فاتح عزالدین ..دەنگێکی تەنیا، لەزمانی بزربوودا

0

فاتح عزالدین ..دەنگێکی تەنیا، لەزمانی بزربوودا

نووسینی: جمال نوری

فاتح عزالدین*1 ..یەکێک لەودەنگە تایبەتانەی دنیای شیعری کوردی، زمانی فاتح زمانێکە تایبەت بە سروشتیەتی بوون و تێڕوانینی بۆ ژیان و ڕامانی بۆ سروشت و بوون و گەردوون. فاتح لەڕێگای زمانی شیعرەەوە پرسە فەلسەفی و کەونییەکان دەجوڵێنێ، چڕی دەکاتەوە لە پرسی بوون و نەبوون .

فاتح لەسەرەتای هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا هاتۆتە ناو کایەی شیعری کوردییەوە‌. کاریگەربوە بە بیرو هزری فەلسەفەی وجودی لەڕێگای نووسینەکانی وەک سارتەرو البیرکامۆو سادقی هیدایەت و حسین مردانی شاعیری عێراقی.

شێرکۆ بێکەس .. شاعیری گەورەی کورد لەبارەی فاتح عزالدینەوە دەڵێ..

فاتح کێ یە؟!

پایز وتی: کوڕە فرمێسکێکی منە

بەفر وتی; گەڵایەکی هەڵ لەرزیوی بەردەم منە

تەنیایی وتی; هاودەمێکی شەوی منە

فاتج چیکردووە؟ وشە وتی

یەک هەناسەی ساردی سینەی منە

پەپولە چیکردوە؟ ئەویش هەر ئەوەی کردوە، کزەبایەک چیکردوە ؟ ئەویش هەرئەوەی کردوە.

وێڕای دنیابینینی عەبەسیانەی، بەڵام مەسەلەی ئەوین و سۆزداری لەشیعرەکانیدا بوونی هەیە و بە بەرپرسیار بوون لەم پرۆسەی ڕوانیوە. وەک لەشیعری ( ڕەش پۆش مەبە *) ل.٤.

بەئاشکرا ئەو ڕەش پۆشیەی لەبەری ئەوی دیدا دەیبینێ بە هی خۆی دەزانێ هەروەک لێرەدا دەڵێ;

ڕەش پۆش مەبە و ئیتر بەرگی ڕەش فڕێدە/ ڕەش پۆش مەبە و لەخانوی پەرێشانیما/ پیانۆی مزگێنیم بۆ لێدە /تا دەگاتە ئەوەی بڵێ :

منیش وەک خۆت ڕەش پۆش مەکە/ گیانە چریکەی مەلی تاسەم/ بۆ شەونمی ئەم باخچەیە خامۆش مەکە.

«وشه‌ی “من” واته‌ من لێره‌م، به‌رپرس و وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ی هه‌موو شتێك و هه‌موو كه‌س.»؛٭۲ لێره‌بوون واته‌ به‌رپرسبوون؛ من له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌ویتردا به‌رپرسم، چون بوونم وه‌ك مرۆڤێك به‌ ته‌واوه‌تی به‌ستراوه‌ به‌و په‌یوه‌ندییه‌وه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌ویتردا هه‌مه‌. .

زمانی شیعری لای (فاتح عزالدین ),زمانێکە گوزارشت لە کەینونەی خودی شاعیر دەکات .

، گوزارشتێ کە ڕامانی شاعیر لە بوون و سروشت و گەردونەوە سەرچاوە دەگرێ، بەواتایەکی تر فاتح لەڕێگای شیعرەکانیەوە موخاتەبەی عەقڵی دەکات لەمەڕ پرسیارو گومانەکانی، دەربارەی بوون و ژیان و برینەکانی خۆی، کەسەرتاپا “خۆی لە تەنیایی و خەم و گۆشەگیری و خەماوی بەڵام ساف، تەماوی بەڵام تیشکێکی لەباوەش گرتوە.”.دەبینێتەوە.

وەک لە شیعری( ڕۆشتن لەشەودا )*ل٦ بەڕوونی هەست بەو تیشکە دەکرێ لەناخ و بوونی شاعیردا هەستی پێدەکرێت.

