بەشێکی تر لە قەسیدەی ئاهێکی سەرد ..
بەشێکی تر لە قەسیدەی ئاهێکی سەرد ..
كە گەڕایتە وە
شتێكت پێدەڵێم
بیرێك لە فڕین دەكەینە وە
لەم زەمەنە ڤایرۆساوییە جیا دەبینە وە
دنیای مەعدەن و
مادە بەجێ دەهێڵین
بەگەڕەكی درۆدا ناڕۆین
كەگەڕایتە وە
بەسەر هاتی ئاهێكی سەردت
بۆ دەنوسمە وە
خیانەت و درۆ و مەعدەن و
دوو ڕویت بۆ دە خەمە ڕستەوە
مساوی دەبێت بە ئاوێنەی
ماڵی پیاوێكی فاڵچی
كە گەڕایتەوە
خەمی چرایەك دەنوسینەوە
لەبەر ئاوێنەی ئەم هەموو بەیانیە
تەمەڵەدا
پەڕەسێلكەیەكی
تۆراوی سەر قەراغ دیوارەكەمان
ئاشت دەكەینە وە
چاوی چۆلەكە بێنازەكان دەڕێژین
تەوقەیەكی قاوەیی دەدەین
لەپرچی كوكوختیە دڵشكاوەكان
كە گەڕایتە وە
خەمی هەناسەیەكی تێكشكاو دەنوسینەوە
بەسەرهاتی ئاهێكی سەردی خۆمان
بۆ پیاوێكی فاڵچی پۆست دەكەین
تۆ هیچ مەڵێ
من پێی دەڵێم
ئەگەر شاعیر نەبومایە
چۆن دەمهێشت
لەو دیوو پەنجەرەی ئەم دڵە داگیرساوەمەوە
سەیری سوراوی
سەر لێوی شیعرەكانم بكەیت
چۆن دەمهێشت
لەژێر سێبەری درەختی پەخشانە
بێكراسەكانما دانیشیت
چۆن دەمهێشت
لەشەوی خەنە بەندانی شیعرەكانما
ئامادەبیت
ئاخ خودایە
ئەگەر شاعیر نەدەبوم
دەمزانی چۆن موو لەماست دەربێنم
دەمزانی چ سەمایەكم لەسەر نوكی شمشێری
ئەم زەمەنە ژەنگاویە دەكرد
دەمزانی چۆن خۆتم لە خۆتا دەشكان
خۆتم لەخۆتا پارچە پاچە دەكرد
ئەگەر شاعیر نەبومایە .
حەکیم میرزا
کۆتایی جەنیوەری ٢٠٢٠