دیمانە لەگەڵ هاوڕێ سەمیر نوری سکرتێری کۆمیتە مەرکەزی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی چەپی عێراق، سەبارەت بەرۆڵی چەپ و کۆمۆنیستەکان لە ڕاپەڕین و خۆپیشاندانەکانی عێراقدا..

0

سەمیر نوری: من ئەم شۆڕشە بە شۆڕشێکی چەپی دەزانم واتە گشت بزووتنەوەکە چەپیە بۆ ڕوخاندنی ڕژێم و هەڵتەکاندنەوەی لە بێخەوە و دژی پرۆسەی سیاسی و حکومەت و دەستور هەموو ئیسلامی سیاسی …

دیمانە لەگەڵ هاوڕێ سەمیر نوری سکرتێری کۆمیتە مەرکەزی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی چەپی عێراق، سەبارەت بەرۆڵی چەپ و کۆمۆنیستەکان لە ڕاپەڕین و خۆپیشاندانەکانی عێراقدا..

بۆپێشەوە: ئێستای خۆپیشاندانەکانی عێراق چۆنە؟

سەمیر نوری: خەڵکی شۆڕشگێڕی عێراق دوای سێ مانگ لە خۆپێشاندان دەست وپەنجە نەرم کردن لەگەڵ ئیسلامی سیاسی و هێزە میلیشاکان و حکوموتی تایەفی- قەومی و جمهوری ئیسلامی دا، ئەم هەفتەیە توندپێچێکی چارەنوسازیان بەڕێ کرد، دوای ئەوەی کە هێزە ئیسلامیەکانی سەر بە جمهوری ئیسلامی ویستیان خەڵک ڕاکێشنە ناو گێژاوی بزووتنەوەی دژی ئەمەریکایەوە بەشیعاری “نا نا بۆ ئەمریکا” کە موتەئەسیفانە بەشێک لە هێزە چەپەکانیش چی لە ئاستی جیهان چی لە داخل خەریک بوو بۆ ئەم شیعارە دەستیان بەسنگەوە دەگرت، بەڵام خۆپیشاندەران زۆر ئاگاهانە ڕێگەیان نەدا شۆڕشەکەیان بەم کارە لە ناوەڕۆکەکەی بەتاڵ بکرێتەوە، دەستەکەی مقتەدا سەدریان خوناساکردەوە. بۆیە ناچار گۆڕەپانی تەحریری بەجێ هێشت دوایی خۆپیشاندانە ملیونیکەی بۆی بووە شکستێکی تر. ئێستا شۆڕشی لاوانی ئازادیخوازی عێراق ڕوو بەڕووی گەورەترین هەڵمەتی دڕندانە دەبێتەوە مەیدانەکانی بەسرە و وتەحریر و حەبووبی هەڵمەتی دڕندانەیان کرایەسەر چادر وخیوەتەکانیان سوتاند، بەڵام شۆڕشگێڕان دژ بەم کارەش ڕاوەستاونەتەوە هەر ئێستا ئەوان دژە شۆڕشەکان شكستیان خواردوە.

بۆپێشەوە: چەپ و کۆمۆنیستەکان لەخۆپیشاندانەکانی عیراقدا چ ڕۆڵێکیان هەیە؟

سەمیر نوری: داوای هاوڵاتی بوونی یەکسان و ژیانی شایستەی ئینسان و جیایی دین لە دەوڵەت دەست کۆتاکردنی دین لە دەوڵەت و دەرپەڕاندنی ئێران لە عێراق دەکەن بە چەپ دەزانم. من ئەم شۆڕشە بە شۆڕشێکی چەپی دەزانم واتە گشت بزووتنەوەکە چەپیە بۆ ڕوخاندنی ڕژێم و هەڵتەکاندنەوەی لە بێخەوە و دژی پرۆسەی سیاسی و حکومەت و دەستور هەموو ئیسلامی سیاسی دەبینم ئەمە ئیتر چەپی ترین شتێکە ئەمڕۆ بخرێتە ڕوو.

ئەگەر مەبەستان گروپ وڕێکخراو و ئەحزابی کۆمۆنستی و چەپیە هەر یەکە بەپێی تێڕوانینی خۆی بەشدار بووە یان نەبووە، هەیە بە کۆنەپەرست و دەستی ئەمەریکای دەزانێ، هەیە بە دەستی تەرەفێکی بورژوازی دەزانێ تێێشیاندا هەیە بە پڕۆسەیەکی چاکسازی لەم نیزامە تەماشای دەکات. ئەوەندەی بە حزبی ئێمە بگەڕێتەوە بە شۆڕشی دەزانین هەموو هێزی خۆمان بۆ سەرکەوتنی ئەم شۆڕشە بەگەڕ خستووە.

