بەڵێ بۆ دادگایی کردنی ئەوانەی ئەشکەنجەو ئازاری مناڵانیان داوە
بەڵێ بۆ دادگایی کردنی ئەوانەی ئەشکەنجەو ئازاری مناڵانیان داوە
نووسینی: عبدالرحمن رسول
مناڵان ئەو مرڤە ناسک وپەپولە ئاسایانەن کە مناڵی قۆناغی ئێستان، بەڵام بنیاتنەری داهاتووی کۆمەڵگەکانن، لەهەرکۆمەڵگەیەک مافی مناڵان پێشێل کرا وئازارو ئەشکەنجەی مناڵان دران، ئەوا داهاتووی کۆمەڵگە بەرەو دواکەوتوویی وکۆنەپەرستی مل دەنێ. مناڵان ژیلەمۆیی ژیانی جوانییەکانی مرۆڤایەتین، هەرگیز ناکرێت لێیان بدرێت وتوندوتیژیان بەرمبەر ئەنجام بدرێت. ئەگەر ئازار و ئەشکەنجەش دران پێویست دەکات بەزوویی تۆمەتباران سزا بدرێن. مافەکانی مناڵ بریتییە لە ئاسوودەیی و ئارامی و ژیانێکی خۆش و سەلامەت بۆیان ئەمەش ئەرکی حکومەت و دەوڵەتە کەچەندین یاسا سەبارەت بەدابینکردنی مافەکانی مناڵان دەربکات و جێبەجێ بکات، چونکە پەروەردەکردنی مناڵ و پاراستنی و دابینکردنی ژیانێکی ئاسوودەو شارستانی وبەختیار بۆمناڵان داهاتووی کۆمەڵگە باشتر سەرکەوتووتر دەکات. مافی مناڵان، واتە مافی مرۆڤی تایبەتە بەمرۆڤە پەپولەئاساکانی کۆمەڵگە، واتە دابینکردنی مافەکانی مناڵان بە ئاوڕدانەوەیەکی تایبەت بە مافەکانی پاراستن و چاودێری کەسانی خوار تەمەن یاسایییە. بەڵێننامەی ١٩٨٩ی مافەکانی مناڵ مناڵێک بەم شێوەیە پێناسە ئەکات: “ھەر مرۆڤێکی خوار تەمەنی ١٨ ساڵ، مەگەر بەپێی یاسای تایبەت بە مناڵ، گەیشتن بە تەمەنی یاسایی زووتر بگات..کەواتە بەچەند یاسا وڕێنمایەکی پێشکەوتوو مرۆڤایەتیانە مامەڵە لەگەڵ مناڵان بکرێت، کەبەرەو کامەرانیان بەرێت. مافی مناڵان ئەم مافانە بۆ مناڵان لەخۆ ئەگرێ کە لە پەیوەندیدا بێت بە دایک و باوک و، پێناسەی مرۆڤایەتییەوە و ھەروەھا پێویستییە سەرەتاییەکانی پاراستنی جەستەیی، خواردن، فێرکاری گشتی، چاودێری تەندروستی، یاساکانی شیاو بۆ تەمەن و پێگەییشتنی مناڵ، پاراستنی بەرامبەر لە مافەکانی مەدەنی مناڵ، ھەروەھا ئازادی لە ھەڵاواردنی مناڵ بەپێی نەژاد، ڕەگەز، حەز و مەیلی سێکسی، ڕیشەی نەتەوەیی، دین، کەم ئەندامێتی، ڕەنگ، ڕەچەڵەک یان تایبەتمەندییەکانی تر، کەواتە ئێمە ئەبێت بۆ پاراستنی مافەکانی مناڵان دوور بکەوینەوە لە بەکارهێنانی وشەی زبرو توندوتیژ وئەفکاری توندڕەوانە و دوورکەوتنەوە لەکوشتنی کەسایەتی مناڵانە کەلەئەنجامی بەکارهێنانی لێدان وتوندتیژی وشکاندنی کەسایەتی مناڵان بەرجەستە دەبێت. بۆ ئەوەی مناڵەکانتان دوربن لە حەسودی و ڕق و کینە و بوغز و توندوتیژی ڕۆژانە مناڵەکەت تێر بکەن لە خۆشەویستی ڕاستەقینە، لە ئامێزی بگرە و ماچی بکەن، ڕۆژانە (کاتێکی کەمیش) بێت تەرخانی بکە بۆ مناڵەکەت و خۆشەویستی پێ ببەخشە. ئەمەش ڕینمایی دەروونناسەکانە واتا: ببە ھاوڕێی و دەس بەسەریا بێنە و یاری بۆ بکە و ماچی بکە و خۆت بکە ھاوتەمەنی وەک تێگەشتنێک لە ژیانی و پڕکردنەوەی ژیانی مناڵی مناڵەکەت بۆ ئەوەی چێژێکی تەواو لە مناڵی خۆی ببینێت، پاشان ئەو مناڵە کە گەورە بوو قەت لێی مەترسە و دەبێتە مایەی شانازی بۆ خۆت و بۆ کۆمەڵگەکەت. پرسیار ئەوەیە ئایا لەکوردستان لەناو خانەو لانەکانی مناڵانی بێ سەرپەرشت بەم جۆرە ڕەفتار کراوە؟ بێگومان بەپێی دیبەتەکەی تەلەفیزیۆنی ڕووداو نەخێر بەو جۆرە نەبووە، بەڵکو لێدان وئەشکەنجەو ئازاری مناڵان هەبووەو هەیە. بەپێی زانستی دەروونناسی وکۆمەڵناسی بێت هەر مناڵێک تا تەمەنی ١٦ ساڵی کە کۆتایی تەمەنی گەشەی ژیرییە ١٠٠ زلەی بەرکەوتبێت وەکو ئەوەیە ١٠٠ جار تەزوی کارەبا دابێت لە سەری و ئەگەری زۆری هەیە کە توش بێت بە نەخۆشیە عەقڵیەکان و شڵەژانی دەماغ یان دەستبەجێ یان شوێنەواری دوای تەمەنی چل ساڵی دەردەکەوێت (نمونەی مناڵی چوار ساڵ دەزانم کە یەک زلە کوشتویەتی هەروەها مناڵی ١٠ساڵ دەزانم یەک زلەی لێدراوە توشی ئیفلیجی دەماغ وجەستەی بووە دواتر چارەسەری لەوڵاتانی ئەوروپاش بۆنەکراوە دواتر لە تەمەنی ٢٨سالی مردووە .. ) . ئەزیزان بەکارهێنانی توندتیژی کاریگەری سلبی زۆرە بۆسەر دەروون و جەستەی مناڵان بۆیە پێویستە دووربکەونەوە لەئەنجامدانی توندوتیژی بەرامبەر مناڵان. لە داهاتوودا ئەو مناڵانە دەبنە دایک و باوک ومامۆستاو دکتۆر وفەرمانبەرو…هتد کۆپیەک دەبێت لە تۆی تاوانکار و گوتار و کردار و ڕەفتارەکانت بۆماوەیی دەکات لە نەوەکانیدا کەواتە دەبێت لەگەڵ پاراستنی مافەکانی مناڵاندابین. ئەمانەی سەرەوەو وزۆر زیاتر و باشتریش تایبەت بەپاراستن و دابینکردنی مافەکانی مناڵان نووسراوەو گوتراوە، بەڵام ئەوەی جێگای هەڵوێست لەسەرکردنە کە لەناو فەرمانگەیەکی حکومی ودەوڵەتی دا ئازارو ئەشکەنجەی مناڵان و نەوجەوانان بدرێت. ئەمە ئەوەیە جێگای هەڵوێست وەرگرتنە کە مناڵانێکی هەژارو بێسەرپەرشت، لەشاشەی تیڤی دەڵێن لەلایەن بەڕێوەبەر و فەرمانبەری بنکەکانی چاکسازی کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێمی کورستانەوە قاچیان داخکراوە و بەزللە لێیان دراوە و بە زۆر پێیان گووتون دەبێت هاوسەرگیری بکەن کەتەمەنیشی خوار١٨ ساڵە، بەزۆر بەبێ خواستی خۆیان دەریان کردوون، هەرەوها دەڵێت سێ ڕۆژە نانم نەخواردووە و شوێنم نەبوو لێ بخەوم ونەم زانیوە بۆ کوێ بچم و کەسم نییە، دواتر برا کەورەگەشیان بەهۆی شەڕو کێشەوە بۆتە قوربانی. هەموو ئەوانەو بەڵکو زۆر زیاتریش بە گوێی خەڵکی کوردستان و بەرپرسەکانی باشووری کوردستان و ئازادیخوازو مرۆڤ دۆستان و ڕێکخراوەکانی بەرگریکار لەمافی مرۆڤ و مافەکانی مناڵان و ڕێکخراو و حیزبەکان وڕۆژنامەنووس و نووسەر و رۆشنبیرو و سیاسییەکانی ناوخۆی کوردستان و دەرەوەی کوردستان و کوردانی تاراوگەو وڵاتانی ئەوروپاو ئەمریکا وکەنەدا دەدات. ئەم قسانە لەبەرنامەی (دیبەیت) لەکۆتایی مانگی ٨ی ٢٠١٩ لە کەناڵی ڕووداو خرایە ڕوو، کۆمەڵێک منداڵ و نەوجەوان باسیان لەخراپی ژیان وگوزەرانیان