شێرپەنجە لە دەرگا دەدا!

0

شێرپەنجە لە دەرگا دەدا!

ڕزگار عومەر

لە چەند داتایەکی فەرمی و ئەکادیمی لە پارێزگای زیقاردا دەرکەوتووە کە هەموو ساڵێك (٩٠٠) بۆ (٩٥٠) کەس لەم پارێزگایە توشی شێرپەنجە دەبن، ساڵانەش تەنیا لەم پارێزگایە (٥٠٠) کەس بەهۆی ئەم نەخۆشیە دەمرن. بەر لەم داتایەش چەند دکتۆرو پسپۆڕانی تەندروستی زەنگی ئەوەیان لێدا کە ئێستا  نەخۆشی شێرپەنجە یەکێکە لەو سێ نەخۆشیە ترسناکەیە کە بەهۆیەوە خەڵك لە خواروی عێراق دەمرن. نۆ مانگ بەر لە ئێستاش هەمان ئەو پسپۆڕانە هەمان زەنگیان لێدا کەوا شێرپەنجەی مەمکی ژنان زیادبوونێکی ترسناکی بە خۆیەوە بینیوە.

لەم توێژینەوەو داتایانەدا، زۆربەی هۆکارەکانی زیادبوونی ڕێژەی توشبوانی ئەم نەخۆشیە بریتیە لە:-

یەکەم/ کاریگەری پیسبوون بەهۆی جەنگەکان وەکو پیسبوونی ژینگەیی بەهۆی بەکارهێنانی ئەو چەکانەی کە پاشماوەی تیشکیی بە دوای خۆیدا بە جێدەهێڵێت.

دووەم/ پیسبوونی ئاوی خواردنەوەو نەگونجاو یان بۆ بەکارهێنانی مرۆڤ و گیان لەبەران.

سێ یەم/  هەروەها بەدخۆراکی و ئاستی بژێوی ئەو توێژانەی توشی ئەم نەخۆشیانە دەبن. چونکە زیاتر ئەو توێژە هەژارانە دەگرێتەوە کە لە ڕووی مادیەوە ناتوانن ماڵ وحاڵی جێبهێڵن و کۆچ بکەن، ناتوانن سەرچاوەی ئاوی خواردنەوەو خۆراکی گونجاوی باش بۆ خۆیان دابین بکەن و هەر لە نێو ئەو ژینگە پیسبووەدا ژیان بەسەر دەبەن.

چەند ساڵێك لەمەوبەر کە هێشتا ئەم داتاو زانیاریە تازانە لەبەردەست نەبوون، چەند توێژەرێك لە زانکۆی زیقار لە بەدواچوونیکی مەیدانیدا بە تایبەتی لە تۆماری نەخۆشخانەکاندا ڕایانگەیاند کە ژمارەی توشبوان بە نەخۆشی شێرپەنجە لە زیادبوونێکی مەترسیدار دایە، بەڵام دام و دەزگا حکومیەکان هیچ کردارێکی وایان نیشان نەدا کە خەمخۆری پێوەدیاربێت، چونکە تا ئێستاش تا نووسینی ئەم دێرانەش؛ کە ئەم داتایانە خراوەتە ڕوو دەرکەوتووە کە تەنیا لە پارێزگای زیقار لە نێوان ساڵانی ٢٠١١ بۆ ٢٠١٦ دا (٧٥٠٠) کەس لە هەردوو ڕەگەزو لە تەمەنی جیاواز بە هۆی شێرپەنجەوە مردوون، هێشتا ئەو چارەسەریانەی هەیە بۆ ئەم نەخۆشیە تەنیا بەشی ٢٥٪  ژمارەی گشتی توشبوان دەکا !

گروپێك لە ڕۆژنامەنووسانی ئەم پارێزگایە، کەمپینێکی جەماوەری گەورەیان دژ بەم دۆخە بەڕێخست و جەماوەرێکی زۆر بوونە سەپۆرت و پەناو پشتی ئەم کەمپینە بۆ ئەوەی دام ودەزگا حکومیەکان بخەنە ژێر فشارو بەرپرسیاریەتی، لە ئەنجامی بڵاوبوونەوەی ئەم داتاو توێژینەوانە، لە ئەنجامی ئەو کەمپینە بە‌هێزەدا دام و دەزگا حکومیەکان هاتنە سەرخەت و ناچارکران کە لە ئێستادا بڕی (١) ملیار دینار تەرخان بکرێت بۆ بەرەنگاری ئەم دۆخە مەترسیدارە، کە زۆربەی پارێزگاکانیتری باشوری عێراق دۆخی هاوشێوەیان هەیە، ڕەنگە هەمان کەمپین شارەکانیتریش بگرێتەوە.

پەندێکی یۆنانی هەیە دەڵیت ((ڕەنگە تا ئەبەد لە دەرگای ماڵی کابرایەکی کەڕ بدەیت و دەرگا نەکاتەوە ! )) بەڵام ئەزموونی ئەم کەمپینەی زیقار کە پەیوەندی بە تەندروستی وبەرژەوەندی گشتی هەیە توانی لە دۆخێکی زۆر نەگونجاودا ئەم پیاوە کەڕە (کە دام ودەزگا حکومیەکان ڕۆڵی ئەو دەبینین) نەك تەنیا بەخەبەر بهێنێ، بەڵکو گوێچکەکانی رابکێشێ بۆ هەڵگرتنی بەرپرسیاریەتی.

 ڕەگەزەکانی سەرکەوتنی هەر کەمپینێكی جەماوەری لە نێو ڕای گشتیدا بەر لە هەموو شتێك پەیوەندی بەخستەڕوو هەیە، پێویستی بە زانیاری وداتا هەیە تەرجومە بکرێت بۆ “هێزو میکانیزمی ڕاکێشانی سەرنج و هۆشیارکردنەوە”  پەیوەندی بە “پێویستی” و کاریگەری لەسەر ژیانی واقیعی خەڵك هەیە، لە هەمووش گرنگتر پێویستی بە جۆرێك لەو مرۆڤانە هەیە کە خۆبەخشانە دەچنە شەڕی بەرژەوەندی گشتی.

Leave A Reply

Your email address will not be published.