دیمانە بۆپێشەوە لەگەڵ موحسین کەریم ئەندامی مەکتەبی سیاسی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان، سەبارەت بە ١٦ ئۆکتۆبەر و کرێگرتە پیشەیی بزوتنەوەی کوردایەتی…

0

مێژووی هەموو حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی، مێژووی سیاسەتی خۆگرێدانەوەیە بە سیاسەت و بەرژەوەندی دەوڵەتانی ناوچەکەوە…

دیمانە بۆپێشەوە لەگەڵ موحسین کەریم ئەندامی مەکتەبی سیاسی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان، سەبارەت بە ١٦ ئۆکتۆبەر و کرێگرتە پیشەیی بزوتنەوەی کوردایەتی…

بۆپێشەوە: ١٦ی ئۆکتۆبەر؛ گۆشەیەکی تر لە کرێگرتەیی حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی دەخاتە ڕوو، هۆکار چییە دەست لە گرێگرتەیی هەڵناگرن؟

موحسین کەریم: حزبەکانی کوردایەتی، وەکو ئەحزابی بۆرژوازی، هێزگەلێك نین پێشکەوتوخوازبن و جیاوازیەکی بنەڕەتییان لەگەڵ ئەو دەوڵەتانەدا نییە کە لەناوچەکەدا هەن. ئەوان شەڕیان تەنها بۆ بەشداربوونە لە دەسەڵاتی سیاسیدا لەگەڵ دەوڵەتە ناوەندیەکاندا تا لەو رێگایەوە بگەن بە بەرژەوەندیە ئابوریەکانی خۆیان و بەشی خۆیان لە بازاری کارو سەرمایەی ئەو وڵاتانەدا دەست بخەن.

 بەپێی سروشتی ناوچەکەش، کورد لەچەند وڵاتیکدا هەیە. ئەم وڵاتانە زۆرجار بەرژەوەندیەکانیان بەریەك دەکەوێ. لەم نێوەدا بۆشاییەك دروست دەبێ کە دەوڵەتەکان هاوکاری ئەم بزوتنەوەو حزبە ناسیۆنالیستانە دەکەن دژ بەیەکتر بۆئەوەی وەکو کارتێکی فشار بەکاریان بێنن و سازشیان بەسەردا بسەپێنن. ئەم حزبە ناسیۆنالیستانە دەچنە ناو ئەم یاریەوەو بەوجۆرە دەبنە بەشێك لە ئەجندای سیاسی ئەو دەوڵەتانە لەدژی یەکتر، گوایە بەوجۆرە دەتوانن بە بەرژەوەندیەکانی خۆیان بگەن. بێگومان هەموو ئەم خۆشخزمەتیە سیاسیە بۆ ئەو دەوڵەتانە بەناوی بەرگری لە مافەکانی”گەلی کوردە”ەوە پاکانە دەکەن. مێژووی هەموو حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی، مێژووی ئەم سیاسەتی خۆگرێدانەوەیە بە سیاسەت و بەرژەوەندی دەوڵەتانی ناوچەکەوە. لە بزوتنەوەی بەرزانیەوە، کە پاڵی دا بەئێرانی سەردەمی شا و ئەمریکاوە و دواتر رژێمی ئیسلامی ئێرانەوە دابوو، تا بزوتنەوەی تاڵەبانی و خزمەتکاری بۆ رژێمی بەعس و دواتر (ی.ن.ك) و خۆبەستنەوەی بە رژێمی ئیسلامیەوەو تا خۆبەستنەوەی هەردوو ئەم حزبە بە سیاسەتی ئەمریکاوەو خۆشخزمەتی بە سیاسەتە ئیمپریالیستیەکانی لە ناوچەکەدا و تا خۆبەستنەوەی پارتی بە رژێمی تورکیاوەو …. تاد. بۆیە مەسەلەی خۆبەستنەوەو خۆشخزمەتی ئەم هێزو حزبانەی کوردایەتی بۆ دەوڵەتەکانی ناوچەکە بەشێکە لە ستراتیژی ئەوان و ناتوانن دەستبەرداری بن. ١٦ ی ئۆکتۆبەریش گۆشەیەك بوو لە نمایشی ئەم ستراتیژە!

