بەشێکی تر لە دەقی جانتاكەم پڕە لەدڵی شكاو

0

بەشێکی تر لە دەقی

جانتاكەم پڕە لەدڵی شكاو

 

تەواو تەواو سەرم لێ ونبووە ‎

نیوەم لەژوورێكی بچكۆلەدا داناوەو ‎

نیوەكەی تریشم خستۆتە جانتاكەمەوە

لەهیچ شتێك تێناگەم ‎

نەدەچمەوە سەر جارانی خۆم و ‎

نەدەشتوانم بارانێكی توڕە لەسەر بارانێكی ‎

بێ نیشتیمان موتوربەكەم

 ……………...

‎توڕەم دەكەن

 ‎هاوڕێكانی گۆڕستانم

‎ڕقیان لەو پۆست چیانەیە

 ‎كەنامەی درۆ دەگەێنن

 ‎نامەوێت ئیتر بەوكۆڵانانەدا بڕۆم ‎

كەباران بەڕوتی تیاناسوڕێتەوەو

 ‎پەڕەسێلەكە بەسەریا نافڕێت ‎

توڕەم دەكەن

‎هاوڕێكانی گۆڕستانم زۆر غرورن ‎

بەكراسی ئوتوكراوەوە نەبێت پیاسە بەسەر شەقامەكانی

بەهەشتا ناكەن

 …………….. ‎

نازانم ئەوە كێیە بەم نیوەشەوە درەنگە لەدەرگاكەم دەدات و

 ‎بەگریانێكی هەنجیریەوە دەیەوێت ‎

تۆڵەی ئەو زەردەخەنانەی خۆیم لێبكاتەوە

‎كەلەشەڕی ناوخۆدا زیندە بەچاڵمان كردن

 ‎هەراسانم دەكەن گەڕانی ئەوسواڵكەرانە

 ‎هەراسانم دەكەن

‎كەبەو قرچە قرچی نیوەڕۆیە

‎لەدەرگای ماڵی سەرۆك دەدەن

………………‎

تەواو تەواو دەستم لەخۆم بەرداوە

بەهەر شوێنێكدا دەڕۆم

‎شتێكی منی تیاكەوتووە

‎خۆمم بۆكۆناكرێتەوە سەریشم لەخۆم

 ‎شێواندووە

‎نازانم ئەم هەموو قرچە قرچە چییە

 ‎لەناومدا دەگەڕێت ‎

تۆبڵێی بۆڵە بۆڵی هاوڕێ ڕۆژنامە نوسەكانم بێت

‎كەبەفەرمانی سەرۆك زیندە بەچاڵ كران

‎خۆمم بۆناناسرێتەوە ناتوانم

‎بەیانیەكی تەماوی قاوەیەكی سادە لەگەڵ

 ‎هاوڕێكانی گۆڕستانما بخۆمەوە

 …………….. ‎

جانتاكەم پڕە لەدڵی شكاو

‎لەچاوی ڕەشو سپی ‎

لەگۆرانی زەرد هەڵگەڕاو

 ‎تەواو تەواو دەستم لەخۆم بەرداوە

 ‎ئەم بێ نیشتیمانییە هەراسانی كردوم

 ‎درۆی سەرۆك و پێڵاو دانانی پیاوەكانی

 ‎ناو پەرلەمان خۆمیان لەبەرچاو خستوم

 ‎هیچ شتێكم بۆناخوێنرێتەوە

‎دایكم بەدەنگێكی ژنانەوە. پێم دەڵێت

‎كوڕم لەكەلی شەیتان

‎وەرە خوارەوە ‎

سەرۆك و پاسەوانەكانی دڕن دڕ

‎جانتاكەم پڕە لەدڵی شكاو

 ‎لەگۆرانی پرچ بڕاو

 …………….. ‎

 

٢٦/٩/٢٠١٩ ‎حەكیم میرزا

Leave A Reply

Your email address will not be published.