کاراکردنەوەی پەرلەمان چارەسەر نییە، چارەسەر کۆتاییهێنانە بە دەسەڵاتی بۆرژوازی کورد

0

کاراکردنەوەی پەرلەمان چارەسەر نییە، چارەسەر کۆتاییهێنانە بە دەسەڵاتی بۆرژوازی کورد

ماوەیەکە دەنگۆی کاراکردنەوەی پەرلەمان گەرمتر بۆتەوە.  گەرم بوونەوەی دۆسیەی کاراکردنەوەی پەرلەمان بەجۆرەی کە پارتی دەیەوێت و خوازیاریەتی، لەگەڵ هێنانە گۆری پرسی سازدانی ریفراندۆمدا، جووتە. پرسی ریفراندۆم کە پارتی هێنایەتە گۆر، تەواوی حزب و لایەنە سیاسیەکانی ناو خانەوادەی بۆرژوازی کوردی سەرگەرم کردووە و هەموویانی خستۆتە بیری ئەوەی خۆیانی لەگەڵ جووت بکەن. لەو چوارچێوەیەدایە یەکێتی نیشتیمانی هەموو هەوڵێکی خۆی خستۆتە گەر و رۆڵی ناوبژیوانی دەگێرێت لەگەڵ حزبەکانی تردا تا پەرلەمان کارابکرێتەوەو بەو کاراکردنەوەەش پرسی ریفراندۆم لە رێگای پەرلەمانەوە بچێتە پێشەوە. دیارە یەکێتی بەو نەخشەی دەیگێرێت، دەیەوێت وەفاداری بۆ پارتی و ریفراندۆمەکەی نیشان بدات و لەو رێگایەشەوە دەستکەوتی شەراکەتی سیاسی و پۆست و داهات، لە پارتی مسۆگەر بکات.

دیارە کاراکردنەوەی پەرلەمانیش، لە دیدی یەکێتی و هەموو حزبەکانی تری بەشدار لەم پەرلەمانە بێ بەهرەو مردوەدا، تەنها ئەوەیە ئاڵوگۆر لەسەرۆکی پەرلەمان و یان سەرۆکایەتیەکەیدا پێک بێت و پەرلەمان کۆبونەوەکانی دەست پێبکاتەوە، نەک ئەوەی وەکو پەرلەمانەکانی دنیای بۆرژوازی کە پەرلەمان رۆڵی یاسادانان و چاودێریکردنی کارەکانی حکومەت دەکات. ئەویش ئەو نەخشە بگێرێت. پەرلەمان لە کوردستان لەپاڵ حکومەتەکەیدا، بەو هۆیەوە لەهیچ رەوایەتیەکی یاسایی و حقوقی وڵاتی و دەوڵەتداری و بەهرەمەند نیین، تەنها دوو دەزگای فریوکارانەن بۆ رەوایەتی بەخشین بەدەسەڵاتی میلیشیایی حزبی و زۆری دەسەڵاتدارێتیان بەسەر خەڵکی کوردستان و فریودانی رای فەرمی و گشتی  دنیای دەرەوە.

