دەست درێژی سێکسی بۆ سەر ژنان و کاریگەرییەکانی!

0
دەست درێژی سێکسی بۆ سەر ژنان و کاریگەرییەکانی!
 
نووسین و ئامادەکردنی: شوانە حەسەن ئەبوبەکر
 
دەستدرێژی سێکسی لە پەیوەندی ژن و مێردایەتیدا، ئەمڕۆکە بووە بە پرسێکی جدی کۆمەڵایەتی و کێشەیەکە لەبواری تەندروستی گشتی و دەروونیدا. تا چەند ساڵ لەوە پێش تەنها لەهەندێ لە وڵاتان ئەویش بە شێوەی سنووردار باسی لێوە دەکرا. جگە لەوەی بە تاوان نەدەزانرا، بەڵکوو کەس ناوی دەستدرێژیشی لێ نەدەنا. بە درێژایی مێژوو، ئەو پیاوانەی دەستدرێژیان کردۆتە سەر ژنەکانیان لە بەرامبەر سزای یاساییدا پارێزراو بوون. بە پێی یاسای دادوەری پلەبەرزی بەریتانیا لە سەدەی ١٧ی زایینیدا، ئاغای ویلیام هیک، ناکرێت مێرد سزا بدرێت لەبەرئەوەی دەستدرێژی کردۆتە سەر ژنی خۆی. لەبەرئەوەی بە پێی گرێبەستی ژیانی هاوسەرێتی و بە رەزامەندی خۆی، ژنەکە خۆی بە تەواوی دەخاتە بەردەستی پیاو. ئەم بۆچوونەی ویلیام هیل کە وەک (دۆکترینی هیل) دەناسرێت، بەشێوەی فەرمی لە سیستەمی یاسایی بەریتانیا و ئەو وڵاتانەی کەداگیری کردبوون و هەروەها لە باکووری ئەمریکا کاری پێدەکرا. پێشتر کەسێک بە ناوی بلاک ستۆن وتبووی کە ژن بەشێکە لە مڵکی پیاو لەو ماوەیدا کە ژن و مێردن. بە پێی ئەم تێڕوانینە، مێرد تاوانبار نییەو بەهەر شێوەیەک بیەوێت دەتوانێت لەگەڵ کاڵاکانی خۆیدا رەفتار و هەڵسووکەوت بکات و بەکاریان بێنێت. کەس بەهۆی دەستدرێژی و بەکارهێنان یان خەسار گەیاندن بە کاڵا و مڵکی خۆی بە تاوانبار نازانرێت. چەمکی دەستدرێژی لە پەیوەندی ژن و مێرددا دەکرێت بڵێین تا سەردەمی “بزووتنەوەی ژنان بۆ گۆرینی سیستەمی یاسایی” لە دەیەی ١٩٧٠ بە جیدی نەهاتە بەر باس. بە هەوڵ و کۆششی چالاکانی بزووتنەوەی ژنان لە ئەمریکا و بەتایبەت خاتوونێک بە ناوی لارا ئێکس، بۆ یەکەمجار لە ساڵی ١٧٩٧ لە ئەیالەتی کالیفۆڕنیا پیاوێک بە تاوانی دەستدرێژی سێکسی بۆسەر ژنەکەی بە تاوانبار ناسرا. لە ئێستادا یاسای “قەدەغەبوونی دەستدرێژی سێکسی لە ژیانی هاوسەریدا” لە ئەمریکا و بەشێکی زۆری وڵاتانی ئەورووپایی بە فەرمی ناسراوەو کاری پێ دەکرێت. بەفەرمی ناسینی ئەم یاسایە لەلایەن دەوڵەت و سیستەمی یاساییەوە لەم وڵاتانە بووە بەهۆی ئەوەی کە دەوڵەتەکان بە شێوەی جیدیتر کێشەکانی تایبەت بەم بوارە لەبەرچاو بگرن و بوودجە و سەرمایە تەرخان دەکەن بۆ لێکۆڵینەوەی زانستی و ئاکادێمیک لەم بوارەدا. تیۆرییەکانی سەر بە فێمنیسم، بونیادگەرایی و دەوری جێندەر لە کۆمەڵایەتی بوونی کەسەکان، سێ تیۆری ئاوانگارد و پێشەنگن کە لە زۆریەک لە لێکۆڵینەوە زانستی و ئاکادێمییەکانی تایبەت بە دەستدرێژی سێکسی لە پەیوەندی ژن و مێردایەتییەدا بەکار دەبرێن. بونیادگەرایانی کۆمەڵایەتی جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە دەستدرێژی لە پەیوەندی ژن و مێرددا، رەنگدانەوەی حەزی پیاوە بۆ زاڵبوون بەسەر ژندا و پاراستنی هێزی نەریتیانەیان بۆ پارێزگاری لەخۆیان و پارێزگاری لەو شتەی کە خاوەندارێتی دەکەن. خاوەن ڕایانی دەور و نەخشی جێندەر لە کۆمەڵایەتی بوونی کەس لەسەر ئەو باوەڕەن دەستدرێژی لە پەیوەندی ژن و مێرددا، لە داسەپاندن و قبووڵکردنی باوەڕە نەریتییەکانەوە بۆ دەوری ژنەکان لە پەیوەندی سێکسیدا سەرچاوە دەگرێت. بەپێی ئەم روانینە، دەور و نەخشە نەریتییە جێندەرییەکان فێری پیاوان دەکات کە دەوری جێندەر یان رەگەزی بەهێزتر بگێڕن و بەزۆری هێرشبەر بن و بە پێچەوانەوە ژنان ملکەچ و بێکردە بار دەهێنرێنت جۆرەکانی دەستدرێژی سێکسی بۆسەر ژنان ئەمانەن: یەکەم/ هەڵچوون و ئازاردانی سێکسی نافیزیکی ئەمجۆرە ئازاردانە سێکسییە بە زۆری جۆرێک تووڕەبوون و هەڵچوونی زمانی و دەروونییە کە بە دوو فۆڕمی بنەڕەتی “ناچارکردنی کۆمەڵایەتی و نۆرمەکان” و “ناچارکردن بە پێی پەیوەندی نێوان کەسەکان/ ئەرباب و نۆکەر” ڕوودەدات. ناچارکردنی کۆمەڵایەتی و نۆرمەکان باوترین جۆرە لەم بەشەدا. لەم جۆرە لە ئازاری سێکسیدا، ئەرکی ژن ئەوەیە خزمەتی مێردەکەی بکات بە پێی ئەرکی ژن و مێردایەتی. ئەرکی سەرەکی ژن دابینکردن و دامرکاندنەوەی هەستی سێکسی مێردەکەیەتی، تەنانەت ئەگەر سێکس بە پێچەوانەی حەز و ویستی دەروونی ژن بێت. لەجۆری دووهەمدا، مێردەکە بە کەڵک وەرگرتن لە سەرچاوەو ئیمکانە مادییەکان یان هێزی خۆی، وا لە ژنەکەی دەکەت ملکەچی خواستە سێکسییەکانی ئەو بێت: بۆ وێنە لە بەرامبەر پارەدا وا لە ژنەکەی دەکات ملکەچی خواستی سێکسی پیاوەکەی بێت، تەنانەت ئەگەر کردەی سێکس بە پێچەوانەی حەز و ویستی ژنەکە بێت و ئازار بچێژێت یان هەست بە سووکایەتی بکات. دووەم/ ‌‌ترس و تۆقاندن یان ناچارکردنی سێکسی، ژمارەیەکی زۆر لە ژنان لە ترسی ئاکامەکانی بەرگریکردن لە بەرامبەر ئازاری سێکسی مێرد یان شەریکی سێکسیان، مل ئەدەن بە پەیوەندییەکی سێکسی نەخوازراو. ئەوان لە پەرچەکرداری نێگەتیڤی شەریکە سێکسییەکەیان یان مێردەکەیان دەترسێن. ئەم پەرچەکردارە نێگەتیڤە زۆربەی کات وەک هەڵچوون و تووڕەیی زمانی و دەروونی یان شەڕ و لێدانی جەستیی خۆی دەردەخات. ئەم وتەزایە خۆی بە سێ بەش دابەش دەبێت ا/ لێدان و ئازاردان دەستدرێژیەک کە لێدان و ئازاردانی لەگەڵدایە و زۆربەی کات توندووتیژی زمانی و فیزیکیشی لەگەڵدایە. ب/دەستدرێژی فیزیکی و بەزۆر ئەم جۆرە دەستدرێژییە بە هۆی کێشەی بەردەوامی ژن و پیاوە لەسەر جۆر و شێوەو فۆڕمی سێکس. لەم جۆرە دەستدرێژییەدا، کەسی دەستدرێژی کەر تا ئەو کاتەی ئەتوانێت ئەو شێوەو فۆڕمە سێکسەی کە خۆی دەیەوێت ئەنجام بدات، کەڵک لەم جۆرە توندووتیژییە وەر دەگرێت و بەزۆر و بە لێدان بەرامبەر ناچار ئەکات بەوەی ملکەچی خواستی ئەو بێت. ج/ دەستدرێژی سادیستی و گرێیانە ئەمجۆرە دەستدرێژییە زۆربەی بە ئەنجامدانی جۆرێکی ناباوی سیکس دەردەکەوێت. ئەو کارە ناعەقڵانی و لادەرانەی کە وا دەکات قوربانی ئازاری پێ بگات لە کاتی سێکسدا. ئەمجۆرە دەستدرێژی سێکسی لەلایەن پیاوەوە زۆربەی کات بۆ ئەوە نییە ژن یان شەریکە سێکسیەکەی خۆی کۆنتڕۆڵ بکات و ملکەچی بێت، بەڵکوو بەمەبەستی زیاتر ورووژانی سێکسی خۆی بەکاری دەبات. لێکۆڵینەوەی زۆر کراوە لەسەر ئەنجام و کاریگەرییەکانی توندووتیژی جەستەیی و دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر ژنان لە لایەن هاوسەر و شەریکە سێکسییەکانیانەوە. ئەنجامەکان بە گشتی دەرخەری ئەوەن کە توندووتیژی جەستەیی و هەروەها تووندووتیژی و ئازاردانی سێکسی کاریگەری زۆر خراپی دەروونی