ڕوانگەی نێرسالار و سوکایەتی بە ژن بەرهەمی دەسەڵاتی  عەشیرەیی!

0

ڕوانگەی نێرسالار و سوکایەتی بە ژن بەرهەمی دەسەڵاتی  عەشیرەیی!

نووسینی: هەتاو عەبدوڵاهی

هەرێمی کوردستان دوای ڕوخانی دەسەڵاتی دیکتاتۆری سەدام بەهۆی ئەوەی کە هێژمۆنی ئیسلام لە ناوچەکان بە گشتی سەپابوو و خەڵک بەو بۆچوونە لەلایەن سیستمەوە پەروەردە کرابوون، هەروەها بە هۆی بوونی حیزبە ناسیۆنال دینی و ئۆپۆڕتۆنیستەکانی ناوچە لە سەرووی هەموویانەوە دوو حیزبی دەسەڵاتدارو گەندەڵ کە  بە ئامانجەوە جارێکی تر و بە چڕوپڕی هەموو هەوڵی دەسەڵاتەکەیان خستەگەڕ بۆئەوەی تاکەکانی کۆمەڵگە بە بۆچوونی خورافە پەروەردە بکەن. ساڵەهای ساڵە  دەسەڵاتی ناسیۆنال دینی و عەشیرەیی هەرێم پڕوپاگەندە بۆ خوڕافە و خورافەپەرەستی دەکات و پارە و تێچوویەکی زۆری ئەو وڵاتە سەرفی حیزبە ئایینی  و مەلایانی ئایینی دەکات بۆ ئەوەی بیر و مێشکی خەڵکی ناوچەکە بە لارێدابەرن و خەڵک لە ئامانجی سەرەکی کە ماف و حەقی خۆیانە دوور بخەنەوە. بێگومان خەڵکێک کە بیروباوەری ئایینی و خورافەی هەبێ داوای مافی خۆی لە دەسەڵات ناکات و هەر چارەرەشی و بەدبەختی و بێمافیەک بە چارەنوسی خۆی لە قەڵەم دەدات. هەروەک مێژوو سەلماندوویەتی و پرسێکی حاشاهەڵنەگرە لە سەرەتای هاتنە سەر کاری ئایینەکان چوونکە بە گشتی پیاوان بۆ دەسەڵاتی کەمتری ژنان نوسییویانەتەوە، ژن هەمووکات چەوساوە بووە و پیاوچەوسێنەر. هەموو ئایینەکان بە گشتی دژی مافی ژنانن، بەڵام ئایینی ئیسلام لە بنەڕەتدا لەسەر توندئاژۆیی و توندوتیژی بە دژی ژنان دامەزراوە و ژن لەو ئایینە قیزەونە وەک ئەبزاری دامرکاندنەوەی هەستی سێکسی پیاو لە قەڵەم دەدرێ و هەموو کات مڵکی سەرەکی پیاو بووە و ئایینی ئیسلام ڕیی بە پیاو داوە هەر جۆرێک کە مەیل و خواستێتی  لەگەڵ ئەو موڵکە سەرەکیەی هەڵسوکەوت بکات. ژنان لە هەرێمی کوردستان لەسایەی سەری دەسەلاتی گەندەڵ و دژە ژن کە رێگەخۆشکەرە بۆ پڕوپاگەندەی خورافە لەو پەڕی بێ مافی دا دەژین و ڕۆژانە لە لایەن تاکەکانی کۆمەڵگە بە تایبەت مەلایانی ئایینی سوکایەتی بە کەرامەتیان دەکرێ و ئەو پرسە لە دەسەڵاتەوە دەست پێ دەکا دواتر لە ناو کۆمەڵگە و لە کۆتایی دا خۆی دەخزێنێتە ناو کەلێن و قوژبنی ژیانی تاکەکەسی و ئاسەوارە نیگەتیڤەکانی بەرۆکی ژنان دەگرێ. دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان ساڵەهای سالە پارە و سامانی وڵات سەرفی مەلایانی بێ ئیش و مفتەخۆری هەرێم دەکات تا پڕوپاگەندە بۆ خورافە و دواکەوتوویی بکەن و روانگەی خەڵک لەسەر ژنان و پرسی ژنان و مافەکانیان  بگۆڕن. رۆژانە لە میدیا و راگەیاندنی هەرێم سوکایەتی بە ژنان دەکرێ. لە هەرێمی  کوردستان ڕێژەیەکی زۆر ژن و منداڵ و پیر و پەکەوتەی بێ سەرپەرشت و بێدەرەتان و هەژار بوونی  هەیە کە لە سەر شەقامەکان دەخەون و شوێنێکی نیشتەجێ بوونیان نییە، بەڵام پارەیەکی زۆر سەرفی مزگەوتەکان دەکرێ و بە دەیان مزگەوت لەو وڵاتە دروست کراوە و مەلای مفتەخۆر و دواکەوتوویان داناوە کەهەر ڕۆژە فتوایەکی سەدەناوەراستی بە دژی ژنان دەربکەن. کۆمەڵگە پیویستی بەدەیان بنکەی تەندروستی و خەستەخانە هەیە، کەچی ژمارەی مزگەوتەکان کەهیچ رۆڵێکی ئیجابیان لە کۆمەڵگەدا نییە، دەیان بەرابەری خەستەخانەو بنکە تەندروستیەکانە، کە پەیوەستە بە تەندروسی دانیشتوانەوە.

