بەیەکەوە دەبێ کۆنەخوازی و گەندەڵکاری نەمێنن
بەیەکەوە دەبێ کۆنەخوازی و گەندەڵکاری نەمێنن
عبدالرحمن رەسول
کۆنەخوازو گەندەڵ و دزەکان نایانەوێت سیستەمی چەوسێنەر بگۆڕێت، چونکە بەنەمانی سیستەمی چەوسێنەر خۆیان و بیروباوەڕی کۆنەخوازیان دەکەونە پەراوێزی کۆمەڵگەوە. دوای نەمانی دەسەڵاتیان دەبێت لەسەر ئەنجامدانی تاوانە جۆراوجۆرەکانیان لەدادگایی خەڵکدا دادگایی بکرێن وسزا بدرێن. دواتر لەلایەن خەڵکەوە دەخرێنە بیرەوەری مێژووی مرۆڤایەتییەوە. وەکو کردەوەکانی فاشیزم و سەرۆکە دیکتاتۆرو مرۆڤکوژەکان ودزو گەندەڵکارەکانی مێژووێکی ڕەش وخراپ تۆمار دەکرێن بۆ ئەوەی هەرگیزا و هەرگیز هاوشێوەی ئاکارو کردەوەیان دووبارە نەبێتەوە. دەکرێتە وانەیەک بۆ مرۆڤەکانی کۆمەڵگە کە کۆنەخوازان و گەندەڵگاران و دزانی قۆناغی ئێستا چ بەڵایەک بوون بەسەرشانی کۆمەڵگەی کوردستانەوە، هۆکارەکەی ئەوەبووە کە هەردوو لایان هاوبەش بوون لە دروستکردنی کێشەو قەیرانەکان. ئەمەش بۆ نەگۆڕاندنی کۆمەڵگە و دەسەڵاتی چەوسێنەر. دواتر نەوەکانی داهاتوو هەموو ئەوانەی کەئەمرۆ لەناو زەلکاوی کۆنەپەرستی وکۆنەخوازی ودزی وگەندەڵی دا شۆڕش و تێکۆشانیان کردووە، هەروەکو نموونەیەکی جوانی ئازادیخوازی نەوە دوای نەوە دەناسێندرێن و ڕێزیان لێدەگرێت… چەوسانەوەی مرۆڤەکان بەرهەمی سیستەمی چەوسێنەرە، نەمانی چەوسانەوەش پەیوەندی بەلابردنی ئەوسیستەمە چەوسێنەرەوە هەیە. عناسری ئایینی و مەلاکانیش بەردەوام پارێزگاریان کردووە لەسیستەمە چەوسێنەرەکان، دەسەڵاتە ملهوڕەکان بەردەوام مەلاکانی لەبەرژەوەندی مانەوەی خۆی بەکارهێناوە. پارە و پوڵیان پێداون و ژیانێکی باشیان بۆ دابینکردوون. دواتر بەپێی بەرژەوەندی دەسەڵات وتارییان بۆ خەڵک داوە و فتوایان دەرکردووە، هەرگیز ڕەچاوی پاراستنی مافەکانی مرۆڤیان نەکردوە، چونکە بەردەوام بەرژەوەندی خۆیان و دەسەڵاتیان پاراستووە. بەشێکی تر لەمەلاکان دەستیان لەگەڵ دەوڵەتێکی کۆنەپەرست تێکەڵ کردووە، بەپێی ڕێنمایی و ئامۆژگاری وبەرژەوەندی ئەوان وتارییان داوە. کە ڕاستگۆیانە بەدواداچوون و توێژینەوە لەسەر مێژووی بڵاوکردنەوەی پەیامی مەلاکان بکرێت کەمترین لەمەلاکان ڕاستگۆیانە و بێ بەرژەوەندی حیزبی و کەسی خۆیان پەیامی ئاینیان لەناو کۆمەڵگەدا بڵاوکردۆتەوە.. هەر بۆیە بەردەوام لەمێژوودا مەلاکان وەکو موبەلیغی دینی بەکارهاتوون وبەکاریان هێناون بۆ پاراستنی بەرژەوەندی سیستەمی چەوسێنەر. هەرچی مەلا هەیە لەلایەن حکومەت و دەوڵەتەکانیانەوە مانگانە هەروەک فەرمانبەری دەوڵەت مووچەی هەیەو خانەنشین دەکرێت و هاوکاری ویارمەتی دەدرێت، ئەم هاوکاری ویارمەتیدانە لەبەرامبەر بێدەنگی وبێ هەڵوێستیان بەرامبەر زوڵم وزۆری و دزی وگەندەڵی و هەژاری و بێکاری وچەوسانەوەی خەڵکیدایە. نموونەشمان دەرکردنی فتوادانی ئەنفالکردنەکان