لەگەڵ NRT… ئایا بەگۆرینی دەستەی سەرۆکایەتی، پەرلەمانی کوردستان کارا دەکرێتەوە…

0

تەوەرەی بەرواری ٨/٥/٢٠١٧

ئایا بەگۆڕینی دەستەی سەرۆکایەتی، پەرلەمانی کوردستان کارا دەبێتەوە؟

دوبارە و باسی کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان بۆتەوە بە قسەوباسی حزبەکانی کوردستان و بەتایبەتیش یەکێتی نیشتیمانی بەحەماسەتێکی گەرمەوە دەستی کردووە بە سەردانی لایەنە سیاسیەکان بۆ ئەو مەبەستە.

لەکەس شاراوە نییە، مەسەلەی کاراکردنەوەی پەرلەمان لەساڵ و نیوی رابردوودا چەندین جار هێنراوەتەوە ئارا، هەر جارەش پاساوێک بۆ هێنانەوەی هێنراوەتەوە، پاساوی ئەم جارە پرسی ریفراندۆمە.

پرسی کاراکردنەوەی پەرلەمان لە بنەڕەتدا بۆ ئەوە نییە، کەگوایە ئەم دەزگا شەرعیە! دەبێ بەکارەکانی خۆ هەڵسێت و ببێتە شوێنێک بۆ یاسا دانان و لێپرسینەوە لە حکومەت و چاودێری کردنی، بەڵکو زۆرتر بۆتە بوکەڵەیەکی یاری بەدەست حزبەکانەوە و بۆئەوەی هەرجارەی بۆ پرسێکی سیاسی وەکو داشی دامە بجوڵێنرێت و ببێتە چەسپی لێکنزیکردنەوەی حزبە سیاسیە ناکۆکەکانی سەر گۆرەپانی سیاسی کوردستان، یان جیگایەک بۆ لێک دوورکەوتنەوە و سەرهەڵدانی ململانێی نوێ، بەتایبەتیش ئەو حزبانەی کە قەڵەمرەوی سیاسییان بەدەستە.

پاساوی ئەم جارە بۆ قاچ دانانەوە بۆ پەرلەمانێکی ئیفلیجی لەچارەنەهاتوو، مەسەلەی ریفراندۆمە کە پارتی وروژاندویەتی و یەکێتی نیشتیمانی کوردستانیش کردویەتی بە دەروازەیەک بۆ رۆڵ نیشاندانی خۆی سەبارەت بەوپرسە. بۆ یەکێتی نیشتیمانی کە خاوەنی هیچ نەخشەو ئەجندایەکی سیاسی نییە، هێزێکی روو لەداکشان و باڵ باڵ و بێ ڕابەرە. جەستەی لێکترازاو ناکۆکییە قوڵەکانی وەکو وەرەمێکی سەرەتانی رۆژ بەرۆژ پەرەدەستێنێ، دەیەوێت بەهەر نرخێک بووە رۆڵێک وازی بکات، کە پارتی رازی بکات وەکو هاوبەشێکی سیاسی لە گۆرەپانەکەدا بیهێڵێتەوە. بۆ ئەو مەبەستەش زوو یەکێتی پێشوازی لەهاش و هوشی دوبارە هێنانەوەی ریفراندۆمی پارتی کرد و تاکە مەرجێک کە لەوەناچیت زۆریش پێداگری لەسەر بکەن ئەوەیە کە دەیانەوێ گەمە ریفراندۆم بە فیلتەری پەرلەماندا گوزەر بکات. بۆ ئەو مەبەستە دەوری ناوبژیوانیان گرتۆتە ئەستۆ بەتایبەتیش لە نێوان پارتی و حزبی گۆراندا. هەرچی پارتییە نەیشاردۆتەوە کە پرسی ریفراندۆم پێویستی بە پەرلەمان نییە. یەکێتیش لای وایە باشترە لە رێگەی پەرلەمانەوە ئەم دۆسیەیە بچێتە پێشەوە. بۆ گۆرانیش کە لاریان لەسەر ریفراندۆم نییە، دەیانەوێت لە رێگای ئەم پرسەوە دەروازەیەک بکەنەوە بۆ دوبارە هێنانەوە ئارای کاراکردنەوەی پەرلەمان و مزایەدەکردنی سیاسی بە سەرۆکە دورخراو و دەرکراوەکەی پەرلەمانە ئیفلیجەکەی حزبەکانی دەسەڵات لەکوردستاندا.