دەکرد، باسی ئازار و ئەشکەنجەکانیان دەکرد کەبەرامبەریان ئەنجامدراوە لەناو خانەو بنکەکانی سەر بەحکومەتی هەرێمی کوردستاندا. هەموولایەک باش دەزانێت کە ئەرکی وەزارەتی پەیوەندیدار و و دادوەری گشتییە کە لەم بارەیەوە لێکۆڵینەوەى ورد دەست پێبکات و کەسانى کەمتەرخەم و خەتابار لێپێچینەوەى یاساییان لەگەڵدا ئەنجام بدرێت. سزای ئەو بەڕێوبەرو فەرمانەران بدرێت کە ئازارو ئەشکەنجەی مناڵانیان داوە، بەڵام گرفتەکە گەورەتر ئەوەیە زۆر زۆر بەداخەوە کەمترین هەڵوێستی مرۆڤایەتی و ئازادیخوازی نییە کە داوایی دادگاییکردن و بەسزاگەیاندنی ئەوکەسانە بکرێت کە ئازار وئەشکەنجەی ئەومناڵە هەژارانەیان داوە. بەدڵنیاییەوە ئەگەر مناڵی هەژاران نەبوونایە هەرگیز بەو جۆرە نەدەبوون و بەم جۆرەی ئێستاش خەڵکی کوردستان و بەناو ئازادیخواز ومرۆڤدۆست و بەناو ڕێکخراوەکانی بەرگریکار لەمافەکانی مناڵان و مافەکانی مرۆڤ و سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەت و سەرۆکی پەرڵەمان و وەزیرو ئەندام پەرلەمان و داواکاری گشتی گوێیان لەم هاوارو ئازار و ناڵەی مناڵانی هەژاری کوردستان کاس و کەڕ نەدەبوو. ئەگەر هەژار نەدەبوون گوێ بیستی چەندین کەمپەین و ئیمزا کۆکردنەوە بۆدادگایی کردن و بەسزاگەیاندنی ئەو تاوانبارانە دەبووین، داواکاری گشتی و بەناو ئازادیخوازەکان و مرۆڤ دۆستەکان دەکەوتنە بانگەواز بۆ فشارخستنە سەر دەسەڵاتدارانی کوردستان بۆ سزادانی تاوانبارانیان. بەڵام هەر ڕۆژەی زووترو دەست پێبکرێت هەرکەمە بەتێکۆشانی هاوبەشی فراوانی یەکگرتووانەی مرۆڤ دۆستانەو ئازادیخوانە بۆ سزادان و دادگاییکردنی ئەوانەی ئازارو ئەشکەنجەی ئەو مناڵەیان داوە. لێرەوە دەمەوێت سەرنجى کۆمەڵگە بە گشتى و رێکخراوە مرۆڤدۆست و مناڵ دۆست بەرگریکارەکان لە مناڵان و مافەکانیان رابکێشین کە دژی ئەم تاوانە قێزەونە بێدەنگ نەبن و بەشێوەی گونجاو و کاریگەر هەوڵ بدەن بۆ فشارخستنە سەر حکومەت تا رێگا بەتێپەڕکردنی ئەم تاوانە نەدات. بێدەنگ بوون لەئاست ئەم جۆرە تاوانە شەرمەزارییە بۆهەموو ئەوانەی کەخۆیان بەدڵسۆزی مافی مناڵان و مافی مرۆڤ دەزانن. و ڕۆژانە پڕوپاگەندەی ئازادی و مافەکانی مرۆڤ ومافەکانی مناڵان دەکەن. هیوادارم لەڕۆژانی داهاتوو چەندین کەمپەین وناڕەزایەتی و خۆپیشاندان لەکوردستان و لە وڵاتانی تر دەست پێبکات و ئەنجام بدرێت بۆ فشارخستە سەر حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆئەوەی سەرجەم ئەوکەسانەی کە ئازارو ئەشکەنجەی ئەومناڵانەیان داوە دادگایی بکات وبەئاشکرا سزابدرێن… دەبا یەکەوە ئەم جارە لەتێکۆشانی یەکگرتووانەی هاوبەشدا بەیەک دەنگ بڵێن نا بۆچەسانەوە و ئەشکەنجەو ئازاردانی مناڵان. بەڵێ بۆ دادگاییکردن وسزادانی ئەوانەی ئەشکەنجەو ئازاری مناڵانیانداوە لەناوخانەی بێ سەرپەرشتانی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا.