عەلی محەمەد: یاریکردن بە داخوازی و دروشم و ئاراستەکان، نەخوێندنەوەی تواناو هێزی ڕاستەقینەی خۆپیشاندانەکان…ڕۆڵی زۆریان لەسەرنەکەوتنی خواستەکانی جەماوەری خۆپیشاندەردا گێڕا… 

0

عەلی محەمەد: یاریکردن بە داخوازی و دروشم و ئاراستەکان، نەخوێندنەوەی تواناو هێزی ڕاستەقینەی خۆپیشاندانەکان…ڕۆڵی زۆریان لەسەرنەکەوتنی خواستەکانی جەماوەری خۆپیشاندەردا گێڕا… 

گفتوگۆی بۆپێشەوە لەگەڵ رۆژنامەنووس عەلی مەحمەد سەبارەت ٩ هەمین ساڵیادی ١٧ شوبات…

بۆپێشەوە: ١٧ شوبات چی بوو؟ بۆ ڕوویدا؟

عەلی محەمەد: دەمێک بوو خەڵکی کوردستان، لێرەولەوێ ناڕەزابوو لە دەسەڵاتی حیزب و لایەنە سیاسیەکانی کوردستان، لەزۆر شارو شارۆچکەی کوردستان دا، وەک سلێمانی و هەڵەبجەو پینجوین وناوچەی شارەزورو گەرمیان، بەتایبەت چەمچەماڵ و کەلارو شارەکانی قەڵادزەو ڕانیەش لە هەناویاندا، ناڕەزایەتی بەرامبەر ئەو بارودۆخەی دەگوزەرا، پەنگی خواردبووەوە، جارجاریش بە شێوەی جۆراوجۆر دەردەبڕا، هەرلە قسەکردن لە کەناڵەکانی ڕاگەیاندنەوە، تادەگاتە یاداشت پێشکەشکردن و گردبوونەوەو مانگرتن و خۆپیشاندان، ئەم ناڕەزایەتیانەش لەو بارودۆخەوە سەرچاوەی دەگرت، کە حیزب و لایەنە کوردستانیەکان  هێدەی سەرگەرمی هەڵلوشینی داهات و سەروەت و سامانی کوردستان بوون، هێندە بەتەنگ ژیان و گوزەرانی زۆرینەی خەڵکەوە نەبوون، لەو ساڵانەدا ژمارەیەکی دیار لە بەرپرسان و بازرگانانی شەڕو ئاشتی هەڵتۆقیو سەری هەڵدا کە سەرمایەکانیان گەیشتە ملیارەها دۆلار، لە بەرامبەریشدا خەڵکانێکی زۆر نەک هەر لەڕیزی ناوەندو هەژاران دا مانەوە، بەڵکو دابەزین و هەژارتر بوون، کارگاو کارخانەی نوێ و هەلی کار، نەک هەر دەرنەکەوت و نەڕەخسا، بەڵکو کارگە کۆنەکانی ڕژێمی ڕوخاویش داخران و هەلی کار ئەگەر کەمێکیش بووایە، ئەوا تەنها بۆ ئەوانەبوو کە نزیکبوون لە بەرپرسە باڵاکان و حیزبە دەسەڵاتدارەکان، بە کوردی و بەکورتی زۆرێک لە خەلک ئاشنای هەل و مەرجێکی نابەرابەری چینایەتی و کۆمەڵایەتی بوون کە تەحەموول نەدەکرا، بەتایبەتیش کە شارو ناوچەگەلێکی فراوان لە کوردستان دا هێشتا گیرۆدەی ئازارو پێشێلکاری برینە ساڕێژنەبووەکانی ڕژێمی بەعس بوون و لە بەرامبەردا حیزب و لایەنەکانی دەسەڵاتدار، جگە لە وتارو قسەو دروشمی باق و بریق و پاساوی زۆرو زەبەندی بی بناغە هیچیان نەدەکرد.. لە هەلومەرجێکی ئاوەهادا، ئیتر خەڵکی پێیانوابوو، زەحمەتە ئەمانە هەنگاوێکی بەکردەوە، بۆ چاککردنی باری گوزەرانیان بدەن،  وئەو گەندەڵیەی کە وەک مۆرانە زۆرێک لە جومگەکانی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی تەنیوە سنورێکی بۆ دابنێن، بەڵی (١٧) ی شوبات بۆ هەڵوێست وەرگرتن لەهەلومەرجێکی واو هەوڵدان بۆ گۆڕینی ئەو بارودۆخە سەریهەڵداو داواکاری و داخوازیەکانی خۆی لە دابینکردنی کارو گوزەران و خانووبەرەو زەوی نیشتەجێبوون دا دەبینیەوە… شایانی باسە سەرەتا هەندێ گروپ و کەسایەتی ڕۆڵی بەرچاویان هەبوو لە سازدانی گردبوونەوەکەو خۆپیشاندان دا لەبەردەرکی شاری سەرای شاری سلێمانی، بەڵام دواتر وەک هەمووان ئاگادارین لەو شوێنە تێپەڕیکردو توندوتیژی ڕوویداو چەند کەسێکیش شەهیدو برینداربوو…

