دیمانەی بۆپێشەوە لەگەڵ بەڕێز مامۆستا کاروان ئەسعەد سەرپەرشتیاری پەروەردەیی لە شاری کەرکوک سەبارەت بە ساڵی تازەی خوێندن و سیستەمی پەروەردە…

0

 

 کاروان ئەسعەد: لە کوردستاندا دەوڵەت بەمانا مۆدێرنەکەی بوونی نییە! دەستەکانی فەرمانڕەوا بەپێی بنەماکانی خێڵ و خێزان  فەرمانڕەوایی (حوکمداری) دەکەن. واتە سیستەمی دیار و ئاشکرا و بەپلان و لەسەر بنەمای زانستی نییە. بڕیارە گشتییەکان بەپێی میزاجی کەسی و خێزانی و خێڵەکی و بەرژەوەندە حزبیەکان دەدرێ…

دیمانەی بۆپێشەوە لەگەڵ بەڕێز مامۆستا کاروان ئەسعەد سەرپەرشتیاری پەروەردەیی لە شاری کەرکوک سەبارەت بە ساڵی تازەی خوێندن و سیستەمی پەروەردە…

بۆپێشەوە: بەجیا لە کەم و کوڕی بیناو و پێداویستیەکانی خوێندن، مەنهەجی خوێندن چۆن دەبینن؟ لاتان وایە ئەو مەنهەجەی هەیە، جێگای پەسەندە یان مەنهەجی خوێندن و پەروەردەش پێویستی بە ئاڵوگۆڕە؟

م. کاروان: ئەگەر پرۆگرامی خوێندن بەتەنها سەیر بکەین، واتا جيا لەوەی کەپێداویستیەکانی هەیە یا نییە. ئەوە تاڕادەیەک گونجاوە بۆخوێندن… و بێگومان بەردەوام پێویستی بەپێداچوونەوە هەیە تا لەگەڵ زانست و خوێندنی سەردەم بگونجێت.

بەڵام ئەوەی گرنگە ئەوەیە؛ بۆئەوەی پرۆگرامی خوێندن کاریگەری هەبێت لەگۆڕینی ئاکاری تاک، پێویستە پێداویستیەکانی بۆ دابین بکرێت. بۆنموونە: هەر وانەیەکی ئەم پرۆگرامە پێویستی بە پۆلێکە کە لە ٢٥ خوێندکاری زیاتر تێدا نەبێت. ماوەی وانە وتنەوە لە ٥٠-٦٠ خولەک بێت، کەرەستەکانی فێرکردن و تاقیگە لە خوێندنگاکان هەبن… ئەمانە لەگەڵ باڵەخانەی کۆنی دوو دەوامی و سێ دەوامی و ژمارەی خوێندکاری هەر پۆلێکدا ناگونجێت و ئامانج ناپێکێت. هەروەها پێویستی بە ڕاهێنانی بەردەوامی مامۆستایان هەیە لەسەر شێوازە نوێیەکانی وانە وتنەوە و چۆنیەتی دامەزراندنی پەیوەندی هاوڕێیانەی نێوان مامۆستا و خوێندکار… تاد. ئەمانەش لەگەڵ ئەو بوودجە تەرخانکراوە کەمەی پەروەردە و فێرکردندا بە هیچ جۆرێک ناگونجێت.

بۆپێشەوە: سیستەمی پەروەردەیەکی تەندروست، بەندە بە سیستەمێکی سیاسی تەندروست، لاتان وایە سیستەمی سیاسی و حکومڕانی کوردستان دەتوانێ سیستەمێکی شیاوی پەروەردەیی جێ بخەن؟

م. کاروان: پەروەردە و فێرکردن لە وڵاتێکدا ڕەنگدانەوەی فەلسەفەی سیاسی – ئابووری دەوڵەتە، بەڵام لە کوردستاندا دەوڵەت بەمانا مۆدێرنەکەی بوونی نییە! دەستەکانی فەرمانڕەوا بەپێی بنەماکانی خێڵ و خێزان  فەرمانڕەوایی (حوکمداری) دەکەن. واتە سیستەمی دیار و ئاشکرا و بەپلان و لەسەر بنەمای زانستی نییە. بڕیارە گشتییەکان بەپێی میزاجی کەسی و خێزانی و خێڵەکی و بەرژەوەندە حزبیەکان دەدرێ، ئەمەش بێگومان کاریگەری نەرێنی لەسەر گشت پڕۆسەی پەروەردە و  فێرکردن و شیرازەی کۆمەڵگە بەجێ دەهێڵێت.

