کاتی هاتنە مەیدانی جەماوەری بێبەشی کوردستانە!

0

کاتی هاتنە مەیدانی جەماوەری بێبەشی کوردستانە!

کارگەران، زەحمەتکێشان، جەماوەری تینوی ئازادی و بەرابەری خوازی کوردستان!

خۆپیشاندانی ملیۆنی کارگەران و خەڵکی ستەم لێچووی شارەکانی عێراق، لەدژی دەسەڵاتی بۆرژوازی عێراق، بەدژی نەبوونی و گرانی، بێکاری و نەبوونی خزمەتگوزارییەکان، لە بنەرەتدا بۆ نان، کار، ئازادی و لەدژی گەندەڵی و تاڵانی سیستماتیکی دەسەڵاتی رەشی هێزە بۆرژوازییە قەومی و دینی و خۆشخزمەتەکانە بە وڵاتانی ناوچەکەوە. ئەم ڕاپەرینە جەماوەرییە، سەرباری ناکۆکی نێوان لایەنە بۆرژوازییە قەومی و دینیەکان، لەسەر دەسەڵات و بۆ تاڵانی زۆرتر، لەئیسلامیەکانەوە بۆ نەتەوەپەرستەکان، لە هیزە” شیعیەکانەوە” بۆ” هێزە سونییەکان”ی، خستۆتە لەزرە.

هەموو ئەو هۆکارانەی کە جەماوەری شارەکانی عێراق بۆی هاتوونەتە مەیدان، لە بێکاری و گرانی و نەبوونی هەلی کار و خزمەتگوزارییەکان، تاڵانی گەندەڵی بێ سنور، لە کورستانداو لە ژێر سایەی دەسەڵاتی نزیک بە سێ دەهەی حزبەکانی بزوتنەوەی کوردیەتیدا، ڕاستیەکی حاشالێنەکراوە و ژیان و گوزەرانی ئێوە کارگەران و جەماوەری بێبەشی کوردستانی لە مەنگەنەداوە و هەوڵی بە تایبەتیکردنی کایەکانی تەندروستی، خوێندن و پەروەردە، خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتیەکانی تر، ئایندەیکی ترسناکتر دەخاتە بەردەمتان.

بۆیە کاتی ئەوە هاتووە، کە ئێوە کارگەران و جەماوەری بێبەشی کوردستان لە چوارچێوەی پشتیوانی لە خواستە رەواکانی جەماوەری ڕاپەریوی عێراق بێنە مەیدان، لە پێناو نان و کار و ئازادی و خزمەتگوزارییەکان و بەدژی دزی و تاڵانیدا. شەقامی شارەکان و شوێنی کارو ژیانتان، بکەنە سەکۆی رووبەرووبوونەوە لەگەڵ دەسەڵاتی مافیایی و تاڵانچی حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتیدا.

حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی سەرباری هەر ناکۆکییەک کە لە نێوانیاندا هەیە، هەموویان لە پارتی و یەکێتیەوە بۆ گۆران و ئیسلامیەکان، تا دەگاتە نەوەی نوێ… بەرخۆر و گیرفان پڕی ئەو ئەزموونە شکستخواردووەی هەرێمن و بە چنگ و ددان بەرگری لەم ئەزموونە دەکەن، کە بۆیان بۆتە سەرچاوەی کەڵەکەی سەرمایەو دزی و تاڵانیەکی ئاشکراو فەرهودکردنی سامان و داهاتی ئێوە خەڵکی کوردستان.

کارگەران و بێبەشانی کوردستان!

دەسەڵات و تەواوی حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی هەناسە سوان و ترسیان لە هاتنە مەیدانی ئێوە لێ نیشتووە، نەوەی نوێش بە بانگەوازی خۆپیشاندان لە کوردستاندا دەیەوێت رۆڵی بزوتنەوەی گۆرانی ساڵی ٢٠١٩ بگێرێت و تورەیی و نەفرەتی ئێوە بکاتە دەستمایەی سات و سەودا و بەشداری لەدەسەڵات، بۆیە ئێوە جەماوەری کارگەران و بێبەشی کوردستان نابێ هیچ خۆشباوەیەکتان بە هیچ کام لە هێزەکانی بۆرژوازی و خۆ هەڵواسینیان بە بزوتنەوەی جەماوەری و ئێوەوە ببێت، بەڵکو پێویستە ئێوە لە دەوری دروشمی” نان، کار، ئازادی و دەسەڵاتی خۆبەرێوەبەری خۆتان، دەسەڵاتی شواریی” بێنە مەیدان و کۆتایی بە دەسەڵات و ئەو ئەزموونە شکستخواردووە بهینن، کە ژیانی شاهانەی بۆخۆیان و چەندین نەوەی داهاتوویان، لەسەر حسابی خاڵی کردنەوەی سفرەو موچەو دزینی دەستڕەنجی ئێوە بنیات ناوە.

چەپ و کۆمۆنیستەکان، و رابەرانی کارگەری و نارەزایەتی جەماوەری!

پێویستە هەر لە ئێستاوە، نەخشەی رابەری و رۆڵی شیاوی خۆتان لە هەڵخراندنی جەماوەری و بەدەستەوە گرتنی رابەرایەتی بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەریدا بگێرن و رێگە نەدەن حزب و لایەنی سیاسی بۆرژوازی خۆیان بە نارەزایەتی جەماوەریەوە هەڵبواسن، یان لە نیوەی رێگادا راپەرین و خرۆشانی رەوای خەڵکی ستەم دیدە بۆ خواستە سەرەکیەکانیان بدزن.

بۆپێشەوە

٥ ئۆکتۆبەری ٢٠١٩

Leave A Reply

Your email address will not be published.