هێرشی دەوڵەتی فاشیستی تورکیا، بە هێزی جەماوەری ئازادیخواز و ئینسان دۆست تێك دەشکێنرێت…

0

هێرشی دەوڵەتی فاشیستی تورکیا، بە هێزی جەماوەری ئازادیخواز و ئینسان دۆست تێك دەشکێنرێت…

عەبدوڵا مەحمود

دوای بڕیاری پاشەکشەی سوپای ئەمریکاو هەڵکردنی گڵۆپی سەوز بۆ ڕژێمی ناسیونال/ فاشیستی تورکیا لەلایەن ئەمریکا و ناتۆ و غەربەوە، سەرئەنجام سوپای تورکیا دەستیکرد بەهێرش بۆ سەر کوردستانی سوریا “رۆژئاوای کوردستان”. پاساوی دەوڵەتی تورکیا بۆ هێرشەکەی پاراستنی سنورەکان و شەر لەگەڵ تیرۆریستان و دەربازبوونە لە کێشەی پەنابەرانی سوریا. پاساوی هەڵکردنی گڵۆپی سەوزیش بۆ دەوڵەتی تورکیا لەلایەن ئەمریکا غەرب و ناتۆ وە  بێدەنگیان، بریتییە لەوەی کە تورکیا مافی بەرگری و پاراستنی سنورەکانی خۆی هەیە.

هەرکام لەو پاساوانە هیچ بنەمایەکی ڕاستیان تیا نییە، بەدرێژایی ئەزمەی دەوڵەتی سوریا لە ساڵی ٢٠١١ وە تا بەئێستا دەگات، هیچ جۆرە هەڕەشەیەک لەلایەن رۆژئاوای کوردستان و هێزە سیاسیەکانیەوە، لەدەوڵەتی تورکیا نەکراوە، بەپێچەوانەوە ئەوە سوریاو کوردستانی سوریا و کانتۆنەکانن، هەمیشە کەوتۆتە بەردەم کردەوەو هێرشی سەربازی و دەوڵەتی تورکیاو چوونە پشت تیرۆریزمی داعش و قوتکردنەوە هێزی ڕەشی بەکرێگیراو بۆ ملهوری نواندن لە دۆخی ئەزمەگرتوی پڕ ململانیی سوریا. دنیا بە ئەمریکاو غەربیشەوە شاهیدی دەستێوەردانی دەوڵەتی تورکیا وهێرشی سەربازی و پشتیوانی ئەون لە هێزی تیرۆرسیتی داعش. هۆکاری سەرەکی ملهوری تورکیا و هێرشی سەربازی بریتییە لە ئەزمەی ناوخۆی دەوڵەتی تورکیاو وەستانەوەیە بەرووی پرسی خەڵکی کوردستان و تێکشکاندنی ئەزموونی خۆبەرێوەبەری کوردستانی سوریا.

کێشەو ئەزمەی سیاسی و ناو تەلاری رێکخراوەیی ئاک پارتی و لێکترازانی و وازهێنانی کاراکتەرە ناسراوەکانی تارادەی وەستانەوە بەرووی ئەردۆغان و پێکهێنانی قوتبێکی دژ، خراپی وەزعی سیاسی و ئابوری و ململانێی ناو خانەوادەی بۆرژوازی تورکیا، قوڵبونەوەی پرسی کورد، بەرین بوونەوەی نائارامی سیاسی، سیخناغ کردنی زیندانەکانی لە نەیارەسیاسیەکان و هەلسوراوانی نارەزایەتی جەماوەری و رۆژنامەنووسان و لایەنگرانی هێزەکانی ئۆپۆزیسێۆن سەرکوتی بێ پەردەی سیاسی لەناوخۆی تورکیا و دارمانی ئابوری و بی بەهابوونی دراوی تورکی و زۆربوونی رێژەی بیكاری و فراونبوونەوەی رۆژ لەرۆژی نارەزایەتی جەماوەری، تەریک کەوتنەوەی لە ئاستی دنیادا، شکستی سەربازی داعش و ئاوابوون و رەوتی روو لەخواری ئیسلامی سیاسی… ئەو هۆکارە سەرەکیانەن کە دەوڵەتی تورکیا و بۆرژوازی ئەو وڵاتەی رووبەڕووی ئاییندەیەکی ترسناک کردۆتەوە. هەموو ئەوانە وای لە تورکیاو دەسەڵاتی ئەردۆغان کردووە، کە رێگایەک بۆ بەرگرتن بەداڕمانی دەسەڵاتدارێتیەکەی و قەرەبووکردنەوەی شکستە یەک لەدوای یەکەکانی چ لە ئاستی ناوخۆ و چ لەئاستی ناوچەکە و لەپەیوەند بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی…تاد بگرێتە بەر. هاوکات ملهوری نواندنی بەردەوامی تورکیاو لەشکرکیشی و مانۆری سەربازی لە سوریا، لە عێراق و کوردستانی عێراق، پشتیوانی ئاشکرای لە گروپە تیرۆریستەکان، بەجیا لەوەی دەیەوێت لەدۆخی دوای شکستی داعش و پاشەکشەی ئابڕوبەرانەی ئەمریکادا، نەخش و جێپیی خۆی لە ئایندەی سیاسی سوریدا بگێرێت، هەروەها هەوڵدەدات سەرنجی رای گشتی لە ناوخۆی تورکیاوە بگوازێتەوە سەر کەیسەکانی دەرەوەی تورکیا و ناوچەکە و قەرەبووی شکستە سیاسیەکانی لەناوخۆ و دەرەوە بکاتەوە.

