پێویستە سنورێک بۆ  کوشتاری ژنان و توندوتیژی بەرامبەریان دابنرێت!

0

پێویستە سنورێک بۆ  کوشتاری ژنان و توندوتیژی بەرامبەریان دابنرێت!

بەپێی راپۆرتیکی بەرێوەبەرایەتی گشتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان لەماوەی ٦ مانگی رابردوودا ٢١١ ژن کوژراون یان سوتێندراون.

بەگوێرەی ئامارەکان، 22 ژن کوژراون، 32 ژن خۆیان کوشتووە، 99 ژن سوتاون و 58 ژنیش سوتێنراون. هەروەها، 47 ژنیش دەستدرێژی سێکسی کراوەتەوە سەر.

ئاماژە بەوەشدراوە، چوار هەزار و 972 سکاڵا لەبارەی توندوتیژی دژی ژنان تۆمار کراوە…

بیگومان ئەو ئامارە زۆر لە ئاماری واقعی توندوتیژی دژ بەژنان کەمترە… بەتایبەتیش ئەگەر ئەوە لەبەرچاو بگرین کە بەشیک لە ژنان بەهۆکاری جۆراوجۆر ناتوانن یان ناوێرن ئەو توندوتیژیانەی بەرامبەریان کراوە بەیان بکەن… وە زۆرێکی تر لە ژنان لەکاتێکدا بەهۆی راکردن لەژیانی دۆزەخیان خۆیان دەسوتێین، بە سوتانی ئاسایی لەقەڵە، دەدرێن… هەروەها ژمارەیەکی تریان کە دەکوژرێن لە ژێر ناوی جیاجیادا، دۆسیەکەیان دیزە بەدەرخۆنە دەکرێت…

دیارە ئەو ئامار و راپۆرتە، دۆخی مەترسیداری ژنانمان بۆ دەخاتە روو… ئەو راستیە دەخاتەوە روو کە هۆکارێک لە درێژەکیشانی کوشتن و خۆکوژی ژنان و تەنانەت جۆرەکانی تری توندوتیژی بۆ ئەوە دەگەڕیتەوە، کە تۆمەتبارانی ئەو دۆسیانە، سزای پیویست و یاسایی نادرێن و بکوژان ژنان ئازاد دەکرێن…

لە نزیک بە ٣٠ ساڵی رابردووی ژیر سایەی دەسەڵاتی بزوتنەوەی کوردایەتیدا، بە هەزاران و دەیان هەزار ژن بوونەتە قوربانی دەسەڵاتی پیاوسالاری، بەڵام بەهۆی نەبوونی یاسایی لێپێچینەوەو  شانخاڵی کردنەوەی دەسەڵاتی کۆنەپەرستانەی بزوتنەوەی کوردایەتی لە ماف و یاسا سەردەمیەکان، تومەتبارانی ئەو دەیان هەزار ژنە تیرۆرکراو ناچار بەخۆستوتاندندن کراو، دەستدریژی کراو لێدان و سوکایەتی پێکراو… ئازاد کراون یان لە چوارچیوەی سولحی عەشایەریدا وەکو بەرزەکی بانان بۆ دەرچوون، هەر ئەوەش وای کردووە، کە کوشتنی ژنان و توندوتیژی بەرامبەریان سنوری بۆ نەبێت و پیاوسالار و کۆنەپەرستان ئازاد بن لە کوشتنی ژنان و بە مەرگ سپاردنیان…

بۆ سنوردانان و ناچارکردنی دەسەڵاتی سیاسی بەوەی کە بکوژ و تۆمەتبارانی توندوتیژی دژ بەژنان رووبەرووی لیپێچینەوەی یاسایی بکرێنەوە، پیویستی بە وەرێخستنی بزوتنەوەیەکی فراوانی کۆمەڵایەتی  ریزی بزوتنەوەی یەکسانیخوازی ژنان هەیە کە شەقام بجوڵێنیت و دەسەڵات ناچار بە گۆرینی یاسا دژە ژنەکان بە یاسای سەردەمی بکات و تۆمەتبارانیش راپێچی بەردەم دادگایەکی سەردەمی بکات… ژن کوشتن و توندوتیژی دژ بە ژنان بە ئیمزاکۆکردنەوە، بەو رێکخراوانە ناکرێت کە موچە خۆری حزب و بەشیکن لە ئامیری حزبە دژە ژنەکان… وە بەو رێکخراوە “ئین، جی، ئۆ” یانە ناکرێت کە لە ئۆفیسەکانیانەوە، جار ناجار ئامارێک رادەگەیەنن و کاریان وەریخستنی چەند ۆرک شۆپ و کردنەوەی کۆرش و …تاد.بزوتنەوەی یەکسانی خوازی ژنان و پیویستە بجوڵێت و دەست بۆ کاری رێکخراو و وەکاری شەقام جوڵاندن ببات…

دەسەڵاتی سیاسی کۆنەپەرست،  باکی بە کوشتاری ژنان و توندوتیژی دژ بەژنان نییە، دەبێ بە زۆری هیزی ریکخراو و جەماوەری  بەنەخشەوە ناچار بکرێت، هەنگاوی بەکردەوەی یاسایی بگرنە بەر…

Leave A Reply

Your email address will not be published.