عوسمانی حاجی مارف: دەسەڵاتی سیاسی عێراق ناشرینترین نمونەی تاڵانکاری و جەردەیی و دڕندەیی و دژی مرۆڤایەتیان نیشانداوە، مافیا ئاسا دەستیان بەسەر تەواوی سەروەت و سامانی عێراقدا گرتووە و لەنێوان خۆیاندا دابەشی دەکەن…

0

عوسمانی حاجی مارف: دەسەڵاتی سیاسی عێراق ناشرینترین نمونەی تاڵانکاری و جەردەیی و دڕندەیی و دژی مرۆڤایەتیان نیشانداوە، مافیا ئاسا دەستیان بەسەر تەواوی سەروەت و سامانی عێراقدا گرتووە و لەنێوان خۆیاندا دابەشی دەکەن…

دیمانە لەگەڵ هاوڕێ عوسمانی حاجی مارف سکرتێری کۆمیتە مەرکەزی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان، سەبارەت بەرۆڵی چەپ و کۆمۆنیستەکان لە ڕاپەڕین و خۆپیشاندانەکانی عێراقدا..

بۆپێشەوە: بەشێوەیەکی گشتی لەناو خرۆشانە جەماوەرییەکانی مەیدانی ئازادی بەغداو شارەکانی خواروی عێراقدا ئەوە دەبینرێت کە خۆپیشاندەران زۆر هەستیارن بەرامبەر بە دەوری حزبە دەسەڵاتدارەکان و نەفرەتیان لێ دەکەن، ئەم ڕقوکینەیە بەرامبەر بەو حزبانە لە ئاستێکدایە تا ڕێگا نەدەن بەناوی هیچ حزبێکەوە کە لەدەرەوەی حزبە دەسەڵاتدارەکانیشدا بێت هەڵسورانی سیاسی بکرێت، ئەم دیاردەیە بۆچی دەگەڕێتەوە.؟

عوسمان حاجی مارف: وێنەیەک لەدەسەڵاتی سیاسی کە خەڵکی عێراق بەدوای داگیرکاری ئەمریکاو ڕوخانی حکومەتی بەعس بەرەوڕووی بۆتەوە، نمونەیەکە لە هێزو حزبی میلیشیای تائفی و قەومی کە ناشرینترین نمونەی تاڵانکاری و جەردەیی و دڕندەیی و دژی مرۆڤایەتیان نیشانداوە، مافیا ئاسا دەستیان بەسەر تەواوی سەروەت و سامانی عێراقدا گرتووە و لەنێوان خۆیاندا دابەشی دەکەن، لەماوەی پانزە ساڵ دەسەڵاتدارێتی قێزەونترین نمونەی حوکمرانی و دەسەڵاتی سیاسیان بەرجەستەکردووە، دامودەزگا حکومیەکانیان لە پەرلەمان و وەزارەتەکان و سەرەک کۆمار و سەرۆک وەزیران جگە لە بازاڕی بازرگانی و سەوداو مامەڵەو قاچاخچێتی و داگیرکردنی چاڵە نەوتەکان و ئیمتیازدان و بەخشینەوەی پارە بە کەسایەتیەکانیان شتێکی تر نەبووە.

لە ماوەی پانزە ساڵدا دیاردەی حزب و مافیا، حزب و تاڵانچی و جەردەیی، حزب و باندی ترۆریست، حزب و هێزی چەکداری چەتەو باندی خەڵک ڕفاندن و خەڵک ڕوتکردنەوە.. یەک هەیکەلە و یەک مانایان پەیداکردوە، تەواوی کارەسات و دەردی سەری و  ستەم و شەری تائفی و قەومی لەسایەی دەسەڵاتی حزبە تائیفیەکانی شیعەو سونیدا ژیانی تەواوی دانیشتوانی عێراقی داگیرکردووە، حزبایەتی بۆ کرێکارو خەڵکی زەحمەتکێش مۆتەکەو هەژاری و برسیەتی و بێکارییە، بۆ بەرپرسە حزبیەکان کەڵەکەی بێشوماری سەرمایە و پرکردنی بانکە جیهانیەکان و ڕابواردن و ژیانی فرعەونی و شاهانەیە.

پانزە ساڵە زۆرینەی دانیشتونی عێراق سەرما و گەرما لە بێ کارەبایی و نەبونی سوتەمەنیدا دەچێژن، پانزە ساڵە بە نەبونی ئاو و پێداویستیەکانی ژیان و ژینگەیەکی ناخاوێن و چەپەڵدا کە شایستەی ئینسان نییە ژیان بەسەر دەبەن، نەبونی خزمەتگوزاری و پێداویستی پزیشکی هۆکاری بڵاوبونەوەی چەندین نەخۆشی کوشندەیە، بەجیا لە کارەساتی شەڕی دڕندانەی نێوان ئەو حزب و لایەنانە لە نێوان خۆیاندا و بەزۆر سەپاندنی لەناو شوێنی ژیانی دانیشتواندا و کوشتنی ژمارەیەکی زۆر لەخەڵکی بێتاوان.

