نادر عبدالحمید: ئەم خۆپێشاندان و ڕاپەڕینە هەلێکی زێڕینە بۆ کۆمۆنیستەکان تا بتوانن هەنگاوێکی عەمەلی هەڵبهێننەوە لە ڕاستای لێکهەڵپێکانی کۆمۆنیزم بە چینی کرێکار و خودی ئەم ڕاپەڕینەوە…

0

نادر عبدالحمید: ئەم خۆپێشاندان و ڕاپەڕینە هەلێکی زێڕینە بۆ کۆمۆنیستەکان تا بتوانن هەنگاوێکی عەمەلی هەڵبهێننەوە لە ڕاستای لێکهەڵپێکانی کۆمۆنیزم بە چینی کرێکار و خودی ئەم ڕاپەڕینەوە…

دیمانە لەگەڵ هاوڕێ نادر عبدالحمید، مارکسیست و کۆمۆنیست، ئەندامی هەڵسوڕاوی رێکخراوی“ بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێراق“ سەبارەت بەرۆڵی چەپ و کۆمۆنیستەکان لە ڕاپەڕین و خۆپیشاندانەکانی عێراقدا…

 

بۆپێشەوە: ئێستای خۆپیشاندانەکانی عێراق چۆنە؟

نادر عبدالحمید: زیاتر لە چوار مانگە هاوسەنگیەکی دیاریکراوی هێز لە ئارادایە لە نێوان بەرەی شۆڕش و بەرەی دژە-شۆڕشی دەسەڵات و حزبە جۆراوجۆرە قەومی و تائیفیەکانی ئیسلامی سیاسی. ئەم هاوسەنگی هێزە چەندین جار خراوەتەبەر گورزی گۆڕانکاری چ لەلایەن خەڵکی ڕاپەڕیوو و چ لەلایەن هێزە سەرکوتگەرەکانی دەسەڵات و ئەو هێزانەشەوە کە دژە-شۆڕشن و خۆیان مەڵاسداوە لە ناو بەرەی خۆپێشاندەراندا.

چەندین جار جەماوەری ڕاپەڕیوو هەڵمەتیان برد تا هەرسێ دامەزراوەی ئەم دەسەڵاتە گەندەڵە دیاریکراوەی بورژوازی عێڕاق بڕوخێنن، ئەویش لەو پردانەوە کە سەردەکێشن بۆ ناوچەی سەوزی بەغدا، کە دامودەزگاکانی دەسەڵاتی تێدایە، بەڵام تواناکانیان تا ئەوێ بڕی نەکرد و لە نیوەی پردەکاندا وەستا. هەروەها دەسەڵاتیش کەمکاری نەکرد لە کوشتوبڕی، گرتن و ڕاوەدوونانی چالاکوانان و ترۆرکردنیان و نەیتوانی ئەم ڕاپەڕینە تێکشکێنێ، ئەمە جگە لە مانۆڕە جۆراوجۆرەکانی ڕەوتی دژە-شۆڕشی سەدریش کە نەیتوانیوە لە ناوەوە پوچەڵی بکاتەوە و لەباری بەرێت.

بەم پێیە هەردوولای دژ-بەیەکی بەرەی شۆڕشی جەماوەر و بەرەی دژە-شۆڕشی بورژوازی، هیلاک و شەکەت بوون بەدەست یەکتریەوە بەبێ ئەوەی هیچ لایەک توانای بەلایەکاخستنی ئەو هاوسەنگی هێزەی هەبێت لە بەرژەوەندی خۆی و لاکەی تر دەستخەڕۆ بکات. ئەمە وێنەی کێشمەکێشەکەیە تا ئێستای ناوەڕاستی شوباتی ساڵی ٢٠٢٠.

بەرەی دژە-شۆڕشی بورژوازی لە ئیمکاناتێکی زۆر، پشتیوانەیەکی ناوچەیی و جیهانی ئیمپریالی بەهرەمەندە، توانای مانۆڕی زۆری لەبەردەستدایە بۆ ناکامکردنەوەی ئەم ڕاپەڕینە، بەڵام ئەو شتەی گەرێنتیە لە بەرەی شۆڕشدا بۆ خۆڕاگری لەبەرامبەر فشار، سەرکوتگەری و مانۆڕەکانی دژە-شۆڕشدا، هەروەها گرێنتی پێشڕەوی و سەرکەوتنەکانیەتی، هێنانەدی ئاڵوگۆڕێکی جۆرایەتیە لەناو بەرەی خەڵکی ڕاپەڕیوودا، کە باڵادەست کردنی ئاسۆی سۆشیالیستی و شکڵپێدانی بەکردەوەی بەدیلێکی دەسەڵاتدارەتی شۆراییە بۆ ئەم دەسەڵاتەی ئێستا، کە دامەزرابێت لەسەر دەسەڵاتی جەماوەری ڕێکخراو لە شۆرا و کۆمیتە شۆڕشگێڕیەکان و ڕێکخراوە لۆکاڵیە جەماوەریەکانی تردا، کە لەسەرەوە بە حکومەتێکی شۆڕشگێڕی کاتی سۆشیالیستی گوزارش لەخۆی بکات.

