دیمانەی بۆپێشەوە لەگەڵ هەڵسوڕاوی سۆسیالیست هاوڕێ سادق عەزیز سەبارەت بە گرژیەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا دوای کوژرانی قاسم سلێمانی…

0

دیمانەی بۆپێشەوە لەگەڵ هەڵسوڕاوی سۆسیالیست هاوڕێ سادق عەزیز سەبارەت بە گرژیەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا دوای کوژرانی قاسم سلێمانی…

دیمانەی بۆپێشەوە لەگەڵ هەڵسوڕاوی سۆسیالیست هاوڕێ سادق عەزیز سەبارەت بە گرژیەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا دوای کوژرانی قاسم سلێمانی…

بۆپێشەوە: کوژرانی قاسمی دەبێتە هۆی لاوازکردنی ڕۆڵی ئێران لە ناوچەکە، یان بەپێچەوانەوە ڕۆڵی ئێران زیاد دەکات؟
سادق عەزیز: بە دڵنیاییەوە کوژرانی قاسم سلێمانی لە ناواخنی ڕوبەڕوبوونەوە و تەنگژەیەکی فراوانتر و قوڵتری نێوان ویلایەتە یەکگرتوووەکانی ئەمریکا و ئێران دێت. ئەم ناکۆکی و ڕوبەڕوبوونەوانە کە زیاتر لە چل ساڵە بەردەوامە، و لە هەر قۆناغێکیشدا بەدوای یەکدا بە تایبەتمەندێتی و ڕوخساری جیاوازەوە خۆی نیشانداوە.
لەوانەیە بۆ ساتێک وابێتە پێشچاو کە ئەم ڕوداوە بە سەرکەوتن بۆ وڵاتە یەکگرتووەکەنی ئەمریکا بژمێردرێت بەسەر بوون و هەژموونی ئێران لە ناوچەکە و سەپاندنی جۆرێک لە پاشەکشە پێکردن و بەرتەسککردنەوەی وجودی سیاسی ناوچەیی ئێران لە عێراق و ناوچەکە بە گشتی، بەڵام گەشەسەندنی ڕوداوەکان لەم دەساڵەی دوایدا، ئەوەی بۆ ئێمە ئاشکرا کردووە کە وەستان و (رکود) و کشوماتی، بەرەوپێشەوەچونی هێزە ململانێکەرە نێودەوڵەتییەکان لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست جێگیر و دامەزراو نەبووە. جارێک پاشەکشەی نفوز و بوونی ئەمریکا ئەبینین لەسەر حساب و باڵادەستی و پێشڕەوی و نفوزی ڕوسیا و هاوپەیمانەکانی و جارێکی تر پێچەوانەکەی ئەبینین. ئەم ئەمدیو ئەودیوکردنە (ملە قوتێیە) لە بنەڕەتدا ئەگەڕێتەوە بۆ ئەو قەیرانە جیهانیەی کە سەرمایەداری بەدەستیەوە ئەناڵێنێت و کە وێنایە بۆ ناسەقامگیری جیهانی و کۆتایهاتنی سەردەمی تاک ڕەویی و هەژموونی تاک جەمسەریی.

بۆپێشەوە: بێگومان کوژرانی قاسمی، گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران لە ناوچەکەدا دەباتە سەرەوە، کاریگەری ئەم گرژیانە لەسەر عێراق و ئێران و ناوچەکە چی دەبێت؟
سادق عەزیز: بێگومان ڕوداوی کوژرانی قاسم سلێمانی کار ئەکاتە سەر هەڵکشانی تەنگژە و ڕوبەڕوبونەوەکانی نێوان ئێران و وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و پێ ئەنێتە قۆناغێکی ڕوبەڕوبونەوەی توندوتیژ لەباری سەربازیی و لۆجستییەوە، و ئەم تەنگژانەش کارئەکاتە سەر گشت هێزە نێودەوڵەتی و سیاسییەکان. پەرچەکرداری دەوڵەتەکانی ناوچەکە و بەتایبەتیی عێراق، ئاوێنەیی نابێت، هەرچۆن ئاوێنە وێنەیەک بە شێوەیەکی میکانیکی وێنا ئەکاتەوە، بەڵکو ئەو سیاسەتانەی دەوڵەتانی ڕوبەڕوبوونەوەکە بەڕێوەی ئەبەن، چ ئێران و چ وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ناتوانن ئامانجەکانیان بەدی بهێنن یا تێپەڕێن، بەبێ حسابکردن بۆ ڕۆڵ و جێگاو شوێنی سیاسی عێراق، و بابەتەکەش ئەوە نییە کە هاوپایمانییەتی دروستبکەن یا بەدوای سیاسەتێکی دیاریکراوەوە بن، هەرچۆن ڕۆژنامە نووسێکی لیبرال لە ڕۆژنامەی گاردیان یا پەیامنێری یەکێک لە تەلەفزیۆنە ئاسمانییەکان ئەیبینن! هەر بۆیەش، عێراق هێمای سەرەکی و بنچینەیی ئەبێت کە سیاسەتێکی ناوچەیی و نێودەوڵەتی دیاریکراوی پیاتێپەڕ ئەبێت و ئەبێتە بەشێک لە شکڵگرتنی ڕوبەڕوبوونەوەکانی ووڵاتانی خۆرئاوا و ئێران. جیهانی ئەمڕۆ بەشێوەیەکی ئەندامەکی(عزویی) چالاک بەیەکەوە پەیوەستن و ناکرێت پێکهاتەکانی لەبەرچاو نەگرین یا ڕۆڵی پێکهاتەکانی بە شێوەیەکی میکانیکی و مجەرەد ببینین.