و کۆمەڵکوژییەکان لەعێراق و تورکیا و ئێران و سووریا و دەوڵەتانی تر، هەموویان بەفتوای مەلاکانی دەسەڵات بوون، دواتر ئیسلامییەکان ومەلاکانی تر بێدەنگ وبێ هەڵوێست بوون. مەلاکانی ئێران و کوردستان لەبەرامبەر فتواکانی خومەینی لەدژی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هێرشکردنە سەر خەڵکی سیکۆلار وئازادیخواز بێ هەڵوێست وبێ دەنگ بوون. بەدرێژایی دەسەڵاتی ئیسلامییەکان ژنان زیندە بەچاڵکراون، لەئێران لەلایەن ئاخوندەکانی ئیسلامییەوە گەنجان و لاوانەوە لەسێدارە دەدرێن بەهۆی هەبوونی دەوڵەتێکی دینییەوەیە کە پێیان وایە بە لەسێدارەدانی مرۆڤەکان تاوانەکان کەم دەبێتەوە، بەڵام بە بەراورد بە دەوڵەتێکی سیکۆلارو پێشکەوتوودا بەردەوام دەوڵەتی ئیسلامی ئێران بەشی شێری بەرکەوتووە لەئەنجامدانی تاوان وسوکایەتی و ئازاردان بەمرۆڤەکاندا. ڕێکخراوی ئیسلامی داعش بەهۆی فتواکانییەوە کە هەستا بە ئەنجامدانی گەورەترین تاوان لەمێژوودا کەبەهەزاران ژنان وکچان بازرگانیان پێوەکران و بەهەزاران ژنان وپیاوان کەیەزیدی بوون کۆمەڵکوژکران و بەهەزاران کەس کە لەخۆیان جیاواز بیری کردەوە بەئاشکرا سەربڕدران و سووتێندران و کوژران کە بە ئاشکرا ئەمە بەفتوای مەلاکانی داعشی ئیسلامی بەڕێوەچوو. مەلاکان و ڕێکخراو وحیزبە ئیسلامیییە توندڕەو میانڕەوەکانی تریش پاکەنەیان بۆ کردەوەکانی ئەم ڕێکخراوە تیرۆریستییە دەکرد. لەمینبەری مزگەوتەکانەوە بە ئایەت و حەدیسەکانیان تاوانەکانی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعشی ئیسلامییان دادەپۆشی.. کەواتە لەهەر شوێنێک دەسەڵاتی دینی هەبێت خەڵک باجی زۆر دەدات و کۆمەڵکوژ دەکرێت و ئازادییەکانی لێ قەدەغە دەکرێت. کاتێک مەلاکان حیزبیان دروستکردووە بەپێی نەخشەوپلانی دەوڵەتانی ئیسلامی بەرنامەی حیزبیان داناوەو جێبەجێیان کردووە، هەربۆیە هاوکاری وماددی ومەعنەوی زۆرکراون لەلایەن ئەو دەوڵەتە ئیسلامییەی کە لەوحیزبە ئیسلامیییەوە نزیکە. ئەمە بە حیزبە توندڕەو میانڕەوەکانەوە هەر بەوجۆرەن کە هیچیان سەربەخۆیانە لەدانانی بەرنامەی سیاسی وپەیوندی دیبلوماسی وحیزبایەتییاندا سەربەخۆ نەبوون. لە عێراق و باشووری کوردستان بۆ هەموو حیزبە ئیسلامیی و نا ئیسلامییەکانیش زۆرینەیان هەمان شت بووە نەیان توانیوە سەربەخۆیانە وپشت بەخەڵکی ناوخۆی کوردستان وعێراق ببەستن. هەربۆیەش نەتواندراوە کێشە وقەیرانەکانی عێراق وکوردستان چارەسەر بکرێت. ئەمەش وای کردووە کە کاریگەری دەسەڵات ودەوڵەتی فاشیزمی ئیسلامی ئێران زۆر باش ببیندرێت وهەستی پێبکرێت. زۆرێک لەیاساکانی دەوڵەتی عێراق هاوشێوەی دەوڵەتی ئیسلامی ئێرانە بەتایبەت لەبارەی مافەکانی ژنان و یاساکانی هاوسەرگیری دا. سیاسەت و بانگەشە فکرییەکانی حیزبە ئیسلامییەکان هاوشێوەی فاشیزمی ئیسلامیی ئێرانە و لەسەر