دیارە چ پارتی و یەکێتی و چ گۆران و برا ئیسلامیەکانیان، دەزانن پەرلەمان بێ بەهاترین و پوچترین و بێ نەخشترین دەزگایە لە کوردستاندا و هیچ رۆڵیکی لە ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و یاسایی و حقوقی خەڵکی کوردستاندا نییە و بە کردەوەش ئەمە سەلماوە. ساڵ و نیوێکە پەرلەمانێك کە خۆیان بانگەشەی شەرعی بوونیان دەکرد و ئێستاش سوێند وقەسەم بەسەری ئەو شەرعی بوونەی دەخۆن، لە لایەن حزبەوە دەرگاکەی داخرا، سەرۆکەکەی نەک بۆ پەرلەمان بۆ ئەوشارەش کە پەرلەمانی لێیە، یاساغە بۆ بچێت. وە هیچ ئاڵوگۆرێکیش چ لەسەر ئاستی کۆمەڵایەتی و ژیان وگوزەرانی هاوڵاتیان و چ لەسەر ئاستی یاسایی و حقوقی رووی نەداوەو هەر وەکو ئەوکاتەیە کە پەرلەمان کارا بوو، تەپڵ لێدان و بتڵ وەشاندن و حەماسی هەرەزەکارانە باسی سەرەکی ناو خەڵکی کوردستان بوون سەبارەت بەپەرلەمان. ئەمەش نیشانمان دەدات کە پەرلەمان لە دنیای واقعی سیاسی کوردستاندا، هەرگیز هیچ رۆڵیکی سەرەکی و یاسایی نەبووە کارا یان ئیفلیج بووبێت، لە دەزگایەکی فوتێکراوی بۆش و فریوادەرانە زیاتر هیچی تر نەبووە، فریودەرانە بۆ دنیای فەرمی دەرەوە نەک بۆ خەڵکی کوردستان، چونکە خەڵکی کوردستان بە کردەوە و بە ئەزموونی چەند دەورە بۆیان رۆشن بۆتەوە کە پەرلەمان درۆیەکی گەورەی حزبییە لە کوردستاندا. بەو راستیە سادانەو گرنگی کاراکردنەوەی پەرلەمان چییە؟ بە گێرانەوەی سەرۆکی پێشووی پەرلەمان چ گرفتێک وەڵام وەردەگرێتەوە؟ یا بە گۆرێنی بەکەسێکی تر چی روودەدات؟ تەنانەت ئەگەر هەموو سەرۆکایەتی پەرلەمان ئاڵوگۆری بەسەردا بێت، دەوای چ دەردێک دەکات؟ پەرلەمان دەتوانێ چ نەخشێک لەژێر سایەی دەسەڵاتی حزبی و میلیشیاییدا بگێرێت؟

بەو راستیە سادانەوە، گرنگی کاراکردنەوەی پەرلەمان چییە؟ وەڵامی ئیجابی بە هەموو ئەو پرسیارانە ناتوانێت هیچ بگۆرێت جگە لەوەی دەتوانێت ئاوێکی شاش بکات، بە گڕکانێیکی گەورەی سیاسی و حزبی و میلیشیایی، کەلەسەر دەسەڵات لە کوردستاندا، لەرێگای نا رەواوە بەرێوەدەچێت. دەسەڵاتی بزوتنەوەی کوردایەتی بەهەموو شێوازەکانی ماهیەتی راستەقینەی خۆی نیشانی کۆمەڵگەی کوردستان داوە. لەو نێوەدا ئەزموونی پەرلەمان لەکوردستان، بەشێکە لە کۆی سیستەمێکی سیاسی شکست خواردوو، بەشێکە لە ئەزموونێکی گشتی مایەپوچ. بۆیە بەهیچ جۆرێک ناکرێت چاوەروانی ئەوە لەم حزب و  هیزە سیاسیە بۆرژوازیانەی کورد بکرێت، ئەلگۆیەکی دەسەڵاتدارێتی تەندروست پیادە بکەن، بە پەرلەمان و بێ پەرلەمانەوە. وەتەنانەت هەر هەوڵێک بۆ سازدانی بەراستی پەرلەمانێکی بۆرژوایانەی ئاسایی کە لەدنیادا هەیە، یان هەر هەوڵێک بۆ دەست راگەیشتن بە شێوازی پەرلەمانی کارتۆنی ژێر سایەی دەسەڵاتە دیکتاتۆر و رژێمە سەربازیی و مەزهەبیەکانیش لە کوردستاندا لەوەهم زیاتر شتێکی تر نییە. ئەم حزبە سیاسییە بۆرژوازیانەی کوردستان بەتایبەت حزبە دەسەڵاتدارەکان، بەکردەوە نیشانیان داوە، ناتوانن ئەلگۆی بەعسی گۆر بەگۆریش لە زەمینەی یاساو لایەنی حقوقیدا پەیرەو بکەن. دەسەڵاتی بۆرژاوزی کورد بە حزبەکانیانەوە بە نووسەر و شاعیر و ڵیکۆڵەر و ئەدیب و رۆشنبیرە ئیلیتەکانیانەوە، تا دەگاتە مێژوو نووس و مفکیر!! کاریزماکانیان، هێشتا زۆر لەوە لەدواترن، کاری دەوڵەتداری و سیاسی و کایەکانی دیموکراسی لە فۆرمە هەر دواکەوتوو فاشیستەکانیشیدا بکەن. لەهیچ شوینیکی دنیادا نییە، حزب حکومەت و پەرلەمان دابخات، لە کوردستاندا نۆرمە. لە هیچ گۆشەیەکی دنیادا هیچ دەسەڵاتێک موچەی کرێکاران و کارمەندان بۆخۆی گل ناداتەوە و دەست بەسەرداناگرێت. لەهیچ شوێنێکی دنیا پەرلەمانێک نییە سەدان یاسا دەربکات و کەس (…. بەکڵاوی نەپێوێت)، لەهیچ شوێنێکی دنیا نییە، رادەی دزی و تاڵانی بەپرسانی حزبی و حکومی بەو ئاستەی سەرانی بزوتنەوەی کوردایەتی بێت. لەهیچ گۆشەیەکی دنیا نییە، هیچ بکوژێکی بەرپرس و کەسێکی نەخشە دارێژ بۆ کۆشتار و تیرۆر نەدرێتە دادگا” هەر دادگایەک”. لە هیچ شوێنێکی دنیا جغرافیایەک نادۆزرێتەوە،خاڵی لە یاسا” هەر یاسایەک” بێت. لە دنیادا نییە بە رۆژی روناک و بەئاشکرا نەیارانی سیاسی تیرۆربکرێن. وێنەی نییە کەسیك لەسەر فوڵ لایتێک خەڵتانی خوێن بکرێت.