 بۆپێشەوە: هەندێک دەڵین ١٦ ی ئۆکتۆبەر، ئاکامی شکستی ڕیفراندۆم بوو، هەندێکیش دەڵێن ١٦ ئۆکتۆبەر بۆ شکست دانی ڕیفراندۆم بوو ئێوە لەو بارەیەوە چی دەڵێن؟

موحسین کەریم: من پێموانیە ١٦ ئۆکتۆبەر ئاکامی شکستی ریفراندۆم بێت. ریفراندۆم ئەنجام دراو زۆرینەی خەڵكی کوردستان بەناوچە “کێشە لەسەرەکانیشەوە” بەشدارییان تێداکردو زۆرینەش دەنگیان بۆ سەربەخۆییدا. بەڵام هێرشی ١٦ی ئۆکتۆبەر بەهەموو ئەبعادەکانیەوە، لە بێدەنگکردنی ئەمریکا لە هێرشی دەوڵەتی عێراق و حەشدی شەعبی، تا بە هاتنەناوەوەی ڕاستەوخۆی ئێران بۆ سەرکوتکردنی ئەم بڕیارەی خەڵکی کوردستان، تا بە دەخالەتی تورکیاو هاوکاری ڕاستەوخۆی لەگەڵ رژێمی ئێراندا بۆ گەمارۆی سیاسی و ئابوری هەرێمی کوردستان و دابڕینی لە جیهانی دەرەوە، تا بەهێرشی ڕاستەوخۆی حکومەتی ناوەندی و میلیشیاکانی حەشدی شەعبی، لەپاڵ نەخشی ڕاستەوخۆی بەشێکی یەکێتی نیشتمانیدا، بەپێی دانپێدانانی سەرانی یەکێتی خۆیان، لەگەڵ نەخشی ڕاستەوخۆی پارتی و مەسعود بارزانی کە خۆیان وەکو خاوەنی پرۆژەی ریفراندۆم ناساند، بەوەی هەڵوێستێکی لەرزۆکانەو هەلپەرستانەیان بەرامبەر بەم بڕیارەی خەڵکی نواند، ئەمانە بوونە هۆی ئەوەی ڕێگا بگیرێ لەجێبەجێبوونی ریفراندۆم، بەڵام بە بروای من ریفراندۆم ئەنجام دراوە و لانی کەم تا چەندین ساڵی دیکە خەڵکی کوردستان لەهەر فرسەتێکی سیاسیدا دەتوانن وەکو بڕیارێکی شەرعی مامەڵەی بکەن و کاربکەن بۆ جێبەجێبوونی، مەگەر ئەوەی ئاڵۆگۆڕێکی گەورە لەناوچەکەدا رووبدات و پێویست بەوە نەکات ئاکامی ریفراندۆم جێبەجێ بکرێ.

بۆپێشەوە: ١٦ی ئۆکتۆبەر پێگەی بزوتنەوەی کوردایەتی بەرەو لاوازی زۆر برد و کەرکوکیشی لەدەستیان دەرهێنا، ئەوە چ کاریگەرییەکی لەسەر خەڵکی کوردستان هەبوو؟

موحسین کەریم: ئەوە ڕاستە کە پێگەی ناسیۆنالیزمی و بۆرژوازی کوردی لەبەرامبەر بۆرژوازی ناوەندو بزوتنەوەکانیدا لاوازکرد، بەڵام ئەوەی کە زیانی گەورەی کرد خەڵکی کوردستان بوو. یەکەم لەو ڕوەوە کە بڕیارێکی سیاسی داو ئەو بڕیارە جیبەجێ نەکرا، بگرە هەموو حزبەکانی کوردایەتی بە وردو درشتەوە کەوتنە پێشبڕکێ بۆ گەڕانەوە بۆ بەغدا و نەفرەتکردن لە ریفراندۆم و ئەو بڕیارەی خەڵك دابوویان، تا لەبەر قاپی دەوڵەتی ناوەندی و بۆرژوازی ناوەندا رابوەستن، بەڵکو لایان لێ بکرێتەوەو بەشدارییان بکەنەوە لە دەسەڵاتدا.

