فاکتەرەکانی توندوتیژی بەرامبەرئافرەتان

0

فاکتەرەکانی توندوتیژی بەرامبەرئافرەتان

نووسینی: شوانە حەسەن

بەگوێرەی سەلماندنی  بەڵگەکان و ھەواڵەکان و راپورتی مافەکانی ژنان و ئەوەی کە خۆمان دیتومانە  لە ھەر شوێنێک ژن ھەبێت توندوتیژیش ھەیە، جا چ بە شێوەی نھێنی بێت یان چ بە شێوەی ئاشکرا، توندوتیژی سنووری نییە، ژنان چ لە ماڵەوە بن، چ لە دەرەوە بن، چ خوێندوار بن، چ نەخوێندوار و سەرقاڵی کاری نێو ماڵ بن، چ لە بواری ئابوری دوڵەمەند بن و چ ھەژار و دەست کورت بن، چ جوان بن و چ ناشرین بە شێوەیەک لە شێوەکان و بە جۆرێک لە جۆرەکان لەلایەن پیاوانەوە تووشی توندوتیژی جینسی، دەرونی، کۆمەڵایەتی، جەستەیی و تەنانەت سێکسیش دەبنەوە. توندوتیژی دژی ژنان دیاردەیەکی جیھانییە و لە ئێستادا ھەموو میدایاکانی بە خۆیەوە سەرقاڵ کردوە، کۆمەڵێک تایبەتمەندی کلتوری و کۆمەڵایەتی و و سیاسی و ئابوری لە پشتە، ئەگەرچی  بەو پێیە توندوتیژی دژی ژنان کات و شوێنی تایبەتی نییە و ھەموو کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی چ بە کۆمەڵگەی پێشکەوتوو و چ بە کۆمەڵگەی دواکەوتوو دەگرێتەوە. ژنان لە کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی دا لە لایەن باوک، برا، ھاوسەر، کەس و کاری نزیک وەک خاڵو ومامە و تەنانەت ئاموزا و خاڵوزاش بەرەوڕووی توندوتیژی دەبنەوە، بەپێی دەرەنجامی لێکۆلینەوەکانی چالاکانی مافی مرۆڤ ناوەندەکانی تەندروستی توندوتیژی دژی ژنان جگە لەوەی کە کاریگەری نێگەتیڤ و خراپی دەبێت لەسەر ژن وەک تاک، بەڵکە کاریگەرییەکی زۆر خراپ و مەترسیداری دەبێت لەسەر تەندروستی خێزان و کۆمەڵگە، دەبێتە ھۆی ئەوەی کە شیرازەی خێزان و کۆمەڵگەش لێک بترازێت.

شێوازەکانی توندوتیژی دژی ژنان چۆنن؟

یەکەم: سەرەتا لەسەر توندوتیژی جەستەیی قسە دەکەن: بەھەر جۆرە توندوتیژییەکی فیزیکی بەرامبەر بە ژنان وەک لێدان، سوتان، بڕین و دڕین و کوشتن، لەم جۆرە توندوتیژییەدا ئاسەواری توندوتیژی بە تەواوی بە جەستەی کەسی لێدراو دیارە، کە بە پێی نوێترین ئامارەکان ٢٥ % ژنانی کۆی  جیھان دا بەرەوڕووی ئەم جۆرە توندوتیژییە دەبنەوە و ژنان لە ترس و یا لەبەر شەرم وحەیا و ئابرو چوون باسی لێوە ناکەن و زیاتر بێدەنگی ھەڵدەبژێرن، ھەندێ جار ژنان وا بیردەکەنەوە کە ڕەنگە ئەرکەکانی خۆیان بەرانبەر بە ھاوسەرەکانیان لە نێو خیزاندا  یان کەسوکاریان بە باشی بە ئەنجام نەگەیاندووە!! ھەقی خۆیانە کە توندوتیژیان بەرانبەر بکرێت.

دووەم: توندوتیژی دەروونی:  ئەم جۆرە توندوتیژییە بە رواڵەت ھیچ نیشانەیەکی دەرەکی نییە و ناوەکی و دەروونییە و شمولی سووکایەتی پێکردن، تانە، تەشەر، جنێودان، بێ حورمەتی لەلایەن کەسانی جگە لە بنەماڵەو خێزانی خۆیان، تۆقاندن و بەکارھێنانی زمانی رەق و تەق و ھەڕەشەو گوڕەشەیە. ئەم جۆرە توندوتیژییە کاریگەری قوڵتر و مەترسیدارتر پێوەیە و کەسێک کە تووشی ئەم جۆرە توندوتیژییە بێت زیاتر گۆشەگیر و بێزار و خەمۆکە دەبێت و بە پێی وتەی پزیشکان ئەم جۆرە کەسانە زیاتر بیر لە خۆکوشتن و خۆسوتاندن دەکەنەوە.

