکرێت، ئەو چۆن راپەرین دەکات لەدژی دەسەڵاتێک کە ساڵانێکی زۆرە سەرمایەکەی شاسوار دەپارێزن .
رەنگە بڵێن ئاخر هیچ هیزێک بێجگە لە شاسوار لەمەیدان نییە؟ رەنگە بڵێن ئەو لەئێستادا دەتوانێت شەقام بجوڵێنێت یاخود دەتوانێت فشار بخاتە سەر دەسەڵات تا بتوانێت ژیانی خەڵک باشتر بکات. بەبروای من وانییە خۆ گۆڕانیش هەمان کاری کردو دواتریش ماهیەتی فریوکارانەی ئەو بزوتنەوەیەتان بۆ دەرکەوت .
شاسوارو بزوتنەوەکەی ئەگەر لە بزوتنەوەی گۆران فریوکارانە تر نەبن کەمترنین. شاسوار هەرگیز دەست بۆ کارێک نابات کە زەربە بێت لە سەرمایەکەی، شۆرش و ڕاپەرین لەدژی دەسەڵاتی تاڵانچێتی دوو حیزبی بنەماڵەیی گەورەترین زەربەیە لە سەرمایەکەی شاسوار عەبدولواحیدیش، بۆیە مسقالە زەرەیەک باوەڕتان بە خرۆشان و نارەزایەتی شاسوار عەبدولواحید نەبێ. پشت بەخۆتان ببەستن لە شارو شارۆچکەو گەرەک و شوێنی کارتان نارەزایەتی دەبڕن لەدەوری یەک کۆبنەوە خۆتان ڕێکخراو بکەن تا ئەم دوو دەسەڵاتە تالانچیە لابەرن خۆتان نوێنەرایەتی خۆتان بکەن.
حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان هەمیشە کادران و ڕابەرانی پشتیوانی خواست و داواکاریەکانتان دەکەن پشتوپەنای ئێوەو خەڵکی کرێکارو زەحمەت کیش و بەشمەینەتن . لەدەوری حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان کۆبنەوە پشت و پەنایەکی بەهێزتریش دەبێت بۆ خرۆشان و ناڕەزایەتی تا ئەم دوو دەسەڵاتە تاڵانچیە لابەرن و خەلکی زەحمەتکیش نوێنەرایەتی خۆی بکات . تەنهاو تەنها لابردنی ئەم دوو دەسەڵاتە زامنی ئاڵوگۆرێکی جدیە کە ژیان و گوزەرانی خەڵکی کوردستان باشتر و ئاسودەتر دەکات . چاکسازی بە ئەم دوو دەسەڵاتە ناکرێت کە خۆیان تا بینە قاقایان دزی وتاڵانچێتیەو ٢٩ساڵیشە سەروەت و سامانی کۆمەڵگا دەبەن بۆ خۆیان . تەنهاو تەنها شۆرش و ڕاپەرین لەدژی دوو دەسەڵاتی بنەماڵەیی زامنی ئاڵوگۆرو ژیانێکی باشترە بۆ خەڵکی زەحمەتکیش وبەشمەینەتی کوردستان ..
22/02/2020