بەشێكی تر لەدەقی… بەسەرهاتی ئاهێكی سەرد
بەشێكی تر لەدەقی
بەسەرهاتی ئاهێكی سەرد
ساڵێك ڕۆی
سێوێكمان نەكرد بەدوولەتەوە
بەلای باخی دارهەنارێكی بەساڵاچودا
نەڕۆشتین
خۆمان بۆ نەخرایە وە سەر ڕێچكەی بارانێكی
بێ سەر پۆش
لەبەر دەرگای مەعبەدەكاندا فرمێسكێكمان
بۆ تەنیایی بول بولە ماتەكانی ناو قەفەسە
تەلبەند كراوەكان هەڵنەڕشت
ساڵێك ڕۆی
پێكەوە قاوەیەكمان نەخواردە وەو
سورمەی سەر پرچی كچە ئەتك كراوێكی
دوس خورماتومان نەخستە نامەیەكی
توڕەوەو بەقاسیدێكی چاو شیندا ((بۆخوامان ))
نەنارد
ئێمەیەك
كە ڕێگامان بەڕەشەبا دەگرت
گلەییمان لەهەور دەكرد
بارانمان دەخستە چوار چێوەی شوشەیەكی
ڕەنگاو ڕەنگەوە و
لەژوور سەرمانەوە هەڵمان دەواسی
ئەی بۆ ئێستا گوێ بۆشەقەی باڵی كۆترە
تۆراوەكانی ئەم دەڤەرە خوێناویە ناگرین و
چرایەك نابەین بۆسەر گۆڕی ئەو كوڕەی
كەنەیتوانی یەكەم دەرسی نیشتیمان
لەیەكەم زانكۆدا بخوێنێت
ساڵێك ڕۆی
بەلای باخی دار پرتەقاڵێكی موتوربەر كراو
بەئازاردا نەڕۆشتین
بەدەروێشێكی عاشقمان نەووت
بۆهێندە لەبەر پەنجەرەی شوشە شكاوەكەتدا
شمشێرەكەت تیژ دەكەیتەوەو
چاوەڕوانی نامەیەكی پڕ لەنهێنی خوا دەكەیت
ئێمەیەك
كە فرمێسكی ماسییەكی ناوتۆڕمان بۆنەخوێنرێتەوە و
لەهەناسە بڕكێی ئاسكێكی دیلكراو تێنەگەین
ئیتر چۆن خۆمان بۆ دەخرێتە ڕستەوە
ساڵێك ڕۆی
قاوەیەكمان پێكەوە نەخواردەوە
سەیری لەپی دەستی یەكترمان بۆ نەكراو
بەلای گۆڕستانێكی بێكەسدا نەڕۆشتین
فرمێسكی چۆلەكەیەكی پایزەمان بۆنەخرایە
ڕستەوە…
میرزا