( لاساییکردنەوە و چاولێکردن) فاکتەرێکی سەرەکییە بۆ خوڵقاندنی ناخۆشی و مەینەتی و شکستە یەک لە دوا یەکەکان…!
( لاساییکردنەوە و چاولێکردن) فاکتەرێکی سەرەکییە بۆ خوڵقاندنی ناخۆشی و مەینەتی و شکستە یەک لە دوا یەکەکان…!
نووسینی کەریم کەریم
شتێکی حاشا هەڵنەگرە کە تەواوی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی هەموو کاتێک و ڕۆژێک لەژێر تاقیکردنەوەیەکی زۆر سەخت و دژواردا ژیان و گوزەران بەسەر دەبەن. بەڵام زۆربەی زۆری مرۆڤەکان لە تاقیکردنەوەکانی خۆیاندا دەرناچن و سەرکەوتوو نابن و سەرکەوتن بەدەست ناهێنن، بەڵکو روبەڕووی ناخۆشی و مەینەتی و شکست لە دوای شکست دەبنەوە ئەویش لەدەر ئەنجامی ئەوەی زۆربەی زۆری مرۆڤەکان هەر خەریکی (( لاسایی کردنەوە و چاولێکردن ))ن لەبەرامبەر یەکتریدا.
ئاشکرا و ڕوونە هەر تاکێک لە ئێمەي مرۆڤ خاوەنی هزر و بیر و چەندین ئایدیاي جیاوازین. سەرەڕای ئەوەش ئێمە بەشێوەیەکي ڕاست و دروست مامەڵە و هەڵس و کەوت ناکەین لەبەرامبەر مرۆڤە جیاوازییەکانی تر چونکە ئێمە بمانەوێ و نەمانەوێ هەر یەکێک لە ئێمە خاوەني چەندین تایبەتمەندی و خەسڵەتێکی جیاوازین چ لە ناوەوە و چ لە دەرەوە خۆماندا.
بەڵام زۆرینەی سروشت مرۆڤ واهەڵکەوتووە تەنها تەماشای ڕووخسار و ڕووکەشی مرۆڤەکانی تر دەکەین نەک بە شێوەیەکی ڕاست و دروست و عاقڵانە بیربکەینەوە و مامەڵە و هەڵس و کەوت بکەین لەگەڵ خودی خۆمان و دەوروبەرەکەمان. هەر بۆیە مرۆڤە لاسایی کردنەوەکان و چاولێکردنەکان بەردەوام لەناخۆشی و ئێش و ئازار و شکست لەدوای شکست دەژین. جا لێرەدا نموونەیەکی زۆر زیندوو و ڕۆژانە دەهێنمەوە بۆ ئەوەی زیاتر ئەو بابەتە ڕوون و ئاشکرا بێت. بۆ نموونە: هەر یەکێک لە ئێمە ناوە، ناوە لە دەزگایەکانی ڕاگەیاندن لە ناوەوەی وڵات و دەرەوەی وڵات هەواڵ و گوێبیستی ئەوە دەبین ساڵانە بەهەزارەها مرۆڤ لە وڵاتە جیا جیاکانی خۆیاندا کۆج دەکەن و بەرە و وڵاتانی تری جیهان هەنگاو دەنێن، بەتایبەتیش بۆ وڵاتانی ئەوروپا بەمەبەستي بەدەستهێنانی مافی پەنابەری و ژیانکردن لەم وڵاتانە کە تیایدا دەتوانن بژین و کاربکەن. زۆربەی زۆری مرۆڤە کۆچکردوەکان لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەست پێدەکات بەتایبەتیش لە وڵاتانی ( عێراق، سوریا، ئێران و ئەفغانستان…هتد) ئەویش بەحوکمی ئەوەي باری سیاسی و ئەمنی لەم وڵاتانە جێگیر نییە و بەردەوام شەڕ و ئاژاوەی تیایدا مەوجودە. هەندیک جار مرۆڤە کۆچبەرەکان لەڕێگادا روبەڕووی مەرگ دەبنەوە و دەبنە قوربانی ئاوی دەریایەکان و ژیان و چارەنووسی خۆیان لەدەست دەدەن و دەکەونە ژێر ئاوی دەریایەکان. تا لە ئەنجامدا لاشە و جەستەیان دەبنە خۆراکی ماسی و قرش و گیاندارە ئاوییەکاني تر و بە تراژیدیای مرۆیی کۆتای پێدێت. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەگەر مەسەلەي ((لاسایيکردنەوە و چاولێکردن)) فاکتەرێکی سەرەکی نەبێت، ئایا چ هۆکارێک لەپشت سەری ئەو کۆچکردنە هەیە کە بەلێشاو خەڵک کۆچ دەکەن بۆ دەرەوەی وڵات و ژیانی تاراوگە و هەندەران هەڵدەبژێرن؟
راستە هەموو ئینسانێک مافی خۆیەتی شوێنی ژیان کردن و نیشتەجێکردنی خۆی هەڵبژێرێ، بەڵام ئەمە هەرگیز ناکاتە پاساوی ئەو کۆچکردنە بەلێشاوەی خەڵک، و ناشکری هەموو ئەو خەڵکە کێشەی سیاسی هەبێت یاخود لەژێر سەرکوت و کوشتن و تیرۆرکردن ڕایکرد بێت و وڵات بەجێ بهێڵیت…! بەجیا لەوەی گەران بەدوای ژیانی باشتر و شوێنی ئارامتردا ویستی ئینسانە، بەڵام ئاڵوگۆرهێنان بەسەر سیستەم و دەسەڵاتی سیاسی و دیکتاتوریش ویستی ئینسانە…دەکرێت ئینسان بە خەبات و تێکۆشانی خۆی، ئەو سیستمە سیاسیانە رابماڵێت و ژیانی شایستەی لە شوێنی ژیان و کاری خۆیاندا بنیات بنێت. نەک راکردن لەدەست ئەم سیستەمانە نۆرمی لاسایی و چاولێکەری وەربگرێت. بەداخەوە لاسایی کردنەوەو چاولێکەریش راستیەکە، کەدەبێ هەوڵ بدرێت نەهێڵرێت، یان کەم بکرێتەوە.
تێبینی: ئەم بابەتە لە ژمارە ٤ بۆپێشەوەی بەرواری ١٥/٥/٢٠١٧ بڵاوبۆتەوە…www.bopeshawa.net