نەهرۆ عاڵڵاهی: حکومڕانیەتی هەرێمی کوردستان بەجۆرێکە کە هەموو جومگەکانی توشی ئیفلیجی بووە و دەبێت لەڕەگەوە چاکبکرێت.

0
نەهرۆ عاڵڵاهی: حکومڕانیەتی هەرێمی کوردستان بەجۆرێکە کە هەموو جومگەکانی توشی ئیفلیجی بووە و دەبێت لەڕەگەوە چاکبکرێت.
گفتوگۆی بۆپێشەوە لەگەڵ نەهرۆ عاڵڵایی ڕۆژنامەنووس و چالاکوانی سیاسی سەبارەت بە پرۆژە یاسای چاکسازی…
 
دیمانەی بۆپێشەوە لەگەڵ بەڕێز نەهرۆ عاڵڵایی؛ ڕۆژنامەنووس و چالاکوانی سیاسی سەبارەت بە یاسای چاکسازی لە هەرێمی کوردستان.
بۆپێشەوە: چۆن دەڕواننە پرۆژەی چاکسازی کە پەرلەمان پەسەندی کرد؟
نەهرۆ عاڵڵایی: لەڕاستیدا ناکرێ ناوی لێبندرێ پرۆژەی (چاکسازی)! لەبەرئەوە خۆی لە خۆییدا پرۆژەی ڕاستکردنەوەی هەڵەکانی دەسەڵاتدارانی هەرێمە، کە لەماوەی چەندین ساڵی حکومڕانیاندا کردوویانە و ئیدارەیەکی خراپیان هەبووە. چونکە چاکسازی بوعدێکی فراوانتری هەیە. خۆتان دەزانن حکومڕانیەتی هەرێمی کوردستان بەجۆرێکە کە هەموو جومگەکانی توشی ئیفلیجی بووە و دەبێت لەڕەگەوە چاکبکرێت. لەبەر ئەوە جارێکیتر دووبارەی دەکەمەوە ئەوە پرۆژەی چاکسازی نییە و خۆڵکردنە چاوی خەڵکە، لەهەمانکاتدا ڕاستیەکەی ئەوەیە کە پێویستە پەرلەمانی کوردستان بە پرۆژەی ستراتیژی و ئامانجدار کە پەیوەندی بە ماف و ئازادی و ژیان و گوزەرانی کۆمەڵگەوە هەبێت. هەروەک پێویستە سەرنجی جدی بخرێتە سەر خۆشگوزەرانی و مەسەلە چارەنوس سازەکان، بۆیە پێموایە کە ئەم پرۆژەیە تینویەتی خەڵک نەک ناشکێنێ، بەڵکو جۆرێکە لە بەلاڕێدابردنی چاکسازی راستەقینە و کەمکردنەوەی جیاوازییەکان لە ژیان و گوزەرانی خەڵک و کەمینەیەکی دەسەڵاتدار .
بۆپێشەوە: هیچ کام لە لایەنەکانی بەشداری لە کابینەی حکومەتدا، ئامادەنەبوون موچەی خانەنشینی کریکاران و کارمەندان زیاد بکرێت، ئەوە بۆچی دەگەڕێتەوە ؟
نەهرۆ عاڵڵایی: هۆکارەکەی ڕۆشنە، جومگە سەرەکیەکانی پێکهێنەری حکومەتی هەرێم یەک بنەمای فکرییان هەیە لە ڕووی باوەڕبوون بە ئابوری سەرمایەداری کە بازاڕی ئازادە، و هەموویان باوەڕی تەواویان بە ئابوری سەرمایەداری هەیە لەڕووی بنەماکانی فکرەوە لەیەک نزیکن و کۆمەڵێک ئەحزابی نەتەوەیی کە هیچ نزیکایەتیەکیان بە عەدالەتی کۆمەڵایەتی یان سۆسیالیستی نەبووە و نییە، بۆیە پەنجە ناخەنە سەر برینەکانی کۆمەڵگە و هیچ کاتێک ژیان و کاری کرێکاران و کارمەندان بەرنامە و پلانی ئەوان نەبووە، نەشیان شاردۆتەوە ئەوان ئەحزابی بۆرژوازی نەتەوەین، لەم پرۆژەیەشدا زیاتر ڕوویان لە بەرژەوەندی چینە باڵاکانە، بۆیە ئێستا دەبینبین جیاوازییە چینایەتیەکان بەرینتر دەرکەوتوون لە کوردستان. بەم پرۆژانەش جیاوازییەکان قوڵتر دەکەنەوە، دواجار دەچنەوە سەر بنەما ڕاستەقینەکەی خۆیان کە حکومڕانیەکە بۆ چینێکی سەرمایەدارە. بێگومان لەم جۆرە تایپەش لە حکومڕانی کرێکاران و کارمەندان شوێنێکیان لە پلان و بەرنامە و پرۆژەکانیان نابێت.
