گفتوگۆی بۆپێشەوە لەگەڵ فاتیح عەباس نووسەر و چاودێری سیاسی سەبارەت بەنۆکەرایەتی حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی و تاوانی ٣١ ئابی ساڵی ١٩٩٦

0

فاتیح عەباس: كەسوكاری قوربانیانی شەری ناوخۆ دەبێ فشار دروستبكەن و چالاكی ڕێكبخەن بۆ بەردەم بارەگاكانی ئەو دوو حزبە دەسەڵاتدارەی کوردستان. دەكرێ گۆڕەپانێكی تایبەت لە شار بكرێتە شوێنی كۆبونەوەی حەفتانەی كەسوكاری دیل و بێسەروشوێنکراوەكان…

بۆپێشەوە: چ ئەرکێک دەکەوێتە سەرشانی کەس و کاری دیل و بێسەرو شوێنەکانی شەڕی ناوخۆ، بۆ ناچارکردنی پارتی و یەکێتی بۆ ئاشکرا کردنی چارەنووسیان؟

فاتیح عەباس: شەڕی ناوخۆ كارەساتێكی بەردەوامی سێ دەیەی سەدەی رابردوو بوو، قوربانیانی ئەو شەڕە خەڵكی ڕەشوڕووت و بەشمەینەتی کوردستان بوو. سەرەڕای كوشتن و وێرانكردن و ئاوارەیی چەندەها کەس، بەدیل گرتن  و بێسەرو شوێنکردنی هەوادار و ئەندامانی هەردوو حزبی پارتی یەکێتی بەدوای خۆی هێنا، ئەوە بەتایبەتی دوای ٣١ی ئابی ١٩٩٦ کاتێک بیری تۆڵەسەندنەوە و خێڵ جێگەی پێكەوە ژیان و تەبایی گرتەوە. ناسیونالیزمی كوردی كە بانگەوازی كوردایەتی و سەروەری یاسا و مافی مرۆڤی دەكرد هەموو سنورەكانی بەزاند! و بەهاو پیرۆزیەكانی خستە ژێر پێ، دیل و بێسەروشوێنەكان یەكێكە لە ئاكامەكانی ئەو شەڕە نەگریسە، و تراژیدیا و برین و کێشەیەکە تاوەکو ئێستاش ژن و منداڵ و دایک و باوکی ئەو کەسانە پێوەی دەناڵن و برینێکی ساڕێژ نەکراو و پشتگوێخراوەو پێوەی دەناڵن. پارتی و یەكێتی خۆ دەدزنەوە لە دیاریكردنی چارەنوسیان و ئاسودەكردنی كەسوكاریان، بۆیە كەسوكاری ئەو قوربانیانە دەبێ فشار دروستبكەن و چالاكی ڕێكبخەن بۆ بەردەم بارەگاكانی ئەو دوو حزبە دەسەڵاتدارەی کوردستان. دەكرێ گۆڕەپانێكی تایبەت لە شار بكرێتە شوێنی كۆبونەوەی حەفتانەی كەسوكاری دیل و بێسەروشوێنکراوەكان، وێنەی دیل و بێسەروشوێنەكانی تێدا هەڵبواسرێ، و هەوڵبدرێ پشتگیری ڕێكخراوە ناحكومی و مرۆڤ دۆستەكانی ناوەخۆ و نێودەوڵەتی و هاوڵاتیانی کوردستان بەدەست بهێنرێ. دەبێ ئەو جۆرە چالاكیانە بەردەوام بێت و درێژەی پێ بدرێ و تەوژم پەیدا بكا و شێوازی ناڕەزایەتی جۆراوجۆری لێبکەوێتەوە، تا بە ئەنجام دەگا، هاوشێوەی ئەوەی دایكانی ئاشتی لە باكور لە توركیا بۆ ئاشكراكردنی چارەنوسی بێسەروشوێنەكانی شەڕی ناوخۆی توركیا دەیكەن، یان وەك كەسوكاری بێسەروشوێنەكانی وڵاتی شیللی كە لە ئەنجامی چالاكی و خەباتیان توانیان دەسەلات ناچاربكەن بڕیاڕ دەربكا و دادگا لەو كەیسانە بكۆڵێتەوە،  و دواتریش زانینی چارەنوسی بەشێكی زۆر لەوانە و سزادانی ئەوانەی دەستیان لە تاوانەكە هەبووە.  ئێستا لە شیللی پەیكەرە دیوارێك (مۆنۆمێنتێک)ی تایبەت بەو کارەساتە دروستكراوە، و ناوی هەموو قوربانیەكانی لەسەر نووسراوە، وەك یادكردنەوە و ڕێزلێنانێك بۆ ئەو قوربانیانە.  لێرەش دەبێ سوود لەو ئەزمونانە وەربگیرێ.

بۆپێشەوە: بە جیا لەوەی هێشتا چارەنووسی دیل و بێسەروشوێنەکانی شەڕی ناوخۆ دیار نییە، تا ئێستا کەسوکاری قوربانیانی ئەم جەنگە نەگریسە، قەرەبوو نەکراونەتەوە، ئەمە بۆچی دەگەڕێتەوە؟

فاتیح عەباس: چارەنوسی دیل وبێسەروشوێنەكانی شەری ناوخۆ و قەرەبوكردنەوەی كەسوكاریان پرسێكی هەستیارە، و دەسەڵات کە لەو دووحزبە سەرەکەیە پێکهاتووە؛ خۆی لێ دەدزێتەوە. وروژاندنی ڕاشكاوانەی ئەو پرسە؛ دەرگا لەسەر كۆمەلێ پرسیار دەكاتەوە كە پەیوەستە بە بنەماو پرنسیپەكانی شەڕ و مافی مرۆڤ، هەروەها تاچ رادەیەك ئەو هێزانە پابەندبوون بەو پرنسیپانەوە. دیسان پێشێلكارییەكان و كێن ئەوانەی ئەنجامیان داوە و نەخشە داڕێژەر وبڕیاردەرو بەرپرس بوون. قەرەبووكردنەوە؛ داننانە بە بەرپرسیاریەتی، دەسەڵات بەگشتی و ئەو دوو حزبە بەتایبەت؛ نەك هەر ئەو كەیسە، بەڵكو كەیسی ئەنفالچییەكان كە دادگای تاوانەكانی عێراق یەكلای كردبۆوە پشتگوێیان خستووە.  بۆیە چاوەروان ناكرێ دەسەڵات لەو مەسەلەش لەگەل كەسوكاری قوربانیان ئاشت بێتەوە. دەسەڵاتی ئەو دووحزبە بێدەربەستی پێوە دیارە لە هەموولایەنەکانەوە. دەسەڵاتێک کە دەست بەرێت بۆ سفرەی بەردەمی ڕۆڵەکانی خۆی و مووچەیان پێنەدات، لەوە زیاتری لێ چاوەڕوان ناکرێت. بۆیە پێویست دەکات بیرلە گۆڕانکاری ڕیشەیی بکرێتەوە.

Leave A Reply

Your email address will not be published.