بۆپێشەوە: چەپ و کۆمۆنیستەکان لە خۆپیشاندانەکانی عیراقدا چ ڕۆڵێکیان هەیە؟

نادر عبدالحمید: واقعی بزوتنەوەی چەپ و کۆمۆنیستی عێڕاق لە ئێستادا بزوتنەوەیەکی لاواز و شکڵ نەگرتووە و نەیتوانیوە خۆی لێکهەڵپێکێت بە چینی کرێکار و توێژە زەحمەتکێشەکانەوە، خۆ ئەگەر ئەمە ڕویبدایە ئێستا ئەم ڕاپەڕینە لەشوێنێکی تر دەبوو. ئەمەش واتا ڕۆڵی چەپ و کۆمۆنیستەکانیش لەناو خۆپێشاندان و ڕاپەڕینەکەدا لاوازە، بەجیا لەوەی کە چ ڕێکخرا و لایەنێک خاوەن خەتێکی سیاسی ئەکتیڤ تر و هەڵسوڕاوترە.

بەڵام خودی ئەم خۆپێشاندان و ڕاپەڕینە هەلێکی زێڕینە بۆ کۆمۆنیستەکان تا بتوانن هەنگاوێکی عەمەلی هەڵبهێننەوە لە ڕاستای لێکهەڵپێکانی کۆمۆنیزم بە چینی کرێکار و خودی ئەم ڕاپەڕینەوە.

بۆپێشەوە: بەشی هەرە زۆری داخوازییەکانی خۆپیشاندەران، لەوانە “هەلی کار، ئەمنیەت، خزمەتگوزاری، ئازادی…” داخوازی چەپ و کۆمۆنیستەکانن، هۆکار چییە چەپ و کۆمۆنیستەکان ناتوانن ڕۆڵی ڕابەری خۆپیشاندانەکانی عێراق، بگێڕن؟

نادر عبدالحمید:  هەر لە سەرەتای ئۆکتۆبەری ٢٠١٩ەوە، خۆپێشاندانەکان سنوری ئەو خواستانەی تێپەڕاندوە، خوازیاری گۆڕانکاری سیاسی و هەڵپێچانی دەسەڵاتی سیاسیە. هەروەها ئەم ناڕەزایەتیانە شکڵی خۆپێشاندانیشی تێپەڕاندوە و بووە بە ڕاپەڕین و ئەوەی کە لە ئارادایە ناتوانرێت بە خۆپێشاندان بۆ هێنانەدی خواستگەلێک پێناسە بکرێت، بۆیە باسکردن لەم بزوتنەوە شۆڕشگێڕانەیە وەک “خۆپێشاندان و خواست” داشکاندنی ئاستی بزوتنەوەکە و ڕاپەڕینەکەیە.

ئەوەی کە بۆچی چەپ و کۆمۆنیستەکان ناتوانن ڕۆڵی ڕابەری بگێڕن؟ زۆر بە سادەیی ئاسۆیەک کە زاڵە بەسەر ئەم شەپۆلە لە ناڕەزایەتی و ڕاپەیندا ئاسۆیەکی سۆشیالیستی نییە تا چەپ و کۆمۆنیزم بەئاسانی بتوانێت ببێتە ڕابەر و ڕێکخەری. ئەمەش بەو مانایە نا کە کۆمۆنسیتەکان لێی بێئومێد بن، بەڵکو بەمانای ئەوەی شانبدەنە بەر کارێکی جدی.