بۆپێشەوە: جیاوازی نێوان مووچەی پلە باڵاکان، لەگەڵ مووچەی کرێکاران و کارمەندان، خانەنشینان و کەم ئەندامان، ئاسمان و ڕێسمانە، هۆکار چییە دەسەڵات ئامادە نییە مووچەی پلە باڵاکان کەم بکاتەوە و مووچەی کرێکاران و کارمەندان، بەپێی بەڕیوەچوونی ژیان و گوزەرانیان بباتە سەرەوە؟
نەهرۆ عاڵڵایی: بەزمانێکی سادە دەتوانین بڵێین؛ دەسەڵات لە کوردستان دەسەڵاتی چینە باڵاکانە و هەمیشە مشوری ژیان و گوزەرانی تەنها چینێکە لە کۆمەڵگە کە ژمارەیان لە چەند سەد کەسێکە، تۆ تەماشایەکی ئەو یاسا بەناو چاکسازییە بکەی زۆرترین کاری لەسەر ئەوە کردوە ژیان و گوزەرانی ئەو چەند سەد کەسە مسۆگەر بکات بۆ ساڵانیکی زۆر لە داهاتی خەڵک بەیاسا پارەیەکی بێ شوماریان بۆ بپچڕێتەوە، بەشی هەرەزۆری خەڵکیش بە مووچەیەکی مەمرەو مەژی بژین. بۆئەوەی ئەو ئەندام پەرلەمانانە و باقی پلە باڵاکانیتر ببنە دینگەیەکی بەهێز بۆ پاراستنی حکومڕانیەکەیان بۆ ماوەیەکی دوورتر و هێشتنەوەی ئەو جیاوازییە چینایەتیە. ئەگەر بگەڕێینەوە مێژوو دەبینین چینی ناوەند هەمیشە ڕۆڵ و کاریگەری خۆی هەبووە لە نەخشی گۆرانکارییەکانی ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتیەکان، بەڵام بەم جۆرە سیاسەتانەیان لەهەوڵدابوینە ئەو چینە کۆتایی پێ بهێنن و ئەو ڕۆڵە لەخەڵک و کۆمەڵگە بسەننەوە، ئەو هەوڵەشیان دەچێتە چوارچێوەی هەمان پلان، بۆیە ئێستا چینی مامناوەندیان کاڵکردۆتەوە یان هەر بوونی نەماوە.
بۆپێشەوە: جیاوازی نێوان مووچەی پلە باڵاکان، لەگەڵ مووچەی کرێکاران و کارمەندان لە کوردستاندا، لەگەڵ هەموو وڵات و دەوڵەتانی دنیادا بەراورد ناکرێت، چۆن دەڕواننە ئەو جیاوازییە؟
نەهرۆ عەڵڵایی: ئەو دێرەیە پیوسیتی بە زانیاری وورد نییە ژیانی ڕۆژانەی خەڵکە، سەدا نەوەدی٩٠٪ داهاتی کوردستان بۆ خۆشگوزەرانی سەدا دەی١٠٪ خەرج دەکرێت، بەڵام سەدە نەوەدی خەڵکی کە کرێکاران و کارمەندان و فەرمانبەرانن چاویان لە سەدا دەی داهاتن. زۆرجاریش ئەوە بەگوێی خەڵک دادەنەوە کە ئێمە لە قۆناغی ڕزگاری نیشتیمانیداین، بەڵام ئەوە بیانویەکی بێ بنەمایە کە ژیان و گوزەرانی خەڵک بۆ ماوەیەکی زۆرتر هەر بەم جۆرە بمێنێتەوە و خۆشیان لە ناز و نیعمەتدا بژین و خەریکی کەڵەکەکردنی سەرمایە بن. بێ ئەرکترین ئەرک لە هەموو دنیا ئەو حکومەتی هەرێمی کوردستانەیە! کە هەموو ئیش و کار و پرۆژە و پلانی وەرگرتن و دابەشکردنی ئەو مووچەیە کە لەناوەندەوە وەریدەگرێت و باسێکیش لەسەر پلان و داهاتووی وڵات و داهاتی ناوخۆ و نەوت و غاز نەبێت.
 
Leave A Reply

Your email address will not be published.