بنەمای خورافەو و توندرەوی دامەزراوە. نموونەش گرووپ وڕێکخراوە ئیسلامیییە شیعە و سونەکان لەعێراقدا بەتوندترین شێوەی بەڕێگەی چەکداری ڕووبەڕووی خەڵکی ناڕازی وخۆپیشاندەری شارەکانی عێراق لەساڵی ٢٠١٩ و ٢٠٢٠ بوونەوە بەهۆی ئەمانەوە کە بەهاوکاری فاشیزمی ئیسلامی ئێران ژمارەیەکی زۆر لەخەڵکی خۆپیشاندەری عێراق بوونە قوربانی وبریندارکران بەدەستی چەکدار و چەقوکێشەکانی ڕێکخراوە ئیسلامیی توندڕەوەکانی عێراق و بەهاوکاری هێزەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران. ئەم هێزە ئیسلامییانە وەک هێزێکی کۆنەخواز پشتیوانی مانەوە دەسەڵاتی چەوسێنەرو گەندەڵی عێراقن. نایانەوێت سیستەمی چەوسێنەرو دزو گەندەڵ بگۆڕێت. هەربۆیە بەردەوام سیناریۆ ساز دەکەن بۆئەوەی پاشەکشە و شکست بەشۆڕش وڕاپەرین وناڕەزایەتی خەڵکی شارەکانی عێراق بهێنن. بزووتنەوەی ئیسلامی لەکوردستانی عێراق هەرلەسەرەتاوە لەلایەن ئێرانەوە هاوکاری ماددی ومەعنەوی زۆر کرا و تەنانەت چەکی پێدەدا. کە دەستی بەسەر ناوچەکانی شاری هەلەبجەو شارەزورو خورمال و احمدەئاوا داگرتبوو، زۆر توندڕەوانە مامەڵەی لەگەڵ خەڵکی ناوچەکەدا دەکرد، هاوشێوەی ڕێکخراوی تیرۆریستی ئیسلامی داعش فتوا و یاسای کۆنەپەرستانە و دژە ئینسانی دەردەکرد بەزۆر بەسەر خەڵکی دا دەسەپاند. ژنان وکچان بەتوندترین شێوە دەچەوسانەوە وئازارو ئەشکەنجە دەدران.. دواتر کە حیزبی کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان دامەزرا بەهۆی ناکۆکی وشەڕیان بوو لەسەر پلەو پۆست وبەرژەوەندی شەخسی ئەم حیزبەش هاوکاری ماددی وچەکداری کرا لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە. یەکگرتوویی ئیسلامی کوردستان کەحیزبێکی بەناو میانەڕەوە لەلایەن حیزب و ڕێکخراوە ئیسلامییە ئیخوانەکانەوە و دەوڵەتی ئیسلامی تورکیا بەسەرۆکایەتی پارتی دادو گەشەپێدانی تورکیاوە زۆر هاوکاری ماددی و مەعنەوی کراوە.، دۆستایەتی و پەیوەندی بەهێزیان لەگەڵ یەکتری هەبووە و ئێستاش هەیە لەنێوان یەکگرتوویی ئیسلامیی کوردستان و پارتی دادوگەشەپێدانی تورکیاوە. ئەو تاوان و کۆمەڵکوژی لەسێدارەدانانەی کەلەژێر سایەی فاشیزمی ئیسلامیی ئێران دا لەماوەی ٤۰ ساڵە ئەنجام دەدرێت، بەڵام ئەو حیزبانەی کە لەگەڵ ئەو دەوڵەتانە پەیوەندی باشیان هەیە بێ دەنگ وبێ هەڵوێستن، بۆ دەوڵەتی ئیسلامی تورکیاش هەروایە ئەمە جۆری کاری سیاسی وحیزبایەتییانە لە عێراق و کوردستان دا بەوجۆرەن. کەواتە بۆ چارەسەری ئەمە دەبێت دەسەڵات وسیستەمێکی سیکولار هەبێت. ئەمەش چارەسەر ئەوەیە کە تێکۆشانی باشتر بکرێت بۆ جیاکردنەوەی دین لەدەسەڵات وحکومەت، ئەمەش بۆئەوەیە کە کەس نەتوانێت دین بەکاربهێنێت بۆبەرژەوەندی سیاسی وکەسی. هەموو مرۆڤەکان بەهەبوونی هەر بیروباوڕو دینێک ئازادانە لەکۆمەڵگەدا بەیەکەوە ئاشتییانە بژین …