خەسرەو سایە: چاکسازیەکەی حکومەت عینوانێکە بۆ بەڕێخستنی شەپۆلێکی تر لەهێرش بردن بۆسەر ئاستی ژیان وگوزەرانی خەڵک و سپاردنی بەیاساکانی بازارو مونافەسەی کۆمپانیاکان..

0
خەسرەو سایە: چاکسازیەکەی حکومەت عینوانێکە بۆ بەڕێخستنی شەپۆلێکی تر لەهێرش بردن بۆسەر ئاستی ژیان وگوزەرانی خەڵک و سپاردنی بەیاساکانی بازارو مونافەسەی کۆمپانیاکان..

گفتوگۆی بۆپێشەوە لەگەڵ خەسرەو سایە ئەندامی مەکتەبی سیاسی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان سەبارەت بە پرۆژە یاسای چاکسازی…

بۆپێشەوە: کابینەی نۆهەم بە بانگەشەی چاکسازییەوە هاتە مەیدان، یاسای چاکسازی کە پەرلەمان دەنگی پێدا، تا چەندە دەچێتە خانەی چاکسازییەوە؟

خەسرەو سایە: ئەگەر لەڕوانگەی بەرژەوەندی و پێکهێنانی ئاڵۆگۆڕێکی ڕوو لەپێش لەژیان وداهاتو موچەی کرێکاران و فەرمانبەرانەوە لەم پڕۆژە یاسایە بڕوانین ئەوا بەبێ دودڵی هەڵگری کەمترین ئاست نییە لەڕیفۆرم وچاکسازی، تەنانەت بەپێوانەی ڕیفۆرمخوازیەک کەبۆرژوازی لەمێژوودا لەخۆی نیشانداوە، چونکە بەهیچ جۆرێک نەچووە بەلای زیادکردنی موچەو هەقدەست، دانی بیمە وخزمەتگوزاری، بەردەست خستنی کاڵا پێویستەکانی ژیانی هاوڵاتیان، بەنرخێکی هەرزان.. بەپێچەوانەوە ئەم یاسایە یەکەمین هەنگاوەکانی سیاسەتی لێگرتنەوەی ئابوری و تەقلیسی حکومەتە، کەحزبە دەسەڵاتدارەکان، لەڕێگای کابینەی حوکمەتی هاوبەشیانەوە بۆ داشکانەوەی ئاکامەکانی قەیرانی ئابوری بەسەر ژیان و گوزەرانی کرێکاران و فەرمانبەران وخەڵکی کەمدەرامەتدا، بەناوی چاکسازیەوە گرتویەتیە بەر. لەم پەیوەندەدا باسکردن لەدوو خاڵ ئەتوانێ ئەم راستیە زیاتر دەرخات:

یەکەم: ڕەوەندێکی سیاسی وحکومەتی کەئەم یاسایە لەچوارچێوەیدا لەدایک بووە، لەمبارەوە ئەگەر بەکورتی بدوێم باسەکە ئەوەیە کەروداوەکانی ١٦ ئۆکتۆبەر وپاشان ڕۆچونی حزبەکان بۆ نێو دەورەیەکی تر لە هەڵبژاردن و دواتریش ساغبوونەوە لەسەر کابینەی نوێی حکومەت، بەبەشداری پارتی ویەکێتی و بزوتنەوەی گۆڕان، ئەم ڕەوەندە لەلایەک کۆتایی بەکێشمەکێش وناکۆکی نیوان حزبەکانی نێو خێزانی بۆرژوازی کورد هێنا کەلەدەوری چەندین مەسەلە چەقیان بەستبوو لەوانە چۆنیەتی ئیدارەدانی پەرلەمان و حکومەتی بنکەفراوان کەبزوتنەوەی گۆڕان تێدا وەدەر نرابوو، هەروەها مەسەلەی ڕیفراندۆم وسەرۆکایەتی مەسعود بەرزانی، داهاتی نەوت وئابوری سەربەخۆ، کێشە لەگەڵ بەغدا ودۆخی کەرکوک، چۆنیەتی وەڵامدانەوە بە ”کەمی دارایی و قەیرانی ئابوری.. لەلایەکیترەوە ئەم رەوەندە کۆتایی و شکستی ستراتیژی ئابوری سەربەخۆ و سەپاندنی ئیمتیازاتی زیاتر بەسەر بەغدادا، ڕاگەیاندو ئیتر گەڕانەوە بۆ بەغدا بووە بەستەرێک بۆ سازدانەوەی حکومەت وئارایشی ناوخۆی هیزەکان لەکوردستاندا، بەجۆرێک سازدانەوەی ئابوری و سیاسەت لەکوردستان لەپەیوەند بەڕێکەوتن لەگەڵ بەغداو بەبازاڕی سەرمایەو ئابوری عێراقەوە ببەسترێتەوە. ئەم ستراتیژە تازەیە کەهەموو حزبەکانی نێو خێزانی بۆرژوازی کورد بەهەر گلەیی و گازندەو جیاوازیەکەوە کەلەسیاسەتیاندا هەیان بێت، جارێکیتر سازدرایەوەو بەدوای هەڵبژرادنەکانی عێراق وکوردستاندا کابینەی نۆیەم پێکهات. پرسیاری سەرەکی کەلەبەردەم ئەم کابینەیەدا قەراری گرت ئەوەیە کەچۆن لەپەیوەند بە ستراتیژی خۆگریدانەوە بەبەغداوە ئابوری سەرمایەداری لەکوردستان لەم قەیرانەی ئێستای دەرباز بکرێت وپێداویستیەکانی دەستبردن بۆ دەورەیەکی تر لەبوژانەوەی ئابوری ببرێت؟ لەوەڵام بەم کێشەیەدا رەوتی چاکسازی کەساڵانێکی پێشتر لەزمانی بزوتنەوەی گۆڕان و حزبە ئیسلامیەکانەوە داکەوتبوو، بووە بەرنامەی کابینەی نوێی حکومەت. بەرنامەیەک کەبتوانێ سەرمایەداری لەکوردستان لەچواچێوەی بازاڕی جیهانی و بەپێی بڕیارەکانی سندوقی نەقدی نێو دەوڵەتی و ڕێکخراوی کار و بازرگانی جیهانی، ڕێکبخاتەوە ولەڕێگای دەستبردن بۆ سیاسەتی تەقلیسی حکومەت و لێگرتنەوەی ئابوریەوە، سەرمایەیەکی پێویست لەدەستی حوکمەتدا کۆبکاتەوە. تەقلیسی حکومەت بەمانای کەمکردنەوەی وەزارەتەکان، لێکدانی مەکاتب و بەڕێوەبەرایەتی وفەرمانگەکانی حوکمەت، هەڵوەشاندنەوەی هەموو ئەو یەکە ئیداری و نیهادانەی کەلەدوەرانی گەشەی ئابوری و لەچوارچێوەی ەشبوونی دەسەڵاتە ناوچەییەکانی زەردو سەوزدا دروستکرابوون و ببوونە مایەی مەسروفات وخەرجیەکی زۆر لەسەر حکومەت. لێگرتنەوەی ئابوری بەمانای پێداچوونەوە بەدەرەماڵەو موچەی فەرمانبەران ولیستی ئەو موچەخۆرانەی کەبەناوی فەرماندە، پێشمەرگەی دێرین، پەکەوتە، خێزانی شەهیداندا ئەنجامبدرێ. بەمانای خۆدزینەوەی حکومەت لەخزمەتگوزاری گشتی و دەستبردن بۆ شەپۆلێکیتر لەبەتایبەتی کردن ودانانی باج لەسەریان، سەرەنجام گێڕانەوەی داهاتی ئەم بوارانەو تەرکیزکردنەوەیان لەدەستی وەزارەتی دارایی و حوکمەتدا.. خودی ئەوەی کەپڕۆژەی یاسای چاکسازی لەدەرماڵەو موچەکان، لەخەرجیەکانەوە دەست پێدەکاو بەلای داهاتی سەرمایەو خاوەن کۆمپانیاکان بەبەراورد لەگەڵ داهاتی تاک و لانیکەمی بژێویدا ناچێ، هەروەها قسەیەک لەبودجەی ساڵانەی حکومەت و چۆنیەتی دابەشکردنەوەی بەسەر سێکتەرە ئابوری وبازرگانی و خزمەتگوزارییەکان و سەربازیدا ناکات، بەڕۆشنی ئەوە دەردەخات کەباسی چاکسازی عینوانێکە بۆ بەڕیخستنی شەپۆلێکی تر لەهێرش بردن بۆسەر ئاستی ژیان وگوزەرانی خەڵکو سپاردنی بەیاساکانی بازارو مونافەسەی کۆمپانیاکان. تەنانەت باسی دادی کۆمەڵایەتی لەم پرۆژە یاسایەدا درۆیەکی گەورەیە، چونکە بەهیچ جۆڕیک نەک دەست نابات بۆ هەڵوەشاندنەوەی موچەو ئیمتیازاتی پلەبالاکان، بگرە ئامادە نییە هاوشێوەی یاسا بڕیار لێدراوەکانی عێراقی لێ بکات.

