چەمانەوەی حیزبەکان لەبەردەم یاساکانی کۆیلایەتیدا

0

چەمانەوەی حیزبەکان لەبەردەم یاساکانی کۆیلایەتیدا

نووسینی: عبدالرحمن رسول

مرۆڤەکان بەردەوام لە ململانێ دابوون بۆ هێنانەدی ژیانێکی باشتر لەو قۆناغە و زەمەنەی تێدا دەژین ودەگوزەرێن، لەم پێناوەشدا زۆرترین قوربانییانداوە لەپێناو بەدەستهێنانی ئامانج داواکاری ومافەکانیان. لەهەمان کاتدا بەردەوام مرۆڤانێک هەبوون  لە کۆمەڵگەدا لەبەردەم یاسا کۆنەپەرست ودژ مرۆڤایەتییەکاندا چەماونەتەوە وئەژنۆکانیان شکاوە وکڕنۆشیان بردووە لەبەردەم چەوسێنەران ویاساکانی کۆیلایەتیدا. بەڵام کاتێک خەڵک وشیاربۆتەوە و شۆڕشی لەدژی چەوسانەوە کردووە ئەوانیش هاتونەتە ناوخەڵک بۆ پشتیوانی کردن. لە کۆمەڵگەی ئێراندا لە دوایی هاتنە سەرکاری ئاخوند و مەلاکان وسیستەمی کۆنەپەرستانەی ئیسلامی  بیروباوەڕی کۆنەپەرستی ودواکەوتووانە گەشەی پێدراوە لەئێران و کوردستان لە وڵاتانی ناوچەکەدا. بەپێی بەرنامە ونەخشە ڕێگایەک کەلەلایەن ئاخوندەکانی باڵایی کۆماری ئیسلامیییەوە کاری لەسەر دەکرا بە درێژایی چەندین ساڵ، ئەویش ئەوەبوو گەشەدان بە جۆرە پەروەردە و فێربوون و فەرهەنگێک  کە تێدا چەمانەوە لەبەردەم یاسا کۆنەپەرست ویاساکانی کۆیلایەتییەدا کاری لەسەر بکرێت و گەشەی پێبدرێت. ئەمە لەبەرامبەر گەشەی ڕەوتی پشکەوتنخوازی وشارستانی وسیکۆلاریستی دا لەناوچەکەدا بەکارهاتووەو جێگەی خۆی گرتووە، کەبەهاوکاری وپشتیوانی حیزبەکانی عێراق وحیزبەکانی باشووری کوردستان ئەم فەرهەنگ وجۆرە پەروەردەیە زۆر بەئاسانی گواسترایەوە باشووری کوردستان وعێراق. بەپێچەوانەوە لەئێران بەدرێژایی چل ساڵی  دەسەڵاتی مەلاکان نەیان توانیوە ئەم چەمانەوەیە بکەنە کەلتورو سونەتی کۆمەڵایەتی خەڵک، بەڵکو خەڵک بەردەوام لەتێکۆشانی جەماوەری وئازادیخوازیدابوون بۆ داواکردنی ماف وئازادییەکانیان، لەگەڵ ئەوەشدا یاساکانی دژە ئینسانی لەسێدارەدان وزیندانیکردن وئەشکەنجەدانیش لەدژیان درێژەی هەبووە، لەکۆتاییدا خەڵکی ناڕازی و ئازادیخوازو تێکۆشەر لەئێران سەرکەوتوو دەبێت ئەم سیستەمە ئیسلامییە تڕۆ دەکرێت ودەڕووخێت. لەئێستادا بەندیخانەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان پڕن لە خەڵکی ئازادیخواز و پێشکەوتنخواز  لە ژنان و لەپیاوان کە بەهۆی بەشداری کردنیان لە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییە کرێکاری و جەماوەرییەکان  زیندانی کراون، حوکمی شەلاق لێدانیان بۆ بڕاوەتەوە  یان ئەشکەنجەی دەروونی و جەستەیی دەدرێن هەتا دەگاتە لەسێدارەدانیان، ئەو بزووتنەوەی کرێکاری و جەماوەرییە هەنگاوەکانی بەرەوپێشەوە دەچێت و لەکۆتاییدا شکست بەسیستەمی ئاخوندە ئیسلامیییەکان دەهێنێت، کە خەڵک هاوکارو پشتیوانی باشتری لێ بکەن. ئەم جۆرە فەرهەنگ و پەروەردە خۆبەکەم زانینە لەلایەن دەوڵەتی ئیسلامیی تورکیاشەوە بەهاوکاری حیزبەکانی عێراق وحیزبەکانی باشووری کوردستان  هاوردەی کوردستان وعێراق کراوە ئەمەش بۆ تێکشکاندنی تاکی هاوڵاتی کوردستان و عێراق بۆ ئەوەی شووکرانە بژی و بێ دەنگبێت لەئاست زوڵم وچەوسانەوەکانیدا.