کاری کۆمۆنیستی لەناو ئەم ڕاپەڕینەدا بریتیە لە هەوڵدانێکی عەمەلی و سیاسی بۆ وەلانانی هەژمونی ئاسۆکانی تر و باڵادەست پەیداکردنی ئاسۆی سۆشیالیستی تا کۆمۆنیستەکان بتوانن ڕێکخەر و ڕابەری بن وەک شۆڕشێکی بەردەوام بەرەو سۆشیالیزم. ئەمەش کارێکی ڕۆشنگەری ئەکادمیستیانە نییە، بەڵکو پڕاتیکێکی سیاسی ڕۆژانەی کۆمۆنیستی و دەستوپەنجە نەرم کردنە لە مەیدانی خەبات و تێکۆشاندا لەگەڵ جەماوەرێکی ئاڵودە و گیرخواردوو بەدەست خوڕافاتی فکری و سیاسی و سوننەتی خەباتی جۆراوجۆری لیبڕاڵی و ڕیفۆڕمیستی و قەومی و مەزهەبی بورژوازی. ئەمە گەرچی کارێکی قورسە، بەڵام لە بارودۆخی شۆڕشگێڕانەدا جەماوەر لەماوەیەکی کەمدا ئاڵوگۆڕی دەیان ساڵ دەخاتە پشتی سەریەوە و ئامادەیە بۆ ڕزگاری لەم کۆت و بەندانە گەر کۆمۆنیزم چالاکانە هەڵسوڕاو بێت، لە هەوڵی ڕێنیشاندەر، ڕێکخەر و ڕابەریدا بێت.

ئەم ڕاپەڕینە لە ژێرەوە بزوتنەوەیەکی شۆڕشگێڕانە و زۆر ڕادیکاڵە دژ بە دەسەڵات و دژ بە واقعێکی ژیانی کولەمەرگی و پەراوێزیەکی کۆمەڵایەتی کە دەسەڵاتی بورژوازی سەپاندویەتی بەسەر کۆمەڵگەدا، بەڵام خودی ئەم بزوتنەوە شۆڕشگێڕیە هەڵگری ناکۆکیەکی کوشندیە ئەویش ئەوەیە کە هێشتا ئەو ئاسۆ سۆشیالیستیەی کە دەبێ گوزارش بێت لە بناغەی ئەو بزوتنەوە و ناوەڕۆکە ڕادیکاڵەکەی زاڵ نییە و ئاسۆکانی تری بورژوازی خۆبەخۆیانە بەتایبەت تێکەڵەیەک لە ئاسۆی ڕیفۆڕمیستی لیبڕاڵانە و نیشتیمانپەروەری و قەومیانە زاڵە بەسەر ئەم بزوتنەوە و ڕاپەڕینەدا کە دژ بە هەژمونی و دەستێوەردانی کۆماری ئیسلامی ئێران و ئیمپریالیزمی ئەمریکیە لە عێڕاقدا.

پڕاتیکی کۆمۆنیستی واتا یەکلاکردنەوەی ئەو ناکۆکیە کوشندەی نێوان ئەم ژێرخانە ڕادیکاڵەی بزوتنەوەی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش لەگەڵ هەژمونی ئەو سەرخانە لە ئاسۆی سیاسی بورژوازیانەی بزوتنەوەکە، هەر ئەم یەکلاکردنەوەشە ڕێگەی ڕزگاربوونی ئەم ڕاپەڕین و بزوتنەوەیە و پەرەپێدانی تا ئاستی شۆڕشێکی سۆشیالیستی لە عێڕاقدا. ئەمە هەمان گرفتی شۆڕشەکانی تونس و میسریش بوو، ئەگەر نا ئێستا ئێمە باسمان لە شۆڕشی سۆشیالیستی دەکرد لەو دوو وڵاتەدا.

بۆپێشەوە: دەوترێت بەشێوەی گشتی خۆپێشاندەران، لەگەڵ حزبیەت نین و تەنانەت دژی کاری حزبایەتین، چەپ چ ئەرکێکی دەکەوێتە سەرشان تا ڕۆڵ و گرنگی کاری حزبی و رێکخراو خۆشەویست بکاتەوە؟

نادر عبدالحمید: گەرچی ئەنتی حزبی بوون پشتی بەستووە بە ئەزمونی تاڵی چەندین ساڵەی جەماوەر لەگەڵ حزب و ڕەوتە جۆراوجۆرە قەومی و دینی و تائیفیەکان و بێئومێد بوونیان لە بەدەستهێنای خواستەکانیان لە ژێر سایەی دەسەڵاتی ئەم حزبانەدا، بەڵام ئەنتی حزبی بوون لەمڕۆدا ئاکامی پاشەکشەیەکی جدی کۆمۆنیزم و هەژمونی فکری پۆست مۆدێرنیتەی لیبرالیزمە لەسەر ئاستی جیهان و نەک هەر لای جەماوەر، بەڵکو لەناو ڕیزەکانی بزوتنەوەی چەپ و کۆمۆنیستیشدا دیاردەیەکی بەرچاوە.

