کۆمەڵگەی گون سالار بەرھەمی سیستمی فێئۆدالی و عەشیرەیی

0

کۆمەڵگەی گون سالار بەرھەمی سیستمی فێئۆدالی و

عەشیرەیی

نووسینی: هەتاو عەبدوڵاهی

ھەرێمی کوردستان بەھۆی دەسەڵاتی عەشیرەیی و خێڵەکی ساڵەھای ساڵە بۆتە شوێنی ڕمبازێنی ناتەندروستی  سیاسی حیزبە دەسەڵاتدارەکان، ئەوانەی شۆڕش و خەباتی ڕەوای خەڵکیان بۆ نەمانی دەسەڵاتی دیکتاتۆڕی سەدام بەلاڕێدا برد و ھەژاری و دیاردە کۆمەڵایەتی و قەیرانە ئابوریە یەک لە دوای یەکەکانیان بە  دیاری بە خەڵکی وەزاڵەھاتووی ھەرێم دا. دەسەڵاتێک کە لە بری ئەوەی لە فکری ئاوەدانی و پێشکەوتنی وڵات و کۆمەڵگە و خەڵک بێ، تەنیا بیر لە پڕکردنی گیرفانی دەسەڵات بە دەستانی ھەرێم دەکاتەوە، دەسەڵاتێک کە ھەر دەنگێکی ئازادیخواز لە گەروو دا کپ دەکات و گوێی بۆ ویست و داخوازیی بەرحەقی خەڵک ناگرێ. قەیرانی ئابووری ساڵەھایە بە ھۆی ناکارامەیی و گەندەڵی ئەم دەسەڵاتە خۆسەپێنە گیرۆدەی خەڵکی ھەرێمی کوردستان بە تایبەتی چینی کەم داھات و  ھەژاری کۆمەڵگە بووە و ئەم بارودوخە ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر پەرەدەستێنێ. یەکێک لەو ئامانجە فریوکارانەی دەسەڵات بۆ بە لاڕێدابردنی بیر و مێشکی خەڵک و مژوڵ کردنیان بە پرسی لاوەکی رێگەدان بە حیزبە ئایینی و دواکەوتووەکانە کە ھەموو ئامرازێکی پڕوپاگەندەی لە بەردەست داناون تا بەڵکوو بتوانێ لەو ڕێگایەوە خۆی لەو قەیرانانە لابدا کە کۆمەڵگە بە دەستیەوە دەناڵێنی. بۆ ئەم مەبەستەش ساڵەھایە پڕوپاگەندە بۆ ئایینی دژە مرۆڤی ئیسلام دەکات و دەستی مەلا داعەشەکان و حیزبە ئیسلامیەکانی بۆ پڕوپاگەندە و شوردنەوەی مێشکی خەڵک بە تایبەتی لاوانی ئەو وڵاتە ئاوەڵا ھێشتووە.

بێگومان خەڵکێک کە بیروبۆچوونی بەرتەسکیان بێ و ھەموو کێشە و گرفتێک کە دەسەڵات خوڵقێنەرێتی وەک چارەنوسی خۆیان لە قەڵەم بدەن، گرفتیان بۆ حکومەت کەمترە و داوای مافی خۆیان لە دەسەڵات ناکەن. ھەر بەو مەبەستەش حکومەتی ھەرێم و دەسەڵاتە گەندەڵەکەی ساڵەھایە رێگە بە مەلا و  کەسانی دواکەوتوو دەدا پڕوپاگەندەی ئایینی ئیسلام و بیری چەقبەستوو بکەن. ئیسلام ھەمیشە لەمپەری گەشەو پێشکەوتوویی ژنان و بەشداریان لە پرۆسەی سیاسی و ئابووری وڵاتان بووە. ئەگەر چاوێک بە مێژووی ئەو وڵاتانەی کە سەرمایەداری ئایینی قیزەونی ئیسلام وەک ئەبزار بەکاردێنێ بکەین، دەبینین کە  ئاینی ئیسلام ھەردەم لەگەڵ ویست و خواستی رەوای ژنان ناتەبا بووە و ھەمیشە ھەوڵی کشاندنەوە و خستنە ناو کونجی ماڵەوەی ژنانی داوە. لە ڕوانگەی ئایینی ئیسلام ژن تەنیا ئەبزارێکی جنسی و زاوزێیە بۆ مناڵ بوون و ئەرکی ماڵ و مناڵداری پێ براوە. ئایینێک کە دەستدرێژی بۆسەر جەستەی کچێکی نۆ ساڵ تەمەن لە ژێر ناوی مارەیی و بە شوودان بە ڕەوا دەزانێ. ئایینێک ژن بە نیوەی پیاو دەزانێ و لە روانگەی لایەنگر و مریدانی  ئەو ئاینە  پێگەی ژن لە پیاو نزمترە و ژن موڵکی تاکەکەسی پیاوە و پیاو بۆی ھەیە ھەر بەڵایەک بەسەر ئەو موڵکەی خۆی بێنێ. ساڵەھایە حیزبە ئیسلامیەکان بە پشتگیری حیزبە دەسەڵاتدارەکانی ھەرێم ھەوڵ بۆ چەسپاندنی یاسا ھەڵاواردن ئامێزەکانی وەک فرە ژنی و مسیار و ھتد…… دەکەن و لە ھەر دەرفەتێک بۆ ئامانجە دزێوەکانیان کەڵکیان وەردەگرن  و ھەموو ھەوڵەکانیان بۆ ئەو پلانەیان خستۆتە گەڕ.