بۆپێشەوە: هۆکار چی بوو ١٧ شوبات، زۆنی سەوزی تێنەپەراند و نەچووە زۆنی زەرد؟

 عەلی محەمەد: لە زۆنی سەوزدا، وەک هەموو دەزانین، هەر لەدێر زەمانەوە کانگای ناڕەزایەتی و ململانێی سیاسی و فیکری بووە، لە ڕووبەڕووبونەوەو بەرامبەرکێ لەگەڵ ڕژێمە ملهوڕەکانی پێشوودا خاوەنی قوربانی و زیانی زۆری بێ ئەژماربووەو کەش و هەوایەکی تاڕادەیەک ئازادو کراوەتر خوڵقاوە و بەهۆی ئەو ئاستە هوشیاری ڕۆشنبیری و سیاسیە کە هەبووە، ئەو جۆرە  بارودۆخە بەسەر دەسەڵاتداران دا سەپاوە، با پێشیان خۆش نەبێ، ئەمە جگەلەوەی لەم زۆنەدا، هەندێ دیاردەی فرە حیزبی و فرە حاکمی و دەسەڵاتدار هەبوو، بە پێچەوانەوە لە زۆنی زەردا، هەرتەنها پارتی دیموکراتی کوردستان حوکمڕانی تەواوبوو، ئاستی ناڕەزایەتی خەڵکیش و حیزب و لایەن و گروپە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکانیش لە ئاستێکی نزم و لاوازدا بوون.

بۆپێشەوە: بەئاکام نەگەیشتنی خواستەکانی ١٧ شوبات، یان سەرنەکەوتنی بۆچی دەگەڕێتەوە؟

عەلی محەمەد: بەڕای من کۆمەڵێک هۆکار هەیە کە دەستیان لە بەئاکام نەگەیشتنی داواکاری و خواستەکانی ( ١٧ ) ی شوبات دا هەبووە، لەوانە، نەبوونی حیزب یان ڕابەرایەتیەکی بەهێز کە لە بەهێزی بزووتنەوەکەدا ڕۆڵی هەبێ و گەشەی پێبدات و ئاراستە ئەسڵیەکەی بپارێزێت، تێکەڵبوونی لایەنەکانی ئۆپۆزیسیونی باو، لە وێنەی بزووتنەوەی گۆڕان و یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان و کۆمەڵ و بزووتنەوەی ئیسلامی … ئەم تێکەڵبوونە هەربە بەشداری و پشتگیری خواستە ڕەواکانەوە نەوەستا (کە ئەمە ئەگەر بکرایە ئاسایی و ڕەوابوو) ، بەڵکو هەر خێرا هەوڵدرا جێگرەوە بۆ ئەو خواستانە و بۆ ڕابەرانی فیعلی و بۆ ئاراستەی گونجاوو دروستی خۆپیشاندانەکانی (١٧) ی شوبات دابنرێ وبەداخەوە ژمارەیەکی زۆر لە ڕابەران و هەڵسوڕاوانی چالاکیش، بە چەپ و کۆمۆنیستەکانیشەوە، ڕەدووی ئەو ئاراستە نادروست و ناژیرانەو نامەنتیقیانە کەوتن، کە ئەو لایەنانە دایان ئەڕشت و تاکار وایلێهات گەیشتە ئەوەی ئەوان بۆ بەشداری لە دەسەڵات و وەرگرتنی پلەوپایەو پۆست دا، لە خۆپیشاندان و فشارە جەماوەرییەکان سودمەندبن، بوونی ئەوەی کە پێی دەووترا بەهاری عەرەبیش، لەو هەلومەرجەدا، لە وڵاتە عەرەبیەکان، زەمینەی ئەم بەدواکەوتن و فریوخواردنەی زیاتر ڕەخساند، هاوکات بوونی هەندێ کەسانی بەناو ڕۆشنبیرو سیاسی کە بە ناوی پێکەوەژیانی فیکرو بیروباوەڕەکان و نەمانی ڕۆڵی ئایدۆلۆژیا، ڕاستەوخۆو ناڕاستەوخۆ ڕۆڵیان لە بەلاڕێدابردنی خۆپیشاندانەکان دا دەبینی و کار ئاسانیان دەکرد بۆ  گۆڕینی ئاراستەی خۆپیشاندانەکان بۆ بەرژەوەندی لایەنە سیاسیەکان بە ئۆپۆزیسیون و دەسەڵاتدارانیشەوە، دەبێ ئەوەش بڵێم، یاریکردن بە داخوازی و دروشم و ئاراستەکان، نەخوێندنەوەی تواناو هێزی ڕاستەقینەی خۆپیشاندانەکان…ڕۆڵی زۆریان لەسەرنەکەوتنی خواستەکانی جەماوەری خۆپیشاندەردا گێڕا، خۆبەرپەرچدانەوەی توندوتیژانەی دەسەڵاتدارانیش، لە سەرەتاوە تا کۆتایی و هەڵمەتی گرتن و ڕفاندن و ئەشکەنجەدان و کوشتن و سەرکوتکردن و سوتاندنی خێمەو دابەزاندنی هێزێکی بی شوماری چەکدار بۆ سەرجادەو خۆ دزینەوەی زۆرێک لە حیزب و لایەن و هەڵسوڕاوانی رێکخراوە ئۆپۆزیسۆنەکان و هەڵپەیان بۆ شەریکایەتی دەسەڵات لە حوکم و بەرژەوەندی دا، ڕۆڵی کاریگەریان لە خامۆشبوونەوە ی خۆپیشاندانەکان دا بینی، دەڵێم خامۆشبوونەوە، چونکە تا ئێستا ناڕەزایەتی  جەماوەری بەرینتر هەیە و زەرورەتی بەدیهێنانی خواست و داواکاریەکانی ( ١٧) ی شوبات، ئەگەر زیادی نەکردبێ کەمی نەکردووە……

