ڕاپەڕین و خۆپیشاندنی شارەکانی عێراق، بەردەوامە و ڕابەری دەوێ!

0

ڕاپەڕین و خۆپیشاندنی شارەکانی عێراق، بەردەوامە و ڕابەری دەوێ!

عەبدوڵا مەحمود

لە ٢٥ مانگی ئۆکتۆبەرەوە، ڕاپەرین و خرۆشانی جەماوەری خەڵکی بێبەشی عێراق، بەردەوامە. راپەرین و خرۆشانی جەماوەری خەڵکی عێراق، کاردانەوەی بەرهەقی جەماوەرییە بەدژی دەسەڵاتێکی رەشی تاڵانچی و ئیسلامی سیاسی و رۆڵی بەردەوامی جمهوری ئیسلامی ئیران لە عێراقدا.

 ١٦ ساڵە عێراق بۆتە مەیدانی ڕمبازێنی میلیشیا… ئیسلامیە …شیعەکان بە پالپشتی ئیران، بۆتە سەرچاوەی کەڵەکەکردنی سەرمایە بۆ ئەو میلیشیایانە، بۆتە کانگای دزییەکی سیستماتیک و بەردەوام. بۆ جەماوەری بێبەشی عێراق و رزگاربوو لەدەست سەرکوتی دڕندانەی رژێمی بەعسیش، بۆتە دۆزەخێک کە بەچکە بەعسیە ئیسلامی و قەومی و تایفیەکان، دایان سەپاندووە. هاتنەمەیدانی ئەمجارە لەگەڵ ئەوەدا سەرەتا بۆ دابینکردنی هەلی کارو بۆ خزمەتگوزارییەکان بوو، بەڵام زۆر زوو گۆردراو بۆ راماڵینی دەسەڵاتی ئیسلامی سیاسی.

لەسەرەتای خۆپیشاندانەکانەوە تاکو ئێستا، دەسەڵاتی سیاسی لە عێراقدا، لەلایەکەوە لە رێگای بەڵین و وادەی جۆراوجۆر بۆ چاکسازی و وەستانەوە بەرووی گەندەڵیدا و لەلایەکی تریشەوە لەریگای پیلانگیری و سەرکوتی سیاسیەوە، دەیانەوێت خەڵکی تورەی عیراق پاشەکشە پێبکەن و رەوانەی ماڵەوەیان بکەنەوە، بەڵام تاکو ئێستا لەم دوو پیلانەیاندا سەرکەوتوو نەبوون و خۆپیشاندانەکان لە شارەکانی عێراق و کۆبونەوەی نارەزایەتی لە گۆرەپانی ئازادی” ساحەی تەحریر” ی شارەکاندا، بەردەوامە.

تەنانەت بە دەست لەکارکیشانەوەی عادل عەبدول مەهدیش، کە بۆرژوازی عێراق و ئیسلامی سیاسی بەمەبەستی بەرگری بە دارمانی دەسەڵاتی سیاسی دەستیان بۆی برد، نەی توانی بزوتنەوەی نارەزایەتی ملیۆنی و خۆپیشاندنەکان، خامۆش بکەنەوە.

لەماوەی نێوان ٢٥ ئۆکتۆبەرەوە تاکو ئێستا، خۆپیشاندەران، توانیویانە پلانی دەسەڵاتی سیاسی و مەرجەعە کۆنەپەرستەکانی پشتیان پوچەڵ بکەنەوە، توانیویانە دابەشکاری دینی و تایفی تیپەڕینن و لەژیر چەتری راماڵینی دەسەڵاتدا کۆببنەوە. توانیویانە ئیبتکاراتی خەباتکارانەی جۆراوجۆر بکەن، توانیویانە دابەش کاری بکەن و رابەری لەناو خۆیاندا بەرهەم بهێنن، بەرەو ریکخراو تر هەنگاو بنین و کاری هەماهەنگی خۆپیشاندانی شارەکان و بەستنەوەیان بەیەکەوە ئەنجام بدەن و خواستی راماڵینی دەسەڵات و ئیسلامی سیاسی وەکو دروشمێکی سەراسەری بەدەستەوە بگرن… لەهەموو ئەو ماوەیەدا زۆر لایەنی تری سیاسی و کەسایەتی ویستویانە جڵەوی ئەو خۆپیشاندانانە بەدەستەوە بگرن، بەلارێیدا ببەن، پلانی لەدژ بگێرن، بیکەنە دەستمایەی ململانێی نێوان خانەوادەی بۆرژوازی و ئیسلامی سیاسی شیعی، مەرجەعەکان هاتنە دەنگ، کەچی مایە پوچ دەرچوون و ئەوانەی تا بەر لە ٢٥ ئۆکتۆبەر، وەکو پیرۆز تەماشادەکران و وەکو رەمز لێیان دەروانرا، کەنار خران، هیرشیان کرایە سەر، بارەگاکانیان گڕ دران، گۆرەکانیان سوتینران، ئیرانی پشتیان لەزۆرێک لەشارەکان قونسوڵیەکانی خاپور کران، سەرانیان رایانکرد…