دووەم: ئەم پڕۆژە یاسای چاکسازیە تەنها یەکێک لەو ١٨ یاسایەیە کەکابینەی نۆهەم بۆ پەسەندکردن لەلایەن پەرلەمانەوە ئامادەی کردووە، مەجموعی ئەم پرۆژە یاسایانەش دوو دەستەن، یەکەمیان پرۆژە یاسای، بیمەی تەندروستی، یاسای دەرمان و خۆراک، یاسای خانەنشینی و بیمە کۆمەڵایەتیەکان، یاسای کار، یاسای وەبەرهینان، یاسای بانک.. هەموو ئەم یاسایانە ڕاستەوخۆ پەیوەندیان بەژیانی هاوڵاتیان وخزمەتگوزارییەکان و دەرامەتی خەڵکی کرێکارو کارمەندەوە هەیە بەهۆیانەوە دەست دەبات بۆ دانانی باج ولێگرتنەوەی ئابوری.. دەستەی دووەمیان پەیوەندی بەتەقلیسی حکومەت وخەرجیەکانیەوە هەیە لەوانە: پرۆژە یاسای ڕێکخستنەوەی وەزارەت و دامەزراوەکانی حوکمەت، هەموارکردنەوەی یاسای فەرمانگەو بەڕێوەبەرایەتییەکانی پەیوەندی دەرەوەیە، پرۆژەی بەئەلکترۆنی کردنی حکومەت و ڕێکخستنەوەی پەیوەندیەکانی نێوان هەولێرو بەغدا..

هەموو ئەم راستیانە ئەوە دەردەخەن کەئەم پڕۆژە یاسایە پەیوەندی بەباشبوونی ژیانی خەڵکەوە نییە، بەڵکو هێرشێکە لەپێناو تەرکیزی سەرمایە وکەمکردنەوەی خەرجیەکانی حکومەت، لەسەر حسابی ژیانی هاوڵاتیان. بەقسەی ئەندام پەرلەمانێک ئەگەر کار بەم یاسایە بکرێت مانگانە ١٠٠ ملیۆن دۆلار بۆ خەزێنەی حکومەت دەگەڕێندرێتەوە.. لەراستیدا جەوهەری ئەم پرۆژە یاسایە هەر ئەمەیە..

