دیمانەی بۆپێشەوە لەگەڵ بەڕێز مەحەمەد خێرولا سەبارەت بە ١٦ ئۆکتۆبەرو کرێگرتە پیشەیی بزوتنەوەی کوردایەتی…

0

سیاسەتی دوو فاقی و پاشگەزبوونەوە و گۆڕینی دروشم و تەنانەت ستراتیجیش شتێکی نامۆ نییە بە بزووتنەوەی سیاسی ئەحزابی کوردیەوە، ئەوەی گرنگە مانەوەیە لە دەسەڵات!

دیمانەی بۆپێشەوە لەگەڵ بەڕێز مەحەمەد خێرولا سەبارەت بە ١٦ ئۆکتۆبەرو کرێگرتە پیشەیی بزوتنەوەی کوردایەتی…

بۆپێشەوە: ١٦ی ئۆکتۆبەر لەلایەکەوە بۆ لێدان بوو لە پێگەی پارتی و لەلایەکی تریشەوە جەنگی ناو باڵەکانی یەکێتی بوو، تا چەندە باڵی کرێگرتەی ١٦ی ئۆکتۆبەر ئامانجەکانیان پێکا؟

مەحەمەد خێروڵا : بە دیدی من چەمکی کرێگرتە لێرەدا پێناسەیەکی نادروستە، کرێگرتە کاتێک بەرامبەر دەسکەوتی مادیی و پارە کارێك ئەنجامدرابێت، هیچ سەرچاوەیەک نییە ئاماژە بۆ وەرگرتنی پارە بکات، ئەوەی لە ١٦ی ئۆکتۆبەر ڕوویدا خیانەت بوو، سادەترین پێناسەیی خیانەت ئەوەیە کە پەیوەندی نهێنی لەگەڵ دوژمن ببەستیت و هاوکاریی بکەیت و زانیاریی پێبدەیت، لێرەوە ئەوەی ڕویدا خیانەت بوو. هەردوو لا باڵی تاڵەبانی ڕونتر بڵێم باڵی نەوەی یەکەمی تاڵەبانی و پارتی سیناریۆی جودایان هەیە بۆ ڕووداوەکان، بەڵام ئەوەی حاشاهەڵنەگرە ئەم باڵە دوو هاندەریان هەبوو بۆ ئەو هەڵوێستەیان؛ یەکەم ترسی ئەوەیان هەبوو کە پارتی لە کەرکوک کە پێگەیی بەهێزی یەکێتیە هێزەکانی یەکێتی بخاتە داوی حەشدی شەعبی و سوپای عیراقەوە، دواتر خۆی لە بابەتەکە بدزێتەوە، لە لایەکیتر ئەم باڵە نە بڕوایان بە ڕیفراندۆم هەبوو وە نەدەیانویست بارزانی وەك پرۆتاگۆنستێك دەرکەوێت و ڕۆڵی ئەکتەری سەرەکی ببینێت. هەڵبەت سیاسەت بۆ گەیشبن بە دەسەڵات و فراوانکردنی ڕاومی دەسەڵاتە، ئەم تێڕوانینە بە ڕوونی لە ڕووداوەکانی پێش ڕیفڕاندۆم و ١٦ی ئۆکتۆبەر لە نێو باڵەکانی یەکێتی و هەروەها باڵی نەوەی یەکەمی تاڵەبانی و پارتی بەدیدەکرێت، تەنانەت بە شێوەیەك حەڵاڵ و حەرام لە سیاسەت نامێنێت باڵێکی ناو یەکێتی مەیلی ڕکابەرە سەرەکی و مێژووییەکەی دەکات کە پارتیە، و باڵەکەی تر لە گەڵ حەشدی شەعبی ڕێکەوتنی نهێنی دەکات، ئەمانە هەمووی یەك ئاماژە بە ڕوونی دەردەخەن کە متمانە لە نێو ئەم حیزبانە و تەنانەت خودی حیزبێکیش بە دی نەکرێت ئەوەندەی فۆکس لەسەر پەڕوباڵ کردنی یەکترە ئەوەندە فۆکس لەسەر بەرامبەر و سیاسەتکردن لە پێناوی ژیان و گوزەرانی خەڵک نییە، ئەمەش بۆ خۆی کارەساتە.خاڵێکی گرنگ دەبێت ئاماژەی پێبکرێت؛ ئەوەیە کە ئەم باڵە جگە لەوەی خاوەنی هێزی سەربازی و ئابوورین، بەڵام تەواو بە پێچەوانەی تاڵەبانی باوک و مام سیاسەت دەکەن، تاڵەبانی لە دوای ٣١ ی ئابی ١٩٩٦ وە گەیشتە ئەو بڕوایەی کە بەرامبەر پارتی جگە لە سازش و سیاسەتی نەرم هیچیتر ناکرێت، کەچی ئەم باڵە لەگەڵ پارتی سیاسەتی کاروکاردانەوە یان ئەوەی پێیدەڵێن الرد بالمثل و ڕاستەوخۆ بە پارتی ڕادەگەیەنن هەر هەنگاوێك بنێیت بە هەمان شێوە وەڵامت دەدەینەوە. ٣١ی ئاب دەکەیت  ١٦ی ئۆکتۆبەر ئەنجام دەدەین، پێموایە ئەم نەهجە مەترسیدارە و لە ئایندەدا دەرئەنجامەکانی دەبینین.