با ئەمشەویش تاریکی خۆی هەر بخاتە ناو دڵمەوە/

بادووری تۆش هێندە پانی بیابان بێ و / پەنگر بڕژێتە ناو پووشوی دەرونمەوە/ ناروخێم و ڕێ نادەم/ تۆ ئەو مۆمەی لەدەروونمدا ئاگر ئەگری/ شەوگار ڕوناک ئەکەیتەوەو/ شوێن پێی ڕێگام پێ هەڵئەگری/ شەوەو ڕێگای بیبانم گرتۆتە بەر/ بۆماچی تۆ فریشتەکەی چاو پڕ کەسەر/ ڕێ ئەبڕم و لەچاویشما ئۆقرە ئەبێ/ بەفرمێسکی ڕووباری زێ و/ تاڤگەی زەڵم /.

فاتح عزالدین ، لەشیعری (مردنی دەنگ و ڕەنگ) ل ۹۸دا زایەڵەیەکە کە هەمیشە لەناو بێدەنگیدا، شاعر قسە دەکات، واتە هەم بێدەنگی و هەم دەنگ حزورێکی نەڕەخساوە، بێدەنگیەک کەلەدوای دەنگەوە دێت بێدەنگی یەکی ترسناکە، چون ئەم بێدەنگیە تەنها بە دەنگێکی ترسناکتر تێکدەشکێت، دەنگێک کەلەدوای بێدەنگییەوە دێت هاوکات حزورو غیاب لەخۆیدا کۆدەکاتەوە، وەک لێرەدا دەردەکەوێت.

ئاخ چیە ئەم دەنگە ڕەنگە کەبوونی/ سەراپا بێدەنگی و بێرەنگی گیانێکە/ نێژراوی گۆڕێکی دێرینە/ چیە وا ئاوازی بێنازی گەرووی من / وەک هەوای ژەنگرتوی شمشاڵی شوانێکە /خنکاوی دووکەڵی خاکێکی خوێنینە/ بێدەنگیم ڕۆمانێ ملوێنان قسە بوو /پڕ گرمەو پڕ لەرەو هاژە بوو/ نەبیستراو نابیسترێ/

لەم بەشەی قەسیدەکەیدا فاتح عزالدین پەنجە دەخاتە سەر ئەوحاڵەتە بێدەنگیەی وەک( وەستانێک لەزەمەن) لێوەی دەڕوانێ. ئەوەتا لێرەدا دەڵێ;

قورسایی زەویان نایەسەر /ئەم گیانە لاوازەو نەمردم/ مۆرفینی پەژارەی ئاهاتی مەسیحیان/ ڕشتە ناو گوێگرتن لەم هەموو ئاوازەو نەمردم/ سەدان جار بەخاچی تاوانا داکوترام /کەچی هەر نەمردم/ بۆ ئەزمون لەویستگەی ئەتۆم تەقێنرام /سەیرە هەر نەمردم / بەڵام ئاخ هەزاران ئەفسوس و مەخابن/ ڕۆژێ دێ ئەم گیانە پڕ دەنگ و پڕ ڕەنگە/ بمرێت و چاوانی لێکبنێ/ بەهێزی لێدانی شنەی با لەکەنار حەسرەت و لەبنار دووریا/ بمرێت و چاوانی لێک بنێ/ ئەمرین و جیهانیش هەروەک نەبووبێ وەهایە/ بۆیە جێی خەم پێ نییە / نازانین تەماشای قەشەنگی سروشت/ و گوێگرتن لەم هەموو ئاوازە تەلیسمە هۆی چییە؟/

شاعر لە شعری مردنی دەنگ و ڕەنگدا هەست بە بوونێک دەکات کەهەمیشە فڕێ دەدرێتەوە بۆناوخودی بوون، بۆیە تەئکید لە (نەمردنی) خۆی دەکاتەوە کە دەڵێ.

قورسایی زەویان نایەسەر /ئەم گیانە لاوازەو نەمردم

لەدێڕێکی تریدا ئەڵێت:

مۆرفینی پەژارەی ئاهاتی مەسیحیان/ ڕشتە ناوگوێگرتن لەم هەموو ئاوازەو نەمردم /

شاعر لەم کۆپلە شعرەدا ئاماژە بە ماندووبوونی جەستەیی و عەقڵی خۆی دەکات بە هۆی نەریتی کۆنەپەرستی و ماندوێتیی چاخی دینی بەچەشنێک له ڕێگای خورافە و سروتی دینی ودابو نەریتەوە دەبێتە هۆیەک، کە لێوان لێوە لە ژاوە ژاو و بە هەلاک چونی مێشک و بیری مرۆڤەوە کە بە (ئەفیون), ناوی بردووە، کە بۆ سڕکردنی بیرو هزری مرۆڤ بەکاردەهێنرێ کەدواجار