دیارە گێرانەوەی دۆخی خراپی ناوخۆیی تورکیا بۆ کێشەی ئاوارەکانی سوریا، مەترسی ئەمنی سنورەکانی، بوونی گروپە تیرۆریستەکان، خۆراکێکی تەبلیغاتی دەوڵەتی تورکیایە بۆ چوارچێوەدان بەملهوری نیشاندان و درێژەدان دەستێوردانی بەردەوام لەدۆخی سوریا و ناوچەکەدا، و لەبنەرەتیشدا هۆکارەکانی پشت هێرشی دەوڵەتی تورکیا وەستانەوە بە دژی مەسەلەی کورد، تێکشکاندنی ئەزموونی رۆژئاوا، شکستی داعشە.

کێشەی کورد و وەستانەوەی دەوڵەتی تورکیا بەدژی چارەسەری ئەو پرسە، بەجۆرێكە کە لەناو تورکیادا حاشا لەبوونی دەکات و بانگەوازی کارکردنیش بۆ چارەسەرکردن و وەڵامدانەوەی پێی، تەریب بە تیرۆرو شێواندنی ئاسایشی نیشتیمانی تورکیا، دەکات. لەوەش واوەتر لە بەشەکانی تری عێراق، ئیران و سوریا… بەتەواوی بەدژی چارەسەری ئەو پرسەیە، خودی ئەو دژایەتیەشی بۆ چارەسەر کێشەی کورد لە پارچەکانی تردا، لەبنەڕەتدا ترسە لە کێشەی کورد لە تورکیادا.

دۆخی کوردستانی سوریا و دوور ڕاگرتنی لە جەنگی ناوخۆیی سوریا و دامەزراندنی ئەزمونێکی خۆجێیی قابیلی پشتیوانی، بەچەندین یاساو رێسای ئازادیخوازانەو بەرابەریخوازانە، هاوبەش لەنێوان کورد و عەرەب و مەسیحی و ئەرمەنی و کریستیان و دیندارو بێ دین و هەڵبژاردنی راستەوخۆ و لەخوارەوە، مەرسومی یەکسانی ژن و پیاو…تاد، لایەنێکی تری سەرچاوەی دەستێوەردانی تورکیا و هێرشەکانیەتی. ئەزموونی خۆجێیی و خۆبەڕێوەبەری لە کوردستانی سوریادا، سەرکەوتنی تا ئەو ڕادەیەی ببێتە جێگا نیگاو سەرنجی دنیای ئینساندۆست و ئازادیخواز و پشتیوانی جیهانی، لەماوەیەکی کورتدا، بەتایبەتیش دوای ئەوەی کە ژنان و پیاوانی کۆبانی تەلیسمی ترسی داعش و هێرشەکانیان تێک ڕماندو لمۆزی هێزەکانی پشت داعشیان شکاند، هێندەی تر ڕژیمی تورکیای شێتگیر کرد. ترسی پەڕینەوەی ئەو ئەزموونە بۆ ناوخۆی تورکیا، هەڕەشەیەکی بەردەوامی دەوڵەتی تورکیا بووە. بەتایبەتیش کە بزوتنەوەی “نا” وتن بەسەرکوتی سیاسی خەڵکی کوردستانی تورکیا، بزوتنەوەیەکی فراوانی حاشاهەڵنەگرە لەناو سەراسەری توکیادا، کە هەڕەشەکانی سەدەها جار لەهەڕەشەی هێزەکانی پەکەکە و قەندیل زیاترە بۆسەر دەوڵەتی تورکیا.