لە حەفتاکان و هەشتاکانی سەدەی بیستدا مارکسیست بوون و کۆمۆنیست بوون یەکسەر پێناسەکەی ئەوە بوو کە تۆ لەناو کۆڕ و کۆمەڵێکدایت، کە ئەڵقەی باس و لێکۆڵینەوە و چۆنیەتی هێنانەدی “تەشکیلات” و ڕێکخراوەی کۆمۆنیستی و کاری سیاسی بوو، بەڵام ئەمڕۆ کەسانێکی زۆری ناو بزوتنەوەی کۆمۆنیستی دەبینیت سەرگەرمی چالاکی شەخسی و باس و وتار نوسینی خۆیانن وەک ئەوەی کە ڕێکخراو بوون و حزبی بوون بەشێک نەبێت لە پێناسەی کۆمۆنیست بوون. ئەڵبەتە ئەزمونی بەئاکام نەگەیشتوی چەندین ڕێکخراو و حزب کە کەسانی چەپ و کۆمۆنیست کاریان تیایدا کردوە کاریگەری نەرێنی خۆی هەیە، بەڵام ئەوە پاکانە نیە، چونکە ڕێکخراو و حزب ئامڕازە، ئەگەر هیچ یەکێک لەو ڕێکخراو و حزبانەی کە لە ئارادان لای کەسێک جێگەی ڕەزامەندی نەبێت ئەوا کۆمۆنیست بوونەکەی دەبێ بیخاتە سەر ئەوەی دوو کۆمۆنیستی هاوفکری خۆی پەیدا بکات و کارێکی دەستەجەمعی ڕێکخراو بکات.

وەڕێخستنی بزوتنەوەیەکی حزبی کۆمۆنیستی بەهێز و دەخالەتگەر لەسەر ئاستی کۆمەڵگە ئەوە ئەو ئەرک و کارەیە کە زاڵبوون بەسەر ئەم بارودۆخەدا فەراهەم دەکات یان بە تەعبیرەکەی ئێوە خۆشەویستی بۆ کاری حزبی و ڕێکخراو بوون دەگەڕێنێتەوە.

بۆپێشەوە: زۆرێک لە حزب و رێکخراو و  گروپە چەپەکان، ئامادەییان لە خۆپیشاندانەکانی عێراقدا هەیە، نزیکایەتی ئەو حزب و رێکخراو گروپانە لەگەڵ یەکتری لە چ ئاستێکدایە؟ ئایا بیر لەکاری هاوبەش کراوەتەوە؟

نادر عبدالحمید: نزیکایەتیەکی زۆر کەم لەئارادایە، چونکە خەتی سیاسی جیاواز هەیە کە ڕەنگدانەوەی خۆی خستۆتەڕوو لەمامەڵەکردن لەگەڵ ئەم ڕاپەڕینەدا لەلایەن ئەو حزب و ڕێکخراوانەی سەر بە بزوتنەوەی کۆمۆنیستی عێڕاقەوە. هەیە دوو ڕۆژ بەر لە سەرهەڵدانەوەی دوبارەی ئەم بزوتنەوەیە لە ٢٥ ئۆکتۆبەری ٢٠١٩دا دەستپێشکەریانە پلاتفۆڕمی بۆ دەرکردووە، سەرخەتی هێنانەدی شۆراکانی بۆ دەرکردوە، لێرەوە دەیەوێ ئاسۆی سۆشیالیستی زاڵ بکات و وەک شۆڕشێکی بەردەوام ڕووەو شۆڕشی سۆشیالیستی بەرێت، هەشە دەڵێ ئەم بزوتنەوەیە ئەوەندە پێشڕەوی کردوە کە ئەو پلاتفۆڕم و سەرخەتانەی هێنانەدی شۆرای تێپەڕاندوە! هەیە لە ئەسڵدا ئیمانی بە وجودی چینی کرێکار و شۆرا لەقە و لە هەوڵدایە ئەلگۆی ناسیونالیزمی چەپی کوردی سوریا بکاتە پەرچەمەکەی! هەشە بۆ دەفعی گلەیی چادری لە ساحەی تەحریری بەغدا هەڵداوە. هەشە دەوڵەتێکی سێکولار ئەوپەڕی چاوەڕوانیەتی لەم بزوتنەوەیە. کەسانیش هەن کە چاودێرن بێئەوەی لێکدانەوە و بۆچون و هەڵوێستێکیان دەربڕیبێت بەرامبەر ئەم واقعە مەزنەی کە لە عێڕاقدا دەگوزەرێت.