بۆپێشەوە:  هەموو لایەنەکانی بەشدار لە کابینەی حکومەتدا، ئەو پڕۆژە یاسای چاکسازییە بە دەسکەوت دەزانن لە خزمەت بەکۆمەڵگە، لەو بارەیەوە دەڵێن چی؟

خەسرەو سایە: بەبڕوانی من ئەمە نیشانەی یەکدەست بوونی هەیئەی حاکمە وجیابوونەوەی ڕیزی حزبەکانی نێو دەسەڵاتە لەڕیزی خەڵک و راوەستانیانە لەبەرامبەریاندا، وەک دوو ڕیزی چینایەتی جیاواز لەبەرژەوەندیەکاندا. بەواتایەکی تر یەکدەنگی حزبەکانی دەسەڵات لەسەر ئەم پڕۆژ ە یاسایە دانی ئەو پەیامەیە بەخەڵکی کوردستان کەدەستەی فەرمانڕەوا وحزبەکانی هاوڕاو هاو ئاوازن بۆ بردنە پێشەوەی سیاسەتی برسیکردن وهەژارکردن و داسەپاندنی بێکاری و گرانی زیاتر ودانانی باج وخەراج بەسەر هاوڵاتیانەوە، سیاسەتێک کەئیتر ناتوانێ لەژێر پەردەی “چاکسازی و عەدالەتی کۆمەڵایەتی” وبانگەشەی چەواشەکارانەی لەم جۆرەدا بەخەڵک بقوبڵێندرێت.

بۆپێشەوە:  چۆن دەڕواننە ڕۆڵی حزبی گۆڕان، کە بە بانگەشەی چاکسازی و عەدالەتی کۆمەڵایەتییەوە هاتە مەیدان، کەچی ئێستا لەپاڵ حزبەکانی دەسەڵاتدا، چووە پشتی “یاسای چاکسازی”..؟