تێکشکاندنی داعش، بەتایبەتی لەسەر دەستی هیزەکانی کوردستانی سوریا، چەندە کاریگەری لەسەر داعش و ڕەوتی شکستخواردنی سەربازیدا هەبوو، هێندەش شکست بوو بۆ دەوڵەتی تورکیاو هێزەکانی هاوپەیمانان.

بەکورتی، بوونی کێشەی کورد، ئەزمونی خۆبەرێوەبەری رۆژئاوا، شکستی سەربازی داعش… بەتایبەتیش دوای شکستی داعش، و لە ئێستاشدا پاشەکشەو ناکامی ئەمریکا لە سوریادا، ئەو هۆکارانەن کە تورکیای شێتگیر کردووە و ناچاری کردووە، ملهوڕی بنوێنێت و هێرشی سەربازی بخاتە دەستورەوە، بەتایبەتیش کە تورکیا تا ئێستا مل بە چارەسەری پرسی کورد نادات و ئامادەی گرتنەبەری هیچ رێکارێکی ئاشتیانەو مەدەنیانە نییە.

هێرشی سەربازی تورکیا بۆسەر رۆژئاوا، هیچ پاساوێکی لۆژیکی نادات بەدەستەوە، هەر ئەوەش ماکی سەختی و مایەپوچی ئەو ئۆپەراسیۆنە سەربازیانەی هەڵگرتووە. دەوڵەتی فاشیستی تورکیا، جگە لەزۆری هێز و هەڵخراندنی ماشینی جەنگی، هیچ ئامرازێکی تری بۆ جەنگ نییە، لە کاتێکدا بۆ خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستان  دوور ڕاگرتنی ئەو جغرافیایەی لە جەنگی ناوخۆی سوریا، ئەزموونی خۆ بەڕێوەبەری و بوونی مافی هاوڵاتی یەکسان، یەکسانی ژن و پیاو…تا دەگاتە رۆڵی بەرجەستەیان لە تێکشکاندنی داعش و بەهرەمەند بوون لە پشتیوانی جەماوەری لە ئاستی دنیا و ناوچەکەدا، تا دەگات بە بڕوا بەخۆ بوون و بڕوا بەسەرکەوتنیان، بڕوا بە کێشەکەیان، هەموویان خاڵی بەهێزی ئەزموونی ڕۆژئاواو خەڵکەکەین، خەڵک بۆ بەرگری لە دەستکەوت و مافەکانی مافی بەرگرییەکی ڕەوای بەخۆی دەبەخشێت. هەموو ئەمانەش فاکتەری بەهێزن لە یەکلایی کردنەوەتی هەر جەنگ و کێبەرکیەکی سیاسی و سەربازی و دیبلۆماسی و ڕاکێشانی پشتیوانی جەماوەری لەسەر ئاستی ناوچەکەو دنیاو گوشاردانانیش لەسەر دەوڵەتەکان.

پشتیوانی هەمە لایەنەی سیاسی، لۆجیستیکی، دەرمان و کۆمەکی خواردن تا دەگاتە بەشداری چەکداری لاوان  لەجەنگی بەرگری دژی دەوڵەتی تورکیا و پارێزگاری لە ئەزموونی کوردستانی سوریا، پشتیوانی لە بزوتنەوەی بەرگری ژنان و پیاوان، بەدژی هێرش و ملهوری دەوڵەتی تورکیاو سات و سەودای ئەمریکاو غەرب و روسیاو سوریادا، لەپێناو بەرژەوەندییە سیاسییەکانیان لە ناوچەکەدا، ئەرکێکی ئینسانی و لەدواخستن نەهاتووی بەکردەوەی دەوێت. پشتیوانی بەرینی جەماوەری ملیۆنی بەرەی ئازادیخوازی دنیا و گوشار دانان لەسەر وڵات و دەوڵەتەکانیان، بەتایبەتیش وەرێخستنی خۆپیشاندان و نارەزایەتی لەناوخۆی تورکیادا بەدژی دەسەڵاتی رەشی ئەردۆغان، فاکتەر گەلێکی گرنگ و چارەنووسسازن بۆ یەکلایی بوونەوەی ئەو جەنگە نابەرابەرە بە سودی خەڵکی رۆژئاوا و ناچارکردنی دەوڵەتی فاشیستی تورکیاشە بە پاشەکشەکردن.

Leave A Reply

Your email address will not be published.