بیـری خۆم دەکەم
بیـری خۆم دەکەم
ئەو دەمەی سرودەکان
بەنێو شەپۆڵی سوری شەقام دا
ڕێدەکەن و من نیم لەوێ !
بە تاسەوە من بیری خۆم دەکەم
جار جار ئارەزو دەکەم سەردانی خۆم بکەم
لەدەرگای کۆتری سەلام بدەم و
کاتێ دیاری بکەم لەگەڵ خۆم
بڵێم با لە کۆڵانی (باتا)دا بتبینم
ئەو نامەیەی عەیامێکە بۆتم نوسیوە
ساڵانێکە لەگیرفانی ناڕەزایەتیەکان
بۆم هەڵگرتبوی لەڕێگادا و بە چنینەوەی
وردەقەدەمەکانی بەرەو قەڵا بۆم بخوێنەوە
لەژێری نامەکەمدا نوسیبوم
بیری خۆم دەکەم
کە تۆ دەمخوێنیتەوە بزە لێوەکانت دەگرێ
من کە دەنوسمەوە
ناخم دەبێ بەدارستان و گردەگرم
گڕێک ئاسمانی چاوەکانیشم خامۆشی
ناکات و ، لەنێو ئەو هەموو سوتانەشدا
بیری سپیندارەکانی (گرکەند)و
بیری خۆم دەکەم
بەیانیەو منی تەنیا لەکەناری لیمات
خۆم دەخوێنمەوە
هەناسەم تێکەڵی فرینی باڵندە سپیەکان دەبێ
ئەوان بۆ قوڵایی ئاسمان و
هەناسەی قوڵیی منیش
بەرەو نیگای عاشقانەی لەق لەقەکانی
هەولێر
بەقەدەر فڕینی بێ سنوری نەورەس و
هەناسەی تەنیاییم
بیری کتێبەکانی لای قەڵا دەکەم
فوئاد عەزیز
01/2020