بەمزگەوتکردنی قوتابخانە سەرەتاییەکان و ڕاهێنانی قوتابیان لەسەر نوێژکردنی بە جەماعی چ پەیامێک دەگەیێنێت!؟

0

بەمزگەوتکردنی قوتابخانە سەرەتاییەکان و ڕاهێنانی قوتابیان لەسەر نوێژکردنی بە جەماعی چ پەیامێک دەگەیێنێت!؟ نووسینی تاهیر عیسا

ماوەیەکە لەتۆڕەکۆمەڵایەتیەکاندا وێنەی نوێژی بەکۆمەڵی مناڵانی تەمەن شەش بۆ حەوت ساڵان و بەرەوژوورتریش، کە لەناوچە جۆراوجۆرەکانی کوردستاندا گیراون، وەک دیاردەیەکی نامۆی سەرنجڕاکێش بڵاودەکرێنەوە. ئەمە ئەگەر لەڕووی ئایینی و کلتوورییەوە وەک دیاردەیەکی ئاسایی و وەک بەشێک لەپەروردەی ئایینیانە چاوی لێبکرێت و جێگای دەستخۆشانەی بەشێک لە خەڵکی موسوڵمان و ئایینی کوردستان بێت، ئەوا بۆ هەر ئینسانێکی دیکەی کۆمەڵگای مەدەنی هاوچەرخ کەتۆزقاڵێک لەگەڵ مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤی ئەم سەردەمەو بەتایبەتی مافە جیهانداگرەکانی مناڵاندا، ئاشنایەتی هەبێت، ناتوانێت وەک دیاردەیەکی نامۆی دژ بە مناڵان و وەک هەوڵێک بۆ بەرگرتن بەگەشەو هەڵدانی فکرو ئەندێشەو خەیاڵی خۆڕسکانەی مناڵان چاوی لێنەکات ونەیبینێت، کە دەیانەوێت هەرلەئێستاوە مۆریی پڕ لەتوندو تیژتریین وتۆقێنەرترین ئایدیۆلۆجیای پڕ لەجاڕو جەنجاڵی ئیسلامی کە بۆ گەورەساڵانیش مایەی سەرئێشەو وناڕەحەتییە، دوور لەویست و حەزو ئیرادەی کەس و کارو خانەوادەکانیشیان، لەگەنجینەی داهاتووی کۆمەڵگایەک بدەن و بەم هەوڵەشیان، زەخیرەیەکی ماتڕیاڵی ئینسانی بۆ داهاتووی سیاسیی ڕێکخراوە تیرۆریستییە ئیسلامیەکان، کە لەناو دنیای ململانێ سیاسی و ئابووریەکانی ناوچەکەو جیهاندا، دەکرێت هێشتا بۆ چەندین ساڵی تر قابیلی مانەوەبن، فەراهەم بکەن!. هاوکاتیش ئەم شێوازە لە ئیستیغلال کردنی مێشکی ناسکی مناڵان لە ڕێگای سەپاندنی سرووتی ئایینێکی دیاریکراودا، لەناو کۆمەڵگای فرە دەنگ وفرەڕەنگ و فرە ئایین وفرە بیروڕای جیاوازی دیکەی وەک کریستیانی و ئێزیدیی وکاکەیی و کۆمۆنیست وچەپ و ئاتەئیستیدا، ئەگەر لەلایەک بێڕێزیی بێت بەرامبەر بیروراو ئایینی جیاواز، ئەوا دیوەکەی تری ئەم کردەوەیە کاریگەریەکەی لەباریی فکریی ودەروونیەوە هیچی لەکاریگەریی ئەنفالی جەستەیی کەمتر نییە و ئەمەش ڕاستەو خۆ بەشێکە لە ئەنفال وجینۆسایدیی عەقڵیی و زەینی مناڵانێک کە هێشتا ڕەش وسپی وەک پێویست لەیەکتر جیاناکەنەوەو خۆشیان توانای بەرگریی و نیشاندانی هیچ جۆرە پەرچەکردارێکی ئەرێنی ونەرێنییان لەبڕیاردانیش نییە، بەشێکە لەتاوانێک کە لەبەرامبەر مناڵانی کوردستاندا دەکرێت. دیارە بەپلەی یەکەمیش حکومەت و دام و دەزگای پەروەردەیی کوردستان بەرپرسیارن لەبەرامبەر ئەم دیاردە دژە زانستی و دژە مرۆییەی کە خەریکە دەبێتە دیاردەیەکی قێزەونی ئاسایی. خەڵکی کوردستان و دایکان و باوکان وکەس وکاریی مناڵانیش نابێت ڕێگا بدەن هەر لە قۆناغە سەرەتاییەکانی خوێندنەوە، لاپەڕەی سپی و سۆڵ و ناسکی زەین وهۆشی منداڵەکانیان لەجیاتی فێربوونی زانست وزانیاریی جۆراوجۆرو و وێژەو هونەریی جۆراوجۆر، بە ئایدیۆلۆجیایەک پڕ بکرێت کە ئەمڕۆ بۆتە وەسیلەی نواندنی دڕندایەتی و وەحشەت بەدەستی جورەها دەستەو تاقمی تیرۆریستانە لەناو چەکەو جیهاندا، ڕێگادان بەم دیاردەیە کردەوەیەکەو مانای بەردەوامیدان وخزمەتکردنە بەبیریی داعشیزم، نەک هەر بۆئێستا، بەڵکو بۆ ئاییندەیەکی زۆر دووریش لەکوردستاندا.

تێبینی: ئەم بابەتە لە ژمارە ٤ بۆپێشەوەی بەرواری ١٥/٥/٢٠١٧ بڵاوبۆتەوە…www.bopeshawa.net  

 

Leave A Reply

Your email address will not be published.