و جەستەییان هەیە لەسەر ژنانی قوربانی. بەڵام ئەو ژنانەی کە توندووتیژی و ئازاری سێکسیان بەرامبەر ئەنجام دراوەو ئەزموونی وەها جۆرە دەستدرێژییەکیان هەیە، زۆر زیاتر لەو ژنانەی کە توندووتیژی جەستەییان بەرامبەر کراوە، مەترسی تووشبوون بە نەخۆشی دەروونی فیزیکیان لەسەرە. کاریگەریەکانی دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر ژنان ئەمانەن ئەلف/کاریگەرییە دەروونییەکان: خەمۆکی بوون (Depression)یەکێکە لە کاریگەرییە دەروونییەکانی دەستدرێژی لە پێوەندی سێکسیدا. قوربانییەکان تووشی کۆمەڵێک کێشەی قووڵ دەبنەوە لەوانە، خەمۆکی بوون، تێکچوونی باری دەروونی دوای رووداوەکە ترس لە کۆمەڵگە، تێکچوونی رەفتاری سێکسی. هەروەها قوربانییەکان تووشی کۆمەڵێک کێشەی تر دەبنەوە وەک سەرکۆنەکردن و خۆبەتاوانبار زانین، هاتنەخوارەوەی متمانە بەخۆ و بە جەستەی خۆ، نەبوونی بڕوا بەخۆ بوون، بێزاربوون لە پیاوان و پەیوەندی سێکسی. ژمارەیەکی زۆری لێکۆڵینەوەکان ئاماژە بەوە دەکەن ئەو ژنانەی کە رووبەڕووی دەستدرێژی سێکسی بوونەتەوە لەلایەن شەریکە سێکسییەکانیانەوە، زۆر کەمتر لەو ژنانەی دەستدرێژی جەستەییان کراوەتە سەر متمانەیان بە خۆیان هەیە. ئەو ژنەی دەستدرێژی سێکسی دەکرێتە سەر متمانەی بەخۆی نامێنێت نەبوونی بڕوابەخۆبوون (Self- Confidence) هۆکارە بۆ گۆشەگیری و خۆپەراوێزخستن. هەروەها لێکۆڵینەوەکان دەرخەری ئەو راستییەن کە دەستدرێژی سێکسی لە پەیوەندی ژن و مێردایەتیدا، یان لە پەیوەند لەگەڵ شەریکە سێکسییەکان، دەبێت بەهۆی دروستکردنی ترس و دڵەڕاوکێ لەلای قوربانی. ب/کاریگەرییە فیزیکی و جەستەییەکان ئەو ژنانەی کە لەلایەن هاوسەر یان شەریکە سێکسییەکانی خۆیان وەک رەفێقە کوڕ (Boy Friend) دەستدرێژی سێکسی کراوەتە سەریان، باری دەستدرێژییەکە زۆر قورسترە لەسەریان لەچاو ئەو ژانەنی کە لەلایەن کەسانی نەناسراو و بێگانەوە دەستدرێژی دەکرێتە سەریان. جیاوازی لە ئاستی توندووتیژییەکە و جۆری ئازارێکە کە پێیان دەگات. ئەو کەسانەی کە لەلایەن هاوسەر و شەریکە سێکسییەکانیانەوە دەستدرێژی دەکرێتە سەریان، زیاتر لە بەردەم مەترسی ئازاری جەستەیی و ئازار گەیشتن بە شوێنە هەستیارە سێکسییەکانی جەستەیاندان. زیاتر لە ژنانیتر کە لەلایەن بێگانەوە دەستدرێژی دەکرێتە سەریان نیشانە و ئاسەواری دڕین، بریندار بوون و… بە جەستەیانەوە دیارەو هەندێجار پێستیان بریندار دەبێت و بەم شێوەیە رووبەڕووی ئازاری جەستەیی دەبنەوە کە کاریگەری رۆحی هەیە لەسەریان. ژمارەیەکی زۆر لە ئازارە جەستەییەکان وەک سک ئێشە، ئازارە باوەکانی تایبەت بە نەخۆشیە ژنانەکان، ئازاری سمت، خوێن بەربوونی زێ (Vagina)، پەیوەندی سێکسی بە ئێش و ئازارەوە، لەباربردنی مناڵ، ئیلتهابی میزڵدان، بەئازارەوە میزکردن، خوێن بەبوونی دواوە (Seat) و نەخۆشییە باوەکانی ریخۆڵە لەو ژنانەدا بینراوە کە لە لایەن کەسانی نزیکەوە، واتە شەریکە سێکسییەکانەوە دەستدرێژییان کراوەتە سەر. ئەوان لە بەردەم هەڕەشەی ژمارەیەک نەخۆشی مەترسیداردان وەک شێرپەنجەی مناڵدان و ئەو نەخۆشیانەی کە بەهۆی پەیوەندی سێکسیەوە دەگوازرێنەوە.
 
 
 
 
Leave A Reply

Your email address will not be published.