ئەم جۆرە خەساندنەی تاکی هاوڵاتی لەخۆوە نییە، بەڵکو بەبەرنامەو پلانی دەوڵەتانی کۆنەپەرستی ناوچەکەیە هەتاوەکو بەئارەزوویی خۆیان سامان و پارەی وڵاتی عێراق  وکوردستان بەرن. تەنها ئەرکیشیان پشتیوانی بێت لەمانەوەی سەرۆکی فڵان حیزب لەدەسەڵات و پلەوپایەی کارتۆنی دابێت. با کەمێک نموونەی سادە باس بکەم بۆ ڕوونکردنەوەی بابەتەکە، لەساڵی۱۹۹۱ کە هێرش کرایەسەر بزووتنەوەی شوورایی لەلایەن حیزبەکانی  بەرەی کوردستانی بۆچی ئەمە ئەنجامدرا هۆکارەکەی ئەوەبوو بزووتنەوەی شووراکانیان بەبزووتنەوەیەکی ئاسایی جەماوەری نەدەبینی، بەرەی کوردستانی باش دەیزانی بزووتنەوەی شووراکان بزووتنەوەیەکی جەماوەری ئازادیخوازو یەکسانیخواز بوو، ئەو بزووتنەوە لەسەرەتاوە یاساکانی کۆمەڵگەیان بەجۆری سیکۆلارو شارستانی و مرۆڤایەتیانە داڕشتبوو، هەربۆیەش بەتوندترین شێوە هێرشکرایە سەریان و بەشێکیان لێکردنە قوربانی. لە١٤-۷-۲۰۰۰ کە هێرشکرایە سەر حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی ئەو حیزبە لەگەشەکردندا بوو، هەرچەندە تەلەفیزیۆنی نەبوو، بەڵام کاریگەری زۆری هەبوو لەسەر کۆمەڵگەی باشووری کوردستان بەتایبەت شاری سلێمانی، ئەمەش بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران قبوڵ نەدەکرا کەئەم جۆرە حیزب و بیروباوەڕە زیاتر گەشە بکات هەربۆیە پلانی هێرشکردنە سەریان بۆداندرا یەکێتی نیشتیمانی کوردستان پلانەکەی ئێرانی جێبەجێکرد، کۆمەڵێک هەڵسوڕاوی تێکۆشەری کۆمۆنیستی کردە قوربانی. ئەمە بۆ کرا هۆکارەکەی ئەوەبوو ڕێگربن لەگەشەی بیروباوەڕی کۆمۆنیستی و سیکۆلاریستی لەکوردستان. ئەگەر ئەم حیزبە لە دهۆک و هەولێریش گەشەی بکردایە هەر بەوجۆرەی لێ بەسەردەها لەوانەبوو خراپتریش لێ بکرایە. هەرچەندە چەندین کادر و سەرکردەی زۆر چالاکی لە هەولێرو بادینان تیرۆرکرا. تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنووسە ڕەخنەگرو کەسایەتی سیاسییە ڕەخنەگرەکانی باشووری کوردستان و ڕفاندن و بێسەروشوێنکردنی هەڵسوڕاوانی مەدەنی و ڕۆژنامەنووس و کەسایەتییە سیاسییە ڕەخنەگرەکان، تەنها بۆ چاوترسێنکردنی خەڵکە، ئامانجیان گەشەدانە بەفەرهەنگ و سوونەتی چەمانەوەی خەڵک بەگشتی و گەنجان و لاوانی کوردستان بەتایبەتی لەبەردەم ئەو یاسایانەی کە پارێزەری چەوسانەوە و نابەرابەری و بێکاری وهەژاری دەکەن، ئامانج ڕازی بوون و ملکەچ کردنی کەسانی سیاسییە بەوجۆرە سیستەمە چەوسێنەرە. لە ۸-۹-۲۰۱۸ بەمووشەک و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێران لەڕۆژدا هێرش دەکرێتە سەر بارەگاکانی حیزبی دیموکراتی کوردستان و حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لەکاتی کۆبوونەوەیاندا  کە تێیدا ژمارەیەکی زۆر لە کادرو سەرکردایەتی و تەنانەت ژن و منداڵیش بوونە قوربانی. ئەمە لەخۆوە ڕوونادات پێشتر نەخشە وپلانی بۆ داڕێژدراوە، ئامانجیش ترساندن و ملکەچکردنی حیزبەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانە لەباشووری کوردستان بە سیاسەتەکانی دەوڵەتی ئیسلامیی ئێران، پێشتریش لەدوایی ساڵی ۱۹۹۱ وە ٤۰۰ هەڵسوڕاو سیاسی و کادرو ئەندامانی حیزبەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێران لەباشووری کوردستان تیرۆرکراوە بەپلان ونەخشەی کۆماری تیرۆریستی ئیسلامیی ئێران، بەڵام کەمترین کەس لەبکوژەکانیان سزا نەدراون و دادگایی نەکراون، ئەمەش لەخۆڕانییە. لە٢٦-۱-۲۰۱۹ خەڵکی شارۆچکەی شیلادزێ و دەوروبەری دەستیان بەناڕەزایەتی و ڕاپەڕین کرد لەدژی هەبوونی سوپایی دەوڵەتی تورکیا لەناوچەکەیاندا ئەمەش بەهۆی ئەوەبوو کە فڕۆکەکانی تورکیا بۆمبارانی  ناوچەکەی کردبوو بەهۆیەوە چەندین کەس ببوونە قوربانی. دواتر هێزەکانی پۆلیس وئاسایشی حکومەتی هەرێمی کوردستان چەندین کەسیان لەچالاکوانان و بەشداربووانی ئەو ناڕەزایەتی و ڕاپەڕینە زیندانی کرد و ئەشکەنجەی دەروونی و جەستەییدا، دواتر لەژێر فشاری چالاکوانی مەدەنی لەوڵاتانی ئەوروپا و ناوخۆی کوردستان ئازادی کردن. لە ئێستادا ئەوا بۆ ماوەی دوو مانگە گەمارۆ خراوەتە سەر کەمپی ئاوارەکانی مەخمور لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی هەولێر  کە خەڵکی ئاوارەی باکووری کوردستانی تورکیای لێ نیشتەجێ کراوە. ئەم گەمارۆدانە لە دوایی کوشتنی عوسمان کۆسەیە کە یەکێکە لەئەندامانی میتی دەوڵەتی تورکیایە لە ۱۷ی تەمموزی ۲۰۱۹ لە ڕێستۆرانتی هۆقەبازی شاری هەولێر. کەماوەی دوومانگە گەمارۆیان خستۆتە زیاتر لە ۱۲۰۰۰ لەژن و منداڵ و هاوڵاتیانی ئاوارەی کەمپی مەخموور. کە ڕێگری لە ۲۰۰۰ کرێکار دەکرێت بگەڕێنەوە سەر کارەکانیان و ڕێگری لە قوتابیانیان دەکرێت کە بچنە خوێندگاکانیان لەشاری هەولێر. ئەمە وێڕای هێرشکردنە سەر ئازادییەکانە، لەهەمان کاتدا درێژەدانە بە گەشەدانی فکری فاشیزم و دژە مرۆڤایەتی لەژێر سایەتی دەسەڵات و سیستەمی چەوسێنەری ناسیۆنالیستی و کوردایەتیدا. ئەمانە هەمووی بۆ گەشەدانەبە فەرهەنگ و سوونەتی ملکەچ بوونی خەڵکی کوردستان لەئاست یاساکانی چەوسانەوە و یاساکانی کۆیلایەتی دا. حیزبەکانی ناو دەسەڵات وحیزبە سێبەرەکانی وەک ئیسلامییەکان و بزووتنەوەی گۆڕان و نەوەی نوێ و زەحمەتکێشان وکرێکاران وڕەنجدەڕان و شیوعی هەموویان چەماونەتەوە لەبەردەم یاساکانی چەوسانەوە و یاساکانی کۆیلایەتی دەسەڵاتی چەوسێنەر لەباشووری کوردستان، ناکرێت هیچ متمانەو خۆشباوەڕێک بەم جۆرە حیزبانە بکرێت، چونکە ئەم جۆرە حیزبانە هەریەکەیان دووکانێکن بۆخۆیان کە یاری بەچارەنووسی خەڵکی کوردستانەوە دەکەن، ئەم حیزبانە بەهەموو پێورێکیان مشەخۆرو بێ کەڵکن لەیەکێتی وپارتی زۆر خراپترن، گەمژەیی یە متمانەو هیچ هیوایەک بەم جۆرە حیزبانە هەبێت لەبەرئەوەی بەهۆی شاباش و پارێزگاریکردنی ئەم حیزبانەوە دەسەڵات و سیستەمی چەوسێنەر پایاکانی مانەوە ئەستوور دەکات و زیاتر گەشە بە گەندەڵی و دزی وچەتەیی سامان و پوڵ و پارەی گشتی کۆمەڵگە دەدات.

