ون بوون لە خەمدا ،،،،
ون بوون لە خەمدا ،،،،
سەرم ناوە بە کۆشی خۆمەوە
بیر لە ئازاری ئەو دایکە دڵ گەرمە ئەکەمەوە
کە بۆ خەمی کوڕە ون بوەکەی
شپرز شپرز دێت و دەچێ
بیر لەو زەرنەقوتە کەم جورمە ئەکەمەوە
کە نە دایکی بەلایا دێ و
نە باوکە بێ باکەکەی مشوری پوشێکی بۆ ئەخوا،
بەڵێ من بیر لەو بەفرەشه ئەکەمەوە
کە بە ماچی هەتاوێ دائەمرکێتەوە،
دڵم بۆ ڕەگی ئەو دارانەش ئەسوتێ
کە لەبەر پیر بونیان
ئیتر حەوسەڵەی گەشەیان نەماوە و
چی تر گوڕ نادەن بە باڵای درەخت.
سەرم ناوە بە کۆشی گەرمی خۆمەوە
لەگەڵ هەموو ئازارەکانی دنیادا
من ئەسوتێم، ئەکولێمەوە ،
لەگەڵ زریکەی شیرەخۆرێکی بێ نازدا
مەحاڵە منیش نەمرم و جارێکی تر
بۆ خەمێکی تر دوبارە نەژێمەوە،
من بەم دڵە هەتیوەی خۆمەوە
جگە سەبوری خەمێکی کەڵەگەت
چی هەیە پێی ژیر ببمەوە ؟
عوسمان قادر
17 5 2017