ئەمە واقعی بزوتنەوەکەیە و بە موجامەلەی یەکتری چارەسەر ناکرێت، بەڵکو چارەسەری ستڕاتیژیانە ڕۆشنکردنەوەی جیاوازی خەتە فکریە سیاسیەکان و هەوڵدانە بۆ ساغکردنەوەی خەتێکی مارکسیستی چالاک، ئەمە شەڕ فرۆشتن نییە، بەڵکو ڕێگەیەکی واقعی خەباتی فکری و سیاسیە بۆ هاتنەدەرەوە لەم دۆخە. بەڵام جیا لە بۆچون و خەتی فکری سیاسی، دەکرێ هاوئاهەنگی کار بکرێت لەڕووی عەمەلیەوە، لێرەدا لەم ئاستەی پلە دووەدا سکتاریزم لە ئارادایە کە خۆی ڕەنگدانەوەی ڕێباز و خەتی فکری سیاسیە و وەلانانی ئەویش بەندە بە خەباتێکی فکری سیاسی مارکسیستیەوە.

بۆپێشەوە: بەگشتی چەپ و کۆمۆنیستەکان، پرۆژەیان چییە، بۆ بەسەرکەوتن گەیاندنی خۆپیشاندانەکان؟

نادر عبدالحمید: تا ئێستا حزب و ڕێکخراو و گروپەکانی سەر بە بزوتنەوەی کۆمۆنیستی عێڕاق بەیاننامەی جۆراوجۆریان دەرکردوە لەسەر ئەم بزوتنەوە و ڕاپەڕینە دیاریکراوە، بەڵام تاکە ڕێکخراوێک کە پلاتفۆڕمی دەرکردوە دوو ڕۆژ بەر لەسەرهەڵدانەوەی ئەم بزوتنەوەیە و پاشان سەرخەتی چۆنیەتی هێنانەدی شۆراکانی دەرکردوە لەناو ئەم بزوتنەوەیەدا و ڕۆژانە ڕۆژنامەیەک بەناوی (صوت الانتفاضة)ەوە دەردەکات کە تا ئێستا زیاتر لە سەد ژمارەی چاپ و بڵاوکراوەتەوە لەناو خۆپێشاندەراندا، و ئێواران کۆڕی لێدوانی هەیە لە (ساحەی تەحریری بەغدا)، جگە لە ڕۆژنامەیەکی دەوری بەناوی (نساء الانتفاضة)، ئەوە ڕێکخراوی (بەدیلی کۆمۆنیستی)ە. بۆیە ئەگەر ڕاستت دەوێ ئەوەی خاوەن پڕۆژەیە و بەدەستی پڕ و دەستپێشکەریەوە هاتۆتە مەیدان بۆ ناو ئەم بزوتنەوە و ڕاپەڕینە ئەوە ڕێکخراوی (بەدیلی کۆمۆنیستی)ە.

دیارە کە زوربەی حزب و ڕێکخراوەکان بڕیارنامە و پلاتفۆڕمی سیاسیان هەیە بۆ بارودۆخی سیاسی عێڕاق، کە پێشتر بەر لەم بزوتنەوە و ڕاپەڕینە دەریانکردوە، بەڵام پرسیارەکەی ئێوە دیاریکراوە و پەیوەستە بەم بزوتنەوە و خۆپێشاندان و ڕاپەڕینەوە کە کۆمۆنیستەکان پڕۆژەیان چیە بۆی؟ منیش جگە لە ڕێکخراوی (بەدیلی کۆمۆنیستی) تا ئێستا پڕۆژەی حزب و ڕێکخراو و گروپەکانی ترم نەبینیوە بەدیاریکراوی بۆ ئەم ڕاپەڕینە، جگە لە بەیاننامە دەرکردنیان.

بۆپێشەوە: ئایندەی ئەم خۆپیشاندانانە چۆن دەبینن؟

نادر عبدالحمید: ئایندەی ئەم ڕاپەڕینە پەیوەستە بە پڕۆژە و پڕاتیکی کۆمۆنیستی بۆ خودی ئەم ڕاپەڕینە، خۆشبەختانە ئەو پڕۆژەیەش خراوەتەڕوو وە ڕۆژانەش ئەو پڕاتیکە زیندوە بە دەرگیری لەگەڵ هێزەکانی دژە شۆڕش لە ناو مەیدانەکانی ڕاپەڕیندا دەڕواتەڕێوە، هیچ شتێکیش لە مەیدانی سیاسیدا گەرەنتی نییە جگە لە خەتی سیاسی دروستی کۆمۆنیستی و هەڵسوڕاوبوونی ماندوونەناسانە و سوربوون لەسەر کاری کۆمۆنیستی و لەدەستنەدانی هەل و دەستپێشکەری دەمودەست بۆ ڕابەرایەتی لەکاتی پێویستدا.

Leave A Reply

Your email address will not be published.