داسەپاندنی سزاو سەرکوت، ناتوانێ بزوتنەوەی کارگەری و جەماوەری پاشەکشە پێ بکات!!

0

داسەپاندنی سزاو سەرکوت، ناتوانێ بزوتنەوەی کارگەری و جەماوەری پاشەکشە پێ بکات!!

لەدرێژەی هێرشی بەردەوامی دەسەڵاتی ڕەشی سەرمایەی ئیران بۆسەر چینی کریکار و رابەرانی کریکاری و داواو خواستە ڕەواکانیان، بەروای ٨ ی ئەم مانگە، لە سیناریۆیەکی گاڵتەجارانەی ئیسلامیدا” دادگا” کەوتە دادگاییکردنی دۆسیەی نارەزایەتی کرێکارانی هەفت تەپە. ئەم دادگا!! موبارەکەی ئیسلام و سەرمایە، سزای سەدە تاریکەکانی داسەپاندە سەر ژمارەیەک لە رابەران و نوێنەرانی کرێکاریی و رۆژنامەنووسانی تێکۆشەری بەرگریکای لە کرێکاران و مافەکانیان.

سزای ڕەشی، دادگا!! و دەسەڵاتی ڕەشی ئیسلامی بەم جۆرەی خوارەوە بڕیاریدا… ئیسماعیل بەخشی نوێنەری هەڵبژێردراوی کرێکارانی هەفت تەپە بە ١٦ ساڵ زیندانی، محەمەد خەنیفەر کارگەری هەفت تەپە بە ٦ ساڵ زیندان، سپێدە قلیان بە ١٨ ساڵ و  ئەندامانی دەستەی نووسەرانی بڵاوکراوەی هەنگاو” گام” بەناوەکانی ئەمیر حسین محەمەد فەرد، ساناز ئەلهیاری، عەسەل محەمەدی، ئەمیر ئەمیر قلی هەر یەکەیان سزای ١٨ ساڵیان بەسەردا سەپێنرا…

ئەم بریارە سەختە قەرەقوشیەی دەسەڵاتی سەرمایە لە ئیران، بەجیا لە پوچی دادگایەکەو ناوەرۆکی گاڵتەجارانەی، بۆ زاڵکردنی کەشی ترس و تۆقاندنە، بۆ ترساندنی رابەرانی کریکاریی و بزوتنەوەی کریكاریی و نارەزایەتی جەماوەرییە کە لە کۆمەڵگەی ئیراندا بەدژی دەسەڵاتی ملهورانەو سەرکوتگەرانەی رژێم لە قوڵپداندایە و رۆژ بەرۆژیش بەرەوە فراوانتر بوون و بەرین بوونەوە دەچێت. رژیمی ئیران کە حكومەتی زائیدەی میژووییە، بەزۆری سەرکوت و داپلۆسین تەمەنی زیادەی خۆی درێژە پیدەدات، دەیەوێت لە رێگای ئەو دادگا پوچەو سزادانی رابەرانی کرێکاریی و جەماوەری و رۆژنامەنووسانی ئازادیخواز، کەمێک تەمەنی خۆی درێژ بکاتەوە کۆمەڵگەش چاوترسێن بکات، بەڵام رەوتی پێشرەوی بزوتنەوەی کریکاریی و جەماوەری لە ئیران، سەرباری ئاستەنگەکانی بەردەمی، روو لە هەڵکشان و سەراسەری بوونەوەیە… شکنجەو زیندان، نەک ناتوانێ بەر بە تورەیی و نەفرەتی قوڵی چینی کارگەر و بێبەشانی ئیران بگرێت بە دژی رژێمی زیندان و سێدارەو سەنگساری سەرمایە، بەڵكو ئاستی نەفرەت و توڕەییان بەرەو سەر دەبات و ئامادەی نەبەردی داهاتوویان دەکات.

چ ئەو دادگا!! پوچەو چ ئەم سزا قەرەقوشیە، نەک هیچ شەرعیەتیکی نییە، بەڵکو شەرعیەت دەدات بە جەماوەری کارگەرو هەموو ئینسانێکی ئازدایخواز کە ئامادەیەکانیان بۆ دادگاییکردنی سەرانی رژێمی ئیسلامی و سەرمایە، بەنەخشەوە ببەنەسەرەوە. وە پیداویستی ڕیکخراوبوونی کرێکاران و بەشەکانیان و لێک هەڵپێکران و سەراسەری کردنەوە ی کردۆتە ئەرکێکی لەدواخستن نەهاتوو، کە رابەرانی کارگەری و کۆمۆنیست، نەخشی میحوەریان دەکەوێتە ئەستۆ.

هەنگاوی یەکەمی نەبەردی چینی کارگەری ئیران و جەماوەری نارازی لەدەسەڵاتی ئیسلامی سەرمایە لە ئیران، تیکۆشان و هاتنە مەیدانە بۆ هەڵوەشاندنەوەی سزای رابەرانی کارگەری و ئازادکردنی بیقیەدو شەرتی رابەرانی کرێکاریی و زیندانیانی سیاسیە… ناچارکردنی دەسەڵاتی ئیسلامی لە ئیران، بۆ هەڵوەشاندنەوەی سزای قەرەقوشی رابەران و کرێکارانی هەفت تەپەو ئەندامانی دەستەی نووسەرانی بڵاوکراوەی هەنگاو، هەنگاوێکی گرنگە بۆ هەڵوەشاندنەوەی سزاکانی پێشووی رابەران و هەڵسوراوانی کارگەری و ئازادکردنی بێقەیدو شەرتی زیندانیانی سیاسی.

خەباتی چینی کارگەری ئیران، بۆ هەڵوەشاندنەوەی سزای رابەرانی کارگەری و رۆژنامەنووسان و ئازادی بیقەیدو شەرتی زیندانیانی سیاسی، بەهەر ئەندازە یەکگرتوو بێت و فراوان بێت، بە هەمان ئەندازەش دەتوانێ لە پشتیوانی بزوتنەوەی کارگەری و ڕیکخراوە کریکاریی و رادیکاڵە جەماوەرییەکان لە ناوچەکەو دنیا بەهرەمەند بێت…

بەڵی بۆ هەڵوەشاندنەوەی سزای رابەران و کرێکارانی هەفت تەپەو سەرجەم سزادراوانی پێشووی کارگەری و جەماوەری و رۆژنامەنووسان…

بەڵی بۆ ئازادکردنی بیقەیدو شەرتی زیندانیانی سیاسی

بۆپێشەوە

٩ سێبتەمبەری ٢٠١٩   

Leave A Reply

Your email address will not be published.