بۆپێشەوە: بەشی هەرە زۆری داخوازییەکانی خۆپیشاندەران، لەوانە” هەلی کار، ئەمنیەت، خزمەتگوزاری، ئازادی…” داخوازی چەپ و کۆمۆنیستەکانن، هۆکار چییە چەپ و کۆمۆنیستەکان ناتوانن ڕۆڵی ڕابەری خۆپیشاندانەکانی عێراق، بگێڕن؟

سەمیر نوری: لەم داواکاریانەی ئێوە باسی دەکەن گرنگتر شەڕی دەسەڵاتی سیاسیە، کۆمۆنستەکان لە کۆمەڵگە لەوانەیە بیست ساڵ لەسەر داواکاری شەڕ بکەن، بەڵام ڕۆژانێک دێتە پێشەوە دەسەڵات ئەبێتە ئەولەویەت، ئەمڕۆ ئەو ڕۆژەیە. شەڕ شەڕی دەسەڵاتە، ئەمڕۆ مەسەلەی سەرەکی کێشمەکێشە لەسەر دەسەڵات، ئەمە مانای ئەوە نییە نابێ داواکاری بەرز بکرێتەوە، بەڵام داواکاری لە پەیوەند بە یەکلاکردنەوەی دەسەڵات دەبێ بخرێتە ڕوو. هەر هێزێک وحزبێکی سیاسی ئەگەر مەسەلەی دەسەڵاتی سیاسی نەخاتە ئەولەویەتی خۆیەوە، ئەوە دەبێ ناوی حزبی سیاسی لە خۆێ بکاتەوە. پێم وایە باسی”حزب و دەسەڵاتی سیاسی ” مەنسوری حکمەت ئەمەی زۆر بە دروستی بەیان کردوە.

ئەمە یەکەم هۆیە کە کۆمۆنستەکان نەتوانن ڕابەرایەتی بکەن، یان تۆ ئەگەر وەڵامی ڕۆژت پێ نییە دەرک ناکەی بەئەرکە دەست بەجێکان تۆ لەکاروانەکە جێ دەمێنی. ئەنجا کۆمۆنستەکان لە دڵی ڕووداوەکاندا چالاکن بەڵام هێشتا بۆ ناتوانن ڕابەرایەتی بگرنە دەست؟ ئەم کارە دەبێ کۆمۆنستەکان بتوانن قسەی دڵی خەڵک بکەن ببنە جێمتمانەی خەڵک، شۆڕش دەربارەی نەفیە بە گشت دەسەڵات تۆ ئەگەر ئەم نایە نوێنەرایەتی نەکەی زۆر بەتەما مەبە جێگایەک داگیر بکەی لەم بزووتنەوەیەدا، خەڵک خەریکی شەڕی دەسەڵاتن، تۆش خەریکی بیمەی بێکاری، ڕۆشنە چی جێگایەک دەگری لەم بزووتنەوەیەدا. مەسەلەیەکی تریش ئەوەیە لە ئاستی جیهانی و ناوخۆیدا بزووتنەوەی دژی تەحزوب کاری خۆی کردوە، تۆ ئەگەر هەوڵ نەدەیت ببی بەحزبێکی گەورە کە خەڵک پێێان وابێ تۆ ئەتوانی کۆمەڵگە ئیدارە بکەیت ڕابەرایەتی هەروا ئاسان نییە بدرێتە دەستت، بۆ ئەوەی ببی بە حزبی گەورە وحزبی قودرەتی سیاسی هەر لە ناو میکانیزمی ئەم شۆڕشەدا لە ئێستادا دەبێ ئەم حزبە شکڵ بگرێت.

بۆپێشەوە: دەوترێت بەشێوەی گشتی خۆپێشاندەران، لەگەڵ حزبیەت نین و تەنانەت دژی کاری حزبایەتین، چەپ چ ئەرکێکی دەکەوێتە سەرشان تا ڕۆڵ و گرنگی کاری حزبی و رێکخراو خۆشەویست بکاتەوە؟

سەمیر نوری: ئەحزابی ئیسلامی و قەومی و حزبی شیوعی عێراقی؛ وێنەیەکی زۆر قێزەونیان لەسەر حزب و تەحەزوب داوە بەدەستەوە لەم بارەیەوە خەڵکی لەسەر حەقن دژی تەحەزوب بن. بەڵام ئەمە هەموو ماجەراکە نییە، دەیان لاوی کچ وکوڕ دەیانەوێ لە حزبی ئێمە نزیک ببنەوە ببنە ئەندامی حزبەکەمان، ئەرکی ئێمەیە زەرورەتی حزب و تەحەزوب لەکۆمەڵگەدا پیشان بدەین، ئاگای سۆشیالستی خەباتکارانەیان ببەینە سەرەوە. وەک لەسەرەوە وتم تۆ بۆئەوەی حزب خۆشەویست بکەیت دەبێ قسەی دڵی ئەو بکەیت، دەبێ نوێنەرایەتی نەفی بکەیت لەم شۆڕشەی ئەودا، ڕابەری حەکیمانە پیشان بدەیت بەرەو پێشی ببەیت، هێز بخەیتە سەر هێزی ئەو، کادری خۆشەویست و پڕ نفوز بخەیەتە نێویانەوە، بەرنامەی دروست مەترەح بکەیت، ڕۆژانە لەڕیزی پێشەوەی ڕووبەڕووبوونەوەکاندا کۆمۆنستەکان لە هاوشانی خۆیان ببین، ڕاگەیاندنی فراوان و ماکرۆت هەبێ شان بدا لەشانی دەزگا پان و فراوانەکانی بورژوازی.