دەرئەنجام: کۆمەڵگەیەک خاوەن سیستەمی چەوسێنەر بێت لەسەرەوە بۆ خوارەوە گیرۆدەی چەوسانەوە ونابەرابەری وسەرکوت دەبێت و بە زۆر بەبێ خواستی خۆیان دەبێت ڕەزامەندبن بە هەبوونی یاساکانی جیاکاری و کۆیلایەتی و چەوسانەوە و هەژارکردنی کۆمەڵگ. کە مرۆڤەکان بیانەوێت یاساکانی، چەوسانەوەو کۆیلایەتی نەمێنێت تەنها ڕێگایان تێکۆشانی یەکگرتووانە و هاوبەشە بۆ گۆڕانی سیستەمی چەوسێنەر و کۆمەڵگایە.

 پرسیارێک ڕوبەڕووی هەر هاوڵاتێکی باشووری کوردستان دەبێتەوە ئەویش ئەوەیە، چەمانەوە یان تێکۆشان لەبەردەم یاساکانی کۆیلایەتی دا؟! ئایا خەڵک درێژە بەبێ دەنگبوونی خۆی دەدات لەئاست جێبەجێکردنی یاساکانی کۆیلایەتی و یاساکانی چەوسانەوە و دژە مرۆڤایەتی لەباشووری کوردستان؟ ڕوونە ئەگەر خەڵک بێ دەنگی هەڵبژێرێت ئەوا فاشیزمی بزووتنەوەی کوردایەتی گەشە دەکات وفکرو بیروباوەڕی کۆنەپەرستی وخورافیات و دواکەوتوویی زیاتر گەشەدەکات، ئازادییەکان سنووردارتر دەکرێن و مافەکانی مرۆڤ زیاتر پێشێل دەکرێن، بەڵام باشترین نەخشە ڕێگا ئەوەیە کە خەڵکی باشووری کوردستان بێ دەنگی بشکێنێت لەتێکۆشانێکی هاوبەشی یەکگرتووانەدا بێتە مەیدانی تێکۆشان بۆ بەرگریکردن و لەماف و ئازادییەکان وبۆ بەرگری کردن لەمرۆڤایەتی بوونی خۆیان.

Leave A Reply

Your email address will not be published.