بۆپێشەوە: باڵی کرێگرتەی یەکێتی دوای ١٦ی ئۆکتۆبەر شانازیان بە نۆکەرایەتیەکەیان دەکرد، کەچی ئێستا حاشا لەوە دەکەن و دەیانەوێت شانی خۆیان لەو تاوانە خاڵی بکەنەوە، چۆن دەڕواننە ئەو دووفاقیە؟

مەحەمەد خێرولا: ئاشکرایە لە ١٦ی ئۆکتۆبەر دەسەڵاتی کوردی بە هەموو لایەن و حیزبەکانەوە شکستیان هێنا. سەرکەوتن خاوەنی زۆرە و شکست هەتیو و بێخاوەنە. بێگومان باڵی نەوەی یەکەمی تاڵەبانی ڕۆڵی سەرەکیان هەبوو لە ڕوداوەکان سەرەتا پاساویان دەهێنایەوە و دەیانویست هەرچۆنێك بێت قەناعەت بە خەڵک بێنن کە لە پێناو کەرکوك و مانەوەی یەکێتی ئەو کارەیان کردوە، بەڵام کاتێك دەسەڵاتی کورد لە کەرکوک تەواو لاواز بوو وە پێدەچیت لایەنی بەرامبەر مولزەم نەبوبێت بە خاڵەکانی رێکەوتنەکەوە، دێن هەوڵی خۆدەربازکردن لەو خیانەتە دەدەن. سیاسەتی دوو فاقی و پاشگەزبوونەوە و گۆڕینی دروشم و تەنانەت ستراتیجیش شتێکی نامۆ نییە بە بزووتنەوەی سیاسی ئەحزابی کوردیەوە، ئەوەی گرنگە مانەوەیە لە دەسەڵات! جا ئەوە لە سەر حیسابی خوێنی خەڵک یان ژیان و گوزەران و کەرامەتی خەڵکە، ئەوە بابەت و غەمی ئەم حیزبانە نیە.