دووەم؛ خەڵکی کوردستان بە ئومێدێکەوە بەرەو ریفراندۆم ڕۆیشتن، بەڵام دوای ١٦ ی ئۆکتۆبەر و ئەو ئاکامە سەربازی و سیاسیانەی بەدوای خۆیدا هێنای، کەشوهەوایەکی پەشیمانی دروستکرد و دەرگای کردەوە بۆ پڕوپاگەندەی چەواشەکارانە دەربارەی خودی پرۆسەکەو ئەو هەنگاوەی خەڵکی کوردستان هەڵیان هێنایەوە. ئەو دەنگە بەرزبوەوە کە گوایە ئەگەر ریفراندۆم نەکرایە، ئەوا دەوڵەتی ناوەندی ئەو ناوچانەی نەدەگرتەوەو وەکو ناسیۆنالیستە ناڕازیەکان بانگەشەی دەکەن، ٥١٪ خاکی کوردستان لەدەست کورد دەرنەدەچوو! لەکاتێکدا ئەوەی ڕاستی بوو، بەبێ ریفراندۆم و بە ریفراندۆمەوە، مەسەلەی ڕادەستکردنەوەی ئەو ناوچانە دوای تەواوبوونی شەڕی داعش  بەدەوڵەتی ناوەندی دەبوایە ئەنجام بدرایە. واتە ئەگەر ریفراندۆم نەکرایە، ئەوا هەر دەبوایە ئەو ناوچانە ڕادەستی دەوڵەتی ناوەندی بکرایەتەوە، چونکە وەکو خۆتان دەزانن ئەو ناوچانە بەناوچەی کێشە لەسەر ناودەبەن یان بەناوچەی بڕیاری ١٤٠ کە جێبەجێ نەکراوەو یەکلایی نەکراوەتەوە.

سێهەم:  بەبڕوای من دەرفەتێك کە هاتبووە پێش بۆ چارەسەری دیموکراسیانەی کێشەی کورد، لە ئەگەری جێبەجێکردنی بڕیاری ریفراندۆمدا، ئەوا بەهۆی ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە بۆماوەیەکی نادیار دوورکەوتەوەو ئەمەش دووبارە دەرگا دەکاتەوە بۆ فراوانبوونەوەو بوژانەوەی کینەو نەفرەت و ململانێی نەتەوەیی، کە جارێکی دیکە کەرەستەیەکی ئایدیۆلۆژی و سیاسی دروست دەکات بۆ بوژاندنەوەی کوردایەتی و درێژەدان بەتەمەنی بەسەر خەڵکی کوردستانەوە و تێکەڵکردنی سنوری نێوان چینەکان و بەرەژەوەندیە جیاوازەکانیان لەژێر ناوی بەرژەوەندی نیشتمانی و نەتەوەیی کورد دا!

بۆپێشەوە: چۆن دەکرێت ڕێگە لە دووبارە و چەند بارەبوونەوەی ٣١ ئاب و ١٦ ئۆکتۆبەرەکان بگیرێت؟

موحسین کەریم: تەنها بەوەی کە دەورونەخشی فکری و سیاسی ناسیۆنالیزم و کوردایەتی لەسەر زەین و مێشکی کرێکارو زەحمەتکێشی کوردستان لاواز بکەین و بیکەینە دەرەوە. لەڕووی سیاسیەوە کرێکارو زەحمەتکێش دووربخەینەوە لە کارکردی سیاسی و پراتیکی و لە سونەتی فکری و سیاسی کوردایەتی. ئەوەش بەوە دەکرێ کە کۆمۆنیزم لە کوردستان بتوانێ شەڕێکی سیاسی و فکری لەگەڵ بۆرژوازی کوردو ناسیۆنالیزمی کوردا بکات، وەکو بزوتنەوەی سەرەکی بۆرژوازی کورد. بتوانێ کرێکارو زەحمەتکێشی کوردستان بەرەو کۆمۆنیزم و بەرەو هوشیاری چینایەتی و خەباتێکی هوشیارانەی سیاسی چینایەتی لە دژی بۆرژوازی کورد رابکێشێت. بەبێ دەرکێشانی کرێکارانی کوردستان لەژێر هەژمونی فکری و سیاسی کوردایەتی ئیمکانی ئەوە نییە ئەو کارە ئەنجام بدرێت. بەبێ دەوری ڕابەری کۆمۆنیزم وەکو قوتبێکی چینایەتی لە کوردستان کە دەستی بۆ هەموو پرس و مەسەلە هەستیارەکانی کوردستان بردوەو لەناویاندا پرسی چارەسەری کێشەی کورد، ئیمکانی ئەو کارە سەختە. دەبێ کۆمۆنیزم بتوانێ بەشێکی بەرچاو لە کرێکارو زەحمەتکیشی کوردستان لەدەوری سیاسەت و بەرنامەو هەڵسوڕانی سیاسی خۆی رێک بخات تا بتوانێ کۆتایی بەو سیناریۆیانە بهێنێ کە خۆیان بەرهەمی هەژمونی کوردایەتین بەسەر کۆمەڵگەی کوردستان و بەسەر زەین و هۆش و پراتیکی جەماوەری خەڵکی کوردستاندا.

Leave A Reply

Your email address will not be published.