بۆپێشەوە: لەچوارچێوەی بانگەشەی چاکسازی کابینەی نوێدا، ئەو ریفۆرمانەی پێویستن لە بواری پەروەردەدا، بەخێرایی بکرێن، کامانەن؟ وە تاچەند لاتان وایە ئەم کابینەیە دەتوانێت چاکسازی لە بواری پەروەردەدا بکات؟

م. کاروان: ئەم کابینەیەش (کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم)؛ درێژکراوەی کابینە یەک لەدوای یەکەکانی پێشووترە، هەموو کابینەکانی لەپێشتریش بانگەوازی ڕیفۆرم (چاکساز)یان دەکرد! ئەنجامدانی ڕیفۆرم پێویستی بە جورئەتی سیاسی هەیە! واتا ڕەتکردنەوەی هەموو یان هەندێک لە میراتی پێش خۆی بۆئەوەی بتوانێت ئاستەنگەکانی بواری پەروەردە و فێرکردن تێپەڕێنێت.

 یەکێک لە پرۆژە بڕیارەکانی وەزارەتی نوێی پەروەردە؛ قەدەغەکردنی وانە وتنەوەی مامۆستایانی پیاوە لە خوێندنگاکانی کچان!  ئایا بەڕێز وەزیری پەروەردە دەتوانێ بەڕێوەبەرێک لە غەیری حزبەکەی خۆی لە زۆنی زەرد لە خوێندنگەیەک دابنێت؟؟!!

بۆپێشەوە: چۆن دەڕوانە هەوڵی حکومەت بۆ بەئەهلی کردن و بە تایبەتیکردنی پرسی پەروەردەو فێرکردن؟

م. کاروان: بنەماڵە فەرمانڕەواکانی کوردستان جومگەکانی ژیانی کۆمەڵگەی کوردستانیان خستۆتە ژێر هەژموون (نفوذ)ی خۆیانەوە و بەمەبەستی درێژەدان بەم بارودۆخە، لەدرێژماوەدا پێویستیان بەوەیە کە تاکەکانی ئەم کۆمەڵگەیە نەخوێندەوار بن یان لە ئاستێکی نزمی خوێندەواری و زانستیدا بن. لە بەرامبەریشدا منداڵانی خۆیان و چواردەوری خۆیان لە باشترین خوێندنگە و زانکۆ جیهانیەکان لە وڵاتانی وەک ئەمەریکا و بەریتانیا و فەرەنسادا بخوێنن و کەسانی ئامادەکراوبن بۆ بەڕێوەبردنی جومگەکانی دەسەڵات.

بۆ ئەمەش ڕێژەی بایەخدان بەبواری پەروەردە و فێرکردنی گشتی هەتا دێت کەمتر دەبێتەوە. تەرخانکردنی کەمترین بوودجە بۆ بواری پەروەردە و فێرکردنی گشتی. شکاندنی شکۆی ڕابەرانی بواری پەروەردە لە مامۆستا و فەرمانبەر …تاد. هەوڵدان بۆ پێگەیاندنی کەسانی بێ ئیرادە بۆ پۆستە گشتیەکان کە نەتوانن کاردانەوەی پۆزەتیڤیان هەبێت بەقازانجی گشتی. بێگومان ئەم هەوڵانەی کە ئەدرێت بۆ تایبەتیکردنی خزمەتگوزارییە گشتیەکان بە چاودێری و پلان و ڕاسپاردەکانی بانکی نێودەوڵەتی و سندوقی دروای نێودەوڵەتی بەڕێوە دەچێت.

Leave A Reply

Your email address will not be published.