ماندوێتی و ئەفیونەکەی هەر بەردەوامە بۆ بەهەشت و دونیا ئاخیرەت، کە دەیەوێ بیگۆڕێ بە مرۆڤ سەروەری و عەقڵ سالاری و دونیاییبوون، کاتێک پرسیارە فەلسەفیەکەی دەکات و دەڵێت :

ئەمرین و جیهانیش هەروەکوو نەبوبێ وەهایە/ نازانین تەماشای قەشەنگی سروشت و/گوێگرتن لەم هەموو ئاوازە تەلیسمە هۆی چی یە؟ /ئادۆرنۆ ڕای وابوو (بیرکردنەوە پێویستی ژیان دروستی ئەکات)،دواتر شاعیر لەڕێگای پرسی مەرگەوە دەیەوێ بوون و نەبوون لە تەرازووی هزری مرۆڤدا لە مەحەک بدات بەگومانێكی یه‌قیندار، بۆشاییه‌كی لێوڕێژ، بێده‌نگییه‌كی زایه‌ڵه‌دار. بێده‌نگی، شێوه‌یه‌كه‌ له‌ گفتوگۆ به‌بێ به‌رده‌نگ. بێده‌نگیی ڕاسته‌قینه‌، له‌ كوشتنی به‌رده‌نگه‌وه‌ ده‌ست پێده‌كات. له‌ ئه‌ده‌بیاتدا، به‌رده‌نگ پێشوه‌خت مردووه‌. *3

فاتح عزالدین لەزەمەنی سەرهەڵدانی وەک شاعر وەک شێرکۆ بێکەس دەڵێ ;

بەچەند شیعرێ بووە بە هاوڕێی بەردو هاوڕێی پەلکە گیاو هاوڕێی هەمیشەیی تەنیایی و ئەو لەنەوەی ژەنەڕاڵی پایزە برای گەڵاوەریوەکان و دۆستی نزیکی کوێرەوی و ئامۆزای بێکەس و خاڵی کۆڵانە برسیەکانی پێنجوێن ە،

بەواتا فاتح عزالدین وەک ڕێچکەیی شیعری دەچێتەوە سەر ئەو دنیا بینینەشیعریەی کە لەجیهان بینی شاعر محمد عومەر عوسمان (ژەنەڕاڵی پایز ) ە نزیکە، بەڵام زمان و ڕامان و خەیاڵی شیعری لای فاتح عزالدین شێوازو ئسلوبی نوسینی خۆیەتی . .

هەربۆیە لە کۆتایی حەفتاکان دا بەبلاوکردنەوەی دیوانە شیعری زەمانی بزربوو، لەو قۆناغ و زەمەنەدا، وەک زەمەنی دەق پشوازی لێناکرێ و دەخرێتە هامشەوە لەناو دنیای دەقی شیعری، هەڵبەتە هۆکارەکەش تەنها بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە زەمەنی دەق و زمانی شعری لای فاتح پێش زەمەنی ئەوکاتە کەوتوە؟ یاخود زەمەنی نوسینی دەقی شیعری بۆ ئەوکاتە دواکەوتوە…؟، بۆیە بەشێوەیەک لەشێوەکان دیوانەکەی گرنگی ئەوتۆی پێنادرێ.و زەمینەی دروست بوون و سەرهەڵدانی نەک هەر بۆی نەرەخساوە بەڵکو دیوانەکەشی لەم دوایانەدا بەسەردەکرێتەوەو ـچاپ دەکرێ..

لەم بارەیەوە شێرکۆ بێکەس دەڵێ، ئاو چیکردوە ئەویش هەر ئەوەی کردوە، کزەبایەک چیکردوە ئەویش هەرئەوەی کردوە .

فاتح عزالدین گەرچی زمانی شیعری لە نائومێدی و بەد بینی و عەبەسەوە سەرچاوەی گرتبێ بەڵام دەقە شیعریەکانی کاریگەرێتی زەمەنی هەلومەرجە سروشتیەکەی خۆیی پێوەدیاربووە و ڕەنگدانەوەی لەسەری هەبووە، کە لەدۆخی جەنگ و کاولکاری و شەڕو کوشتارو خوێن ڕشتندا ژیاوەو ڕاگوزەربووە، لەگەڵ ئەوەشدا فاتح عزالدین بەقۆناغی ئەوینداری و سۆزداریدا تێ پەڕبووەو ئەم لایەنەش ڕەنگی داوەتەوە لە زمانی شیعری شاعردا.