سێهەم: توندوتیژی سێکسی: ئەم جۆرە توندوتیژییە زیاتر لەلایەن ھاوسەر و و کەسوکاری نزیکی ژنانەوە دەکرێت و ژنان تووشی شۆک و زیان دەکات. دەستدرێژی سێکسی و دووگیانبوونی زۆرە ملێ و لەباربردن و…. لە خۆ دەگرێت کە ئەم جۆرە لە توندو تیژی ھیچکات لە دڵ و جەستەی ژنان سارێژ نابێت .

چوارەم: توندوتیژی خێزانی: باوترین شێوەی توندوتیژییە بە دژی ژنان کە تێدا کچان و ژنان بە کۆمەڵێک بیانووی پرو پوچ و دواکەوتوانە بەرەو رووی توندوتیژی دەبنەوە، دڵپیسی یەکێک لەو  ھۆکارە  سەرەکیەکان  و ھەندێجار نەزۆکیش (نازایی و بچەدار نشدن) دەتوانێت ھۆکارێک بێت بۆ توندوتیژی دژی ژنان. گیرۆدەبوونی پیاوان بە ماددە سڕکەرەکان و بێکای پیاوان و توڕەبوون و ناھۆشیاری پیاوانیش خۆی ھۆکارێکە بۆ توندوتیژی.

پێنجەم: توندوتیژی کۆمەڵایەتی: زۆرجار بە بیانووی لادان لە نەریتی باو باپیران و لەکەدارکردنی شەرەف و ناموسی خێزان و ھەڵسوکەوتی ناشیاو و ئابرووبەرانە ژنان لە لایەن باوک و برا و ھاوسەر و کەسوکارەوە تووشی توندوتیژی دەبنەوە. ھەندێجار ژنان بە توندی دەکەونە ژێر چاودێری و ھەموو ئازادی و سەربەستییەکیان لێ زەوت دەکرێت و لەناو کەشوھەوایەکی پۆلیسی دا دەژین. بەزۆر بەشوودان و بەزۆر جلوبەرگی تایبەت لەبەرکردن و بێبەری کردن لە میرات و بێبەشکردن لە خوێندن و کارکردن لە دەرەوەی ماڵەوە دەچێتە ناو چوارچێوەی توندوتیژی کۆمەڵایەتییەوە.

شەشەم: توندوتیژی ئابووری: لەم جۆرە توندوتیژی دا ئەو ژنانەی کە لە دەرەوە  کار دەکەن ھەرچەند شان بە شانی پیاوان کاردەکەن، بەڵام حەقدەستەکانیان،  کەمە و زۆر جار لە لایەن بەرێوەبەر یان ھاوکاران چ لە لایەنی جەستەیی یان دەروونی توندوتیژیان بەرانبەر دەکرێت و دەچەوسێندرێنەوە. یان لە ماڵەوە لە لایەن ھاوسەرەکانیانەوە  یان کەسوکاریان بە توندترین شێوە مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت. ھەندێ کاتیش ژنان لە میرات بێبەری دەکرین و لەمافی سروشتی خۆیان دوور دەخرێنەوە، دەست درێژ کردنی ژنان و سەربەخۆ نەبوونی ژنان بە بواری ئابوریدا خوی سەرەکیترین و ھاندەرترین و کاریگەرترین ھەنگاوە بۆ توندوتیژی نواندن دژی ژنان.

ھۆکارەکانی توندوتیژی بۆ سەر ژنان زۆرن و تاکۆ ئێستا بە سەدان جار باسی لە سەر کراوە، بەڵام لێرەدا ئاماژە بە قسەی فەیلەسوفێکی گەورە دەکەم سەبارەت بە سەرکیترین ھۆکاری توندوتیژی پیاوان دژ بە ژنان( فەیلسوفی بەناوبانگی “جان ئیتیوارت مل” لە  کتێبەکەی خوێدا ” کە لە ژێر ناوی بە کۆیلەکردنی ژنان نوسراوە و چاپ و بڵاوکراوەتەوە،  لەسەر ئەو باوەردایە کە: سەرچاوەی بارودۆخی نالەباری ئێستای ژنان  بۆ سەرەتاکان، دروست بوونی کۆمەڵگە دەگەڕێتەوە لە دەستپێکی مێژوو، ژنان  خۆی وەک کۆیلەی پیاو بینی لەوانەیە ھۆکارەکەی بۆ لاوازی ھێزی جەستەیی بگەڕێتەوە، ھەروەھا دکتۆر (نادیە رمسیس) ئاماژە بەوە دەکات‌و دەڵێت” ئەو کاتەی کە پەیوەندی ژن‌و مێرد باشە یاسا وەدەر ناکەوێت، بەڵام ئەگەر پەیوەندیان خراپ بوو یاسا وەک شمشێر بۆ سەر ژنان دەردەکەوێت‌.

Leave A Reply

Your email address will not be published.