ئۆکتۆبەر
ئۆکتۆبەر
بەیانیە لەگەڵ کازیوەدا ڕێدەکەم
ئومێدەکانی خۆزگەم ڕێبەرمن
بەر لەخۆم وشەکانم هەنگاودەنێن
بەرلە وشەکانیشم
لە مندا ژیلەمۆی بورکانێک
گڕی خۆی خۆشدەکات
من ڕێدەکەم
لەگەڵ هاواری هەژاران
لەگەڵ حەسرەتی کچانی شاردا
لە کۆڵانی برسیەتی و
بەسەر دەستی قڵیشاوی شەقام دا
بەیانیەو من ڕێدەکەم
تابرینە پێچراوەکان ئاوەڵا نەکەم
ناگەڕێمەوە
تا ئەو هەورەی بە ئاسمان دا دێت و دەچێ
وەک بەرد بەسەر تەلارەکان دا
نەبارێنم نایەمەوە
ئەم بەیانیە
وەک بەیانیەکانی ترنیم
ئەمڕۆ ناچم بۆسەر کار
گەروی پڕلە هاوارم
دەبەم بۆشار
ئەمڕۆمنم هەزاران و ملیونان
لە دژی حوکمی ستەمکار
ئەم بەیانیە دەستی توڕەی ـبا- دەگرم
باوەشێنی ژیلەمۆی هەستان دەکەم
چڵکی سەر ئەم زەمینە ڕادەماڵم
ئێستا من دەنگی ئۆژین پۆتیەم و
سرودی شۆرش دەچڕم
گۆڕەپانی بێدادێ دەلەرزێنم
ئێستا تۆ ژنێکی دایکی مەیدانی ئازادی
تۆ هێلەک زەردی ناسریەو
کچی خیابانی عەدالەتی
منیش گەروی شیعر و
دەنگی بەرزی قیژەتانم
لەنێو لە نیگای سەرکەوتن تانم
لەپەیامی بەرزی ئینسانیتانم
لەبڵێسەی توڕەیتانم
لەگەڵتانم
فوئاد عزیز 2019/10