بۆپێشەوە: ئەوانەی نەخشە داڕێژەر و کارەکتەری ١٦ی ئۆکتۆبەر بوون، هیچ پۆست و بەرپرسیاریەتیەکی باڵایان لە ناو مەکەتەبی سیاسی یان سەرکردایەتیدا نەبوو، چۆن توانیان ئەم کارە ئەنجام بدەن؟ پاشان بۆ لێکۆڵینەوەی جدیان لەگەڵ نەکراو سزا نەدران؟

محەمەد خێروڵا: بەرزبونەوەی پلەی حیزبی و پۆست لە ناو حیزبەکانی کوردستان بە گشتی و پارتی و یەکێتی بە تایبەتی؛ پەیوەست بە خەبات و تەمەنی خەباتەوە نییە! نەخشەداڕێژەرانی ١٦ ی ئۆکتۆبەر کەسە نزیکەکانی تاڵەبانین، و من پێموانییە هێرۆی خێزانی تاڵەبانیش بێئاگابووبێت لەو ڕێکەوتنە. ئەمانە خۆیان بە میراتگر و خاوەنی شەرعی و ڕاستەوخۆی یەکێتی دەزانن، و هەمیشە خاوەنی حەصانە و تەزکیەی تایبەتن لە دانیشتنەکانی مەکتەبی سیاسی. لە ڕابردوو کوردستان گۆڕەپانی چەندین کارەسات و تاوان بووە بە دەستی ئەم حیزبانەوە، شەڕی ناوخۆ، ٣١ی ئاب، کارەساتی شەنگال، هێنانی سوپایی داگیرکەر، ڕێکەوتنی نهێنی لەگەڵ دەوڵەتانی دراوسێ، تیرۆری ڕۆژنامەنوسان و نەیاری سیاسی، بازرگانی لەگەڵ داعش، سەدان گەندەڵی …….هتد، لەسەر ئەمانە هیچ کەسێك نەدادگایی کراوە و نە سزادراوە! لە کوردستان نە داواکاری گشتی ئەکتیڤە و نە دادگاکان سەربەخۆن و نە دادوەریی ئازا و جەسورمان هەیە، گەر هەشبن تەنها بۆگرتنی ماسی بچووکن. وەکوو حیزبیش یەکێتی لە مێژە سیما و ناوەڕۆكی حیزبی لە دەست داوە، نە یەکێتی ڕێکخراوەیی، نە پەیڕەو پرۆگرام و نە دیسیپلین لە ناو ئەو حیزبە نەماوە، لەبەر ئەوە ئەنجامدانی تاوان و پێشێلکردنی یاسا بۆ ئەوانە لە ئاوخواردنەوە ساناترە.

بۆپێشەوە: لاتان وایە ئەوەی لە ١٦ی ئۆکتۆبەردا لەدەست دەسەڵاتی بزووتنەوەی کوردایەتی دەرهات، بگێردرێتەوە بۆ دۆخی پێش ١٦ی ئۆکتۆبەر؟

مەحەمەد خێروڵا: ئەو دەسەڵاتەی پێش ١٦ی ئۆکتۆبەر حیزبە کوردیەکان لە کەرکوك و ناوچە کێشەلەسەرەکان هەیان بوو، لە دایکبوی هەلومەرجی بابەتی و هەندێ ڕووداوی ناوچەکەوە بوو. لە هەموویان گرنگتر دروستبوون و هێرشی داعش لە سوریاوە بۆ عێڕاق بوو، ئەو دەسەڵاتە بە هێز و بازوی خۆیان نەهاتبووە بەرهەم،  بەڵام بە هەڵەی کوشندەی سیاسی؛ ڕوونتر ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لەو ناوچانە لە دەستیاندا. بارودۆخی عێڕاق و ناوچەکە ناسەقامگیرە و کۆمەڵێك قەیران و دەستێوەردان لە ناوچەکە هەیە، لەبەر ئەوە گەیشتنەوە بە پێش ١٦ی ئۆکتۆبەر بەستراوەتەوە بە داهاتووی ناوچەکە و گۆڕانکاریە بابەتیەکان. دەشێت دەسەڵاتی کوردی جارێکیتر بگەڕێتەوە ئەو ناوچانە، بەڵام کاراکتەری سیاسی و تەنانەت خەڵکی کوردستانیش هێندە لە بارنییە بتوانێت هەڵەکانی ڕابردوو دووبارە نەکاتەوە.

Leave A Reply

Your email address will not be published.