هەموو ئینسانیكی هۆشمەند و نابەرژەوەندی خواز، ئەو راستیە دەزانێت، کە پەرلەمان  و حکومەت، لە بەرامبەر قەڵەمرەوی دەسەڵاتی حزبیدا، پوچن. ئەوە حزبە حکومەت و پەرلەمان وەکو دوکانێک دەکاتەوە یان دایدەخات. هەر بریارو یاسایەک لەم پەرلەمانە دەربچێت، ‌هێز و توانای بڕکردنی نەک دەسەڵاتی حزبێکی خاوەن چەک و پارە، بەڵکو دەسەڵاتی سەرۆکی تایفەو عەشیرەت و لۆمپنێکی فەرماندەیی سەربازی دەستڕۆشتووی حزبی نییە. درۆی پەرلەمان و حکومەت، بەکردەوە بۆ خەڵکی کوردستان و هەموو کەسێکی ئاگا وەکو مانگەشەو دیارە. پەرلەمان دەکرێ وەکو درۆیەک بۆ سازانی حزبەکان، وەکو ئامرازێک بۆ ململانێی حزبی، وەکو ئەلگۆیەک بۆ فریوکاریی، هەر کات پێویست بێت بەدەستەوە بگیرێت، لەژێر ناوی ئەوەی خەڵک دەنگی پێیداوە. واتە خودی دەنگی خەڵک لەجێگای ئەوەی بەهای دەنگی هەبێت، بەهای بێ بەهاکردنی دەنگی خەڵکی نیشان دەدات. ئەگەر خەڵکی کوردستان، لە ژێر بۆمبابارانێکی راگەیاندن و دەریایەک بەڵێن و وادەدا، لە رێگای پارەو بە بارمتەگرتنی لوقمەی زیندەگیاندا، ناچار بەوەکران دەنگ بدەن. ئەوا هەر خودی ئەم پەرلەمانە!! لەسەردەمی کارا بوونیشیدا نەیتوانییوە نەخشێکی ناچیزیش بگێرت و یاسایەک لە قازانجی خەڵک و لێپرسینەوەیەک و چاودێریەکی حکومەت! لەسەر یەک فایل و مەسەلەش بکات، ئێستاش بە کاراکردنەوەی چی دەگۆرێت؟. پەرلەمانێک نزیکەی ساڵ و نیوێکە بە زۆری دەسەڵاتی پارتی داخراوە. هیچ ئاڵوگۆرێکیش لەگەڵ سەردەمی کارابوون و دەرگا کراوەبوونیدا، بەسەر ژیان و گوزەرانی خەڵکی کوردستاندا نەهاتووە، ئەوەی تێكچووە، پەیوەندی نێوان حزبەکان ئاڵۆزتر بووە. کارکردنەوەی پەرلەمانیش رۆڵی  نوشتە  بۆ چاککردنەوەی ئاڵۆزی یان کەم کردنەوەی ئاڵۆزی نێوان حزبەکان، دەگێرێت، نەک هیچی تر.

دیارە هۆکاری سەرەکی بۆ هێنانەئارای دوبارەی کاراکردنەوەی پەرلەمان، ڕۆشنە کە پەیوەندی بە هێنانەوە گۆری دوبارەی پرسی ریفراندۆمەوە هەیە لەلایەن پارتیەوە. پارتی کە قەڵەمرەوی سیاسی بەپلەی یەکەم لەدەستی خۆیدایە لە کوردستان، دەیان دۆسیەو فایل و کارتی سیاسی و دیبلۆماسی بەدەستەوەیە تا هەرکاتێک پێویستی کرد، شەقامی سیاسی بجوڵێنی و حزبە سیاسیەکانی کوردستان لە خەڵەوەتی بێ پرۆژەیی و بێ نەخشەیی بێدار بکاتەوە. وە لەو رێگایەوە سەرنجی خەڵكی لەسەر قەیرانەکانی کۆمەڵگاو لەگەڵیشیدا، ململانێی حزبی لەسەر دۆسیەیەک و کیشەیەک بگوازێتەوە بۆسەر دۆسیەو پرسێکی تر. دیارە پرسی ریفراندۆمیش دۆسیەیەکە بۆ پارتی تا جەنگی پێشگیرانەی خۆی لەبەرامبەر بەغدادا پێ تاوبدات، بەر لەوەی کۆتایی بە دۆسیەی سەربازی داعش بێت لە عێراقدا، بەڵام ئەمە هەموو سیناریۆکە نییە. سیناریۆی تر ئەوەیە کە پارتی بە وروژاندنی پرسی ریفراندۆم دەیەوێ هەموو حزبەکانی بۆرژازی کورد لە ژێر چەتری پرسی ریفراندۆمدا کۆبکاتەوە و ناچاریان بکات، تا دەست لە پرس و مەسەلەکانی تر هەڵبگرن و مل بدەن بەو پرۆژەیە، بە وێنەی پرۆژەیەکئ نەتەوەیی!  کە رەهەندی نیشتیمانی!! هەیە و هەموو ئەو حزبانەش کە شانازی بە پرسە نیشتیمانیەکان!! دەکەن، دیارە ناچارن خۆیانی لەگەڵ جوت بکەن. لەو نیوەدا حزبەکانی نەیاری پارتی دەیانەوێت بە هێنانەگۆری پرسی کاراکردنەوەی پەرلەمان، بچنە ناو پرۆسەیەک لە ململانێی نوێی سیاسی تا لەو رێگایەوە هاوبەشی سیاسی خۆیان لە کۆردستاندا لەگەڵ پارتی بە هاوسەنگیەکی کەمێک باشترەوە مەیسەر بکەن. پارتی کە رای گەیاندووە پرسی ریفراندۆم پێویستی بە پەرلەمان نییە، حزبەکانی تری کوردستان بە تایبەتی یەکێتی نیشتیمانی دەیەوێت باسی کاراکرانەوەی پەرلەمان بکاتە سەکۆیەک و نەخشەرێگایەک بۆ هێورکردنەوەی نێوانی گۆران و پارتی و لەپای ئەو هەوڵەشی چاوەروانی لەپارتییە بەشە خەڵات وەربگرێت. دیارە هەوڵی یەکێتی بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان بەهەمان دید و ویستی پارتییە، کە سەرۆکی پەرلەمانی ئێستا بگۆرێت و کەسێکی تر جێگای بگرێتەوە، دیارە ئەمەش بە سود و هەژموونی  پارتی تەواو دەبێت.