بۆپێشەوە: دۆخی ئێستا ئەگەر لە ١٧ شوباتی ٢٠١١ خراپتر نەبێت باشتر نییە، بۆچی خەڵکی کوردستان ئەزموونی ١٧ شوباتێکی تر دیارە بەلەبەرچاو گرتنی خاڵە بەهێز و لاوازەکانی، دوبارە ناکاتەوە؟

عەلی محەمەد: هۆکار زۆرە، کە لە دۆخی ئێستادا، هەمان شێوەی ئەو خۆپیشاندانانە نایەتەوە سەر شەقام، لەوانە، زۆرێک لەو حیزب و لایەنانەی لەو کاتەدا، سواری ملی ناڕەزایەتیەکان بوون و هیوابەخشبوون بە خەڵکی، ئێستاکە بەم شێوە یابەو شێوە، شەریکە بەشی دەسەڵاتن، خەڵکی مارانگازە بە زۆرێک لە حیزب و لایەنە سیاسیەکان، و بێهیوایە لە بە ئاکام گەیشتنی خواستە ئەسڵەکانیان، ناشخوازن ئەمان تێبکۆشن و قوربانی بدەن  و لە ئاکام دا، ڕەنج و ئارەقەو خوێنیان بە خەسار چێت، هۆکاری تر هەیە، وەک ناڕێکخراوبوونی چین و توێژە ناڕازییەکان و نزمی ئاستی هوشیاری و سەرتاسەری نەبوونی ناڕەزایەتیەکان  و لە دەورو پشتیش دا، بارودۆخێکی هیوابەخش و پشتگیر ناڕەخسێ، کە نارەزایەتیەکانی ئێرەش بگرێتەوەو هیوابەخش بێت، بەڵکو ترس لە دواڕۆژێکی ڕەشتریش هەیە، کە ئەوەشی هەبێت لەدەست بچێت، بەڵام دیارە هەموو ئەمانە ناکاتە ئەوەی کە ناڕەزایەتیەکان، بەرینترو بەهێزتر نەبێ و نەتەقنەوە، بەڵکو دەشێ لەداهاتوویەکی نزیک دا، هەندێک لە خاڵە لاوازەکانێشی تێپەڕێنێ و بتەقنەوە و لەڕێگای بەدەسهێنانی خواست و داواکاریەکانیش دا بەرەو پیشچوونیش ڕووبدا…

بۆپێشەوە: ڕۆڵی ئیسلامیەکان، مەبەستمان حزب و رێکخراوە سیاسیە ئیسلامیەکانە، لە ١٧ شوباتدا چی بوو؟

عەلی محەمەد: سەبارەت بە ڕۆڵی حیزب و ڕێکخراوە ئیسلامیەکانیش، لە هۆکارەکانی سەرنەکەوتنی خواستەکانی ( ١٧)ی شوبات دا، پێشتر ئاماژەم پێدا، کە بە شێوەیەکی ئاشکرا دەستیان هەبوو لە بەلاڕێدابردنی خۆپیشاندانەکان و گۆڕینی ئاراستە ئەسڵیەکەیدا، تا ڕادەیەکیش سەرکەوتن، و نەک هەر ئاراستەکەیان گۆڕی، بەڵکو ئەوان داب و نەریتی ئیسلامیانەی خۆشیان، هاوشێوەی بەهاری عەرەبی، لەسەر شەقام و گۆڕەپانەکاندا،  پەیڕەوکرد، کە جێگای داخە لە زۆربەی وڵاتانی عەرەبیش دا، شکست بە ناڕەزایەتییە شۆڕشگێڕی و گۆڕانخوازە ڕاستەقینەکان هێنراو تەنانەت لە هەندێ وڵات دا ، وەک سوریاو لیبیاو عێراق و تاڕادەیەکیش میسریش، کار بە شکستەوە نەوەستاو خەڵکێکی زۆر، تا ئێستا،  بەدەست شەڕی ناوخۆو میلیشیاگەری و وێرانکاریەوە دەناڵێنن.

Leave A Reply

Your email address will not be published.