خەسرەو سایە: بەبڕوای من ڕۆڵی حزبی گۆڕان ئاڵۆگۆڕێکی پێچەوانە نییە لەگەڵ بەرنامەو سیاسەتێکدا کە ئەم حزبە بوویەتی، لەکاتێکدا کە لەپشتی پرۆژە یاسای چاکسازییەکەی حکومەتەوە ڕاوەستابێت. چونکە یەکەم خۆی بەشدارە لەحوکمەت و نەشی شاردۆتەوە کەلەپێش هەموانەوە نمونەی یەکەمی ڕەشنوسی ئەم جۆرە یاسایەی خستۆتە بەردەم کابینەی تازە. دووەم گۆڕان وەک رەوتێک کەبەپەرچەمی چاکسازیەوە هاتۆتە مەیدانەوە، سەرەڕای هەرجیاوازیەک لەدەربڕین و بانگەشەکانیدا، لەشێوازی پێکهاتنی ناوخۆییدا، بەلام لەڕووی ماهیەتی چیانیەتی و جەوهەری سیاسیەوە لەحزبە بۆرژوا ناسیونالیستە تەقلیدی وسەرەکیەکانی وەک پارتی و یەکیەتی جیاواز نییە، واتە ئەویش ئەزمونی حکومەت ودەسەڵاتی حزبەکان بەدەستکەوتی گەلی کورد دەزانێ و بۆ پاراستون تەعدیلکردنی چەکوشی چاکسازی بەدەستەوە گرتووە، ئەم حزبە کەکۆرپەی باوەشی جوڵانەوەی کوردایەتی وناسیونالیزمی کوردە، لەسەر سونەتی گەڕانەوە بۆ بەغداو پشتبەستن بەدەوڵەتانی ناوچەکە، بۆ “ بەرژەوەندی کوردو خاکی کوردستان” کار دەکا و هیچ کاتێکیش ئیعلانی شۆڕش وراپەرێنی لەدژی ئەو دەسەڵاتە گەندەڵ وتاڵانچیەی نەکردووە کەپارتی و یەکیەتی لەبەشی سەرەوەیدا راوەستاون، تا ئەمڕۆش پڕۆژە یاساکەی ئەوان ڕەتکاتەوە. پێم وایە ئەوانەی کە بەسەرسوڕمان وگلەییەوە لەحزبی گۆڕان دەڕوانن لەوەی چۆتە پشت سەری پڕۆژە یاسای چاکسازیەوە لەبنەڕەتەوە حزبی گۆڕانیان نەناسیوە، وەیا خۆشخەیاڵ بوون بەو تەبلیغاتەی کەسەبارەت بەخۆی کردویەتی. تا ئەو جێگەیەی بەباسی عەدالەتی کۆمەڵایەتی دەگەڕێتەوە، حزبی گۆڕان لەمەشدا هەمان روانگەی بۆرژوازی لەبەرنامەکەی خۆیدا جێگیر کردوە، ئەم حزبە کاتێک بڕوای بەسەرمایەداری هەیەو ئابوری بازاڕ بەسیستەمێکی لەبار بۆ کوردستان بەڕەسمی دەناسێنی، هەروەها لەپشت کەرتی تایبەتی و کۆمپانیاو سەرمایەداری خسوسی رادەوەستێ ولەسایەی ئەم جۆرە سیستەمەدا باس لەعەدالەتی کۆمەڵایەتی دەکات، بەدڵنیاییەوە هەمان ئەو روانگە بۆرژوازیە عەکس دەکاتەوە کەپارتی و یەکیەتی وئیسلامیەکان نیشانیانداوە. کەوایە نابێ جێگای هیچ گومان و گلەییەک بێت کاتێک کەئەم حزبە لەپشت پڕۆژە یاسایەک رابوەستێت کە ٦ بۆ ٧ ملیۆن دینار وەک موچەی خانەنشینی پلەباڵاکان ئەویش دوای ٤ ساڵ لەکار دیاری بکاو ٢٠٠ هەزار وەیا ئەو پەڕەکەی ٤٠٠ بۆ٥٠٠ هەزاریش بۆ کرێکار وکارمەندێك بەدوای ٢٠ بۆ ٢٥ ساڵ لەکارکردن بەرەسمی بناسێنێ. ئەمە بەرئەنجامی هەر ئەو بۆچوونانەیە کەحزبی گۆڕان بۆ چەمکی عەدالەتی کۆمەڵایەتی لەبەرنامەی سیاسی خۆیدا بەڕۆشنی جێگیری کردووە. بەبڕوای من شتێک کەئەگەر لەم راوەستانەی حزبی گۆڕان لەکەنار پارتی و یەکێتیدا لەسەر پرۆژە یاساکە سەرنجی بۆ بدرێ کاڵ بوونەوەی ئەو “هێڵە جیاوازانەیە” کەحزبی گۆڕان لەسەرەتای دروستبونیدا لەنێوان خۆیی و پارتی ویەکیەتیدا کێشاویەتی.

بۆپێشەوە: لەبەرامبەر بەو یاسای چاکسازییە شەرمهێنەرەدا، چ ئەرکێک دەکەوێتە سەرشانی خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێش و ناڕازی کوردستان؟ چەپ و کۆمۆنیستەکان چی ئەرکێکیان دەکەوێتە سەرشان؟