سەرمایەداری هەمیشە ئامانجی ئەوە بووە کە بەشێکی ئەکتیڤ لە کرێکاران پاسیڤ بکات و لە ماڵەوە رایانبگرێ بۆ ئەوەی بێ موچە ئیش بکەن و خزمەت بەکرێکارێکی تر بکات تا خزمەت بە سەرمایەداری بکات لەو وڵاتانەش کە سەرمایەداری ئەبزاری ئایین و پیاومەزنی لە بەردەستە بۆ چەوساندنەوە و دووبەرەکی مرۆڤەکان ژنان هەمیشە ئامانجی سەرەکین بۆ  توندوتیژی دەسەلاتیش رەوایی دەدا بە هەموو جۆرە تاوانێک بە دژی ئەو ڕەگەزەی کۆمەڵگە. ژنان لە هەرێمی کوردستان رۆژ بە ڕۆژ لە گەڵ بێمافی زیاتر بەڕەوڕوون و سوکایەتی و شکاندنی کەڕامەتیان وەک پرسێکی ئاسایی لێ هاتووە. ئەوەی کە دەسەڵاتی هەرێم ساڵەهای ساڵە هەوڵ بۆ بێ مافی ژنان و دوورخستنەوەیان لە پڕۆسەی سیاسی و ئابووری دەدا  و بە ئامانجەوە پڕوپاگەندە بۆ کلتوری خوڕافە و خورافەپەرەستی دەکا جێگای داخە و کیشەیەکی زۆر گەورەیە کە ژنان لەگەڵی بەرەوڕوون. دەسەڵاتە عەشیرەیی و دیکتاتۆرەکان هەمیشە زراویان لە  هێزی ژنان چووە و بە گەورەترین مەترسی  بۆ سەر دەسەڵاتیانی دەزانن وهەر ئەوەش وای کردووە کە حیزبە ناسیۆنال دینیەکان ئەوپارەزۆر و دەزگا ڕاگەیاندنە بخەنە بەردەست مەلایانی ئایینی  بۆ سەپاندنی هێژمۆنی ئیسلامی و روانگەی چەواشە و دژە ژن. لە لایەکی ترەوە ئەوەی جێگای خۆشحالیە ئەوەیە کە ژنانی ئازادیخواز و چالاکانی یەکسانیخواز هەردەم لە ڕیزی پێشەوەی خەبات دژ بە دیکتاتۆری و دواکەوتوویی دان و هەر کات سوکایەتی بە ژن کرابێ و مافیان زەوت کرابێ سەرەڕای ئەوەی کە لەگەڵ کەند و کۆسپی زۆر بەرەوروون هیچ کات لە خەبات سڵ ناکەن و ساڵەهای ساڵە دەنگی ژنانی هەرێم بوون و بێدەنگ نەبوون. ساڵەهایە ژنان و پیاوانی ئازادیخواز هەر کات یاسایەکی دژە ژن پەسند کرابێ یەک دەنگ لە بەرامبەر ئەو یاسایەدا ڕاوەستاون و دەسەڵاتیان ناچار کردووە پێداچونەوە بە بڕیارەکانیدا بکات. بە دەیان جار مەلایانی ئایینی کە لە پشت مینبەرەکانی خورافە سوکایەتیان بە ژنان کردبی کێشراونەتە بێدادگاکانی هەرێمی کوردستان و دادوەرەکانی ئەو وڵاتە لەلایان چالاکانی ئازادیخوازەوە ناچار کراون  لێپێچینەوە لەو کەسانە بکەن کە هۆکاری سوکایەتی و شکاندنی کەڕامەتی ژنان بوون، ئەوە سەرەرای ئەوە بووە کە دەسەڵات و حیزبە دەسەلاتدارەکان هەردەم لایەنگر و پشتگیری تاوانباران بوون بەڵام نەیانتوانیوە لە بەرامبەر ویستی ڕەوای ئازادیخوازان راوەستن و هەردەم بە چۆک داهاتوون. ژنان و پیاوانی هەرێمی کوردستان دەبێ بەو ڕاستیە  بگەن کە ئایین و خورافە هۆکارێکی تری  ماڵوێرانی و چارەرەشیانە و نەوەی نوێی ئەو وڵاتە بەرەو هەڵدێڕ و نەمان دەبات.  دەبێ خەڵکی هەرێمی کوردستان بەو ڕاستیە بگەن کە تا ژنان لەو وڵاتە بە ئازادی نەگەن، کۆمەڵگە ئازاد نابێ و خورافە و خوڕافەپەرەستی تەنیا ئەوان لە ماف و ئازادییەکانیان دوور دەخاتەوە و بەرەو کۆیلەیی و لەناو چوونیان دەبات.

Leave A Reply

Your email address will not be published.