حزب بەلای خەڵکی توڕەو ناڕازی عێراقەوە کابوس و بەڵایەکە دەیانەوێت بە هەرقیمەت لە خەباتی جەماوەری خۆیاندا توڕی هەڵدەن و دووری خەنەوە. بۆیە بەهەر ئاستێک لە مەزنی و شکۆی ئەم خرۆشانە جەماوەریەی ئێستای خەڵکی عێراق کە نیشانەی ئومێدی ئاڵوگۆڕێکی جدیە، هەروا سادە نییە ئەم وێنا نەرێنیەی هەیانە لەسەر حزب بە ئاسانی تێ پەرێندرێت، بە تایبەتی لەماوەی ئەو پانزە ساڵەدا نمونەی حزبێک کە پێچەوانەی ئاراستەی مافیایی و جەردەیی و تاڵانچی بێت و وەک هێزێک جێگای ئومێد نیشاندانی ڕزگاری خەڵک بێت لەو هەموو محنەت و کارەساتانەدا، بەداخەوە کە لە مەیدانی سیاسی عێراقدا نەیتوانی دەرکەوێت و دەور بگێرێت.

جێگای خۆیەتی نمونەی حزبی کۆمۆنستی کرێکاری عێراق بهێنینەوە کە مێژوویەکی پرشنگدار لە خەباتی دژی دەسەڵاتی بەعسی هەیەو، لە هەمان کاتدا لە تەواوی پانزە ساڵی دوای تێکڕمانی دەسەڵاتی بەعسدا وێنەی حزبێکی ئینسانی و خاوەنی بەرنامەی دنیایەکی باشترو تێکۆشان بۆ ئازادی و یەکسانی و حکومەتی کرێکارییە، بەڵام لەناو هاوکێشەی هەلومەرجی سیاسی عێراق و لەمەیدانی کێشمەکێش و شەڕی نێوان حزب و هێزە میلیشیاکاندا نەیتوانی هاوسەنگی هێز بە قازانجی کۆمۆنیزم و هێزی پێشکەوتنخوازو ئینسان دۆست و ئازادیخواز بگۆڕێت، تا وەک هێزێک لە ئاستی کۆمەڵگەدا ئەزمون و وێنەیەکی تەواو جیاوازتر لە حزب و خەباتی سیاسی نیشان بدات.

بۆپێشەوە: باشە ئەم دیاردەیە هەروا دەمێنێتەوە یاخود قابیلی ئەوەیە گەشەو ڕەوتی ڕوداوەکان بەجۆرێکی تر بەرجەستە بێتەوە، بەتایبەتی ئەوەی جێگای سەرنجە تا ئێستا ئەم دیاردە هەستیارەی خەڵکی ڕاپەڕیو بەرامبەر بە حزب نەگۆڕدراوە؟

عوسمان حاجی مارف: ئەو واقعیەتەی خەڵكی عێراق دەرگیری بووە و پەرچەکرداری بەرامبەر ڕەفتارو سیاسەت و خەسڵەتی مافیایی و باندی تیرۆرستی حزبە دەسەڵاتدارەکان بە جۆرێک هەستیاری کردووە بەرامبەر بە حزب، پێم وا نییە کە خۆبەخۆ لە زهنی خەڵکدا گۆڕانی بەسەردا دێت و مەیلی حزب بوونی خەڵک بەهێز دەبێت، یان چاوەڕوان بین لە پرۆسەیەکداو لە بەردەوامی ڕاپەریندا بۆخۆی بگۆڕدرێت.

ئەوە دەوری هەر حزبێکی پێشڕەوە کە بە چۆنیەتی میکانیزمی بەشداربوونی لەو خرۆشانە جەماوەریانەدا بتوانێ کاریگەری هەبێت لەسەر کەمکردنەوەی ئەو هەستە نەرێنیەی لەبەرامبەر حزبدا هەیە، بە ئاشکرا ئەوە دەبینین بوونی ئەم مەیلە دژە حزبیە چەند دەوری هەیە لەسەر ناڕێکخراوبوونی خۆپیشاندانەکان، بۆیە ئاڵوگۆڕکردن لەو مەیلە کاری جدی و شارەزایانەی پێویستە.