ئاشکرایە ململانێێ نێوان حزبەکان لەسەر پەرلەمان و کاراکردنەوەی بۆ دوبارە چاوخشاندنەوەیە بە هاوبەشی سیاسی و بەشداری لە حکومەت و پەرلەمان و داهاتدا. ئەمەش هیچ پەیوەندییەکی بە خەڵکی کوردستان و کێشە زۆرو زەبەندەکانیانەوە نییە. وە ئەم پەرلەمانە لە بنەڕەتدا ئیفلیج و بێ بەهایە، بە کارایی و بە ناکارایی ناتوانێت و نەیتوانیوە نەخشێکی زۆر کەمیش لەهیچ زەمینەیەکی یاسایی و حقوقی بگێرێت و هیچ یاسایەک بە قازانجی خەڵکی بخاتە واری جێبەجێکردن و هیچ لێپرسینەوەیەکی جدی و چاودێریەکی بەسەر بەناو حکومەتی هەریمدا هەبێت. کەواتە ئەگەر خودی پەرلەمانێکی مردوو ئامرازێک بێت بەدەست حزبەکانەوە بۆ شەرعیەت دان بەدەسەڵاتدارێتیان بەسەر خەڵکی کوردستاندا و کاراکردنەوەی پەرلەمانیش کەیسێکی ململانێی نیوان حزبەکان بێت، ئەمە دەتوانێت دەوای کام دەردی کۆمەڵگای کوردستان بکات؟ لە کاتێكدا خودی ئەو دەوایە خۆی دەردێکی کوشندیە بۆ خەڵکی کوردستان.

کاراکردنەوەی پەرلەمان چارەسەر نییە،  سەردەمی کارابوونی پەرلەمان کە زۆربەی لایەنەکان بە چالاک وێنایان دەکرد، نەیتوانیووە هێچ نەخشێک بگێرێت، ئیستاش بە کاراکردنەوەی ناتوانێت هیچ کام لە کێشەکانی خەڵکی کوردستان وەڵام پێبداتەوە. چارەسەر کۆتاییهێنانە بەو دەسەڵاتە بەپەرلەمانی کاراو ئیفلیجیەوە. بە حکومەتی هاوبەش و بنکە فراوان و سازانییەوە، وە بە سەرجەم ئەزمونی ٢٦ ساڵەی دەسەڵاتی کوردایەتیەوە، خەڵکی کوردستان و دەبێ بۆ راماڵینی ئەم دەسەڵاتە، ئامادەییەکانیان بەرنەسەر و رێکخراو بن.

Leave A Reply

Your email address will not be published.