ژنان و لاوان، کرێکاران و توێژە بیبەشەکان، دەست لەناو دەستی یەک هێرش دەبەن، کۆدەبنەوە، بەشەکانی تری کریکاران لە زۆر جێگا هاتنە مەیدان، مانگرتنی سێکتەری هاتووچۆ راگەیەنرا، یەکێتی نەقابە کریکارییەکان بە خۆپیشاندنەکانەوە ئاویزان بوون، کۆمپانیای نەوتی بەسرە و کارگەی غازی بەسرە چوونە پشت خۆپیشاندەران، کەشێکی ئازاد لە گۆرەپانی تەحریرەکان زاڵە، هاوسەنگی هیز بە سودی جەماوەری بیبەش گۆراوە، دەسەڵات توانای سەرکوتی سنوردارتر بووە، پلانەکانی کەشفن و نەخشەکان بی کاریگەرن… جەماوەری بیبەش لەهەموو شارەکانی عێراقدا، پشتوانی لە خواستی خۆپیشاندەران دەکەن.

ئەم پێشرەوی و خۆراگرییە میژوویەی خەڵکی عێراق، میژوویەکی نوێی تۆماری بەرەنگاری بێبەشان کرد، ئەزموونەکانی دەوڵەمەندتر کرد، توانایی و ئیرادەی وەگەڕکەوتووی جەماوەری نیشاندا، روحیەی هاوپشتی و هاوکاری خستە جێگای پلانی دابەشکارییە قەومی و تایفی و دینیەکان… ئیرانی لە عیراق لە خەوی ملهوری نواندن بێدار کردەوە… تاد. بەڵام هێشتا بۆ سەرکەوتن ریگایەکی دریژ تر لەپێشە، بۆپێشرەوی نەخشەی تر پێویستە. بۆ پوچەلکردنەوەی پلانی کۆنترۆڵکردنی سیاسی و بۆ شکسدانی سەرکوتی سیاسی، ئیبتکاراتی تر دەخوازێ، بۆ هێز نیشاندانی گەورەتر، ریکخراتربوونی تری گەرەکە، ریکخراوبوونی کریکارانی ناوچە پیشەسازییەکانی دەوێ، هاتنە مەیدانی یەکگرتوانەی کریکارانی نەوت و بەشە کاریگەرەکانی تری دەوێ، رابەری لە ئاستی محەلی و گۆرەپانەکاندا هەیە، بەڵام لە رابەری سیاسی سەراسەری بێبەشە، پەرچەمی دوای راماڵینی دەسەڵاتی نادیارە، جۆری حکومەتی داهاتوو نارۆشنە… کە هەرکام لەوانە کاریگەری هەنوکەیی لەسەر ئیستای خۆپیشاندانەکان و پێشرەوی داهاتوو هەیە. بڕوا بەسەرکەوتن، زاڵە، بەڵام ریگاکانی ئەو سەرکەوتنە هیشتا رۆشن نین، هیشتا ئاڵاهەڵگری بەرچاو رۆشنی خاوەن خەتی دیاری سیاسی و رابەری ئەو هێڵە رزگاری بەخشە بەقیافەی سەربەخۆی خۆیەوە، غائیبە. کاری کۆمۆنیستەکان و چەپە، لە راستای بەشداری نیشاندانی رۆڵی رابەری بەکردەوەی خۆیدا، هەنگاو هەڵبگرێت، بۆ کۆتاییهینان بە لاوازییە سەرەکیەکەی ئەو راپەرینە، کە جیگا ئومیدی ملیۆنان ئینسانە. بەبێ هاتنە ئارای رابەری سیاسی سەراسەری سۆشیالیستی، ئایندەی ئەم راپەرین و خۆپیشاندانانە، بە مەنزڵ و خواستە دڵخوازەکانی خۆی ناگات، کە “ئەمنیەت، نان، ئازادی، دەسەڵاتی راستەوخۆی جەماوەریی”یە.

Leave A Reply

Your email address will not be published.