کۆمەڵگەی سێکسیست و قەیرانی شوناسی ژنان لە ئێران

0

کۆمەڵگەی سێکسیست و قەیرانی شوناسی ژنان لە ئێران

نووسینی: ھەتاو عەبدوڵاھی  

ھەر مرۆڤێک ئازاد و ڕەھا لە دایک دەبێ و مافی یەکسانی ھەیە بە بێ جیاوازی چینایەتی و ڕەگەزی، بەڵام بە ھۆی بوونی سیستمە گەندەڵەکان کە کۆمەڵگەیان کرمۆڵ کردووە، لە ھەر وڵاتە بە پێی چەشنی جوگرافیایی وڵاتەکە و بە پێی سیستمی حوکمڕانی و پەروەردەیی جیاوازی ڕەگەزی و چینایەتی دێتە ئاراوە و مرۆڤەکان دەکاتە قوربانی. جیھانی تەژی لە توندوتیژی سەرمایەداری مرۆڤەکانی کردووە بە قوربانی سیستمەکانی خۆی و لە ھەر ناوچەیەک بە ئەبزار و چەکی ئیدئۆلۆژیی ئەو وڵاتە، ھەموو ھەوڵی خۆی دەخاتە گەڕ بۆئەوەی جیاوازیی چینایەتی و ڕەگەزی بەرھەم بھێنێ بۆ قازانجی خۆی و لەو نێوەدا تاک ھەردەم قوربانییە. دیاردەیەکی مەترسیدار کە ساڵەھای ساڵە بە گشتی ھەموو جیھانی گرتۆتەوە، ھەر لە وڵاتانی زلھێزی سەرمایەداری تا رۆژئاوا و رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و ھەروەھا ھەردووک رەگەزی کردۆتە دەستەچیلەی ئامانجی دزێوی خۆی، بە تایبەتی رەگەزی ژن دیاردەی بوونی ستانداردی سێکسی و جیھانییە بۆ لەش و لاری ژنان. حاشاھەڵنەگرە ئەو پرس و دەگەڕێتەوە بۆ کۆیلەیی و نەبوونی ئازادیی بیر و ئەندێشەی ژنان و ھەموو ھەوڵەکانیش بۆ پڕ کردنی گیرفانی سەرمایەداران و دەسەڵات بە دەستانە. ھەموو ئەو ستانداردە جیھانیانە کە بۆ لەش ولاری ژنان دانراوە پەیامێکی قیزەونی پێیە ئەویش ئەوەیە ژن ئەبزاری جنسیە و ژنان تەنیا کەرەسەیەکن بۆ دامرکاندنەوەی ھەستی سێکسی پیاوان. لەبارودۆخی ھەنووکەیی دا ئەو دیاردە لە ھەموو وڵاتێک بە زەقی خۆی دەردەخات و پارەیەکی یەکجار زۆر بۆ ئەو مەبەستە لە ژێر ناوی دکتوری جوانکاری سەرف دەکرێ و ڕۆژ بە ڕۆژیش ڕوو لە پەرەسەندنە. ئەگەر بمانەوێ ھەموو ھۆکارەکانی ئەو پرسە لە جیھان  بدەینە بەر باس و لێکدانەوە لەوانەیە لە بابەتێکی ئاوا دا نەگونجێ و لە ڕاستی دا مەبەستی ئەو بابەتەش نییە، دەمەوێ بپڕژێمە سەر  ھۆکارەکان و پاڵنەرەکانی  ئەو دیاردە قێزەونە لە وڵاتی ئیسلامی  لێدراوی ئێران بە یاسای ئیسلامی و حاکمیەتی تا سەر ئێسقان توندوتیژی کۆماری ئیسلامی. پێشتر ئاماژەمان بەوە کرد ھەر وڵاتە و بە پێی چەشنی جوگرافیایی و سیستمی حوکمڕانی و پەروەردەیی بۆ پەرەسەندنی دیاردەی سێکسیسزم و نەبوونی قەیرانی شوناسی تاک بە تایبەت رەگەزی ژن ھەوڵ دەدات. ھەر کات باس لە سیستمی کۆماری ئیسلامی دەکرێ مێژوی تەژی لە توندوتیژی و یاسای سەدە ناوەڕاستی کۆماری دژە ژنی ئیسلامی ئێران  دێتە بەر باس کە لە سەرەتای خۆ سەپاندنی بە سەر ئەو وڵاتە ڕاستەوخۆ لە ڕێگای یاسای بنەڕەتیەوە  ماف و ئازادی ژنانی زەوت کرد و ژنی کردە ئەبزارێک بۆ زاو و زێ و دامرکاندنەوەی ھەستی سێکسی پیاو. سیستمی سەرمایەداری ئێران دوو ئەبزاری قێزەونی پیاو مەزنی و ئایینی لەبەردەست بوو تا مەبەستەکانی خۆی بپێکی و پێگەی ژن و کەرامەتی ژن خەوشدار بکات.  کۆماری ئیسلامی ھەر لە یەکەم ڕۆژەکانی ھاتنە سەر کاری قەیرانی شوناسی بۆ ژنانی ئێران دروست کرد و لە رێگای یاسا ھەڵاواردن ئامێزەکانی دەسەڵاتی ژنانی کەم کردەوە و تەنانەت مافی پۆشینی کە سەرەتاییترین مافی ھەر مرۆڤێکە لێیان زەوت کرد. ئامانجی کۆماری ئیسلامی لە دانانی پۆششی ئیسلامی بۆ ژنان ئەوە بوو کە ئەو رەگەزەی کۆمەڵگە وەک ئەبزاری جنسی لێ بکات و بیانخزێنێتە کونجی ماڵەوە. بۆ پەرە دان بەو دیاردەش ھەموو کەرەسەکانی دەسەڵاتی خستە گەڕ و لە ھیچ تاوانێک لە پێناو پاراستنی ئەحکامی شەرعی سڵی نەکردەوە.

