بەشێکی تر لە دەقی دڵم دەکەم بە هێڵانەی چۆلەکەکان
بەشێكی تر
لەدەقی دڵم دەكەم بەهێلانەی چۆلەكەكان
……….
ماوەیەكە خوویەكی خراپم بەخۆمەوە گرتووە
زۆر داڵغە بەخۆمەوە لێدەدەم
زۆر جار لەملاو لا بەشێكی جەستەم لێ بەجێدەمێنێت و
سەرم بۆناخرێتەوە
ناو جانتاكەم و
ناتوانم
بەسەر خۆدا هەنگاو بنێم
…………
ماوەیەكە ڕقم لەدەنگی خۆمەو
بە هەموو بۆڵەبۆڵێكی خۆم هەراسان دەبم
تێڤێكە دەكوژێنمەوەو
وێنەیەكی
كچە شەنگالیەكو خاچێك
بەدیوارەكەدا هەڵدەواسم
حەزدەكەم گەمەیەكی شێتانە لەگەڵ خۆمدا بكەم
حەزدەكەم بزمار بەسەری خۆمدا داكوتم
چاوم دەخەمە جانتاكەم و
بەدەنگێكی پیاوانەوە
بەدایكم دەڵێم
دڵم بۆبپێچەرەوە
بەیانی سەفەردەكەم
………….
ماوەیەكە حەزم بەگەڕان نییە
لەگەڵ خۆمدا
وەك جاران گوێم لەدەنگی باران بۆناگیرێت
زوزو بەسەر خۆمدا هاوار دەكەم
بۆنی سێكسی ئەم پەرلەمانە
مەزاجی تێكداوم
تێڤێكە دەكوژێنمەوەو
وێنەیەكی مایكۆفسكی بەدیوارەكەدا هەڵدەواسم
دایكم بە بەرائەتێكی نارنجیەوە
پێم دەڵێت كوڕم بەدەم خەوەوە زۆر ناڵە ناڵ دەكەیت
تێڤێكە دەكوژێنمەوەو
قەسیدەیەكی خۆم بەخوێنەوە
بەرامبەر خۆم هەڵدەواسم
…………
ماوەیەكە
بیر لەگۆڕینی ئەدرێسەكەی
خۆم دەكەمەوە
نامەوێت ئەوەندە چاوم بەچاوی
ئەو پۆست چیانە بكەوێت
كەنامەی درۆم بۆ دەخەنە ئەم دیوی حەوشەكەمانەوە
حەزدەكەم تێڤێكە بكوژێنمەوەو
سەرم بخەمە ئینجانەیەكی
توڕەوەو لەبەردەرگا داینێم
حەزدەكەم
ئەدرێسەكەم بگۆڕم و
بەهاوڕێكانی گۆڕستانم بڵێم
غەڵبە غەڵبی
ئەم پەرلەمانە شێتیان كردوم
ڕقم لەدانیشتنی سەركورسی
ئەم تەرمیناڵەیە
ئەمەوێت شتێك بەسەرۆك بڵێم
ئێ خۆمن بەخەویش پاپۆڕی گەورەم نەبینیوەو
سوار ی شەمەندەفەری
كارەبایی نەبوم
تێڤێكە دەكوژێنمەوەو
وێنەیەكی دالیدا بەدیوارەكەدا
هەڵدەواسم
دایكم بەدەنگێكی ئیسلامانەوە
پێم دەڵێت كوڕم
بەرد دەبارێت ئەو وێنە ڕوتە داگرە
…………
ماوەیەكە خوویەكی خراپم بەخۆمەوە گرتووە
ناتوانم بڕۆمە بەر ئاوێنەو
بەشانو باڵی خۆمدا هەڵدەم
بۆگەنی پیاوە درۆزنەكانی
ناو هۆڵی پەرلەمان شێتیان كردوم
ناتوانم ئەوەندە چاوەڕوانی
شەمەندەفەرێكی
شكاو بكەم
ئەمەوێت لەم درۆگەورەیەیی
خۆم بێمە دەرێ و
بەپاسەوانەكانی سەرۆك بڵێم
ئێوە لەبەر ئاوێنەدا
پارچە پارچە دەبن
من ڕقم لەپاپۆڕی گەورەیە
حەزناكەم كوڕەكانی سەرۆك
لەئاودا ببینم
………….
تێڤێكە دەكوژێنمەوەو
وێنەی كۆڵبەرێكی ئێرانی
بەدیوارەكەدا هەڵدەواسم
من ڕقم لەغەڵبە غەڵبی ناو هۆڵی پەرلەمانە
پیاوە سك زلەكانی ئەوێ
بۆگەنی سێكسیان لێدێت
ئەم بۆنە شێتم دەكات
ناتوانم ئەوەندە
لەسەر كورسی ئەم تەرمیناڵە
دانیشم
خەریكە سەرم لێدەكەوێتە خوارەوەو
هاوڕێكانی گۆڕستانیشم
بەدوای خۆیاندا ڕام دەكێشن
تێڤێكە دەكوژێنمەوەو
وێنەیەكی
خوا بەدیوارەكەدا
هەڵدەواسم
…………
١٠/٩/٢٠١٩
میرزا