لەهەر شوێنێکی دنیا، یاسا نەبوو پەرلەمان درۆیەکی گەورەیە. لە هەر گۆشەیەکی ئەم سەرزەمینەدا، دەسەڵاتی میلیشیایی قەڵەمرەوی سیاسی بەدەستەوە بێت، هەزار پەرلەمانیشی هەبێت، تەنها فریوکاریییە. لەهەر پارچە زەویەکی دنیادا، تیرۆر وکوشتن و دزی بە ئاشکرا بەرێوەبرا، نیشانەی ئەوەیە شتێک نییە بەناوێ حکومەتەوە. بۆیە باسی کاراکردنەوەی پەرلەمان، کەم و زۆر پەیوەندی بەهیچ تاکێكی سەربەخۆی خەڵکی کوردستانەوە نییە، پەیوەندی بەهیچ گرفت و کێشەیەکی جەماوەری خەڵکی کوردستانەوە نییە. وە نە پەرلەمان و نە پرسی سەرۆکایەتی هەرێم و نەکێشەی پۆستی پارێزگاری سلێمانی، پەیوەندیان بە کێشە زۆرو زەوەندەکانی خەڵکی کوردستانەوە هەر ئەوەندەیە کە دڵەراوکێ و ترس دەکەنە سەرباری گرفتەکانیان. باسی کاراکردنەوەی پەرلەمان و گەمەی ریفراندۆم، بەشێکن لە ململانیی حزبی بەناوی بەرژەوەندی خەڵکی کوردستانەوە، بۆ روپۆشکردنی دەسەڵاتێکی تاڵانچی و ئۆپۆزیسێۆنێکی بودەڵەی هاوشیوەو کۆنەپەرستی ئیسلامی ئەردۆغانی.  خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان و بەرەی ئینسان دۆست و پێشکەوتنخواز، پێویستە خۆیان بۆ کۆتاییهێنان بەو دەسەڵاتە میلیشیایی و تاڵانچییە بە حکومەت و پەرلەمانی کاراو ناکاراو ئیفلیجیانەوە، ئامادەبکەن. چیتر ئەم زوڵم و زۆرداری و بێمافی و سەرکوت و نۆکەرایەتیە قابیلی بەرگەگرتن نییە. ئەم دەسەڵاتە بە کردەوەکانی خۆی حوکمی مەرگی خۆی هەموو رۆژێک رادەگەیەنێتەوە. ئەم حوکمی مەرگ و بە زبڵدانی مێژوو سپاردنە، ئەرکی شۆرشێ هۆشیارانەی بێبەشان و خەڵکی ئازادیخوازی تامەزرۆی ژیان و ئازادیی و شکۆیی ئینسانییە.

ناوەراستی ئایاری ٢٠١٧

Leave A Reply

Your email address will not be published.