بۆپێشەوە: زۆرێک لە حزب و رێکخراو و گروپە چەپەکان، ئامادەییان لە خۆپیشاندانەکانی عێراقدا هەیە، نزیکایەتی ئەو حزب و رێکخراو گروپانە لەگەڵ یەکتری لە چ ئاستێکدایە؟ ئایا بیر لەکاری هاوبەش کراوەتەوە؟

سەمیر نوری: ئاستی هاوکاری هێزە ڕێکخراوە کۆمۆنستیەکان لە نزمترین ئاستدایە، بەشێکی دەگەڕێتەوە بۆ تێگەیشتنی جیاواز و بەشێکی تری دەگەرێتەوە بۆ سکتاریزم. من بڕوام بەو قسەیەی مارکس هەیە کە دەڵێ “هەنگاوێکی پراکتیکی باشترە لە دەستەیەک بەرنامە” ئەمڕۆ ئێمە وەزیفەمانە بەیەکەوە کاری هاوبەش بکەین هەنگاوە هاوبەشەکان دیاری بکەین، ئێمە وەک حزبی کۆمۆنستی کرێکاری چەپی عێراق هەوڵی پراکتیکیمان داوە لەم ئاراستەیەدا بەڵام سەرەنجامی نەبووە تا ئێستا.

بۆپێشەوە: بەگشتی چەپ و کۆمۆنیستەکان، پرۆژەیان چییە، بۆ بەسەرکەوتن گەیاندنی خۆپیشاندانەکان؟

سەمیر نوری: ئێمە نزیکەی هەشت مانگ پێش ئێستا “پلاتفۆرمی ڕزگاری خەڵکی عێراق”مان پەسەند کرد و ئەتوانم بڵێم پلاتفۆرمێکی گرنگە ئەگەر کۆمەڵگەی عێراق یان ئاکتڤیستەکان بیگرنە دەستیانەوە ئەو شۆڕشەیان بەرەو سەرکەوتن دەبات. لە ئێستادا ئێمە لەهەوڵی سەرخستنی شۆڕشداین، گرتنە دەستی دەسەڵاتین لەلایەن خەڵکەوە بەشکڵی شورایی یان هەر شکڵێکی شۆڕشگێڕانە کە لە نێو مەیدانەکانی شارەکاندا شکڵ بگرێت. لەسەر مەسەلەی دەسەڵاتدارێتی شورایی پێم وانییە جیاوازیەکی زۆر لە نێوان هێزە کۆمۆنستەکاندا هەبێت، بەڵام لەوانەیە پراکتیزە کردنی ئەم مەسەلەیە جیاوازی لەسەر هەبێ، پێشم وایە جیاوازیەکی زۆر عەجایەب و قابلی لێک تێنەگەیشتن لە ئارادا نییە ئەگەر سکتاریزم ڕێگە بدات.

بۆپێشەوە: ئایندەی ئەم خۆپیشاندانانە چۆن دەبینن؟

سەمیر نوری: ئێمە دەمانەوێ ئەم شۆڕشە سەرکەوێت، ئایندەکەی ئاوەها دەبینین کە سەردەکەوێت ئەم “ئینتفازەیە کۆتایی” نایەت وەک هاوڕێیەک پێش بینی کردبوو کۆتایی دێت، ئێمە خۆمان بەشێکین لەم بزووتنەوەیە، ئەگەر بزانین سەرناکەوێت بە قەولی سادەی خەڵک کوڕی خەڵک بە کوشت نادەین. ئەمە ئایندەی کۆمەڵگەی عێراقە و ئایندەی ئێمەیە بۆ ئەوە نەهاتوینەتە مەیدان بڵێین سەرناکەوین. بەڵام سەرکەوتن شەونخونی دەوێت، ماندووبوون و چاونەترسی دەوێت.

ئەم بزووتنەوەیە تەنها بە ئێمە عێراقیەکان پەیوەست نییە، بزووتنەوەیەکی فراوانی ناوچەییە لە لوبنانەوە دەست پێ دەکات تا ئێران، یەک بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی دژی ئیسلامی سیاسیە، بەسەرکەوتنی ئەم شۆڕشە ئیسلامی سیاسی لە جیهاندا تێک دەشکی و گۆڕ گوم دەکات.

Leave A Reply

Your email address will not be published.