دنیای ئەوین لە زمان و خەیاڵی شیعری لای فاتح..

لەشعری ئێواران و بەفری خەمەکانت ل٥۳دا دەڵێ;

بەفری ئێواران ئەبارێ بەسەر منی ئاوارەی ناوشەقامی چۆڵ ووردو لەسەرخۆ شەقام دەبڕم و کەسێ نابینم سەرما ئەمکوژێ ئێوارە باشێ سایەیەک نییە ڕێبواران لەکوێن هەردەڵێی مردوون شەقام ئەبڕم و بەفر مووی سەرم تەواو پیر ئەکا، پیر ئەبم وەک خەم بەچاوەڕێ بوون چاوڕەش پێبەندی نەریتی کۆنە بەدڵیانایە بۆتەنیا جارێ باڵای باتەبەر بەفری ئێواران چاوڕەش نایەوێ لەئەشق بگا بۆتەنیا جارێ نایە لەتەکما تابەیەکەوە لەژێر بارینی بەفرێکی قورسا ببین بەگریانبەفری ئێواران وەک خەم ئەبارێ تەنیام جەستەی شەقامێکی سارد هەناسەم سەهۆڵ خوێنیشم زوقم گیانم ئەیبەستێ تەنیام وتەنیا شەقام بێ چراو سایەیەک نیە ڕقم ئەبێتە تف و نەفرەت بۆ شاری وێرانە شاری بێ هاوڕێ.

شاعر لەم شعرەدا بەڕوونی ئاماژە بەو حاڵەتە دەرونیەی خۆی دەکات لەکاتێکدا ئەوی دی کە خوازیارێتی ئەو کۆت و بەندە کۆنەپارێزیە وەلابنێ و لەتەک ئەمدا پیاسەیەکی ئێواران بکەن پێکەوە، تاوەکو بۆی ببێتە سایەو سێبەری ڕێگای و لەژێر هەناسەی ئەوینی شاعردا پشوو بدات و پێکەوە باڵای خۆیان لە تەنگ و چەڵەمەو دوودڵی و گومان و ترس و بێمتمانیەیی ڕزگار بکەن، بەڵام ئەویندارەکەی تەسلیمی قەدەری کۆمەڵگەی باو و نەریتەکۆنەکەیەو لەبازنەیەکی داخراودا دێت و دەچێ و هەوایی تەم و دووکەڵی بابڕدوو هەناسەی داگیر کردوە، بۆیە شاعر هەست بەتەنیایی خۆی دەکات لە شارێکدا کە شەقامەکانی بۆنی بارووت و چەقۆو خۆێنی لێدێ لەجیاتی عشق، لەکوتادا ڕقو نەفرەت دەنێرێ بۆ شارێ کە عشق و ئەوین و هاوڕێیەتی تیا جێنابێتەوە

لەم شعرەدا زمانی شعری لای فاتح زمانێکە بەچنینی وشە دیزاین کراوە، بەشێوازێکی زۆر جوان و نوێگەریی، وەک ئەوەی کەدەڵێ(پیردەبم وەک خەم)،بەچاوەڕێ بوون، واتە سەرچاوەی پیربوونی جەستەی مرۆڤێک پابەندە بە بوونی خەمە سەرمەدیەکانی مرۆڤ بوونەوە، نەک بەساڵاچوونی؟ یان دەڵێ (بەفر مووی سەرم تەواو پیردەکا ) لای فاتح، وشەی بەفر لێرەدا لەجیاتی تاڵەسپیەکانی قژی سەری بەکاری هێناوە، ئەمەش نیشانەی شارەزایی و سەلیقەیی شاعر نیشان دەدات.

لەکۆتایدا فاتح عزالدین، بەم هەنگاوەی لەدنیای شعری، چرۆی هیواکانی نەگەشاندەوە و نەیتوانی ئەم قۆناغە لەزەمەنی نوسینی شیعریدا تێپەڕێنێ.و بەردەوام بێ تا زمانی داهێنانی بزرنەبێ.

بۆ نوسینی ئەم لێکۆلینەوەیە سوودم لەم سەرچاوانە وەرگرتوە

 

1-دیوانی زەمانی بزربوو ،1976-2008 فاتح عزالدین

2-ئیمانوێل لیفیناس، الکلیە ولاتناهی

3- بلانشو قارئا لكافكا حوار المتمدن ص44

Leave A Reply

Your email address will not be published.