خەسرەو سایە: سەرەتا خەڵکی کرێکارو فەرمانبەر وکەم دەرامەت، دەبێ بەناڕەزایەتی جەماوەری خۆیان دژی ئەم پڕۆژە یاسایە بوەستنەوەو ڕێگەنەدەن بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە. تا ئەو جێگایەشی بەچەپ وکۆمۆنیستەکان وهەڵسوڕاوانی بزوتنەوەی کرێکاری دەگەڕێتەوە، نابێ ئەم پرۆژە یاسایە تەنها وەک دەستبردنێکی جوزئی وکاتی حکومەت بۆ بڕینی دەرماڵەی ئەم یان ئەو بەش لەموچەی فەرمانبەران سەرنجی بدەن، بەڵکو دەبێ وەک هەنگاوی یەکەم لەسیاسەتی لێگرتنەوەی ئابوری وهێرشێکی هەمەلایەنەی حکومەت بۆسەر ژیان و گوزەرانی سەرجەم هاوڵاتیانی کەمدەرامەت و هێنانە خوارەوەی ئاستی داهات و خزمەتگوزارییەکان سەرنج بدرێ. هەربۆیە دەبێ بۆئەوان ڕاوەستانەوە بەڕووی ئەم یاسایەو ڕەتکردنەوەی وەک نەبەردو مەیدانێکی بەردەوامی ڕووبەروبوونەوە بەرامبەر بەدەسەڵات بەدەستەوە بگیرێ وبخرێتە چوارچێوەی خەبات بۆ باشکردنی ژیان وپێکهێنانی گۆڕانکاری ڕیشەیی لەسیستەمی دەسەڵاتدارێتی و ئابوری وڵاتدا. لەمبارەوە دەبێ هەڵسوڕاوانی کرێکاری چەپ وکۆمۆنیستەکان لەدەوری لائیحەیەکی داخوازیەکان هەر ئێستا لەهەوڵی هینانەمەیدانی جەماوەردا بن بۆ بەرگرتن بەهێرشەکانی دەسەڵات بۆسەر ژیان و گوزەرانی خەڵکی هەژارو بێکار .. بەبڕوای من ئەم کارە لەفەزای ڕاپەرین وشۆڕشگێڕانەی ناوچەکەدا فرسەتی گونجاوی لەبەردەم هەڵسوراوان و رابەرانی جەماوەریدا داناوە، بەڕادەیەک دەکرێ خەبات لەم مەیدانەدا وەک یەکەمین قۆناغەکانی ستراتیژیەکی سیاسی وعەمەلی لەراستای وەلانانی دەسەڵاتی ئێستا بەدەستەوە بگیرێ. کەوایە تا کات درەنگ نەکەوتووە کۆڕو کۆمەڵەکان ئەفرادو کەسانی ناڕازی، هەر ئینسانێکی چەپ وکۆمۆنیست.. دەست بخەنە نێو دەستی یەکتر و بەدەوری کۆمەڵە خواستیکدا، کە داخوازی زۆرینەی خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێش وبێکارو کارمەندە، پێکەوە کاربکەن بۆ هێنانەمەیدانی جەماوەرو بەرێخستنی ناڕەزایەتییەکان. “کار یان بیمەی بێکاری”، “هەقی دامەزراندن و بەدەستهێنانی فرسەتی کار”، “هەڵوەشانەوەی گرێبەستی کاتی و بەهەمیشەیی کردنی کاری گرێبەستەکان”، “گێڕانەوەی موچە نەدراوەکان”، “دیاریکردنی لانیکەمی موچەی مانگانە بە یەک ملیۆن دینار”، “دابینکردنی ئاو و کارەباو وخوێندن وتەندروستی خۆڕایی وباقی خزمەتگوزاریەکانی تر”، “ قەدەغەکردنی هەر جۆرە لێگرتنەوەیەک لەموچەو دەرماڵەکان ودانانی هەرجۆرە باجێک لەسەر داهاتی خەڵکی کەمدەرامەت”.. ئەمانە ئەتوانێت نمونەی ئەوخواستانە بن بۆ هەڵخراندنی جەماوەر و لانیکەم هێرشی دەسەڵاتداران بۆسەر ژیانی هاوڵاتیان پێچەوانە بکاتەوەو رایبگرێ و لەئاکامیشدا خەبات و ناڕەزایەتییە پچڕپچر و بچوکەکانی ئێستای جەماوەر، بەرەو قوناغێکی ئامادەترو کاریگەرتر بەرێت.

 

Leave A Reply

Your email address will not be published.