بەشێكی تر لەدەقی بەسەرهاتی ئاهێكی سەرد
بەشێكی تر لەدەقی
بەسەرهاتی ئاهێكی سەرد
هیچ ناگۆڕێت
دەزانم مردنی من هیچ ناگۆڕێت
تەنها ڕەنگی ژووری نوستنەكەت كاڵ دەبێتەوەو
بێدەنگی و ورتە ورتەكانم دنیایەك تۆزیان لێدەنیشێت
دەزانم وەك جاران ئێواران دەڕۆیتە بەر پەنجەرەكەت ودەڕوانیتە ئەو كۆترانەی كەبێ منیان پێوە دیارەو
بەتیلەی چاویش سەیری ئەوكەسانە دەكەیت
كەتەنیایت دەخەنە چوارچێوەی چاویانەوە
………….
هیچ ناگۆڕێت
مردنی من فێری قاوە خواردنەوەی شەوانت ناكات
ئەوەی كەدەگۆڕێت
بێتاقەتی قەسیدە ڕوتەكانم دەبێت
كەكەسێك ئەگەر بەدرۆشەوەبێت نایان خوێنێتەوە دایان ناگرێت
…………..
دەزانم سەرمێزەكەت چۆڵ دەبێت
لەداگیرسانی. مۆم و
پەرداخی بێشەراب
ناگۆڕێت گەڕانەوەت بەهەمان كۆڵان و
شەقامدا بۆماڵەوە ناگۆڕێت
ئەوەی كەدەگۆڕێت
سێبەری چرپە چرپەكانی منە هەڵدەوەرێت
……………..
هیچ شتێك ناگۆڕێت
دایكم نەبێت هەموو ئێوارانێك
سەر سوچی كۆڵانەكەم لێدەگرێت
ئەوەی كەدەگۆڕێت
وەك جاران قاوەی بێشەكر ناخۆیتەوەو
گوێ لەگۆرانیەكانی فەیروز ناگریت
بەمردنی منیش هیچ شتێك ناگۆڕێت
دەزانم گیانەكەم دەزانم
هەموو قەسیدەكانم
دوای خۆم هەڕاج دەكرێت
حەکیم میرزا