دەسەلات ھەموو ئامرازێکی راگەیاندن و پڕوپاگەندەی خستۆتە بەر دەستی حیزبە ئیسلامیەکان و ساڵانە پارەیەکی زۆر تێچووی مەلا داعشیەکان دەکات کە ھەر رۆژە و فتوایەکی نامرۆڤانە بە دژی ژنان دەرکەن. لە تازەترین ھەڵوێستی کۆنەپەرەستانەی مەلا و دەسەڵاتی ئایینی ئەوە بوو کە فتوایان بە دژی ژنان دەرکرد کە نابێ ژنان بە تەنیا سواری تاکسی بن. ژن لە روانگەی ئایینی ئیسلام تەنیا و تەنیا ئەبزاری ھەڵخڕێنەری ھەستی سێکسی پیاوە و تەنانەت ھاتنە دەرەوەی لە ماڵیش بە بڤە دانراوە، بۆیە بێگومان دەبێ چاوەڕوانی ھەڵوێستی لەو جۆرەی لایەنگرانی ئەو ئایینە بین. لەناو سیستمە دواکەوتووەکاندا ھەمیشە ژنان توێژی چەوساوە بوون و زیاتر قوربانیان داوە .دەسەلاتی ھەرێمی کورستانیش بۆ چەوساندنەوەی ئەو رەگەزەی کۆمەڵگە ئەبزاری دژە ژن و دژە مرۆڤی ئایین بەکاردێنێ، چوونکە لە بەشداریان لە پرۆسەی سیاسی و ئابوری وڵات دەترسێ. ئەگەر چاوێک بە ڕوداو و ناڕەزایەتیەکانی ئەو دواییانەی کوردستان بخشێنین بۆمان دەردەکەوێ کە ژنان لەڕیزی پێشەوەی خۆپێشاندانەکان بوون و ھەڵگری ویست و داخوازی خەڵک بوون. ھەروەھا ئەگەر ئاوڕێک لە ئاخێزی  جەماوەریی خەڵکی وەزاڵەھاتوی عێراق و ئێران  بدەینەوە دەبینین ژنان تەنانەت ڕێبەریی  خۆپێشاندانەکانیان دەکرد و دروشمی نەمانی دیکتاتۆری و بە دەستھێنانی مافی مرۆڤی خۆیانیان دەوتەوە، بێگومان دەسەڵاتی ھەرێمیش ئەوە بە مەترسی بۆ سەر دەسەڵاتەکەی دەزانێ و لەرێگای مەلا داعشەکان و ھەر ئەبزارێکی تر ھەوڵ بۆ کپکردنی دەنگی ژنان دەدات. کۆمەڵگەی گون سالار ئاکامی پەروەردەی ناتەندروستی سیستمی دواکەوتوو و عەشیرەیی ھەرێمی کوردستانە کە بۆتە کارگەی دروستکردنی مەلا داعشەکان و بیر و ھزری دواکەوتوو. سیستمێک کە پایەکانی لەسەر بنەمای عەشیرەیی و خێڵەکی ڕۆنرابێ حاشاھەڵنەگرە دەبێ مرۆڤگەلێکی تێدا بەرھەم بێ کە ژن بە کەم دەزانن و ھەڵگری بیری چەقبەستون. بۆیە ژنان دەبێ لە بەرامبەر ئەو دەسەڵات و ئەو مەلا داعشانە راوەستن و نەھێڵن چیتر دەسکەوتی ساڵەھا تێکۆشانیان بە فیرۆ بچێ.

ژنانی ھەرێمی کوردستان دەبێ ھەوڵ بۆ وشیاری خۆیان و ھاورەگەزەکانیان بدەن و لە بەرامبەر ئەو جۆرە فتوا و حوکمە نامرۆڤانە راوەستن. ئەوان دەتوانن لە رێگای خۆپێشاندان و مانگرتن پێش بە پەسەندکردنی یاسای نامرۆڤانە بدەن و بۆ بە دەستھێنانی ماف و ئازادی یەکجارەکی ھاوتەریب بن لەگەڵ بزوتنەوەی کرێکاری و لە سەنگەری پێشەوەی خەبات بۆ نەمانی دواکەوتوویی لەکۆمەڵگە بن. ژنانی ھەرێم دەبێ بەو ڕاستیە بگەن گەیشتن بە ئامانجە ڕەواکانیان تەنیا و تەنیا پەیوەستە بە دامەزرانی سیستمێکی سۆشیالیستی کە لەودا مرۆڤەکان مافی یەکسان و وەک یەکیان ھەیە، ژنان بە ھۆی ژن بوونیان ناچەوسێنەوە. ھەروەھا ژنانی ھەرێم دەبێ ھاوتەریب بن لەگەڵ خەباتی ژنان لە باقی شارەکانی عێراق و ھەڵگری ویست و داخوازی مرۆڤی خۆیان بن.

Leave A Reply

Your email address will not be published.