سەرنج بدەن مەیلێکی ئانارشستی هەیە کە بە شێوەیەک تەقدیسی ئەم حاڵەتی دژە حزبیە دەکات و داوا دەکات جگە لەبەشداری فیزیکی و تێکەڵاوبوون لەناو تیمی خۆپیشاندەراندا کارێکی زیاتر نەکرێت و چاوەڕوان بین، چونکە پێیان وایە خودی ئەم ناڕەزایەتیانەو هاتنەمەیدانی خەڵک ئەتوانی خۆی ڕێک بخات و ڕابەرانی خۆی دروست بکات و شۆرشیش ئەنجام بدات، پێم وایە ئەم مەیلە بەشێک لە کۆمۆنستەکانیشی گرتۆتەوە، گەر بەزارەکی ئەم ئاراستەیە تەعبیر نەکەن، بەڵام  کارکردی لەسەر چۆنیەتی هەڵسورانیان لە ڕیزی خۆپیشاندنەکاندا داناوە.

ئەم ڕاپەڕینە جەماوەریەی عێراق و ناوچەکە نمونەیەکە لە ناڕەزایەتیەک کە ماوەیەکی زۆرە حکومەتەکان و هێزە ملیشیاکان بەجۆرەها شێوازی پیلانگێڕی و سەرکوت و کوشتارێکی زۆر لە هەوڵی خامۆشکردنیدان و بۆیان جێبەجێ نەکراوەو سەری نەگرتووە، بەڵام لە هەمان کاتدا خۆپیشاندانەکانیش جگە لە نمایشی ناڕەزایەتی و فراوان بوونی ناڕەزایەتیەکەو بەردەوامی بەرەنگاربونەوەی، بەڵام شێوازێک لە ڕێکخراو و ئینسجامی نیشان نەداوە و ئاسۆیەکی ناڕۆشن سایەی کردووە، لە هەمان کاتدا قوربانییەکی ئێجگار زۆریشیان داوەو بەردەوامیش دەدرێت.

ئەم جۆرە لە بەڕەنگاری و ئاستی بەرزبونەوە کە فشار بێت لەسەر دەسەڵات و دەسەڵات تەسلیم بێت بە خواستەکانی جەماوەری ناڕازی، یا دەسەڵات ئاڵوگۆڕی بەسەر بێت، هێشتا هاوسەنگی هێز لەنێوان فراوان بونەوەی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان و خۆڕانەگرتنی دەسەڵات ساغ نەبۆتەوەو ئاسۆکەشی نادیارو ناڕۆشنە، هەڵبەتە سەرکەوتنی ئەم ڕاپەڕینە لە هەنگاوێکدا بەدیار دەکەوێت کە گۆڕینی دەسەڵاتە، بەڵام خواستی گۆڕینی دەسەڵات لەگەڵ ئەوەی لەیەکەم ڕۆژی ڕاپەڕینەوە دروشمێکی سەرەکی بووە، واقعیەتی خۆبەخۆیی هەنگاوە عەمەلیەکان و ناڕێکخراوبون و نادیاری ئاسۆکەی دروشمی “روخانی دەسەڵات” نەیتوانیوە سەقامگیری و پێداگری جدی وەرگرێت.

پرسیارێک دێتە پێشەوەو کە پێویستە بکرێت، گۆڕینی دەسەڵات لە کێ وە بۆ کێ؟، کە خودی ئەم پرسیارە لە یەکەم ڕۆژی ناڕەزایەتیەکانەوە تائێستا وەک خۆی ماوەو وەڵامێک لە خۆپیشاندەرانەوە بە ڕۆشنی مەترەح ناکرێت! ئەم دۆخە تاکەی درێژەی دەبێت و بەم جۆرە دەمێنێتەوە؟ پێش هەموو شتێ کەسانێک کە ناتوانن وەڵامی ئەم پرسیارە یا سەرکەوتنی ڕاپەڕین بدەنەوە، ئەو کەسانەن کە چاوەڕوانن و پێیان وایە ئەم ناڕەزایەتیانە، خۆیان گەشە دەکەن و ڕابەر دروست دەکەن و ئەتوانن خۆشیان ڕێک بخەن.

واتە وەڵامێک کە دەبێت بدرێتەوە بەم پرسیارەو کاری لەسەر بکرێت ئەوە حزبی کۆمۆنستی کرێکاری و هەر حزبێکی پێشڕەوە کە ڕابەرەکانی ڕۆژانە لە ڕیزی پێشەوەی ناڕەزایەتیەکاندا خاوەن خەت و پلان و نەخشەی ڕۆشن بن، ببنە خاوەنی دروشمی “ڕوخانی دەسەڵات” و خاوەنی خواستەکانی جەماوەری ناڕازی، بتوانن ببنە جێگای متمانەو ئومێدی خەڵکی ناڕازی و ببنە خاوەن نفوزێکی جەماوەری. حزب بە ڕابەرەکانی دەناسرێتەوەو خۆشەویست دەبێت و بەدەورو کارکردی کاری ڕابەرانەو پێشرەوانە ئەتوانرێت زهنیەت و هەستیاری بۆ مەیلی حزب بەهێز بێت.

Leave A Reply

Your email address will not be published.