ساڵەھایە کۆماری ئیسلامی لە رێگەی ڕاگەیاندن و ھەموو ئامرازەکانی دەسەڵات خەریکی بەرھەم ھێنانی بیرۆکەی سێکسیستی و دژە ژن لەو وڵاتەیە، کۆمەڵگەی ئێران و تاکی ئەو وڵاتە بە ھۆکاری بوونی سیستمێکی گەندەڵی دینی توشی قەیرانی شوناس بوون و ڕوانگەیان بە نیسبەت کەڕامەتی ژن و پێگەی مرۆڤی ئەو ڕەگەزەی کۆمەڵگە بە لاڕێدا چووە. سێکسیزم، ژن بە کەم زانین و فەحشا و ھەموو دیاردە کۆمەڵایەتیەکانی ھەناوی کۆمەڵگە بەرھەمی زیاتر لە  چوار دەیە دەسەڵاتدارێتی سەرانی ئێرانە. کۆمەڵگەی ئێران خەریکە ڕوانگەی بە نیسبەت جوانی ڕاستەقینەکە ئازادی بیروڕاو و کەرامەتی مرۆڤە دەگۆڕدرێ و توشی نەخۆشی بووە و رۆژانە تێچوویەکی زۆری مادی سەرفی عەمەلیاتی جوانکاری دەکرێ، جوانکاری و عەمەلیاتێک کە ھەر وەک باسمان کرد تەنیا بۆ ئیسپاتی ئەوەیە ژنان ئەبزاری جنسین و موڵکی سەرەکی پیاون. ھەنووکەش کە قەیرانی ئابووری زۆرە و خەڵک بە ھۆی سیاسەتە ھەڵەکانی ئەو ڕژێمە توشی ھەژاری ئابووری بوون، بێگومان ھەژاری کلتوریشی پێ زیاد بووە و ھەموو دیاردە ـکۆمەڵایەتیەکان پەرە دەستێنێ. کۆمەڵگەی ئێران دەبێ بە وشیاریەکی زیاترەوە کێشە و پرسەکان ببینن و مەشغەڵەیان چوونە سەری ئاستی وشیاریان لە پێناو پاراستنی کەرامەت و شوناسی تاکەکان بێ، نەک ئەو مەشغەڵانەی جیھانی سەرمایەداری بۆ فرۆشی کەل و پەلی خۆی و دووبەرەکی و شکستی رەگەزێکی کۆمەڵگە دروستی کردوە. ژنانی ئێرانی دەبێ وەک ھەمیشە کە لە سەنگەری پێشەوەی خەبات دژ بە کۆماری ئیسلامی بوون ئامانجی سەرەکیان گەڕانەوەی کەرامەتی مرۆڤی و ئازادی بیروڕایان بێ و ھەوڵ بۆ وشیاری کۆمەڵگە بدەن و لە بەرامبەر ھەر پرسێک کە پێگەی مرۆڤیان خەوشدار دەکات ڕاوەستن. ژنانی چالاکی سیاسی و یەکسانیخواز پێویستە ھەوڵ بۆ وشیاری ژنانی ئێران بدەن و ئەوان لە پرسە سەرەکیەکان ئاگادارکەنەوە تاکو و مەشغەڵەی سەرەکیان نەمانی کۆماری ئیسلامی بێ. بزوتنەوەی ژنان دەبێ لەسەر پێ و وەک ھەمیشە ھاوتەریب بێ لە گەڵ بزوتنەوەی کرێکاری و لە بەرامبەر پێخوست بوونی مافی رەوای ژنان بێ دەنگ نەبن. چالاکانی ئازادیخواز و یەکسانیخوازیش دەبێ لە ھەر شوێنێک لە جیھان دەژین سیاسەتی قیزەونی سەرمایەداری بۆ دانانی ستانداردی سێکسیستی  بۆ ژنان لە قاو بدەن و لە بەرامبەریدا راوەستن ئەگینا دەبنە قوربانی ئامانجی دزێوی دەسەلاتی سەرمایە…

Leave A Reply

Your email address will not be published.