بۆپێشەوە: وەڵامی ئێران بە ئەمریکا لەبەرامبەر بە کوژرانی قاسمیدا چی دەبێت؟ ئایا مەترسی هەڵگریساندنی جەنگی لێ ناکرێت؟ زلهێزەکانی تر چ ڕۆڵێک لە گرژی نێوان ئێران و ئەمریکادا دەگێڕن؟

سادق عەزیز: ئەزموونەکانی چەند ساڵی ڕابردوو ئەوەیان دەرخستووە زۆر بە ڕوونی، کە چۆن دەوڵەتان و هێزە دەرگیرەکان لە ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و بەدیاریکراویش لەعێراق، هەمیشە هەوڵیان داوە و بەدوای دەسکەوت و بەرژەوەندی سیاسی و ئابوری و سەربازییەوە بن..لەبەر ئەمە و لە ناواخنی ئەم هەوڵانە هەموو لایەن و هێزەکان هەر یەکە بۆخۆیان کاریان کردووە بۆ قۆستنەوەی فرسەت و سوود وەرگرتن لەهەر ڕوداو و پێشهاتێکی سیاسی یا سەربازی یا هەرشتێکی تر، بۆ دابینکردنی پێشڕەوایەتیکردن و چونەپێشی باشتر لە ڕوبوڕوبونەوەی نێوان کوتلە و هێز و جەمسەرە ململانێکەرەکان، و دەسکەوتنی جێگا و شوێنی باشتر بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی دواتریان..ئەم ڕەتکردنەوانەی ڕوداوەکانیش لەوەیە لەباری ئابورییەوە بووبێت وەک سەپاندنی گەمارۆیەکی ئابوری دیاریکراو یا دبلۆماسیی و سەربازیی…ئەمەش ئەوەیە کە ئێران خوازیارێتی یا هەوڵی بۆ ئەدات لەم دەرگیری و ڕوبەڕوبونەوانەدا. بڕیاری پەرلەمانی عێراق لەبارەی “دەرکردن و نەهێشتنی بوونی سەربازیی هێزە بێیانییەکان” کە مەبەستی سەرەکی لەم بڕیارە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بوو وەک ئەوەی سەرکەوتنی هەژمونی ئێران و سترتیجیەتی دەربکەوێت.
هەر وەک ئەشزانن ئێران ڕوبوڕوبونەوەکانی بردە ئاستێکی باڵا تر، بەوەی کە چەند ساروخێکی گرتە پێگە و مۆڵگەکانی ئەمریکا لە عێراق. مەبەستی سەرەکی لێدانی پێگە سەربازییەکانی ئەمریکا لە عێراق لەلایەن ئێرانەوە، ئەوەندە سەربازیی نییە بەو ڕادەیەی کە سیاسیی و ئیستراتیجییە، وە ئامانجی سیاسیشی لە ناواخنی ئیستراتیجییەتی جمهوری ئیسلامیدا هەڵگرتووە کە لە ناوچەکە هەیەتی.

بۆپێشەوە: بزووتنەوەی ناڕەزایەتی جەماوەری لە عێراق تا ئێستا قوڵپ دەدات و ساحەی تەحریرەکان سومبلی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی جەماوەرین ململانێی نێوان ئەمریکا و ئێران چ کاریگەرییەکی لەسەر ئەو بزووتنەوە ناڕەزایەتییە جەماوەرییە دەبێت؟

سادق عەزیز: پاش چوونەسەر و توندبوونەوەی ئەم ڕوبەڕوبوونەوانە، ناڕەزایەتی و مانگرتنەکانی ساحەی تەحریر و باقی گۆڕەپانەکانی شارەکانی تر لە ناوەڕاست و خواروی عێراق، لە بەردەم هەڵبژاردەیەکی سەخت و قورسدا نین…. ئەو هۆکارە مادییەی کە بزوێنەر و گەشەپێدەری ئەم ناڕەزایەتیانە بوو، نە تائیفی و نە قەومی، تەنانەت نیشتیمانی و ناسیونالیستی ڕوت نەبوون، بەڵکوو لە بنەڕەتەوە هەژاری و بێکاری و گەندەڵی بوو، کە ملیۆنەها لە ڕۆلەکانی عێراق پێیانەوە ئەناڵاند و دەرگیری بوبوون …لەبەر ئەمە ڕەتکردنەوەشی ڕوونە لەلایەن گەنجانی ڕاپەڕیوەوە، و ناچنە سەنگەری لایەنەکانی ئەم ڕوبەڕوبونەوانە و ئاڵودە نابن بە وەهمی ڕۆڵی ئەمریکا و ئێران، سەرەڕای هەوڵدانە شکستخواردووەکانی هەندێ لەهێزە ئیسلامییە شیعەکان بۆ قۆستنەوەی ڕوداوەکە و کارکردنە سەر ڕێڕەوی سەربەخۆی شۆڕشگێڕانەی ڕاپەڕین…بە گشتی ئەم ڕوداوانە ئەقۆسترێنەوە لە لایەن ڕێکخراوە و هێزە سیاسییە کۆنەپەرستەکانەوە بۆ سڕینەوەی و مۆڵدانی کەشوهەوای شۆڕشگێڕانە و لەباربردنی ڕاپەڕین و جوڵانەوەکە و هەر چۆن هێزە ئیرهابییە تیرۆریستە گەندەڵکارەکان لە ناسریەی فیداکار ئەم کارەیان کرد، و گەنجانی پاڵەوانی شارەکە ڕوبەڕوی ئەو موئامەرە و فێل و تەڵەکانە بوونەوە، و ئەوپەڕی پێداگریی و گیانبازییان لەخۆ نواند.

Leave A Reply

Your email address will not be published.